دیدار

دكتۆر مه‌حمود عوسمان: فوئاد مه‌عصوم لاوازه‌


دیداری: دلێر عه‌بدوڵا
دكتۆر مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری كوردو ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌دیدارێكیدا بۆ گۆڤاری بزاڤ، باس له‌ گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق‌و كێشه‌ی داعش‌و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی رووی له‌وڵاته‌كه‌ كردووه‌ ده‌كات.
دكتۆر مه‌حمود پێی وایه‌ كه‌ لاوازی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق‌و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی‌و ده‌وڵه‌تان، هۆكاری كه‌ڵه‌كه‌ بوونی كێشه‌كانن‌و پێشی وایه‌ كه‌ داعش هه‌رگیز ناڕوخێَت‌و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ناو عێراقدا دروستبووه‌.
هه‌روه‌ها باسی رۆڵی سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كات‌و پێی وایه‌ كه‌ فوئاد مه‌عصوم كه‌سایه‌تییه‌كی لاوازی هه‌یه‌و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌.
بزاڤ: وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد، پێشبینیت چییه‌ بۆ دۆخی ئێستای عێراق؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: وه‌ڵاهی پێشبینی من بۆ دۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێكهاته‌كان بتوانن له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌ڵبكه‌ن‌و به‌پێی ده‌ستوور بڕۆن، ئه‌وه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن‌و پێشم وایه‌ عێراق ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵ‌و هه‌رێمه‌كان جیاده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌مریكاو ئه‌وروپا پشتگیری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عێراق ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی‌و هه‌ریه‌كه‌و هه‌رێمی خۆی جیابكاته‌وه‌، ته‌بعه‌ن ئه‌مه‌ش ئاسان نییه‌و هه‌روا به‌رێوه‌ناچێت، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌و كێشه‌ی خۆی هه‌یه‌، له‌و كاته‌شدا له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ری تر بێته‌ پێشه‌وه‌، ئایا وه‌زعه‌كه‌ وا ده‌مێنێته‌وه‌ یان خراپتری لێ به‌سه‌ر دێت، چونكه‌ ئێستا دیاره‌ به‌هۆی ناكۆكی پێكهاته‌كان ئه‌و حاڵه‌تانه‌ دروستبووه‌، ئه‌وه‌تا هه‌ر رۆژه‌وه‌ شتێك هه‌یه‌، رۆژێك داعشه‌ رۆژێكی تر شتێكی كه‌یه‌، جارێك ئابووری‌و جارێكی تر قه‌یرانی دارایی‌و جارێكی كه‌ش مه‌سه‌له‌ی نه‌وت‌و بودجه‌و ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ربوونی هاوڵاتی‌و زۆر پرسی تر، پێشموایه‌ ئه‌وه‌ی دروستبووه‌ لاوازی به‌رپرسانه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ وڵات به‌ باشی به‌رێوه‌ببه‌ن.
بزاڤ: واته‌ لاوازی حكومه‌تی عێراقی به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌، هۆكاری دروستبوونی داعشه‌؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: دروستبوونی داعش په‌یوه‌ندی به‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و فره‌ مه‌زهه‌بییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رپرسانی عێراق لاواز بوون‌و نه‌یانتوانیوه‌ تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌و لایه‌نه‌كان بپارێزن، واته‌ ئه‌وانه‌ی حوكمیان به‌ده‌ست بووه‌ له‌عێراق پیاوی ده‌وڵه‌تداری نه‌بوون، زیاتر خه‌ریكی حزبایه‌تی‌و مه‌زهه‌بچێتی‌و نه‌ته‌وه‌ په‌رستی بوون، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی ده‌سه‌ڵات‌و خۆ به‌هێزكردن‌و ئه‌وانه‌ بوون، هه‌روه‌ها نه‌یانتوانیوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش وڵاته‌كه‌ به‌رێوه‌ببه‌ن.
بزاڤ: كه‌واته‌ ته‌نها هۆكاری ناوخۆییه‌؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: نه‌خێر، جگه‌له‌وه‌ش وڵاتانی ده‌ورو به‌ریش ده‌ستیان له‌وه‌دا هه‌بووه‌، ئێران له‌ولا، توركیا له‌ملا، ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی‌و ئه‌مریكاش له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌مووی كاریگه‌ری خراپی هه‌بووه‌و هۆكار بوون بۆ دروستبوونی داعش‌و ئاڵۆزبوونی كێشه‌كانی عێراق.
بزاڤ: به‌رای به‌رێزتان، هۆكاری ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی زیاتر كاریگه‌ری هه‌بووه‌؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: هه‌ردووكیان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و عێراقییه‌كان به‌ باشی ئیداره‌ی خۆیان بكردایه‌و كێشه‌و ناكۆكیان  وه‌لا نایه‌، ده‌ره‌كییه‌كان نه‌یانده‌توانی ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن، باشه‌ بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌وڵاتێكی تردا دروستناكرێت، بێ گومان په‌یوه‌ندی به‌ به‌هێزی‌و پته‌وی وڵاته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و به‌رپرسانی عێراق دڵسۆزانه‌ حوكمدارییان بكردایه‌و بیریان له‌هیچی تر نه‌كردایه‌ته‌وه‌، ئه‌وا رۆژمان به‌ ئێستا نه‌ده‌گه‌یشت، خۆتان باش ده‌زانن داعش كێیه‌؟ هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌م وڵاته‌دا هه‌بوون، گروپه‌ ئیسلامییه‌ تونده‌ڕه‌وه‌كانن، به‌عسییه‌ كۆنه‌كان‌و پاشماوه‌كانی حكومه‌تی پێشووی عێراقن، كه‌ هێزو گروپه‌كانی ئێستای حكومه‌ت دژایه‌تی كردوون‌و ئه‌وه‌ی لێ په‌یدا بووه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌و ناوی داعشه‌، خۆ قابیله‌ له‌كوێوه‌ هاتوون، هه‌ر له‌م عێراقه‌ بوون‌و كه‌ چوونه‌ موسڵیش خه‌ڵكیش پێشوازیان لێكردوون، چونكه‌ مالكی سته‌می زۆر كرد به‌رامبه‌ر سونه‌كان.
