منداڵ
  هاندانی منداڵ باشترە لە لێدان و سەر زەنشت كردنی...
ڕێزان هه‌ڵه‌بجه‌یی


ئەگەر ئاوڕێك لە ساڵانی پێشو بدەینەوە و رابردوو بێنینەوە بەرچاو ، دەبینین كە بە بەردەوامی لێدان و سەرزنشت كردنی منداڵان یەكێك بووە لە ئامرازەكانی پەروەردە كردنی دایكان و باوكانی ئەو سەردەمە ،لە ماڵ و لە قوتابخانە هەمیشە منداڵانی ئەو سەردەمانەی ئێمە هەر جارەو بە هۆكارێك دەكەوتنە بەر لێشاوی لێدان و سەرزەنشت كردن، ئەم لێدانەزۆر جارو لە نێو هەندێ خێزاندا تەنیا لە سەردەمی منداڵیدا نەبوە، بەڵكو قۆناخی هەرزەكاری و گەنجانیشی دەگرتەوە، 

زۆر كەس لەو باوەڕەدایە كە لێدان و سەرزەنشت كردنی منداڵان دەبێتە سەبەبی پەروەرەدەیەكی تەندروست ،بێ ئاگان لەوەی كە ئەو پەرەوەردە سەقەتەی جاران بوەبە هۆكارێك بۆ دروست كردنی كەسایەتییەكی دڵ پڕ لە قین بەرامبەر تەواوی چین و توێژەكان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بە زەقی هەستی پێ دەكرێت كە ئەمەش زیانێكی زۆر بە كۆمەڵگەی كوردی دەگەیەنێت.

ئێمە كە جاران قوتابی بووین لە ترسی لێدان و قسەو جوێنی ناشیرینی مامۆستاو سەرزەنشت كردنی دایكو باوكمان بە جۆرێك خوێندن لەبەر چاومان ڕەش بوبو كە بەرەو قوتابخانە دەڕۆشتین وامان دەزانی بەرەو زیندانەكانی نوگرەسەلمانمان دەبەن، كە مامۆستا دەهاتە پۆلەوەو دەیگوت كتێبەكانتان دەركەن وا هەستمان دەكرد كە بێگاریمان پێدەكەن، زۆربەمان هەر لەبەرئەو سوكایەتیە لە نیوەی قۆناغەكانی خوێندن وازمان لە قوتابخانە هێنا .

لە كاتێكدا كە پزیشكانی دەروونناس ئاماژە بە زیانەكانی لێدان و سەرزنشت كرنی منداڵان و هەرزەكاران دەكەن و لەو بڕوایەشدان كە لێدان، دەبێتە سەبەبی تووڕەبوونی كوڕان و لای كچانیش دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ لە داهاتودا . دەكرێت بڵێین لیدان و سەرزەنشت كردن لە بری ئەوەی ئامرازێكی پەروەردە كردن بێت ،ئامرازێكە بۆ خۆ بەتاڵ كردنەوەی تووڕەیی دایك و باوكان.

لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەردەخەن كە كاریگەری ئەم رەفتارانە زۆرەو دەبێت هەوڵی بنبڕكردنی بدرێت، ئەوەشیان دووپات كردەوە كە ئەو ئازارە جەستەیی و سەر زارەكییەی بە هۆی دایك و باوكانەوە بەرامبەر بە منداڵەكانیان ئەنجام دەدرێت، بە هۆكاری سەرەكی بێ متمانەیی و ترس و دڵەڕاوكێی منداڵان دادەنرێت. 

لێدان هۆكارێكە بۆ سستی گەشەكردنی مێشكی منداڵ، ئەمە شتێكە كە دایكو باوكی ئێمەو مانان لێی بێ ئاگان و وا دەزانن كە لێدانی منداڵ ئەبێتە هۆی تەربیەت و پەروەردەیەكی تەندروست بۆ ئەو منداڵە .

