هەمەڕەنگ

مەراسیمی دابەشکردنی دیوانی شێخ سەلام سۆڵەیی بەرێوەچوو



بزاڤ پرێس: محەمەد حاجی

ئەمڕۆ یەک شەممە ٧ی ئایاری ٢٠١٧، لەھۆڵی بەرێوەبەرێتی رۆشنبیریی و ھونەری دەربەندیخان،  بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و کەسوکار و خانەوادە و ھاوڕێیانی شاعیری کۆچکردووە (سەلام ئەحمەد)، مەراسیمی دابەشکردنی دیوانی شێخ سەلام سۆڵەیی بەرێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بەرێز (لوقمان سەلام )، کوڕی شەھید،  وتاری خوێندەوە و تیشکی خستە سەر ژیان و ئەزموون و بەرھەمەکانی شاعیر لەو ماوانەی تەمەنیدا کە بە کاری شیعرییەوە خەریک بووە. ھەورەھا فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ژیان و بەرھەمەکانی شاعیر پەخش کرا، پاشان (بێستون عارف عەزیز) کە کاری پێداچوونەوەی دیوانەکەی لە ئەستۆ گرتبوو، روونکردنەوەی خۆی لەسەر دیوانەکە خستەڕوو، لەکۆتادا دەست کرا بە دابەشکردنی دیوانی شاعیر بەسەر ئامادەبوواندا.

ئەم چالاکییە، بەرێوەبەرێتی رۆشنبیریی و ھونەری شارەزوور، یەکێتی لاوانی کوردستان، بەھاوکاری بەرێوەبرێتی رۆشنبیریی و ھونەری دەربەندیخان، ئەنجام درا، داھاتی ئەم دیوانەش بۆ ڕێکخراوی ھیوای ژیان بوو.

سەلام کوڕی سەید ئەحمدی کوڕی شێخ سەعیدە، لە بنەماڵەی شێخەکانی سۆڵەیە، لە ساڵی ١٩٤٢ لە دێی شێخ تەویل لە ناحیەی پێبازی قەزای کفری لەدایکبووە، پلەی زانینی لە نەحو و عیلمی سەرف و مەنتیق و عیلمی بەیان شارەزای زۆری ھەبووە، لە ڕێککەوتی ٨/١١/١٩٧٣ لە قەڵاسوورەی کانی سارد، ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.


‌‌‌
5/7/2017 9:34:50 PM
Print Friendly and PDF