مێژوو

مەلا مستەفا: پشتیوانی لەرێکەوتنی جەزائیر دەکەم چونکە له‌بەرژەوەندی میللەتی ئێرانە


بزاڤ پرێس چاوپێکەوتنێکی گرنگی مەلا مستەفای بڵاو دەکاتەوە


مەلا مستەفا:بۆ رۆژنامەی (کەیھان)ی ئێرانی دەست پێکردن و کۆتایھاتنی شۆرشی ئەیلول قەزاو قەدەر. 
بەشێک لەو سەرکردانەی کەسیفەتی کاریزمی وەردەگرن و کاریگەرییان ھەیە لەدروستکردنی مێژوو زۆر جار دابەش دەبن لەنێوان (پیرۆز کردن و نەفرەت کردن) واتە خوێندنەوە بۆیان لەدوو ئەگەر دەرناچێت یان ئەوەتا کەسێکی زۆر پیرۆزە و قابیلی ھەڵە نییە یان ئەواتا بەپێچەوانە زۆر خراپە و باشی نەبووە، یەکێک لەو سەرکردانە (مەلا مستەفای بارزانییە) کەکەسانێک ھێندە پیرۆز سەیری دەکەن دەیکەنە قاڵبی سەروو مرۆڤەوە! کەسانێکیش ھێندە بەرقەوە لێی دەروانن وەک ئەوەی تەنھا کاری دژایەتی کورد بووبێت! لێرەدا ئێمە دەمانەوێت مەلا مستەفا لەزمانی خۆیەوە بناسین دوور لەوەسفی دەروێشان و دووریش لەلەزمانی دوژمنانی، ئەم دیدارە لەرۆژنامەی (کەیھان)ی ئێرانی بڵاوبووەتەوە لە (٢/٥/١٩٧٥ز) لێرەدا تەواوی دیدارە بڵاودەکەینەوە بێ دەسکاریکردن.

بارزنی: کاری من تەواو بوو و زۆر ھەرگیزیش ھێندەی ئێستا ھەستم بەئارامی نەکردووە
کاری من تەواو بوو ئیتر بەھیچ شێوەیەک نامەوێت رۆڵم ھەبێت لەپێشەوایەتی کوردانی عێراق
پشتیوانی لەرێکەوتنی جەزائیر دەکەم چونکە بەرژەوەندی میللەتی ئێرانە لەوەدایە
ھەرگیز نامەوێت ببمەوە بەسەرکردەی کوردان، من تەواو بووم
دەمەوێت ناوم لەمێژوودا نەمێنێت و بکوژێتەوە
عسمت شەریف وانلی خۆی فرۆشتووە ئەو غۆریلایە
دەست پێکردن و کۆتایھاتنی شۆرشی ئەیلول قەزاو قەدەر
درێژەدان بەشۆرش شتێکی بێ مانایە
من ھەمیشە دوژمنی شیوعییەکان بووم
نامەوێت کەس من بەبیری خۆی بھێنێتەوە و باسم بکات

مەلا مستەفا: باوەر ناکەم ھەرگیز بگەرێمەوە بۆ عێراق
دەمتوانی درێژە بەشۆرش بدەم بەڵام ھیچ سوودی نەبوو جگە لەخوێن رێژی و وێرانی ھیچ بەرھەمێکی بەدەست نەدەھێنا
لەنێوان ھاوکارانی من تەنھا یەک شیوعی نەبووە ئەگەریش ھەبوو بێت نەیوێراوە خۆی دەربخات
گفتوگۆیی تایبەتی (ئەمیر تاھیری) سەرنووسەری رۆژنامەی کەیھان لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی
   مەلا مستەفای بارزانی، (٧٣) ساڵ کەلەوانەیە ناسراوترین و کۆنترین سەرکردەی شەرەکانی پارتیزانی بێت لەجیھاندا، زۆر بەدڵنیاییەوە دەری دەخات کەوەرزێکی گرنگی مێژووی عێراق وەرزێکی پر لەخوێنین بۆ ھەمیشە داخراو کۆتای ھات.
بارزانی ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەی و دۆستە نزیکەکانی لەنزیک تاران دەژی، ھەفتەی پێشوو کەبۆ دیداری ئەو ڕۆشتم یەکجار زۆر دڵخۆش و بەکەیف و سەرحاڵ دەھاتە پێش چاو.
کاتێک کەدەربارەی کۆتای ھاتنی شەڕ قسەی دەکرد لەھەمان کاتدا ژیانی سەربازی و سیاسی خۆی ڕاگەیاند، بچوکترین نارەحەتی یان خەم و پەژارەخواردن بۆ ئەو بارودۆخەی بەسەریاندا ھاتبوو لەقسەکانی ھەست پێ نەدەکرد. مەلا ئێستا کەجلە کوردییەکانی وەلا ناوەو چاکەت و پانتۆڵی لەبەر کردووە بۆینباخ دەبەستێت، لەماوەی ئەو گفتوگۆ (٩٥) دەقیقەیەی ئێمە جار لەدوای جار تەئکیدی دەکردەوە کەمن بەندەیەکی ھیچی خوای گەورەم و ھەموو شتێک پێشتر لەلای خوای گەورە نووسراوەکەچ روودەدات، بەندەکانی خوا ناتوانن لەدەست ئەوە راکەن، بارزانی ووتی "ھیچ کاتێک لەژیانمدا بەئەندازەی ئێستا ھەستم بەئارامی و تەندروستی باش نەکردووە، ناتوانم پێش بینی داھاتوو بکەم بەڵام دەتوانم ئەو بڵێم کەباوەر ناکەم جارێکی دیکە بگەرێمەوە بۆ عێراق"، ئەو درێژەی بەقسەکانی داو ووتی "کورد ھیچ کات ناتوانن لەشەڕی تەقلیدی سەرکەوتن بەدەست بھێنن" بارزانی تەئکیدی کردەوە کەدەمتوانی درێژە بەشەر بدەم بەڵام ھیچ سودێکی نەبوو جگە لەخوێن رێژی و وێرانکاری. بارزانی ووتی "کە پێشتر ھیچ زانیاییەکی دەربارەی رێکەوتنی عێراق و ئێران لەجەزائیر نەبووە" بەڵام ووتی "من پشتیوانی لەو رێکەوتنە دەکەم چونکە بەرژەوەندی میللەتی ئێرانە لەوەدایە، چونکە ھەر شتێک خێر و بەرژەوەندی ئێرانی تَدا بێت ئەوە جێی رەزامەندی ھەموو کوردە، چونکە لەماوەی یەک ساڵ شەردا ھیچ ووڵاتێک جگە لەئێران ھاوکاری کوردی نەکردووە. ئەوانەی کەیەکجار کوردیان دەرخست و فرمێسکی تیمساحییان بۆ دەرشتین ھیچ مەبەستێکیان نەبوو جگە لەھێرشی ئیعلامی دژی ئێران".
ھەندێک لایەن خێر و سەدەقەیان بۆ ئێمە دەنارد بەڵام بەھیچ شێوەیەک یارمەتییەکی راستەقینە نەبوو برێک بەتانی و دەرمان ... ھتد، ھەر ئەوە گاڵتە جاری بوو ئێمە خۆمان بەقەرزادری ھیچ وڵاتێک جگە لەئێران نازانین.
شۆرشگێرە پیرەکە کەدوو مانگە جگەرەی تەرک کردووە ئێستا سەبیلە دەکێشێت درێژەی بەقسەکانی دا "ئێمە ھەموومان لەوەی ئێران بۆمان دەکات و کردوییەتی سوپاسگوزارین. ئێمە لەئێران لەژێر سێبەری شاھانشا رابەری ھەموو ئاری نەژادەکانی جیھان بەئارامی و ئاسوودەیی ژیان بەسەر دەبەین.
کوردەکانی عێراق ئێستا پێویستە چی بکەن؟ بارزانی لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا ووتی "من لێرەم و ئەوان لەوێن ھەموو شتێک پەیوەندی بەخۆیانەوە ھەیە من ئیتر رابەری ئەوان نیم و ئێوە دڵنیا دەکەمەوە کەھەرگیز نامەوێت ببمەوە بەسەرکردەی ئەوان من تەواو بووم، بەرەھای (مگلقا) تەواو بووم لەخۆ بوومەتەوە دەمەوێت ناوم لەمێژوودا نەمێنێت و بکوژێتەوە بەڵام ئێوەی رۆژنامەنووسان ناھێڵن، بارزانی درێژەی دا "کوردەکان و عەرەبەکان لەعێراق پێویستە لەگەڵ یەک بگونجێن و بەیەکەوە ژیان بەسەر بەرن".
مەلا روونی کردەوە کەنایەوێت لەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆڵی بمێنێت و نایەوێت ئایندەی کاری حیزبەکەی دیاری بکات و قسەیەک بۆ رێنمایی کردنی حیزیەکەی بکات.
بارزانی زۆر بەتوندی قسەی بەھەندێک کوردی ئێران ووت کەلەدەرەوەی ووڵات دژی ئێران قسەیان کردووە بارزانی ووتی "ئەوانە مرۆڤ نین، کورد نین، پیاو نین".
دەربارەی عسمت شەریف وانلی بارزانی ووتی "ئەو خۆی فرۆشتووە ئەو غۆریلایە (مەیموونە) بەڵام لەسەر شێوەی مرۆڤە".
بارزانی لەکاتێکدا کەمستی خڕ کردبوو ووتی "کەسێک ئاوا کار بکات کەخۆی بەسەفارەتێکی خارجی فرۆشتووە مسوڵمان نییە، خواوەند ھەموو ئەو بوونەوەرە بێ شەرەفانەی وەک عسمەت وانلی سزا دەدات لەدوا رۆژدا".
سەرکردە کۆنەکەی عێراق بەھەمان شێوە بەناشرینی باسی شیوعییەکانی کردوو ئەوانی بەیەرپرسیاری قەتل و عام لەکوردستان زانی.
شیوعییەکام بەقسەی مەلا دوژمنی ئیسلامن و پەنا ھەموو ھۆکارێک دەبەن بۆ ئەوەی مسوڵمانان بکەونە گیانی یەکتر و یەکتر بکوژن.
بارزانی تەئکیدی کردەوە کەھەموو ژیانی پڕ کێشەی لەچوارچێوەی (قەزاو قەدەر) بووە و ووتی" دەست پێکردنی شەر لەدەسەڵاتی ئێمە نەبوو و نەماندەتوانی خۆمانی لێ بپارێزین وە کۆتای ھاتنی شەریش (قەزاو قەدەر) بوو ئەگەر نا من نەمدەویست ژنان و منداڵان بکوژرێن و ئاوارە بن".
مەلا کەچاوەکانی زیت و زاکیرەیەکی باشی ھەیە ووتی "بەباوەری من زۆربەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ کۆتاپپێھاتنی شۆرشدا بوون عێراق کەنزیکەی (٣) ملێۆن کوردی ھەیە بەڵام تەنھا (١٠٠) ھەزاریان ئاوارە بوون زۆربەی ئەو (١٠٠) ھەزارە لەئێران دەژین و چەند سەد رۆشنبیرییەکیش لەئەوروپا".
دەربارەی بارودۆخی ئەو کوردانەی کەلەعێراقەوە بۆ ئێران ھاتوون بارزانی ووتی "من بەشەخسی خۆم نەچووم بۆ سەردانیان بەڵام دڵنیام کەلەبارودۆخێکی ئارام و خۆش و بەرێز و ئیحتیرامدا دەژین!وە جگە لەوە ھیچی تر لەئێران تەسەور ناکەم".
برادەرەکانم کەسەردانی خزم و کەس و کاریان کردووە کەھاتوونە ئێران پێیان راگەیاندووم کەھەموو شتێک بۆ ئەو خەڵکە دابین کراوە و دەڵین خەڵکی زۆر دۆخی باشە.
ئایا لەکوردەکانی عێراق کەس ھەبووە کەبیەوێت درێژە بەشۆرش بدات، بارزانی ووتی "باوەر ناکەم کەس ھەبێت بیەوێت شۆرش بەردەوام بێت.
خەڵکی من ھەمیشی گوێرایەڵی من بوون و پەیرەویان لەمن کردووە ئەگەر کەسێک ھەبێت درێژە بەشۆرش بدات یان نەدات ئەوە شتێکی بێ مانایە چونکە شۆرش تەواو بوو پێویستە ھەموومان ئەو واقیعە قبوڵ بکەین".
بارزانی ئامادە نەبوو دەربارەی داھاتووی عێراق پێش بینی بکات تەنھا ووتی "ھیوادارم عێراق لەسەر ئەساسی دادگەری و زانست و مەنتیق بەرێوە بچێت".
مەلا ئەو ھەواڵانەی دەربارەی ئەوەی کەخۆیی و ئیدریسی کوری داوای پەنابەرییان کردووە لەئەمەریکا و سویسرا بەدرۆ خستەوەو ووتی "ھەموو ئەوانە تەنھا درۆن ئێمە نامانەوێت ئێران بەجێبھێڵین و بچین سواڵ بکەین لەبێگانەکان، بارزانی شتێکی بەبیر ھاتەوەو ووتی کەلەرابردوو ئەویان بەمەلای سوور ناوزەند کردووە ووتی " ئەو نازناوە دوژمنانی من دروستیان کردووە من ھەمیشە دوژمنی شیوعییەکان بووم من مسوڵمانم" ھەروەھا ووتی "لەنێوان ھاوکارانی من تەنھا یەک شیوعی نەبووە ئەگەریش ھەبوو بێت نەیوێراوە خۆی دەربخات".
بارزانی نازناوی مەلای لەوەوە وەرگرتووە کەزانستی شەرعی ئیسلامی خوێندووە لەچاوپێکەوتنەکەی ئێمە چەندان جار ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزی دوو بارە ئەکردەوە و ئەو ئایاتەی دڵخوازی ئەو بوو ئەمە بوو (ڕلھاکم تکاپر، حتی زرتم مقابر ..) لەو رووەوە ئەو سور بوو کەھەموو شتێک بەحیسابە تەئکیدی دەکرد "ئەگەر چاکە بکەیت یان خراپە ئەوە پاداشتی کردەوەکانت وەردەگریتەوە".
مەلا لانی کەم (٢٠) ساڵ کەمتر لەتەمەنی خۆی دەھاتە پێش چاو و باڵا کورتر لەوەی کەچاوەروانی دەکەی بەڵام چوار شانە و پتەو بوو، لەگەڵ ئەوەی رێجیمی خواردنی نییە بەڵام لەھەمان کاتدا وورگی گەورە نەبوو دەڵێت "تائێستا نەخۆش نەبووم دکتۆرەکانم دەڵێن کەحاڵم زۆر باشە 
ئەو ھەمان زەمینەو بەرنامەی ژیانی کەلەدێی دیلمان مەڵبەندی سەرکردایەتی شۆرش لەکوردستانی عێراق ھەیبوو بەھەمان شێوە ژیان دەباتە سەر تەنھا ئەو جیاوازییە ھەیە لەشوێنی ژیانی ئێستای لەنزیک تاران قسەیەک لەسەر شەر و بەرنامە دانان بۆ شەر لەگۆڕێ نییە، ئەڵێت "ئێستا ناتوانم شەر بکەم ھەر مرۆڤێک دەبێت دژی نەفسی ئەمارەی خۆی ھەبێت".
کاتژمێر دوو یان سێ و نیوی شەو دەنوێت و کاتژمێر (٧:٣٠) بەیانی لەخەو ھەڵدەستێت ئێستا کەبواری رۆشتنی وەرزشی سەر شاخی نییە لەجیاتی ئەوە بۆ ماوەی دوورو درێژ بەپێ دەروات، مەلا لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لەنیو سەدە سەرباز بووە دەڵێت "ھەمیشە عاشقی ئەدەبیاتی فارسی بووم قەدەر بووە ھۆی دوورکەوتنەوەم لەو شاعیرانەی کەخۆشم دەویستن (حافز و سەعدی)، بەڵام ئێسال گەرامەوە لایان و جار لەدوای جار دیوانە پیرۆزەکانیان دەخوێنمەوە".
کاتێک پرسیارم لێ کرد ئایا لەبەرنامەیدا ھەیە بیرەوەرییەکانی خۆی بنوسێتەوە و بڵاوی بکاتەوە؟ بەبێ دواکەوتن سەری جوڵاند ووتی "نەخێر، بەھیچ شێوەیەک من خۆم بەوە نازانم ئەوەندە گرنگ نیم کە بانگەشەی شتی وا بکەم، ژیانی مرۆڤ ساتێکە لەم دنیایەیە .... (پێئەچێت ووشەیەکی ناشرینی ووتبێت "رێگا") خاکییەو بۆ خاکیش دەگەرێتەوە.
نامەوێت کەس من بەبیری خۆی بھێنێتەوە و باسم بکات چونکە بەندەکانی خوا پێویستە تەنھا یادی خوا بکەن.
محەمەد سالار (پاشا)



‌‌‌
12/8/2016 10:39:01 PM
Print Friendly and PDF
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