بزاڤ: ئه‌مریكا پێشبینی خۆی بۆ له‌ناوچوونی داعش راگه‌یاندو بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ده‌وێت، ئێوه‌ پێتان وایه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا داعش بڕوخێت؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: نه‌خێر من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێموانییه‌ داعش بڕوخێت، داعش ناوڕوخێت‌و ده‌مێنێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ لاواز بێت‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای كه‌مبێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ فكره‌یه‌ نه‌ك شتی تر، فكره‌ش هه‌رگیز له‌ناو ناچێت، ئه‌مریكا چه‌ند ساڵه‌ خه‌ریكه‌ بۆ له‌ناوبردنی قاعیده‌، به‌ڵام به‌هێزتر بوو له‌ناو نه‌چوو، بۆیه‌ ئه‌و قسانه‌ی له‌باره‌ی رووخاندنی داعشه‌وه‌ ده‌كرێت شتێكی سه‌یره‌ به‌لای منه‌وه‌.
بزاڤ: له‌رابردوودا سه‌رۆك كۆمار رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا، هۆكار چییه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆماری ئێستا رۆڵی نییه‌؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: به‌قه‌ناعه‌تی من كاریزمایی مام جه‌لال جیاواز بوو، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، ده‌یتوانی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، جگه‌له‌وه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ پێگه‌و پایه‌یه‌كی گه‌وره‌و به‌هێزی هه‌بوو، ئه‌مانه‌ هۆكاربوون بۆ ئه‌وه‌ی مام جه‌لال بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات‌و لایه‌نه‌كانی تر به‌ده‌مییه‌وه‌ بێن، به‌ڵام ئێستا سه‌رۆك كۆمار جیاوازه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانیش له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ قۆرخ كراوه‌و ئه‌و زیاتر به‌و رۆڵه‌ هه‌ڵده‌ستێت، ئه‌وه‌تا توانی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بكات‌و بگاته‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مایه‌ی خۆشحاڵییه‌.
بزاڤ: كه‌واته‌ گرنگی سه‌رۆك كۆمار چییه‌ له‌ ئێستادا؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: پێموایه‌ هیچ گرنگییه‌كی نییه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ من به‌سیاسییه‌كانی كوردم وت واز له‌و پۆسته‌ بهێنن‌و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بده‌ن، چونكه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌توانرێت ده‌ستكه‌وت چنگ بخرێت، به‌ڵام پۆسته‌كانی تر هیچ ده‌ستكه‌وتێكی بۆ كورد تێدا نییه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌ شیاوتر ده‌زانن‌و پێیان خۆشه‌ به‌و جۆره‌ بێت.
بزاڤ: پۆسته‌كه‌ گرنگ نییه‌ یاخود كه‌سایه‌تی فوئاد مه‌عصوم لاوازه‌؟
دكتۆر مه‌حمود عوسمان: پۆسته‌كه‌ گرنگ نییه‌و به‌رێزو فوئاد مه‌عصومیش بۆ خۆی لاوازه‌، بۆیه‌ ئێستا سه‌رۆك كۆماری عێراق هیچ رۆڵێكی نییه‌و پێویست ناكات كورد ئه‌وه‌نده‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بكات.
پرۆفایل:
دكتۆر مه‌حمود عوسمان له‌ساڵی 1938 له‌شاری پێنجوێنی سه‌ربه‌ پارێزگای سلێمانی له‌دایك بووه‌و سه‌ربه‌ خێزانێكی جوتیار بووه‌، باوكی پۆلیس بووه‌و له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێ بوون‌و خوێندنی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی له‌و شاره‌ ته‌واو كردووه‌، له‌كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو چۆته‌ كۆلێژی پزیشكی به‌غداو به‌سه‌ركه‌وتویی قۆناغه‌كانی زانكۆی بڕیوه‌، دواتر په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ كردووه‌و له‌رێی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراقه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌و دواتر رووی له‌شاخ كردووه‌و له‌گه‌ڵ مه‌لا مه‌سته‌فا بارزانی ده‌ستی به‌كاری سیاسی كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌شداری هیچ شه‌ڕێكی نه‌كردووه‌و هه‌رگیز چه‌كی هه‌ڵنه‌گرتووه‌، به‌پێی یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی، بۆ یه‌كه‌مینجارو له‌ساڵی 1956 چاوی به‌ صه‌دام حسێن كه‌وتووه‌ له‌و كاته‌ی ناوبراو قوتابی كۆلێژی ماف بووه‌.
له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1992 پاڵێوراو بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی رابه‌ری كوردستان‌و ركابه‌ری هه‌ریه‌كه‌له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌و مه‌سعود بارزانی‌و شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیزی كردووه‌، به‌ڵام ده‌نگێكی كه‌می هێناو به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ وازی له‌كاری حزبایه‌تی هێناو له‌حزبی سۆسیالیستی كوردستان هاته‌ ده‌ره‌وه‌.








‌‌‌
3/15/2016 5:32:10 PM
Print Friendly and PDF
1