پیاوێکی هەڵەبجەیی چوار هەزار کوڕ و کچی بەیەک گەیاندووە
بزاڤ پرێس:

پیاوێكی شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، تا ئێستە زیاتر لە 4 هەزار كوڕ و كچی بۆ هاوسەرگیری گەیاندووە بە یەك و 400 كەسیش لەلای ناویان تۆماركردووە.

تۆفیق عەبدوڵا ئیبراهیم ناوی تەواوی ئەو پیاوەی خورماڵە، ئەو لە ساڵی 1962 لە قەزای سەیدسادق لە دایكبووە، بەڵام ئێستە دانیشتووی خورماڵە و لە یەكێك لە قوتابخانەكانی ئەو شارەدێیە وانە دەڵێتەوە.

تۆفیق عەبدوڵا، كە ناسراوە بە مامۆستا تۆفیق، دەڵێ‌: "لە ساڵی 1995 وە هەتا ئێستە 4 هەزار و 200 كەسم لە زۆرێك لە شارەكانی كوردستان بۆمەبەستی هاوسەرگیری گەیاندووە بە یەك و نزیكەی 400 كەسیش لە ئێستەدا ناویان لەلام تۆماركردووە كە هاوسەریان بۆ بدۆزمەوە".

ئەگەرچی كارەكەی تۆفیق لە سەرەتادا تەنها ناوچەكەی خۆیانی گرتووەتەوە، بەڵام لە ئێستەدا ژمارەیەكی زۆر كوڕ و كچ لە شارەكانی كوردستان و ئێران و تەنانەت تاراوگەش، ڕۆژانە پەیوەندی پێوە دەكەن و داوای دۆزینەوەی هاوسەری لێ‌ دەكەن.

مامۆستا تۆفیق، دەشڵێ‌"ئەو كەسانەی كە پەیوەندیم پێوە دەكەن ناو تەمەن و شوینیان لەلای خۆم تۆماردەكەم تا هاوسەریان بۆ بدۆزمەوە، ئەم كارەش تەنها لە پێناو خودا دەكەم و هیچ شتێكی تایبەتیم ناوێت لێیان، بەڵام دەبێ‌ لە ڕێگەی شەرع و یاساوە لەیەك مارە بكرێن، خۆیشیان ئازادن مارەییەكەیان چییە".

ئەو كەسانەی كە ئەو مامۆستای خورماڵ، گەیاندوونی بەیەك، بە زۆری كچ و كوڕبوون، لەگەڵ ئەوەش پیاو هەبووە ژنەكەی مردووە و ژنی بۆ دۆزیوەتەوە، یان بە پێچەوانەوە، هەروەها هەشبووە بە تەمەن، یان ژنی هەبووە و ژنی دووەمی بۆ دۆزیوەتەوە، بەڵام خیزانی یەكەمی ڕازی بووە.

وەك تۆفیق باسی دەكات، پێش ئەوەی كوڕ و كچێك بگەیەنێت بەیەك زانیاری تەواو لە سەر هەریەكەیان وەردەگرێت و دایك و باوكیشیان ئاگادار دەكات، دواتر لەگەڵیان دادەنیشێت و باسی پرۆسەكە و كەسایەتی هەر یەكەیان بۆ ئەوی تریان دەكات تا شارەزای یەكتربن.

هەموو ئەو كەسانەی، كە لەڕێگەی تۆفیقەوە هاوسەرگیریان ئەنجامداوە كوردی مسوڵمان بوون، لەگەڵ ئەوەش كوڕ و كچی عەرەب سەردانیان كردووە، بەڵام لە بەر ئەوەی نەی ناسیوون و نفوسیان پێ‌ نەبووە ناوی تۆمار نەكردوون.

بەگوتەی تۆفیق، هیچ نوسینگەیەكی نیە و لەماڵەكەی خۆی ئەو كارە دەكات، بەڵام لە هەر شارێك كەسێكی دڵسۆزی داناوە تا لەڕێگەی ئەو كەسەوە كاروباری كوڕ كچەكانی ئەو شارە تەواو بكات، كە ناویان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری لەلای ئەم تۆماركردووە.

بەدەم سەیریكردنی ناوە تۆماركراوەكانی بەردەستی، بۆ بزاڤ درێژەی بە قسەكانی دەدا و دەیگوت: "ئەو كەسانەی كە لەڕێگەی منەوە پڕۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، تێیاندا هەبووە بڕوانامەی (دكتۆرا) ی هەبووە، هەشبووە (دكتۆر یان ئەندازیار) بووە یان بڕوانامەی تر یان بێ‌ بڕوانامەبووە".

وێڕای گلەی لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: "وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی هیچ پەیوەندیەكیان پێوە نەكردووم بۆ كارئاسانی".

‌ژ.ک
به‌روار: 14/01/2016
بینین: 778
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت