کچێکی سلێمانی شەقامەکانی هەڵەبجە خۆبەخشانە پاک دەکاتەوە
دیدار:ژیار کامیل

كچە خوێندكارێكی زانكۆی هەڵەبجە هەفتانە دوو رۆژ بەشێوەیەكی خۆبەخش دەست دەداتە گسكێك و لەگەڵ دوو كارمەندی بە تەمەنی ژینگەپارێز شەقامەكانی هەڵەبجە پاك دەكاتەوە.

 دێكان سدیق، 21 ساڵ، خەڵكی سلێمانییە و قوتابی قۆناخی دووەمی بەشی پیشەسازیی خۆراكە لە كۆلێژی تەكنیكیی زانكۆی هەڵەبجە، دێكان بڕیاری داوە بۆ ماوەی ساڵێك بەبێ‌ هیچ بەرامبەرێك شەقامەكانی هەڵەبجە پاك بكاتەوە، رۆژی 28/11/2015 ، دێكان بڕیاری دا جلێكی هاوشێوەی جلی كارمەندانی ژینگەپارێز بپۆشێت و گسكێك بەدەستەوە بگرێ‌ بۆ ئەوەی شەقامەكانی هەڵەبجە پاك بكاتەوە، ئەو كچە دەڵێت دوو ئامانجی لەو كارەی هەیە "یەكەمیان خزمەتكردنی هەڵەبجە، دووەمیشیان ویستم بۆ خەڵكی بسەلمێنم ئەو كارە عەیب نییە، بەداخەوە لێرە زیاتر خەڵكانی بیانی ئەو كارە دەكەن و خۆمان نایكەین". 

پاككردنەوەی شاری هەڵەبجە بە كۆمپانیای گڵاس شتوت گارت سپێردراوە و 120 كرێكار لە رۆژانی شەممە تا پێنجشەممە كار دەكەن، دێكانیش لەبەر خوێندنەكەی، تەنیا رۆژانی یەكشەممە و سێشەممە لە كاژێر یەكی دوای نیوەڕۆ تا كاتی تەواوبوونی كارەكەیان لەگەڵ دوو پاككەرەوەی دیكە كار دەكات.



دێكان سەرەتا چووەتە لای كوێستان ئەكرەم، جێگری سەرۆكی شارەوانی و بیرۆكەكەی بۆ باس كردووە، كوێستان پێشنیازی كردووە كە لە پاركەكانی هەڵەبجە كار بكات، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی وەكو ئەوانی دیكە شەقام پاك بكاتەوە.

دێكان بە بزاڤی گوت:"بەهیچ شێوەیەك مەبەستم خۆدەرخستن نییە، تەنانەت ویستیشم بە نهێنی بێت و لای نزیكترین هاوڕێشم باسم نەكرد، سەرەتا بە ماڵەوەشم نەگوت، بەڵام دواتر كە زانییان پێیان خۆش بوو، ئەگەر بەدڵیشیان نەبووایە هەوڵم دەدا رازییان بكەم".

بەڕێكەوت لەلای هاوڕێكانی ئاشكرا بووە كە شەقام پاك دەكاتەوە. دێكان وتیشی:"رۆژی یەكشەممە بوو، بەفر دەباری و سەرقاڵی كاركردن بووم، هاوڕێكانم دەڕۆیشتن بۆ شەڕە تۆپەڵ، هەرچەندە زۆریش حەزم لێبوو، بەڵام لەبەر ئیشەكە نەڕۆیشتم، لەو كاتەشدا پاسی زانكۆ بەلاماندا رۆیشت، هاوڕێكانم منیان بینی و زۆریان بەلاوە سەیر بوو".

عەبدولڕەحمان ئەحمەد، 63 ساڵ كە كارمەندێكی ژینگەپارێزە و لەگەڵ دێكان كار دەكات، بە بزاڤی وت "دێكان لە ئیشكردن زۆر ئازایە، بەڵام خەڵك زۆریان بەلاوە سەیرە و هەموو رۆژێك دەڵێن بۆچی ئەو كچە هاتووە ئەو ئیشە دەكات؟ ئێمەش دەڵێین خۆی حەزی لە ئیشەكەیە".

ئەو پاككەرەوەیەی دیكەش كە لەگەڵ دێكان كار دەكات، تەمەنی 45 ساڵە، بەڵام كاركردنیان رێكەوت بووە نەك بە مەبەست، دێكان گوتی "كاركردنم لەگەڵ ئەوان بەڕێكەوت بوو، چونكە بەلامەوە گرنگ بوو لەگەڵ كارمەندانی كورد بم، نەك بەنگلادیشی و نیپاڵییەكان، لەبەرئەوەی باشتر لەیەكتر تێدەگەین، راستە تەمەنمان جیاوازە، بەڵام بەیەكەوە زۆر 
ئاسوودەین".



دێكان باسی تێڕوانینی خەڵك دەكات بۆ كارەكەی و دەڵێت "جگە لەوەی زۆربەیان بەلایانەوە سەیرە، هەندێك بەلامدا دەڕۆن وا دەزانن ئاوارەی عەرەبم، بەڵام كاتێك بە كوردی وەڵام دەدەمەوە پێَیان سەیرە و هەندێكیشیان دەڵێن پێویستیت بە پارەكەیە؟ هەندێكیش تەعلیقم لێدەدەن، ئەوەش ئاساییە".

 دێكان كە تەنیا مانگێكە ئەو كارە دەكات، باسی گرفتی پاككەرەوەكان دەكات و دەڵێت "تێڕوانینی خەڵك بەرامبەریان باش نییە، خەڵك هەیە دێتە بەردەمیان بە ئەنقەست شت فڕێ‌ دەدات، تەنیا بۆ ئەوەی ئەوان هەڵیبگرنەوە". دێكان بڕیاری داوە بە درێژایی قۆناخی دووەمی لە زانكۆ ئەو كارە بكات "دەوامی ئەمساڵم دەزانم چۆنە، بەڵام نازانم بۆ ساڵی داهاتوو خوێندنەكەم چۆن دەبێت، بۆیە ئەگەر بۆم گونجا ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبم".

كوێستان ئەكرەم، جێگری سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بە بزاڤی گوت، كاتێك دێكان سەردانی كردووە، پێشنیازی بۆ كردووە لە باخچە و فەرمانگەكان كار بكات، بەڵام ئەو داوای كردووە شەقامەكان پاك بكاتەوە. كوێستان گوتی "سەرەتا كۆمپانیاكەش گومانیان هەبوو بتوانێت لە كارەكەیدا جددی بێت و خۆیشم تا 20 رۆژ هەواڵیم نەزانی و دواتر كە پرسیارم كرد گوتیان بەردەوامە". 

دێكان تەنیا لە دەرەوە لە خەمی پاكڕاگرتنی ژینگە و پاكوخاوێنیدا نییە، بەڵكو وەك چیمەن حەمە كەریمی دایكی باسی كرد، لە ماڵەوەش بەهەمانشێوە حەزی لە پاكوخاوێنییە، دایكیشی ئەو كارەی كچەكەی بەلاوە ئاساییە و گوتی "مادام خۆی حەزی لە كارەكەیە، بەلامانەوە ئاساییە".



به‌روار: 01/01/2016
بینین: 1314
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت