میژووی جیهان
  ئافرەت لە مێژووی گەلاندا
باران ئاریایی

بەشی دووەم
ئەسینا..
لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا باوك دەسەڵاتی تەواوەتی هەبوو بەسەر خێزاندا، ئەگەر مناڵێکی نەخۆش یاخود کەم ئەندامی هەبوایە ئەوا باوك دەیتوانی مناڵەکەی بکوژێت، لەو نێوەندەدا ئافرەتان زیاتر دەکوژران.
چونکە لەکاتی بەشودانی دا پێویستی بە پێداویستی ناو ماڵ دەبوو کە دەبوو بۆی بکرایە.
باوک دەیتوانی کچەکەی بفرۆشێت، یاخود پیاو پەیدا بکات بۆ ژنەکەی کاتێك لێی جیا ببوایەتەوە.
لە ئەسینا ئافرەتان لەماڵەکەی خۆیاندا دەیانخوێند لەلای دایکەکانیان، یاخود لای دایەنەکانیان فێری نوسین و خوێندنەوە و ڕستن و چنین و سەماو ئاواز و  مۆسیقا دەبوون، لەوە زیاتر نەیان دەتوانی لە قوتابخانەکان بخوێنن، چونکە پێیان وابوو ئافرەتانی ئابڕودار ناچێتە دەرەوەی ماڵ، کۆمەڵێکی کەم لە ئافرەتان خوێندنی باڵایان تەواو دەکرد بە چاوی سوك تەماشا دەکران.
ئەم کۆمەڵگایەش هەمان کۆمەڵگا بوو کە چەندان زاناو بیرمەندی تیا هەڵکەوتووە وەك سوقرات، ئەفلاطون و ئەرەستۆ.
ئامادەکردنی کچەکانیان بۆ بەشوو دانیان لەلایەن دایك و باوك یاخود کەسانی لێهاتووە وە بوو کە دەبوایە کوڕێکی دەوڵەمەند و خاوەن خانەوادەیان بۆ بدۆزیایەتەوە، دەوڵەمەندی گرنگترین خاڵ بوو بۆ ئەوان نەك خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە کچەکانیان.
ئەرکی باوك ئەوە بوو لەکاتی دان بە شووی کچەکەیدا دەبێت مەبلەغێك پارەو هەندێك جلوبەرگ و کەمێك لە خشڵ و موتوموورو وە هەندێك جاریش چەند بەندەیەك کە هەموویان موڵکی کچەکە بوون، لەگەڵ کچەی بنێرێت، ئەگەر پیاوەکە بیویستایە کچەکە تەڵاق بدات دەبوایە هەموو موڵك و ماڵەکەی بۆ بگێڕایەتەو، ئەمەشیان بۆیە وا دانابوو تا پیاوان هیچ کات بیر لە تەڵاق دانی ژنەکانیان نەکەنەوە.
ئەگەر کچێك ماڵی باوکی دەستکورت بونایە و نەیان توانیایە پێداویستی بۆ ئامادە بکەن لەکاتی دان بەشو دا، دەبوایە خزم و کەسەکانی پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکردایە تا نەمایەتەوەو شوی بکردایە.
لەناو ئەو کۆمەڵگایانەدا ژن هێنان و شوو کردن لەڕێگای کڕین و فرۆشتنەوە بوو، کە دەبوایە ئافرەتەکان پیاویان بۆخۆیان بکڕیایە.
لە نمایش نامەی تراژیدیای "میدیا" دا کە "ئەریپیدوس" نوسیویەتی باس لە ئافرەتێك دەکات کەلەناو ئەو کۆمەڵگایەدا ژیاوە و ڕەخنەی گرتووە لەو فەرهەنگانەی کە لە کۆمەڵگاکەیاندا باوبووە، کە هاوسەرگیری بە خۆشەویستی بووە وەنە ڕێز لەیەکگرتن بوو.
چونکە هەمیشە باس لە ناڕەحەتیەکانی ئەو پرۆسەیە کراوە نەك لە خۆشیەکانی.
