پەروەردەی دەرون
  نینۆک کرۆژتن لای منداڵان
ئا: داناز عه‌بدولڕه‌حمان

ڕێگا چارەسەرەکان بۆ دەربازبوون لەم خووە ناتەندروستە
دایکێک وتی..
شەکەت و ماندوو بوم .ئەوەندەم وت.بێ سودە.تازە هەرچی یەک بکەم کەڵکی نی یە! ئەو باش وخراپی خۆی نازانێت. هیچ نافامێ و هەست بەهیچ ناکات. تەنانەت زۆر جار نینۆکەکانی بەددانەکانی دەکرۆژێت هەڵیان دەکەنێت هەتا خوێنیان لێ نەهێنێت.
وازنا هێنت..کە بیر ئەکەمەوە زۆر خەفەت ئەخۆم.
نازانم چی بکەم!!
ئەو بەتایبەت شەوانی تاقیکردنەوەی ئەم ڕەفتارە زوو زوو دوبارە ئەکاتەوە.یان کاتێک سەیری تەلەفزیۆن ئەکات بە ددانەکانی نینۆکەکانی ئەکرۆژێت. هەندێک جار قوتیان ئەدات یان فڕیان ئەداتە دەرەوە.
منیش توڕە ئەبم هەندێک جار شتی نەشیاو بەدەما دێت کەنابێ بیانڵێم. بەڵام ناتوانم کۆنترۆڵی خۆم بکەم … هاوار ئەکەم بەدەنگی بەرز
دەستت لابە! ئەمجارە پەنجەکانت ئەقرتێنم وا بکەیت. ئەم خوە نەگریسە چی یە تۆ فێر بویت. ئەمە زیانێکی زۆر بە تەندروستیت ئەگەیەنێت.
هەرچی سەرکۆنە و سەرزەنشتی ئەکەم. هەروەکو خۆیەتی و واز لەم خوە نا تەندروستەی خۆی ناهێنێت. زۆری پێ ناچێ دەستپێ ئەکاتەوە.
نینۆک جیە؟
نینۆك به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌ رۆژێكدا (0.1)میلیم و له‌ مانگێكیشدا (3) میلیم درێژ ده‌بێ، نینۆكی ده‌ست زوترله‌ نینۆكی پێیه‌كان درێژ ده‌بێت،
خێرایی درێژ بوونی نینۆك له‌ وه‌رزی هاوین زیاتره‌ له‌ خێرایی درێژ بوونی نینۆك له‌ وه‌رزی زستان.
خێرایی درێژبوونی نینۆكی ده‌ستی راست له‌ (راست ده‌سته‌كان) و درێژبوونی نینۆكی ده‌ستی چه‌پ له‌ (چه‌پ ده‌سته‌كان)دا زیاتره‌
خێرایی درێژبوونی نینۆك له‌ پیاواندا زیاتره‌ تاوه‌كو خێرایی درێژبوونی نینۆك له‌ ژناندا (جگه‌ له‌ ژنانی دووگیان یان به‌ساڵاچوو)
ئه‌گه‌ر نینۆكی ده‌ست به‌ ته‌واوه‌تی له‌ جێی خۆی هه‌ڵكه‌نرێت، ئه‌وه‌ (6-3) مانگ ده‌خایه‌نێت تا وه‌ك خۆی لێبێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ پێیه‌كاندا پێویستی به‌ (18-12) مانگ هه‌یه‌ تا به‌ته‌واوه‌تی گه‌شه‌ بكات.
نینۆک کرۆژتن، یەکێکە لەو دیاردە بەرچاو وباوانەی کە لە نێوان دنیاى منداڵان وگەورە ساڵانیشدا بەردەوام بونی هەیە و ڕۆژانە لە زۆربەی ماڵ وقوتابخانە وبازار …هتد بەرچاومان دەکەوێت.
ئەم دیاردەیە بە یەکێک لە سەخترین خوەکان دادەنرێت،چونکە کۆڵنەدان وازهێنان لێی کارێکی ئەوەندە ساناو ساکار نی یە پێویستی بە کاتێکی دورو دێژ هەیە تا مناڵان وگەورەساڵان بتوانن لێ قوتاربن، هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتەش هاوڕێیە بۆ چەند لایەنێکی سایکۆلۆژی وەک کێشە وگرفتە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵچون وگرژی دەرونی ونیگەرانی وناسەقامگیری باری سۆزداری وڕاڕایی ودڵەڕاوکێ وتێرنەبوونى پێویستیە بایۆلۆجیەکانی مناڵان، ئەگەر هەر یەک لەم حاڵەتانە هۆکاریک بن بۆ دەستپێکی ئەم دیاردە ناتەندروستە. خۆ دەبێت ڕێگە چارەسەریش هەبێ بۆ قوتار بون لەم دیاردەیە.لێرەدا چەند پرسێک دێتە ئاراوە.
ئایا نینۆک کرۆژتن چارەسەری هەیە؟
بۆ چارەسەر لە کوێوە دەست پی بکەم؟
هۆکاری تەشەنەسەندنی ئەم خوە چی یە؟
چۆن ببمە ڕێگر لەبەردەم ئەم خوە ناتەندروستە؟
منداڵەکەم بۆ نینۆکی دەکرۆژێت؟
سەرەتا لەو پرسیارە دەست پێ دەکەین
زیانەکانی ئەم ڕەفتارە چین؟
سەرەتا ئەم خوە لەتەمەنی سێ ساڵی یان چوارساڵیدا بە باشی سەرهەڵئەدات ومنداڵ دەیکاتە خویەکی ڕۆژانەو کاتی و هۆگری ئەبێت هێدی هێدی ئەم خوە ناتەندروستە تەشەنە ئەسێنێت وگەورە ئەبێت تا ئەو کات دەبێتە خویەکی جێگر ومنداڵ زۆر زۆر بە درەنگ بتوانێت وازی لی بهێنێت. بۆیە دایکان و باوکان نابێ پەنا بۆ توندوتیژی بەرن وەک هەڕەشە و چاو سورکردنەوەو لێدان وسزای دەرونی. زۆر لە خێزانەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن بۆ وازهێنانن منداڵەکانیان لەم دیاردەیە، بۆ چارەسەر پەنا بۆ لێدانى پەنجەکانی دەبەن یاخود بێ بەشکردنى لە هەموو داواکاری وپێویستیەکانی رۆژانەى وەک تۆڵە سزایەکی دەرونی یان بۆیەکردنى نینۆکەکانى بەدەرمانى تاڵ یان بەستنەوەى هەر دوو دەستى لەدواوە، بەڵام ئەم رەفتارانە زیاتر منداڵەکە دوچارى شڵەژان ونیگەرانی دەکات و زیاتر هانى دەدات بۆپەنابردن بۆقرتاندنى نینۆکەکانى لەجیاتى وازلێ هێنان، ئه‌م خوڕەفتارە هەر بەتەنیا زیان بە لایەنی دەرونی و منداڵان ناگەیەنیَت، به‌ڵكو زۆر جار زیانێکی گەورە و ترسناک بە تەندروستی منداڵان دەگەیەنیت،چونکە لە ڕێگای کرماندنی نینۆکەکانی یەوە میکرۆب زۆر بە ئاسانی پێدزە ئەکات بۆ ژورەوە لە وێوە ڕاستەوخۆ بۆ ناو گه‌ده‌ و ریخۆڵه‌كان دەچێت، هەروەها لە ژێر نینۆکەکان كۆمه‌ڵێك میكرۆب ده‌ژی وپیسی كۆده‌بێته‌وه‌، وەکو جۆرە کرمێکە کە باریکە، هێلکەی ئەو کرمە دەچێتە ناوەوەی منداڵ بەسەختی توشی نەخۆشی ئەکات،‌لەوانە هەوکردنی ددانەکان وهەوکردنی قورگ ولەوزەتێن کە بەدرێژخایەنی دەمێنەوە، هەندیک جاریش زیان بە ضواردەورو قەراغ ودیوی دەرەوەی ددانەکان دەگەیەنێت، لە ئەنجامی بەریەککەوتنی نینۆک و ددانەکان.هەندیک جاریش ئەبێتە هۆی خوێن بەربون و سوربونەوەی سەری پەنجەکان. هەروەها کار دەکاتە سەر تیکجونی پەنجەکانی دەستەکان بەگشتی،
بۆ چارەسەر لە کوێوە دەست پی بکەم؟
له‌به‌رئەوەی ‌ دەرونشیکارو زانایان ئه‌وه‌یان ئاشکرا کردوە، ئه‌م خوڕەفتارە ‌ نیگەتیڤە‌ له‌زۆربه‌ی‌ ته‌مه‌نی منداڵان و مێرد منداڵاندا به دی ئەکرێت، بۆیه‌ دەست نیشانی ئەم رێژه‌‌یان کردوە، له‌ 50% گیرۆده‌ی‌ ئه‌م خوڕەفتارەن ئەمە‌ پتر ئەو مناڵانە ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 10 تا 18ساڵدایەولە ‌23% كه‌سه‌ باڵغه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌وا ته‌مه‌نیان 10 تا22 ساڵه‌، زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریشیان له‌ته‌مه‌نی‌ 30 ساڵی‌ بۆ یه‌كجاره‌كی‌ واز له‌م خو رەفتارە دێنن، ته‌نهالة 10% نه‌بێ‌ كه‌وا دوای‌ ئه‌م قۆناغه‌ش نینۆك قرتاندنیان هه‌ر ده‌مێنێ‌ وه‌كو تێبینیش كراوه‌ ئه‌م خوه‌ زیاتر له‌لایه‌ن ره‌گه‌زی‌ نێره‌وه‌ به‌رچاو ده‌كه‌وێ‌. هەروەها هەموومان ئەوە ئەزانین ئەم دیاردەیە ڕەفتاریکی خۆنەویستە لەمنداڵاندا. ئەگەر ئەم دیاردەیە پێناسێک بێت لەنێوان دڵەڕاوکێ وڕاڕایی تێکچونى دەرونى نیگەرانی لای منداڵان کەوا بێ منداڵان تاوانیان چی یە کە بەرەنگاری حاڵەتێک لەم حاڵەتان ئەبێنەوەکە ناچارەسەر لای ئەوانە نە خودی خۆشیان لە بنەڕەتەوە خاوەنی کارەکەن، بۆیە دایکان و باوکان . لە سەرەتادا پێویستە وا لە منداڵەکە بکەن کەهەست بکات ئەو کێشەیەى هەیە و فێرى بکەن کە چۆن بتوانێ زاڵبێت بە سەر ئەو جوڵە خۆنەویستەیدا، بەڵام ئەم هەوڵە دەبێت دور لە دەنگ بەرزکردنەوە و توڕە بوون و لێدان بێت، کەماناى بێزارى کەس وکاربێت، بەڵکو دەبێ بەدەنگى نەرم وپڕ سۆز منداڵەکە ئاگادارکەنەوە لەوەى کەدەستیکردووە بە قرتاندنى نینۆکى. بۆ ئەوەى هەست بەشەر مەزارى نەکات، دەرونناسەکان هانى دایک وباوک دەدەن کە مناڵەکانیان رابهێنن کە هەستن بە ئەنجام دانى ئەو چالاکیانەى کە پێویستى بەدەستیانە، کەمنداڵەکە تێر دەکات و یارمەتى دەدات بۆ دەربڕینى ئەو بارگاوى بونەى کە هەیەتى، چونکە دەزانین نینۆک کرۆژتن نەخۆشی نیە هەتا دەرمانی بۆ دابین بکرێت، بەڵام خویەکە دەتوانرێت بگۆردرێ.
