هەواڵ

یەکێتی کێشەی پۆستی پارێزگار بۆ گۆڕان چارەسەر دەکات


بزاڤ پرێس:NRT

یەکێتی لە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دایە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ ئاسۆ فەرەیدەون پارێزگاری سلێمانی داواکاری مۆڵەتی بێ مووچەی یەک ساڵی پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم کردووە.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەزاری سەرچاوەیەکیەوە بڵاویکردووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان داواکارییەکەی ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەستبەکاربوونی سەردار قادرە وەک پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت لە لایەن  وەزارەتی ناوخۆوە.

دوای ئەوەی لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئاسۆ فەرەیدون داوای ئیعفاکردنی کرد لە پۆستەکەی و  ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش داواکەی قبوڵکرد و سەردار قادری کرد بە پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت. 

زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن،  کە دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتەکەی ئاسۆ فەرەیدون قبوڵ دەکات، بەشێک لە دەسەڵاتەکانی پارێزگار دەگوازرێتەوە بۆ سەردار قادر وەک جێگری پارێزگار بۆ کاروباری ھونەری و بەشێکی نەقڵ دەبێت بۆ عومەر قەڵادزێی وەک جێگری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی و  ھەندێک دەسەڵاتیش لای وەزیری ناوخۆ دەمێنێتەوە.


بەپێی ڕێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤، بڕیار بوو ئاسۆ فەرەیدون وەک نوێنەری یەکێتی بۆ ساڵێک و ھەشت مانگ پارێزگاری سلێمانی بێت و ساڵ و ھەشت مانگەکەی تریش ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەک نوێنەری گۆڕان ببێتە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکەدا گۆڕان رەتیکردەوە ھەڤاڵ ئەبوبەکر بکاتە پارێزگار ھەرچەندە لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاشەوە دەنگی پێدرا، بەھۆی ئەوەی گۆڕان پێی وایە کە لە کاتی دانانی ھەڤاڵ ئەبوبەکر دا، پێویستی بە مەرسومی سەرۆکایەتی ھەیە لە لایەن بارزانی یەوە وەک سەرۆک ھەرێم، ئەمەش مانای ئیعتیراف کردنە بە شەرعییەتی بارزانی لە پۆستەکەیدا، بۆیە گۆڕان رەتیکردەوە ئەو کارە بکات وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن.



‌‌‌
10/31/2016 8:07:59 PM
Print Friendly and PDF