میژووی جیهان
  ئافرەت لە مێژووی گەلاندا
باران ئاریایی

بەشی سێیەم

ئافرەت لای هیندەکان
لای هیندەکان پێیان وابوو کە کاتێك خواوەندەکەیان "تواشتری" ئافرەتی دروست کرد، هات پاشماوەی هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر دروستی کردبوو کۆ کردەوە و ئافرەتی لێ دروست کرد.
لە قانونی ئەواندا هاتبوو کە (قەزا و قەدەر، تۆفان، مەرگ، دۆزەخ، زەهر، مارپێوەدان، ئاگر) ئەمانە هیچکامیان لەئافرەت خراپتر نین.
لەناو کۆمەڵگای هیندیدا ئافرەتیان بە دروستکراوێکی پیس و زیادە دەزانی لە سروشتدا.
لەسەر ئەو باوەڕەش ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکردن.
پێکەوە ژیان زۆر  باوبوو، ئەگەر پیاوێك ژنی  نەهێنایە ئەوا هیچ پلەو پایەیەکی نەبوو لە کۆمەڵگادا، لە ئەستۆی دایکو باوك دا بوو کە هاوسەر هەڵبژێرن بۆ کچەکانیان.
لە قانون نامەی "مانوا" لەفزی " گاندهاروا" هاتووە کە ئەو هاوسەرگیریەی کە بەخۆشەویستی دەکرێت پەسەند کراو نییە، چونکە پێیان وابوو کە ئەو دوو کەسە ئەگەر یەکیان خۆش بوێت ئەوا پێش پرۆسەی هاوسەرگیری پەیوەندی جنسییان هەبووە پێکەوە کە ئەم کارە  پەسەند نەبوو لایان، هۆکارەکەشی ئاووهەوای گەرمی ناوچەکەیان بوو کە کچان زوو پێ دەگەیشتن.
ئەم زوو پێگەیشتنی کچانەش ببوە تێك چونی کۆمەڵگا، چونکە پەیوەندی ناشەرعی نێوان کوڕان و کچان زۆر بوبو، بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە دەسەڵاتداران هەڵسان بە داڕشتنی یاسایەك کە دەبێت کچ لەتەمەنی منداڵیەوە بەشوو بدرێت، تا بەڵکو لەو ڕێگایەوە ڕێ لەو هەموو خراپەکاریەی کۆمەڵگا بگیرێت.
هاوسەرگیری لای هیندەکان بە چەند شێوەیەك بوو لەوانە:
دزینی کچەکە، بەزۆر بەشو دان، کڕینی کچەکە لەلایەن زاواوە، یاخود بەڕەزامەندی کچەکە.
ئافرەتانی ئەو سەردەمە پێیان خۆش بوو بکڕدرانایە ، خۆ ئەگەر بدزرانایە پێیان وابوو لە کۆمەڵگا ناودار دەبن.
قانوننامەی "مانوا" هەشت جۆر ژنهێنانی ڕێگە پێدابوو کە پەسەند ترینیان دزینی کچەکە بوو، ناپەسەند ترینیان بە خۆشەویستی بوو، باوترینیان لەناو خەڵکی لەڕێگای کڕین و فرۆشتن بوو.
قانون گوزارانی هیند پێیان وابوو کە تەنها ئەو ڕێگایەیە کە دەتوانێت ژیانی ژن و مێردایەتی بەردەوام بکات، بۆیە لە قانونی هیندی دا ووشەی 'ژن کڕین" دانرابوو بە مورادیفی "هاوسەرگیری".
نوسەرێکی گەورەی هیند کەلە ساڵەکانی ٢٠ی زاینیدا دەژیا شتێکی زۆر سەیرو سەمەرەی نوسیوە لەسەر ڕەفتار و فەرهەنگی هیندەکان و دەڵێت: ئەو خێزانانەی کە بەهۆکاری دەست کورتی و هەژاریەوە نەیاندەتوانی کچەکانی خۆیان بەشوو بدەن، ئەوا دەهاتن کچەکانی خۆیان بە تەپڵ و زوڕناوە دەبردە ناو بازاڕەکان و خەڵکیان لە خۆیان کۆدەکردەوە، هەر پیاوێك یەکەم کەس بهاتایەتە پێشەوە ئەوا بەشی پشتەوەی کچەکەیان نیشان دەدا و پاشان بەشی پێوەی لەشییان نیشان دەدا.
