هەواڵ

بەڕێوبەرایەتیەکی دیکە دەگەڕێندرێتەوە ھەڵەبجە


بزاڤ پرێس:ژیار کامیل

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند،بە فەرمانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید دەکرێتەوە.

عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"بە فەرمانی ژمارە (١١٤٨) لە ٢٩ی ٨ی ٢٠١٦، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید دەکرێتەوە، بۆ ئەو پۆستەش (سالار فەتاح) وەک بەڕێوەبەری گشتی بە وەکالەت دەستنیشانکراوە و ( کاوە مستەفا) ش کراوەتە بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی شارەزوور".

ڕاشیگەیاند:"بە گەرمی پیرۆزبایی لە ھاووڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید و خوشک و برایانی کارمەند و ھەردوو بەڕێزان کاک سالار فەتاح و کاک کاوە مستەفا لەو بەڕێوەبەرایەتییە دەکەین و بەڵێنی پشتیوانی و ھاوکارییان پێدەدەین تا ئەو کاتەی خۆیان باشتر پشت بەخۆیان دەبەستن".

گوڵپی ڕونیشی کردەوە:"وەک لە بڕیارەکەدا ھاتووە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێدەکرێت، بەڵام بۆ کارە ھونەرییەکانی جێبەێکردنەکە، پێویستمان بە پێکھێنانی لیژنەیەک ھەیە لە زووترین کاتدا ھەر کارێک پێویستە لەو بارەیەوە ئەنجامیبدات بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە و سنوری ئیداری پارێزگاکە".

ئاشکرایشی کرد:"لە بنەمادا ئەو بڕیارە بەشێکە لەو زنجیرە بڕیار و پابەندییانەی کە پاش بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە پێویست بوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر پشتیوانی بە دوادا بێت ئەوە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ئەڵقەیەکی ئیداری لەنێوان ھەڵەبجە و ھەولێردا".




‌‌‌
8/31/2016 4:30:49 PM
Print Friendly and PDF