هەواڵ

کارەکانی کۆمپانیای گۆڵدن بۆ فرۆشتنی فلتەری ئاو لە ھەڵەبجە ڕاگیرا


بزاڤ پرێس:ژيار كاميل

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە ڕایگەیاند، کارەکانی فرۆشتنی فلتەری ئاو کە لەئەستۆی کۆمپانیای گۆڵدن دا بوو ڕاگیران لەبەر ئەوەی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان نەگرتبوەبەر، ھەروەھا دڵنیایی پاکی و تەندروستی ئاوی ھەڵەبجەی دایە ھاوڵاتیان کە ھیچ مەترسیەک لەسەر ئاوی شارەکە نیە.

کاوە عەلی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بۆ کاروباری ھونەری بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"دوای بە دواداچوون بۆ ئاوی خواردنەوەی ھەڵەبجە و وردبینی پشکنینی ئاوی ڕۆژانە لە تاقیگەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ھەڵەبجە کە لەلایەن کۆمپانیای سانگ یۆنگ ئەنجام دراو و ناردنی سامپڵی ئاو بۆ تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و تاقیگەی ئاوی سلێمانی و لەھەر ٣ تاقیگەکە ئەنجامی پشکنینەکە لەروی فیزیایی و کیمیایی و بایلۆجی پاک دەرچووە و ھیچ کێشەیەکی تەندروستی نیە و لە ئاست (رەینجی) ستاندەری جیھانیدایە".

ڕاشیگەیاند:"ئەمڕۆ کۆمپانیای گۆڵدن بانگھێشتی دیوانی پارێزگای ھەڵەبجە کرا و کارەکانی فروشتنی فلتەر ڕاگیرا لەبەر ئەوەی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکانیان نەگرتبوەبەر و بەبێ مۆڵەتی لایەنە پەیوەندی دارەکان کاریان کردووە ھەر چەندە پێداگیری ئەوەیان کرد کە نوێنەرەکانیان لە ماڵەکاندا شک و گومانیان لەسەر پاکی ئاوی خواردنەوەی ماڵان دروست کردبێت وە ئامادەی لێپێچینەوەبوون ئەگەر نوێنەرەکانیان کاری لەو جۆرەیان کردبێت بەڵام فرۆشتن و ڕیکلام بۆ کردنی لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجە وەستاوە و تا پیاچوونەوە بەسەرجەم دۆکیۆمێنت و ڕێکارە یاسایی و ئیدارییەکان بۆیان نیە کار بکەن".
 
وتیشی:"تاوەکو دڵنیا نەبین لە فلتەرەکان کە کوالێتی ئاوەکە دانابەزێنێت و کانزا پێویستیەکانی ناو ئاوەکە لە ناونابات (کە یەکێکە لە ھۆکارەکانی گۆڕینی ڕەنگی ئاوەکە کە بۆندی موادەکان بە تایبەت خۆی تێکدەشکێنێت و ڕەنگی ئاوەکە تێکدەدات و گومان لەبەردەم ھاوڵاتیان دروست دھکات) لەم سنورەدا ناتوانن فلتەر بفرۆشن و ڕیکلام بکەن دوای دڵنیابوون و تەواو کردنی سەرجەم ڕێکارەکان کە ماوەیەکی پێ دەچێت تاوەکو فلتەرەکان دەنێرین بۆ تاقیگە و ئەو ئاوەی لە فلتەرەکە تێدەپەڕێت دەنێردرێت بۆ تاقیگە و گەڕانەوەی ئەنجام ماوەیەکی پێ دەچێت".
 
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بۆ کاروباری ھونەری ئاماژەی بەوەشکرد:"دواتر ھاوڵاتیان ئازادن کە بیکڕن یان نا و لە ئەنجامەکان ئاگادار ئەکرێنەوە بەڵام لە ھەموو حاڵەتەکاندا کۆمپانیا و نوێنەرەکانیان ناتوانن بە ھیچ شێوەیەک و لە ھیج ماڵێکدا بڵێن ئاوی خواردنەوەی ماڵەکە نا تەندروستە و بە پێچەوانەوە ڕووبەڕوی لێپرسینەوە و دادگا دەبنەوە".


‌‌‌
10/31/2016 7:59:56 PM
Print Friendly and PDF