ئەگەر کوڕەکە کچەکەی بەدڵ بوایە ئەوا دەیکڕی و چەند مەرجێکی دەسەپاند بەسەریدا و دەیکردە خێزانی خۆی.
لە یەکێکی کە لە بەندەکانی قانوننامەی "مانوا" دەربارەی ئافرەت دەڵێت: ئافرەتان سەرچاوەی بێ ئابڕوین، ئافرەت سەرچاوەی سەرشۆڕییە، ئافرەت سەرچاوەی فەقیرییە، بۆیە دەبێت خۆتان لە ئافرەت  بەدوور بگرن.
ئەوە باوەڕی کۆمەڵگای هیندی بوو بەرانبەر بە ئافرەتان کە دەبوو ئافرەتان مێردەکانیان بە "سەروەر" یان " ئەرباب" وە تەنانەت بە "خوای من" بانگ بکردایە، لەکاتی ڕۆشتنە دەرەوە هەمیشە دەبوو لەدوای مێردەکەیەوە بڕۆشتایە، نەدەبوو قسەی بکردایە لەڕووی مێردەکەیدا، بەڵکو دەبوو خۆی خەریک بکردایە بەکارو باری ناو ماڵەوەو خواردنی ئامادە بکردایە بۆ مێردو منداڵەکانی وە بۆشی نەبوو لەگەڵ مێردەکەی نان بخوات، بەڵکو دەبوایە چاوەڕێی بکردایە تاوەکو مێردەکەی یاخود کوڕەکانی نانیان دەخوارد ئەوجا ئەو نانی بخواردایە.
یەکێکی کە لەکارەکانی ئافرەتانی هیندی ئەوە بوو، دەبوو هەموو شەوێك پێش ئەوەی بخەوتنایە قاچی مێردەکانیان ماچ بکردایە.
لەقانونی "مانوا" دا هاتبوو " ئەو ئافرەتانەی کە گوێڕایەڵی مێردەکانیان ناکەن لە دنیا داوای مردنیان دەبن بە کارەکەر". فرەژنی لەناو پیاو ماقوڵان و دەوڵەمەندانی هیند دا باو بوو.
داستانی "دروپادی" باس لە فرەمێردی دەکات لەناو ئافرەتانی هیندیدا، لەم داستانەدا باس لەوە دەکات کە ئافرەتێکی هیندی شوی کردووە بە پێنج برا، ئەم کارەش باوبووە لەهەندێك ناوچەی هیندیستان دا، کە ئافرەتێك هاوکات شووی دەکر بە چەند برایەك، ئەم کارە تا ساڵی ١٨٥٩ی زاینی مابوەوە لەناوچەی سیلانی هیندستان دا،  تا ئێستاش ئەم کارە لە هەندێك لە لادێکانی "تبت" دا بەردەوامە.
لەناو خێزانە هیندیەکاندا باوك موڵکداری ژن ومنداڵەکانی بوو، بەجۆرێك هەرکات بیویستایە دەیفرۆشتن یاخود لەماڵەکە دەری دەکردن.
لە "مانوا"دا هاتووە کە ژن دەبێت هەمیشە لەژێر سایەو سێبەری پیاوێکدا بێت کە سەروەری یەکەمی باوکە، دووەم مێردە و سێیەم کوڕە.
مێرد دەیتوانی بەبێ هیچ بیانویەك هەرکات بیویستایە ژنەکەی خۆی تەڵاق دەدا، بەڵام ئافرەتان هەرگیز نەیان دەتوانی داوای تەڵاق بکەن.
یەکێکی تر لە نەریت و ئادابەکانی کۆمەڵگای هیندستان مەراسیمی "ساتی" بوو کە ئەگەر ئافرەتێك مێردەکەی بمردایە ئەوا دەبوو ژنەکەشیان بە زیندووی لەگەڵ تەرمی  مێردەکەیدا بسوتاندایە وە یان بە زیندووی دەیانخستە گۆڕەوە.
به‌روار: 15/06/2019
بینین: 970