هەڵبژاردە
  تاک لە نێوان ملکەچبوون یان ئابڕووچوون
د. پێشرەو حەمەجان عزیز
ماوەیەکە دەنگۆی پەیوەندییەکی سۆزداری د. عبداللطیف سەلەفی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیوە، لێرە کاری من نیە پشتڕاستی ئەو دەنگۆیە بکەمەوە یان بەدرۆی بخەمەوە، وە لێرەدا بواری ئەوەش نیە قسە لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی ئەم بابەتە بکرێت لەسەر (کایەی زانستی، ومتمانەی خێزان، وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، وپەیوەندی مامۆستا وخوێندکار)، بەڵکو دەمەوێت بەکورتی قسە لەسەر ئەو زەنگە مەترسیدارە بکەم کە دەستێک هەیە ئەم بابەتانە (دروست دەکات یان ڕووی داوە وبڵاوی دەکاتەوە) وەک کارتی فشار.
هەموو ئەم دەنگۆیە لە دوو ئەگەر تێناپەڕێت:
یەکەم : ئەگەر هەیە ئەو پەیوەندییە سۆزدارییە ڕوویدابێت وە گەورە بکرێت، کە پێموایە ئەمەش هەر ناوێکی لێبنرێت (خۆشەویستی، پەیوەندی ناشەرعی، ئابڕووچون، سکێندەڵ) دواجار دکتۆری ناوبراویش مرۆڤێکە کە خاوەنی هەست وئارەزووە وە شایەنی هەڵەیە.
دووەم: ئەگەریش هەیە تەواوی ئەم بابەتە دروستکراو بێت بەپلان وبەرنامە بۆ ئابڕووچونی کەسێک کە ماوەیەکە هەست دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر گەنجانی سلێمانی وکوردستان بەئاڕاستەی سەلەفیەت.
هەر ئەگەرێکیان راستبێت، ئەو مەترسیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لەم هەرێمەدا هەرچەندە بانگەشەی ئازادی تاکەکەس و ئازادی بیرورا دەکەین، بەڵام بە ئاراستەی سیخوریکردن وتۆمەت دروستکردن وئابڕوچوون وبەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان هەنگاو دەنێین وبابەتە کەسێتیە تایبەتییەکان وەک کارتی فشار بەکاردەهێنرێت بۆ یاریکردن بە تاکەکان ، بۆیە لەداهاتوودا ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی وحیزبەکان ودەزگاکانی ڕاگەیاندن وخەڵک بەم میتۆدە کار بکەن ئەوا هەموو تاکێکی سەرکەوتوو وە دەرکەوتوو وە خاوەن جەماوەر وەخاوەن بۆچوونی جیاواز، چوار ئەگەری لەبەردەمدا دەبێت (یان کوشتن یان سەرهەڵگرتن  یان ببێتە ڕۆبۆت یان  قبوڵی ئابڕووچوون بکات) .
به‌روار: 27/04/2016
بینین: 1378