هەمەجۆر
  بەڕێز ستیڤن هاوکینگ، پێویستى بەو عەزێتە نەدەکرد:
دیلمان لەتیف


ستیڤن هاوکینگ سەرۆکی بەشی فیزیایە لە زانکۆی کامبێرجی بەریتانی و یەکێکی ترە لە قافڵەی ئەو زانا مەزنانەی کە بەدرێژایی مێژوو راستی و دروستیی قورئانیان سەلماندووە، ئیتر بە شێوەیەکی راستەوخۆ بێت یان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.

بەڵام گەورەترین سەرسوڕمانی من لەوەدایە کە هێندەی مولحیدان دڵیان بەم زانایە خۆشە هێندە موسوڵمانان دڵیان پێی خۆش نییە، دیارە ئەمەش بۆ نەزانیی هەردوولا ئەگەڕێتەوە.

چونکە ئەگەر مولحیدان شارەزا بوونایە لە ئیسلام ئەوا دەیانزانی کە هەموو قسەکانی ئەم زانایە دووپاتکردنەوەی ئایەتە قورئانییەکانە، هەروەها ئەگەر موسوڵمانانیش شارەزا بوونایە لە وردەکاریی ئەرکانی ئیمان ئەوا هەرگیز بە قسەکانی ئەم زانایە قەڵس نەدەبوون بەڵکو نامەی سوپاسگوزارییان بۆ دەنارد.

بۆچی؟

ئەم زانایە دەڵێت کە گەردوون لە تەقینەوەی خاڵێکەوە دروستبووە و ئینجا دووکەڵی لێ دروستبووە و دواتر ئەستێرە و هەسارەکان لەو دووکەڵەوە پەیدابوون بەهۆی هێزی کێشکردنەوە چونکە بڕی مەوجوداتی ناو گەردوون هاوسەنگ نەبووە بەڵکو کەموکوڕییەکی تیابووە و هیچ شتێکیش لە گەردووندا تەواو نییە، بۆیە ئەم ناتەواوییە بووە بە هۆکاری تێکەڵبوون و بەیەکداکێشانی ئەو پارچانەی لە دووکەڵەکەوە دروستبوون و لە ئەنجامدا ئەم گەردوونەی لێ دروستبووە.

بۆیە هیچ شتێک گەردوونی دروست نەکردووە چونکە خودی شتەکان لەدوای تەقینەوە مەزنەکەوە دروست بوون و تەنانەت کات و شوێنیش لەدوای تەقینەوەکەوە دروستبوون، چونکە ئەو تەقینەوەیە تەنها تەقینەوەی وجود نەبووە لە رووی عەدەمدا بەڵکو تەقینەوەی کات و شوێنیش بووە.

لەبەرئەمە، هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە لەسەر بوونی خوایەک بۆ ئەم گەردوونە چونکە ئەم گەردوونە بەپێی رێسا و یاسایەک کاردەکات کە هەر خۆی دەتوانێت خۆی پێک بهێنێت، هەر لەبەرئەمەش مولحیدان وا دەزانن هەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیوەتەوە.

بەڵام ئەگەر شارەزابین لە تێگەیشتنى شەش روکنەکەی ئیماندا بە تایبەتی روکنی یەکتاپەرستی و ناسینی خوای گەورە، ئەوا تێدەگەین لەوەی کە ئەو خورمایەی ستیڤن هاوکینگ خواردوویەتی دەنکەکەی ١٤٠٠ ساڵە لە گیرفانی ئێمەدایە.

چونکە باوەڕهێنان بە خوای تاقانە یەکێکە لە شەش روکنەکەی ئیمان و هەر شەش روکنەکەی ئیمانیش باوەڕهێنانن بە غەیب، ئەمەش لە قورئاندا دووپاتکراوەتەوە بەوەی کە باوەڕهێنان بە خوا باوەڕهێنانێکی غەیبییە.

إِنَّمَا تُنذِرُ مَنِ اتَّبَعَ الذِّكْرَ وَخَشِيَ الرَّحْمَن بِالْغَيْبِ فَبَشِّرْهُ بِمَغْفِرَةٍ وَأَجْرٍ كَرِيمٍ [يس : 11]

غەیبیش بەهەر شتێک ئەوترێت کە هەرگیز بە بەڵگەی زانستی نەسەلمێندرێت بەڵکو مرۆڤ وێنای بکات بەهۆی بەڵگە زانستییەکانەوە.

بۆیە بەپێی عەقیدەی ئیسلامی هەرگیزاوهەرگیز بەڵگەیەکی زانستی نایەتەکایەوە کە بوونی خوا بسەلمێنێت، خۆ ئەگەر شتی وەها هاتەکایەوە ئەوا مانای ئەوەیە کە قورئان لەلایەن ئەو خوایەوە نەهاتووە، کەواتە قسەکەی ستیڤن هاوکینگ زۆر تەواوە کە دەڵێت هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە لەسەر بوونی خوایەک بۆ ئەم گەردوونە.

خۆ ئەگەر مولحیدان بە باشی لەمە حاڵی ببونایە ئەوا ئەبوایە عەوداڵی بوونی بەڵگەیەکی زانستی بوونایە بۆ بوونی خوا، چونکە ئەوکاتە هەرچەندە ناچاردەبن کە دانی پیابنێن بەڵام بەوە دەتوانن ئەوە بسەلمێنن کە قورئان نێردراوی ئەو خوایە نییە، دیارە ئەمەش خەونێکی نەزۆکە و ئەوان هەرگیز بەوە رازی نابن، چونکە ئەوان دەیانەوێت بڵێن کە خوا نییە.

دواتر هەموو قسەکانی ستیڤن هاوکینگ لەوەی کە (گەردوون لە تەقینەوەی خاڵێکەوە دروستبووە) (ئینجا بووە بە دووکەڵ) (ئینجا تەنەکان لەو دووکەڵەوە دروستبوون) (بەڵام هیچ شتێک لە گەردووندا کامڵ و تەواونییە) دووپاتکردنەوەی راستییە قورئانییەکانە و هەموو ئەمانە بە ئایەتی راشکاو لە قورئاندا هەیە و تەنها خوای گەورە کامڵە و غەیری ئەو ناتەواوە.

أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ كَانَتَا رَتْقاً فَفَتَقْنَاهُمَا وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاء كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ أَفَلَا يُؤْمِنُونَ [الأنبياء : 30]

ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاء وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِيَا طَوْعاً أَوْ كَرْهاً قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ [فصلت : 11]

سەبارەت بەوەی کە هیچ شتێک گەردوونی دروست نەکردووە بەڵکو رێسا و یاسایەک حوکمی گەردوون ئەکات کە شیاوە بۆ ئەوەی بە چەند قۆناغێک خۆی خۆی پێک بهێنێت ئەوا ئەمەش لەسەداسەد گونجاوە لەگەڵ عەقیدەی یەکتاپەرستیدا بەوەی:

گەردوون سنووری تێگەیشتنی ئێمەی مرۆڤە و هەموو چەمک و مانای ئەو وشانەی بەکاریان دەهێنین لە سنووری ئەم گەردوونە تێپەڕ ناکەن، بۆیە مەوجود لەلای ئێمەی مرۆڤ بەوە دەوترێت کە مەوجود بێت لە گەردووندا، چونکە ئێمە مەوجودێک ناناسین لە دەرەوەی گەردوون هەروەک ستیڤن هاوکینگ ئەڵێت کە شوێن و کات و ماددەکان (واتە وجود بە تێگەیشتنی ئێمەی مرۆڤ) لە تەقینەوە مەزنەکەوە دروستبووە و ئەو تەقینەوەیە تەقینەوەی وجود بووە لە رووی عەدەمدا.

بۆیە بەم تێگەیشتنەی ئێمەی مرۆڤ هیچ شتێک لە پێش تەقینەوە مەزنەکەوە نەبووە، بەڵکو عەدەم باڵی کێشاوە بەسەر دەوروبەری خاڵە وزەکەدا، بۆیە ناشێت خوایەک مەوجود بووبێت لەپێش تەقینەوە مەزنەکەوە چونکە وجود لەو تەقینەوەیەوە دروست بووە.

بەڵام ئێمەی موسوڵمان باوەڕمان وایە کە خوای گەورە مەخلوق نییە بەڵکو خالیقە، بۆیە مادام خالیقە کەواتە نابێت شێوە و کێش و بارستایی و هێزی راکێشان و...هتد هەبێت چونکە بوونی ئەمانە بەڵگەیە لەسەر مەخلوقیەتی ئەو شتە، هەر لەبەرئەمەشە کە لە قورئاندا هاتووە کە خوای گەورە لە هیچ شتێک ناچێت.

فَاطِرُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ جَعَلَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجاً وَمِنَ الْأَنْعَامِ أَزْوَاجاً يَذْرَؤُكُمْ فِيهِ لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ وَهُوَ السَّمِيعُ البَصِيرُ [الشورى : 11]

کەواتە خوایەک شێوەی نەبێت ئەوا ئەبێت لە پێش تەقینەوە مەزنەکەوە هەبووبێت ئەگینا هەموو شتێکی دوای تەقینەوە مەزنەکە شێوە و بارستایی و کێش و ....هتد هەیە.

ئەی چۆن ئەبێت شتێک پێش تەقینەوە مەزنەکە هەبووبێت لەکاتێکدا ستیڤن هاوکینگ ئەڵێت کە هیچ شتێک لە پێش ئەوەدا نەبووە جگە لە خاڵێک وزەی چڕ نەبێت کە دواتر تەقیوەتەوە و ئەم گەردوونەی لێ دروست بووە؟

وەڵامی ئەمەش ئەوەیە ئێمە وجود بە گەردوون دیاری ئەکەین چونکە خۆمان مەحکومین بە یاساکانی ئەو گەردوونە وەک یانزە رەهەندەکە (درێژی و پانی و بەرزی و کات و شەش رەهەندە کووڕەکە و رەهەندی یانزەهەم)، بۆیە هەرچییەک لە دەرەوەی ئەوە بێت عەدەمە بۆ گەردوون نەوەک بۆ حەقیقەتی مەسەلەکە.

بە کورتییەکەی مەوجودێکی مەخلوق هەیە و مەوجودێکی خالیقیش هەیە، بۆیە ئەگەر وجود بە پێوەری هەریەکەیان بپێوین ئەوا ئەوەی تریان عەدەمە.

ئەی چۆن دەگونجێت گەردوون بەحوکمی ئەو رێسا و یاسایانەی تیایدایە لە تەقینەوە مەزنەکەوە دروست ببێت بەبێ دەستێوەردانی خوای گەورە؟ وەڵامەکە لە ئاسان ئاسانترە چونکە خودی رێسا و یاساکانیش فەرمانی خوای گەورەن و هەرکات بیەوێت دەیوەستێنێت هەروەک ساردبوونەوەی ئاگر بۆ ئیبراهیم پێغەمبەر.

إِنَّ رَبَّكُمُ اللّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ يُغْشِي اللَّيْلَ النَّهَارَ يَطْلُبُهُ حَثِيثاً وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ وَالنُّجُومَ مُسَخَّرَاتٍ بِأَمْرِهِ أَلاَ لَهُ الْخَلْقُ وَالأَمْرُ تَبَارَكَ اللّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ [الأعراف : 54]

لە کۆتاییدا هەموو ئەو زانایانەی تر کە باسی بوونی خوای گەورەیان کردووە هەرگیز باسی بوونی بەڵگەیەکی زانستییان نەکردووە لەسەر ئەم بابەتە، بەڵکو بەهۆی بەڵگە زانستییەکانەوە باوەڕیان بە شتێک هێناوە لەو دیوی زانستەوە و پێیان قبوڵ نەکراوە کە ئەم هەموو ئەندازە و جوانییە لەخۆیەوە دروستبووبێت، بۆیە ستیڤن هاوکینگ شتێکی پێچەوانەی ئەوانی نەوتووە.

لەبەرهەموو ئەمانە ئێمەی موسوڵمان کۆڵێک سوپاسی ستیڤن هاوکینگ ئەکەین کە بووە بە محامیی عەقیدەی ئیسلام بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، بەڵام مەمنونی نابین چونکە خۆمان زیاد لە ١٤٠٠ ساڵە ئەوەمان دەزانی.
به‌روار: 23/10/2016
بینین: 2787