1ـ مەبە بە بەربەست لە بەردەم حەزە سروشتییەکانی، بۆنمونە ئەگەر منداڵ کەلوپەلی یارییەکانی بەدەوری خۆیا بڵاوکاتەوە یان بیانشێوێنێت، هیچ ڕێگرییەکی لێ مەکەو هەرگیز سەرزەنشتی مەکە.
2- هەمیشە وا بکە مەهێڵە هەست بەتەنیایی بکات.
3- کاتێک ئەم پرسیارەی لێ دەکەیت (بۆچی نینۆکەکانت دەکرۆژیت)؟!! چاوەڕوانی وەڵام بکە، هەرگیز بەهۆی نینۆک کرۆژتنەوە سەرکۆنە و سەرزەنشتی مەکە.
4- هةرطيز سزاى مةية، سزادان نینۆک کرۆژتنەکە زیاتر ئەکات.
5- ڕەفتاری نینۆک کرۆژتنەکە بۆ خەڵکانی تر باس مەکە، با ئەو هەست بە شەرمەزاری نەکات.
6- دەستەکانی مەبەستەرەوە و مادةی تاڵ بۆنی ناخۆش مەیە لەسەری نینۆکەکانی.
7- لاسایی مەکەرەوە بە قسەی شیاو گاڵتەی پێ مەکە.
8- بۆڵە بۆڵ مەکە بەسەریا، هەندێک جار ئەو ترسە هۆکارە بۆ بەردەوامی.
چۆن ببمە ڕێگر لەبەردەم ئەم خوە ناتەندروستە؟
1ـ لە هەموو بوارەکاندا ئاسودەیی و ئارامی بۆ دابین بکە هەوڵبدە ئاسودەیی ژیان،دەرونی، سۆزداری وکۆمەڵایەتی،جار جار لە ئامێزی بگرە ماچی بکە دڵنیای بکەرەوەکە هیچ مەترسییەک هەڕەشەی لێ ناکات. تۆ هەمیشە چاودێروپارێزگاری ئەویت.هەروەها پێ بڵێ خۆشم ئەوێت.
2ـ پەنجەکانی بخەرە ئیش دوای لێ بکە ئیشی دەست بکات یاخود نیگار بکێشێت.
3- هەوڵبدە بزانیت چ شتێک ئارامی وئاسودەی شێواندوە.
4- نینۆکەکانی کورت بکەرەوە.
5ـ بۆ ئەوەی بەردەوام سەرقاڵ بێ بنێشتی بدەرێ.
6ـ دەتوانیت نینۆکی کچە جوانەکەت بە جوانی بهێڵیتەوە، تاوەکو ئەویش بەهۆی هێشتنەوەی جوانی نینۆکەکانییەوە بەباشی بیانپارێزێت.
7- بۆچارەسەر کردنی گرفتەکە ئەتوانیت دوای ڕێگاچارە لە خۆی بکەیت.
8ـ ئەبێ ئاخاوتنی لەگەڵ بکەیت بە زمانێکی شرین،بۆی ڕون بکەیتەوە کە ئەم کردەوەی تۆ ئەکەیت باش نی یە، زیان بە تەندروستیت ئەگەیەنێت.
9ـ هەوڵبدە هانی بدەیت و بەڵێنی پێبدەی کە دیاریەکی باشی بۆ بکڕیت ،ئەگەر وازبهێنێت.
10ـ واباشترە منداڵەکەت بە وەرزشەوە سەرقاڵ بکەیت.
11- دەتوانیت دەستکێش بخەیەتة دەستی بۆ ئەوەی نەتوانێت نینۆکەکانی بقرتێنێت.
12ـ سەرقاڵی کە بە رستن وچنینەوە بۆ ئەوەی دەستەکانی بەبەردەوامی بجوڵێت.
13ـ منداڵه‌كه‌ت به‌شدار بكه‌ له‌ چالاكی زیاتر وه‌ك خولی مه‌له‌ كردن و باله‌ و وێنه‌كێشان و…
14ـ کتێب خویندنەوە و گیڕانەوەی چیرۆک لە سەر هەمان رەفتار بە شیوازیکی پەروەدەیانە.
هۆکاری تەشەنەسەندنی ئەم خوە چی یە؟
ئەبێ ئەوە بزانین زۆربەی هەرە زۆری ئەو مناڵانەی کە توشی ئەم دیاردە خۆنەویستە دەبنەوە کەسانی کەم ڕوو و شەرمنن.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دایکان و باوکان بزانن کە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم گرفتە بدۆزنەوە، زۆر لە دەرون ناسەکان بڕوایان وایە کە بێ گومان ناتوانرێت هۆکاریکی تایبەت بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە، بەڵکو منداڵ ئەم کارە لە کەسێکەوە فێر دەبێت، بە دووبارەکردنەوەی خوی پێوە ئەگرێت وهۆگری ئەبێت، زۆرجار منداڵ لەوانەیە بە نینۆک کرۆژتن هەستێکی دڵخوازی تاقی بکاتەوە، بۆ نمونە لەوانەیە لەکاتی ددان دەرکەوتن و هەوکردنی پوکەکانی خوو بەم کارەوە بگرێت وبەردەوام بێت، کۆمەڵێک لە دةرون ناسان پێیان وایە کە هەر لە بنەڕەتەوە هۆکاری ئەم ڕەفتارە نادیارە، بەڵام لەهەموو هەل ومەرجە تایبەتمەندیەکاندا ئەم ڕەفتارە زیاتر ئەبێت ومانەوەشی لەهەمان دۆخدا مناڵ هاندەدات بۆ نینۆک کرۆژتن
فرۆیدیش کە زانایەکی دەرونشیکارییە پێی وایە :
پێویستیە سۆزداریەکانى قۆناغى شیرخواردن کەلەمنداڵدا دەبێت و هانى دەدات بۆپەنابردن بۆئەم رەفتارە یاخود هەندێ جار بۆ قژبادان یان شیرینی خواردن یان برسى بوونى هەمیشەیی یان مژینى پەنجەى یان نینۆک قرتاندن، چونکە ئەم تێرنەبونى سۆزداریە حاڵەتى شڵەژانى دەرونى لاى منداڵەکە دروست دەکات، ئەم رەفتارە وا دەکات، پێچەوانەى فرۆید هەندێ لەزانایانی دیکە پێیان وایە پەرت بونى خێزان و بێ سەروبەرەیی رۆڵی هەیە بۆ دەرکەوتنى ئەم دیاردەیە هەربۆیە لە دواى چەندەها تویژینەوە بۆیان دەرکەوت، دابڕانى منداڵ لەدایکى یاخود شیر پێنەدانى لەسنگى خۆى، یان بەخێرایى شیر پێدانى یان لەشیر بڕینەوەى بەزوویی هۆکارى سەرەکین بۆدروست بوونى ئەم حالەتە، بەڵام ئەو منداڵانەى کەخێزانەکانیان پەرت بووە، زۆر بەتوندى نینۆکیان دەقرتینن کەزۆر جار خوێنى لێدێنن، لەتویژینەوەیەکى تر کە 162 منداڵى لەخۆگرتبوو لە تەمەنەکانى (5ـ 6) سال بۆیان دەرکەوت کە ئەو منداڵانەى کە لە سنگى دایکان شیریان پێدراوە لا دەدەن بۆ قرتاندنى نینۆکیان زۆر زیاتر لەریژەى ئەو منداڵانەى کە بە شوشە شیریان داونەتێ ئەو منداڵانەى کە بە شێوەیەکى لەسەر خۆ لە شیر براونەتەوە زۆرتر توشى ئەم حاڵەتەبوون زیاتر لەو منداڵانەى کە بە کتوپڕى لە شیر بڕاونەتەوە کەئەمانە هەموو پێچەوانەى ڕاکانى فرۆیدن.
ئەمەش وایکرد کە زانایان بە شوێن هۆکارى تردا بگەڕێن، هەرچەندە ئەم دەرئەنجامانە دوریش لەو بارو دۆخە دەرونییەى کە منداڵەکەى تێدەکەوێ کەوەڵامى بۆدەست ناکەوێ و ناچارە کە لەناخى خۆیدا بیهێڵێتەوە، بۆیە بەرەفتار هەوڵى دەربڕین دەدات، یەکێک لەو هۆکارەى کەزانایان دۆزیانەوە (ئیرەیى نێوان خوشک و براکان) یان دەسەڵاتى زۆردارى باوک یان رەفتارى پەروەردەکردنى هەڵە یان رێگەنەدان بەمنداڵ بەدەربڕینى راو بۆچونەکانى و ئارەزووەکانى یان رێزگرتنى کەسێتى و تواناکانى، یان سزادانى قورس، یان دابرانى لەدایکى بە تایبەتى لەیەک دووساڵى یەکەمدا هەربۆیە زانایان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەى کە بێبەرى بوون (حرمان) بەشێوەیەکى گشتى هۆ کارى سەرەکیە بۆدەرکەوتنى ئەم رەفتارە لەلاى منداڵان.
لەساڵەکانى کۆتایى سەدەى بیستەم هەندى لەزانایان گەشتنە ئەو دەرئەنجامەى کە نینۆک قرتاندن یەکێکە لە (رەفتارە لادەرەکان) لەلاى منداڵان، ئەمەش بەلێکدانەوەى ماناى لادان بە مانا زاراوەییەکەى نەک دەرونیەکەى چونکە لە روى زمانەوانیەوە لادان واتا دەرچون لەرە فتارى ئاسایى، بەڵام بەمانا دەرونیەکەى لادان واتە ئەنجامدانى رەفتار دژى کۆمەڵگا و بیروباوەڕو پێوانەکانى وبەهاکانى هەر لەم دوانگەیەوە ئەم شیکاریە دژى ئەو رەفتارەیە کە ئەو مندالانە دەیکەن.
چ هۆکارێ دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدان یان خوپێوەگرتننی نینۆک کرۆژتن؟
دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی: بە هۆکارە هەرە سەرکییەکان دائەنریت. کاتێ منداڵ هەست بە دڵە ڕاوکێ وڕاڕایی دەکات یەکسەر دەست بۆ دەمی دەبات و چونکە سروستی هەموو مرۆڤیک وایە لەکاتی هەر ڕوداویکدا یان کارەساتیکدا پەشۆکاو و نیگەران و دەبیت و توشی دڵەڕاوکێ وراڕایی دەبیت .ناچار دەبیت سەرقاڵ ئەبیت بە شتێکەوە،ئەگەر بشزانێت ئەو رەفتارەی کە ئەو دەیکات بێ کەڵکە وسودی نیە.
توندوتیژی: یەکێکە لە هۆکارە بنەرەتییەکان وەک سەپاندنی یاسایەکی قورس بۆ منداڵان، کە منداڵ نەتوانیت جێ بەجێیان بکات و توانستی بەسەریاندا بشکێت. ئەمە وادەکات منداڵان بەردەوام لەبەردەم دنیای دڵەواکی و ڕاڕایدا ژیان بگوزەرێن، بەردەوامیش بیریان لای سزایە قورسە و باوەکان بێت، بۆ نمونە مامۆستایەک کاتیک پرسیاریک لە قوتابییەکان ئەکات، کە قوتابی توانستی وەڵامدانەوەی نیە یەکسەر دەست دەبات بۆ دەمی و بە کرۆژتنی نینۆکەکانی سەرقاڵ دەبێت، بۆ ئەوەی خۆی لە بارودۆخە بدزێتەوە قوتاری بێت.
هەست کردن بە تەنیایی: منداڵ کاتێک هەست بکات تەنیا و پەراوێز دەخرێت وگوێ بۆداواکارییەکانی ناگیرێ هەستیکی شکانەوەی دەرونی و خۆ بەکەم زاننینی لا دروست ئەبیت، بۆ یە هەر ئەم حاڵەتەشە لای تەشەنە ئەکات و دەبێتە گرێیەکی کوێرەیەکی دەرونی وئازار دەکێشێت، دەشێ بۆ زاڵبون بەسەر ئەم گرێ وتەنگەژە درونيیەی پەبا بۆ کرماندنی نینۆکی ببات.
ترس: لەهەندێک هۆکاری جۆراوجۆر وەک ترسە درێژخایەنەکان،ترس لەسزادان،ترس لەمانەوەی لە دۆخی پەرێشانیدا،
دەبیتە هۆکاریکی سەخت بۆ منداڵان ..وەک درەنگ ڕۆشتنەوە بۆ ماڵ ،کەم کۆشش کردن،خۆنەشتن و نە گۆڕینی جل و بەرگ ونان نەخواردن.
کێشەی ناوخۆییەکانی خێزان: کێشە ناوخۆییەکانی خێزان یەکیکی ترە لە هۆکارە بنەرەتییەکان، منداڵان دوجاری دڵەڕاوکی وڕاڕایی ئەکات،شەرو ئاژاوە لە نێوان دایکان وباوکان، وا لە مناڵ دەکات بەردەوام لەماڵەوە بیت و ئاگاداری دایک و باوکی بێت.کە ئازاری یەکتری نەدەن، بۆیە ئەم هۆکارە وا لە منداڵان دەکات بەردەوام لە بیرکردنەوەیەکی قوڵە بێت لە ماڵ ودەرو قوتابخانەش بیری لای دایک و باوکی بێت، ناجار دەبێت خۆنەویستانە پەنا بۆ دەمی بەرێت ونینۆکەکانی بکرۆژێت.
پێویستە جی بکرێت؟
دایک و باوک ئەبێت زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن لە ئەنجامی توشبون بەم جۆرا رەفتارانە، ئەم دیاردەیە پێویستیەکی تەواوی بە چاودێری و نەرم ونیانی هەیە بۆ ئەوەی منداڵ هەست بە بونی خۆی بکات و پشت بەخۆی ببەستیت، خۆی یەکەمین هۆکار بێت بۆ چارەسەر کردنی ئەم رەفتارە خۆنەویست.
هەندێک خاڵى گرنگ ئەبێ زۆر رەجار بکرین لەکاتی توش بون بەم رەفتارە وەک:
* لە کاتی هەوکردنی پوکدا، ئەو کەرەستە گونجاوانەی کە بۆ هەمان مەبەست دروست کراوە بیخەرە بەردەستی تا سودیان لێ ببینیت وسەرقاڵ بێ پێیانەوە.
* هەڵسوکەوت و ڕەفتاری بخەرە ژێرجاودێرییەوە بزانە لەج کاتێکدا ئەم ڕەفتارە دوبارە ئەکاتەوە .
* هەوڵبدە سەرگەرم و سەرقاڵی بکە بە یارییکردن بە بوکە شوشە یاخود بە يارييةکانی، ئەگەر لە کاتی یاریکردندا بێ ئاگایانە دەستی برد بۆ دەمی بێ ئەوەی هەستی پی بکات، دەستی بگرە وپێ بڵێ دەی بەردەوام بە لە یاری کردن.
* لە چالاکی یە جۆراجۆرەکاندا بەشداری پی بکە تامتمانەی بە خۆی بێت،وهەست بە تەنهایی نەکات.
* کاتی زیاتر تەرخان بکە و گفتوگۆی لەگەڵدا بکە وئەوەش بزانە بایەخ پێدان باشترین وکاریگەرترین شێوازە بۆ وازهێنان لە نینۆک کرۆژتن وپەنجە مژین.
* پێویستە چواردەورو قەراغی نینۆکەکان بۆ منداڵان بقرتێنیت، بۆ ئەوەی منداڵ نەتوانێت سەقاڵی کرماندنی نینۆکەکانی بێت.
سەرچاوە
* ـکتێبی (کودک وناخن وجویدن)جاپ اول ـبهار١٣٨٨
* ئینسکوپیدیای خێزانی نوێ
*تۆڕی ئەنتەرنێت
به‌روار: 20/05/2015
بینین: 2227