هەواڵ

فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە حەلەب کوژرا


بزاڤ پرێس:

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بەناوی ئەحمەد غڵامی لە نزیک حەلەب لە شەڕی گروپەچەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریادا کوژراوە.

میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ ٣١ی ئاب بڵاویانکردووەتەوە کە غڵامی لە شەڕێکدا بە سەختی بریداربووە و پاش ٣ کاتژمێر گیانی لە دەستداوە.

بە پێی زانیارییەکانی کەناڵی بی بی سی غڵامی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ناوبانگی ھەبوو لە شەڕکردن لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و سەرکوتکردنیان.

ئەحمەد غڵامی پێشتر لە عێراق و لە سوریا ڕاھێنانی بە چەکدارە شیعەکان کردووە و لەشەڕی حەلەبیشدا چەندجارێک سەرپەرشتیاری گروپەچەکدارەکانی پاڵپشتی بەشار ئەسەدی کردووە.

لە ساڵی ٢٠١١ وە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ پارێزگاری لە حکومەتی بەشار ئەسەد ھەڵوێستی وەرگرتووە و لەو ساڵەوە تا ئێستا ئێران لە ڕێگای سوپای پاسدارانەوە ڕاوێژکاری سەربازی ناردووەتە سوریا تا لەگەڵ ھێزەکانی حزبوڵای لوبناندا پارێزگاری لە حکومەتی سوریا بکەن.

بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ،حکومەتی ئێران ھەزاران پاسدار و بەسیجی و ھەزاران کەس لە چەکدارەکانی حزبوڵای لوبنان و شیعەکانی عێراق و ئەفغانستان ڕەوانەی سوریا کردووە.

محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠١٢دا ڕایگەیاندبوو "یەکێک لە شانازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە، کە بۆ بەرگریکردن لە سوریا ئەزموونەکانمان و ھاوکارییە فیکرییەکانمان بۆ سوریا دەگوێزینەوە".


‌‌‌
8/31/2016 4:11:15 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