پیاوانی یۆنانی دەیانتوانی بەبێ هۆکار و هەرکات بیان ویستایە ژنەکانیان تەڵاق بدەن، بەڵام ئەگەر پیاوەکە نەزۆك بوایە نەدەبوو ژنەکەی تەڵاق بدات، بەڵکو پیاوانی خزم و نزیکەکانی دەهاتن بۆ یارمەتی و ژنەکەیان بە قەرز دەبرد تا لەڕێگای ئەوانەوە ببێتە باوك و خاوەنی مناڵ، ئەم کارەش لە قانونی دەوڵەتدا نوسرابوو کە دەیان توانی بەپێی یاسا ئەو کارە بکەن.
ئافرەتانی یۆنانی زۆر مەزڵوم و مەحروم بوون، چونکە نەیدەتوانی هیچ پەیمان نامەیەك ئیمزا بکات بۆ کڕین و فرۆشتن وە لە دادگاکانیشدا هیچ مافێکیان نەبوو بەهیچ شێوەیەك حیسابیان بۆ نەدەکردن.
تەنانەت ئەگەر حەقیش لای ئەو بوایە.
لە دوای مردنی مێردەکەی ئافرەتان هیچ بەشێك لە میراتییان بەر نەدەکەوت، مناڵیش تەنها بۆ باوکەکەی بوو، چونکە ئافرەت تەنها ئەرکی بەخێوکردنی مناڵ بوو.
یەکێکی کە لە هۆکارەکانی بەکەم سەیرکردنی ئافرەت لەلایەن مێردەکانیانەوە ئەوە بوو کە دەبوایە پیاوەکان تەمەنیان دوو بەرابەی ئافرەتەکە ببوایە لەکاتی هاوسەرگیریدا ئەمەش وای دەکرد کە پیاوان زۆر بەئاسانی بتوانن فیکری خۆیان فەرز بکەن بەسەر ژنەکانیاندا.
پیاوانی ئەسینا ئازاد بوون لەوەی کە لەگەڵ ئافرەتانی تردا جووت بن لەکاتێکدا کە خۆیان خاوەنی خێزان بوون، کچ و ژنەکانیان نەدەبوو لەماڵ بێنە دەرەوە ئەمەش ئازادی زیاتری دابوو بە پیاوان وە ئەرکی خزمەت کردن و بەخێوکردنی مناڵ و خێزان لەئەستۆی ئەودا بووە.
ئەم ئازادیەش نەدەبوو لە سنوری ماڵەکەی خۆی بچوبایەتە دەرەوە.
هەر چوار ساڵ جارێك لەمانگی چوارەمی یۆنانی دا جەژنێکی گەورەیان دەگێڕا، بەناوی "تەسموفری" کەلەو جەژنەدا ئافرەتان ڕێزیان لە قانونگوزارانی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی زۆر سەیر دەگرت کە دەبوو ئافرەتەکان لەبەرچاوی پیاواندا قسەی نەشیاو بەیەکتری بڵێن و پیاوان بە جوامێر و کامڵ باس بکەن.
لەدوای مردنی باوك موڵك و سەروەت دابەش دەکرد بەسەر کوڕەکانیدا، بەڵام دەبوو کوڕی گەورە بەشی لەهەمووان زیاتر بێت.
لەکۆمەڵگای سپارتادا تەنها کوڕی گەورە بوو کە میراتی دەبرد، باقی مناڵەکانی تر نەیان دەتوانی بەشیان هەبێت.
لە سەدەی (٨) پێش زایندا کاتێك شاعیری گەورەی یۆنانی"هەسیۆ" باس لەوە دەکات کە لەناو خێزانەکانی ئەسینا بوبوە باو کە نەهێڵن مناڵی زۆریان ببێت، چونکە لەوە دەترسان کە نەوەك ماڵەکەی دابەش بکات بەسەر کوڕەکانیدا و باوکەکە خۆی هیچی بۆ نەمێنێتەوە.
ئەوەمان بیر نەچێت کە ئافرەتان هیچ مافێکیان نەبوو لە وەرگرتنی میرات، تەنها ئەوە نەبێت کە باوکیان بۆی دابین دەکردن لەکاتی بەشودانیان دا.

ئافرەتان لە شارستانێتی ڕۆما
لە ڕۆمدا پیاو حاکمی یەکەم  بوو لە خێزانەکەیدا وە کەس بۆی نەبوو  قسە لە قسەیدا بکات، بەڵکو ئەو دەیتوانی مەرگ و ژیان بۆ ژنەکەی هەڵبژێرێت!
ئەگەر منداڵێك لە منداڵەکانی یان ژنەکەی تووشی تاوانێك ببونایە ئەوا باوکەکەیان یاخود مێردەکەی دەیتوانی حوکمیان بدات خۆ ئەگەر حوکمی لەسێدارەدانیش بێت.
هەر لەسەر ئەم بنەمایە یەکێك لە رۆمیەکانی سەدەی دووەمی پێش میلاد بەناوی "کاتون" دەڵێت: پیاوان حاکمی گەورە بوون بەسەر ژنەکانی خۆیانەوە، کە دەسەڵاتی تەواوەتی هەبوو بەسەریدا، ۆخ ئەگەر تاوانێکی وەکو مەی نۆشینی بکردایە ئەوا سزای دەدا، خۆ ئەگەر خیانەتی لێ بکردایەو لەگەڵ پیاوی تردا بوایە ئەوا دەیکوشت.
ئافرەت لە ڕۆمدا وەك کەنیزێکی بێ ئەرزش سەیر دەکرا کە هیچ ڕێز و قەدرێکی نەبوو، لەسەر ئەساسی قانون بەکەسێکی کەم ئەقڵ و نوقسان سەیر دەکرا. هەمیشە ئاغاو حاکمی هەبوو، ئەگەر مێردی هەبوایە ئەوا مێردەکەی بوو، ئەگەر مێردیشی نەبوایە ئەوا کوڕە گەورەکەی حاکم و دەسەڵات دار بوو بەسەریەوە.
ئامانجی ژن و ژنخوازی تەنها بۆ خستنەوەی نەوە بوو، ژن و منداڵ لای پیاو وەك موڵك و ماڵ حسابی بۆ دەکرا. لە هەڵبژاردنی هاوسەر بۆ منداڵەکانیان لە ئەستۆی دایك و باوك دا بوو، هەندێك جار هەر بەمنداڵی دەدرانە یەکتری وە هیچ کات بەبێ ڕازی بوونی باوك هاوسەرگیری ئەنجام نەدەدرا، لە قانونی ڕۆم دا ژنهێنان و شو کردن بەزۆر بوو تا ساڵی (٤١٣)ی پێش زاین کاتێك کە "کامیلیۆس" موچەی بڕیەوە بۆ پیاوانی تەنها ئەو قانونی بەزۆر هاوسەرگیری کردنە هەڵوەشێنرایەوە.
لەناو ڕۆمەکان دا ژنهێنان دوو جۆر بوو:
جۆری یەکەم: دانی کچە و ماڵ و سامانێکی زۆر بوو بە کوڕەکە.
جۆری دووەم: بە شودانی کچەکە بوو بەبێ سەروەت و سامان.
جۆری یەکەم دەبوو کوڕو کچەکە ماوەی ساڵێك پێش هاوسەرگیرییان پێکەوە بژیانایە بۆیە دەبوو باوکە کە ماڵو موڵکیش بدات بەکوڕەکە تا کچەکەی بوێت و هاوسەرگیری لەگەڵ بکات.
بە مەراسیمەکەشیان دەووت نان و شیرینی خواردن، بەڵام جۆری دووەمی ژنهێنان پێویستی بە زەماوەند نەبوو، بەڵکو دایكو باوکی کچەکە، کچەکەیان دەفرۆشت کە یەکێك لە فەرمان ڕەوایان دەبوو ئامادە بێت.
کوڕەکە پارەیەکی مسی دەدایە فەرمانڕەواکە ئەویش ترازویەکی دادەنا بۆ کێشانی بەهای ئافرەتەکە.
پرۆسەی هاوسەرگیری لەڕێگای کڕین و فرۆشتنەوە لەسەرەتای مێژووی ڕۆمی ئەو سەردەمەوە رەونەقی نەما و پێچەوانە بوەوە، بەجۆرێك ئافرەتان ئەو ماڵ و سامانەی کە بەریان دەکەوت لەماڵی باوکیان پیاویان پێ دەکڕی،  دەبوو ئەو ماڵ و سامانەش لەژێر ڕکێفی پیاوەکەدا بوایە، بەڵام لەگەڵ مردن یاخود جیابوونەوەی ژن و مێردەکە هەموو موڵکو ماڵەکە دەگەڕایەوە ژێر دەستی ئافرەتەکە.
بۆ ئەو پرۆسەی هاوسەرگیریانەی کەلە ڕێگای نان و شیرینی خواردنەوە دەگیرا جیا بوونەوە تیایدا زۆر دژوار بوو، چونکە پیاوان بەهۆی موڵکی ژنەکەوە کە لە ماڵی باوکی هێنابوی نەیدەویست ژنەکە تەڵاق بدات.
لەو دوو جۆرە هاوسەرگیریەی کە باسمان کرد لە جۆری یەکەمدا جیابونەوە تەنها لەدەستی پیاوەکەدا بوو، بەڵام جۆری دووەم هەردولا هەرکات بیان ویستایە جیادەبونەوە بەبێ ئاگادار کردنەوەی یەکتری.
لە کۆمەڵگای ڕۆم دا باوك دەیتوانی کچەکەی لە هاوسەرەکەی بسێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر کچەکەش ڕازی نەبوایە.
کاتێك ئیمپراتۆری مەسیحی ڕۆم قانونی "ژوستین"ی دامەزراند کە  قانونەکە بەم شێوەیە بوو، ئەگەر ژن و مێردێك لەیەك جیا بونایەتەوە ئەوا بۆیان نەبوو جارێکی تر ژیانی هاوسەرگیری پێك بهێننەوە تا ساڵێك بەسەر جیابونەوەکەیاندا تێنەپەڕیایە.
بەڵام ئەگەر ژن یاخود پیاوەکە بمردنایە ئەوا ئەوی کەیان نەیدەتوانی تا دوو ساڵ دوای مردنەکەی دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە.
کاری زینا کردن ئەوەندە باوبوو لایان کە کەس گوێی بە خیانەت کردن نەدەدا، مەگەر لەناو فەرمانڕەواکانیاندا ئەگەر پێی بزانرایە کە زینای کردوە ئەوە تەنها شەرمەزار دەکرا لەناو سیاسەتمەدارانی دەوڵەتدا.
لەدوای ئەوەی کە قانوی تەڵاق هەڵوەشێنرایەوە کە ئەبوایە ژنەکە ماڵ و سامانی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵکو لەقانونی نوێدا موڵکو سامانەکە بۆ پیاوەکە بەجێ دەما، ئیتر وای لێهات پیاوان تەنها بە هۆکاری ئەو سەروەت و سامانەی وەریان دەگرت ژنیان دەهێنا.
لەناو کۆمەڵگاکەیاندا باوبوو کە دەبوایە ئافرەتی دەوڵەمەند بەلایەنی کەمەوە لە ژیانی هاوسەرگیریدا جارێك تەڵاق بدرایە.
یەکێك لە پیاوە ناودارەکانی کۆمەڵگای ڕۆم بەناوی "کاتۆ" دەڵێت: ئیمپراتۆری ڕۆم وای لێهاتبوو کە زیاتر لە نوسینگەی ژنهێنان و ژن تەڵاق دان دەچو تا لە ئیمپراتۆریەتی گەورەی دەسەڵاتدار.
وای لێهاتبوو کە پیاوێك ژنێکی دەهێنا و ماڵ و سەروەتی وەردەگرت خێرا دەچوو تەڵاقی دەداو ژنێكی کەی دەهێنا تا ماڵو و سەروەتی زیاتری دەست بکەوێت.
ئەم جۆرە هاوسەرگیریە زیاتر سیاسی بوو تا پێکەوە ژیان کە لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی دابمەزرێت.
لەناو ڕۆمیەکاندا هەندێك پیاویش هەبوون کە هەرگیز ژنیان نەدەهێنا، هۆکارەکەشیان دەگەڕاندەوە بۆ کەم ئەقڵی و ناتەواوی ئافرەت.
"متلۆس مادینۆس" یەکێك لە گەورە پیاوانی ڕۆم لەساڵی (١٣١) دەیوت دەبێت هەموو پیاوان ژن بێنن، چونکە ژنهێنان خزمەتە بەدەوڵەت، هەرچەندە ئافرەتان مایەی ئازارو ئەشکەنجەن بۆ پیاوان، بەڵام کەس گوێی بۆ قسەی "مادینۆس" نەگرت بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ پیاوانی تەنها و دایکو باوكی بێ منداڵ ڕوو لە زیاد بوون بوو.
لەدوای هەموو لەدایك بوونێك ترسی ئەوە هەبوو کە ڕوداوێك ڕوو بدات، چونکە ئەگەر بهاتایەو منداڵەکە کەمئەندام بوایە یاخود کچ بوایە، ئەوا باوکەکە بەپێی ئاداب و تەقالیدی ئەو دەمە دەیتوانی مناڵەکەی بکوژێت، بەڵام ئەگەر منداڵەکە کوڕ بوایە ئەوا دەیان ووت پێ بەخێرە، هەرچەند کۆمەڵگای ڕۆم ڕێیان لە زۆربونی منداڵ دەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا حەزیان بە کوڕ دەکرد.
لەلای ڕۆمەکان ئەگەر ژن و پیاوێك منداڵیان نەبوایە ئەوا بە چاوی سوك سەیر دەکران. پیاوە دینیەکانیان وایان لە خەڵکی گەیاندبوو ئەگەر کەسێك منداڵی نەبێت و بمرێت ئەوا بۆ هەتا هەتایە لەناو گۆڕەکانیاندا ئەشکەنجە دەدرێن!
خەڵکیان هان دەدا تا ببنە خاوەنی مناڵ زیاتر دەیان ووت کە هەوڵ بدەن ببنە خاوەنی کوڕ، چونکە ئەوان تەنها کوڕیان بە مایەی ئارام بەخشی ڕۆحی باوك دەزانی نەك کچ.
لەناو ماڵدا باوك دەوری سەرۆکی کۆماری دەبینی، چونکە تەنها ئەوبوو کە کاروباری خێزانەکەی ڕاپەڕێنێت  وە تەنها ئەویش بۆی هەبو کاری کڕین و فرۆشتن بکات.
لەو سەردەمەدا پیاوان خاوەنی ماڵوموڵکی خێزانەکانیشیان بوون، ئافرەتان بۆیان نەبوو لە دادگاکان ئامادە بن ئەگەر بۆ شاهیدی دانیش بوایە. ئەگەر مێردەکەی بمردایە ئەوا هیچ مافێکی نەبوو لەوەرگرتنی میراتی لەماڵی مێردەکەی، لەو سەردەمەدا ئافرەتان لەهەر تەمەنێکدا بوایە دەبوو لەژێر سایەی پیاوێکدا بونایە، جا ئەو پیاوە دەبوو باوك، برا، مێرد یاخود کوڕی ئافرەتەکە بونایە.
بەبێ ئیزنی ئەو سەرپەرشتەی نەیدەتوانی هیچ کارێك  ئەجام بدات.
ئەگەر ئافرەتێك تووشی تاوانێک ببوایە ئەوا سەرپەرشتیارەکەی بوو کە حوکمی بەسەردا دەدا نەك قازی، تەنانەت دەیتوانی حوکمی کوشتنیشی بدات.
به‌روار: 15/06/2019
بینین: 940