تووڕەیی سەر زارەكی كاریگەرییەكی ئێجگار زۆری هەمیشەیی هەیە بەسەر منداڵانەوە، ئەو كاتەی كە منداڵ لەلایەن ماڵەوەیان سووكایەتی پێ دەكرێت، لە كاتی گەورە بوونی كەسێكی تووڕە یان ملكەچی لێدەردەچێت و دەبێتە هۆی كەسایەتییەكی لاواز بۆ ئەو منداڵە . لێپرسینەوەی منداڵ دەبێت كاتی دیاریكراو و گونجاوی هەبێت و بە هیچ شێوەیەكیش نابێت ئازاری جەستەی بدرێت. 

ئەگەر بمانەوێ پەروەردەیەكی تەندروستی منداڵەكانمان بكەین ئەكرێت بەم شێوەیە بكەین چەند كاتژمێرێك رێگە بە منداڵەكە نەدەین ئەو كارانە ئەنجام بدات كە حەزی لێیەتی. بۆ نمونە وەك عەتاری كردن و گۆڵێن و سەیری فلیم كارتۆن. یان بۆ ماوەیەك قسەی لەگەڵ نەكرێت، بۆئەوەی تێبگات كە ئەو كارەی كردوویەتی كارێكی خراپ بووە، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین كە ئەم قسە نەكردنە نەبێتە هۆی بەكارهێنانی رستەی وەك تۆم خۆشناوێت، یان تۆ چی تر منداڵی من نیت نەبێت، ئەبێ هەمیشە ئەوە دوپات كەنەوە كە خۆشتان دەوێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو كارە خراپەی كردووە لێی تووڕەن.

بۆ ئەوەی سەرزنشتی نەكەن و لێی توڕە نەبن رێگەی پێمەدەن یارییەك بكات كە خۆی حەزی لێیەتی،بەڵام سوربن لەسەر قسەی خۆتان و پەشیمان نەبنەوەو بەرامبەر گریان و بەهانەكانی خۆڕاگر بن. ئەگەر ئەم كارە نەكەن منداڵەكان بیر لەوە دەكەنەوە كە بەهۆی گریان و پاڕانەوە دەتوانێت دڵی ئێوە بەدەست بێنێت و ئەگەر جارێكی دیكەش كارە خراپەكە ئەنجام بداتەوە بەهۆی گریانەوە دەتوانێت لەگەڵتان ئاشت ببێتەوە. ..

هاندان و قسەی خۆش باشترین رێگەیە كە دەتوانێت بە هۆیەوە منداڵەكەتی پێ پەروەردە بكەی .پیا هەڵدان و ئافەرین كردن بۆ ئەو ئیشە باشانەی منداڵ دەیكات، متمانه بە خۆبونی زیاد دەكات و توانا شاراوەكانی ئەو دەردەكەوێت و كەسایەتییەكی بە هێزی لێ دروست دەبێت و لە نائومێدی و رەشبینی رزگاری دەبێت، كاتێك منداڵ هان دەدرێت دەرفەتێكی بۆ دەرەخسێت كە تواناو بەهای خۆی بۆ دەربكەوێت. 

كاتێك دەبینن كارێكی تێكدەرانە دەكات سەرزەنشتی بكەن بەڵام قسەی نەشیاوی پێ مەڵێن، كاتێك ئەبینن كارێكی رێكو جوان ئەكات زیاتر هانی بدەن و پێی بڵێن ئافەرین تۆ باشترین منداڵی دونیای نمونەت نیە منداڵ بەو جۆرە قسانە زۆر دڵخۆش دەبێت . بەم جۆرە فێری ئەوە دەبێت كە هەمیشە كارێك بكات سەرنجی ماڵەوە بۆلای خۆی ڕاكێشێت، بێگومان هان دان و سەرزەنشتی دروست دەبێت یەكسەر دوای ئەنجامدانی كارەكە بێت لە لایەن منداڵەوە. چونكە ئەگەر بەینی بكەوێت، ئەوا كاریگەری خۆی لە دەست دەدات. 

بۆیە ئەگەر بمانەوێ منداڵەكانمان بە شێوەیەكی جوان و تەندروست پەروەردە بكەین ئەبێ هەمیشە هانیان بدەین و زاڵ بین بەسەر خۆماندا بەهیچ جۆرێك پەنا نەبەینە بەر لێیان و جوێندان و قسەی سوك و نەشیاو .
به‌روار: 04/08/2013
بینین: 2927
12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت