دیدار

محمد بازیانی: لەدوای ریفراندۆم دەوڵەتی کوردی دروست دەکرێت


دیداری: ئەنوەر فارس


دکتۆر محمد بازیانی سیاسەتمەدارو کەسایەتی دیاری ناو رابوونی ئیسلامی کوردستان لەمیانی دیدارێکیدا لەگەڵ بزاڤ ڕاو بۆچوونی خۆی لەمەڕ پرسە ھەنوکەییەکانی کورستان و دۆخی ئیسلامییەکان دەخاتەرو.
ناوبراو پێی وایە کە دەوڵەتی کوردی لە پاش ریفراندۆم رادەگەیەنرێت و بۆچوونیشی وەھایە کە ئیسلامیەکان لەو دەوڵەتەدا قورساییان نابێت.

بزاڤ: ئایا بوونی حیزبە ئیسلامیەکان  کۆسپێک نیە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەلایەن غە ڕب وئەمەریکاوە، یان بە مەترسی نازانن لە بونیادنانی دەولەتێکی کوردی لەسەر بچینەی دیموکراسی؟

د. محمد بازیانی: حیزبە ئیسلامیەکان بەسەر دوو بەرە دابەش بوونە، یەکێکیان بێ مەرج لەگەل ڕیفراندۆم دایە، ئەوەی تریان مەرجدارە بۆ نمونە کاراکردنەوەی پەرلەمان کردۆتە مەرجی ریفراندۆم لەگەل چەند مەرجێکی تر، بەلام بەشێوەیەکی گشتی ئیسلامیەکان زۆربەیان لەگەلە ڕیفراندۆم دان چونکە ڕیفراندۆم پرسێکی گرنیگی نەتەوەیە، من خۆم پێم باشە ئیسلامیەکان دەست پێشخەربن لەو کارە، ئەگەر دەست پێشخەر نەبوون ئەوکات دەکەونە بەر تۆمەتی ناڕەزایی عیلمانیەکان و وەک کۆسپێکیش سەیرئەکرێن لەبەردەم بونیادنانەوەی دەولەتێکی، دەربارەی غەربیش راستیەکە ئەوەیە  غەڕب خۆی نەیھێشت کوردستان ببێت بە دەوڵەت چونکە برژەوەندیەکەیان ئەوەبوو کە بەشێکی کوردستان بلکێنن بە عێراقەوە.  

بزاڤ: ئایا لەبەرچی ئیسلامیەکان  توانا و کاریگەریان نیە لەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، بۆچی ئەم کارتە تەنھا لەدەست علمانیەکان دایە، ھۆکارەکەی چیە؟

د.محمد بازیانی: ھەرچەندە حیزبە ئیسلامیەکان خاوەنی ١٧کورسی پەرلەمانن کە لە ١٠٪  رێژەی پەرلەمان پێکدێنن، بەڵام لە لایەن پارتی و یەکێتی  ھەروەک پاشکۆ سەیر دەکرێن، بۆیە ئەو کاریگەریەیان نیە لە وێنەی سیاسەتدا، ھۆکارێکیتریش ئەوەیە ئیسلامیەکان تا ئەم ساتە وەختە دید و بۆچونیان یەک نیە لەسەر ڕیفراندۆم و دەوڵەت داری، بۆیە ئەم قورسایەیان نیە لە ساحەو مەیدانی کوردستان دا ئەمانەو چەندین ھۆکاریتریش وایکردووە کارتەکە لەدەستی علمانیەکان بێت.

بزاڤ: ئایا خاڵی پۆزەتیڤ  و نێگەتیڤی ئیسلامیەکان چیە لەناوەوە و دەروەی ھەرێم لەسەر ھەنگاونان بۆ دەوڵەتی کوردی؟

د.محمد بازیانی: ھەر سێ لایەنە ئیسلامیەکە بە ئێمەوەش وەک بزاڤی چاکسازی و گەشە، لەگەل بانگخواز و کەسایەتە ئیسلامیەکان و رێکخراوە جەماوەرەکانیشیان بەگشتی کاریگەرێکی گەورەمان ھەیە، بەلام ئەگەر بێت و ھەموومان بەیەکەوەبین ئەوکات کاریگەریەکە زۆر باشتر، بەتایبەتی ئەگەر ڕەوتی ئیسلامی ھەموویان لە یەک لیست کۆببنەوە ئەوکاتە قورسایەکی تەواویان ئەبێت، ھەروەھا بە بۆچونی من ڕێژەی کورسیەکانیشیان زیاد دەکات بۆ ٢٥کورسی، بەڵام بەو پەرتەوازەیەی ئێستا ئەم قورسایەیان نابێت کە پێوویستە ھەمان بێت، لەدەرەوەش دەوڵەتە بەھێزەکانی دەورووبەر زیاتر تورکیا و ئێرانن کاریگەریان ھەیە لەسەر ھەرێم، ھەندێک لە ئیسلامیەکانیش پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا زۆر بەھێزە ھەندێکیتریش لەگەڵ ئێراندا.  

بزاڤ:  ئێوە وەکو حزبی (چاکسازی و گەشە) ھیچ ھەولێکتان داوە بۆ ھەنگاونان  بەرەو دەوڵەتی کوردی یان پێتان وایە جارێ زووە بۆ ئەم ھەنگاوە؟

د.محمد بازیانی: ئێمە وەک بزاڤی چاکسازی و گەشە بڕوامان وایە کورد پێوویستە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بەڵام ئەبێ زەمینەسازی بۆ بکرێ و کەسانی دادپەروەر حوکمی تێدابکات، حوکمەکەش بە قانون و یاسا بێ، لەگەل ئەوشدا ئێمە ھەوڵیشی بۆ ئەدەین کە ئەو دەوڵەتە دروست بێت.

بزاڤ: بە بۆچونی بەڕێزت ڕیفراندۆم کاری جیدی بۆکراوە یان ئەمەش بۆ مەرامی سیاسی تەنھا موزایەدەی پێ ئەکرێت؟

د.محمد بازیانی:ئەم ڕیفراندۆمە پێشتریش کراوە لە نەود بەرەو ژوور دەنگیان بەوە دا کە کورد خاوەنی دەوڵەت و کیانی خۆی بێت، ئەو ریفراندۆمەی ئێستاش کە لە مانگی نۆدا کاری لەسەر دەکرێت حەق ومافێکی خۆیەتی، بەبۆچوونی من ھیچ لایەنێکی سیاسی نیە کە ڕیفراندۆم بە حەق و مافێکی میلەتی کورد نەزانێت، بەلام لەگەل ئەوەشدا موزایدیەکی سیاسیش ھەیە کە لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا دەیکات، ھیوادارین ئەم موزایدە سیاسیە نەمێنێت و ھەمووشمان بەیەکەوە بەژداری لەم ڕیفراندۆمە بکەین.  

بزاڤ: بەڕێزت تا چەند ئومێدت بەم ڕیفراندۆمە ھەیە؟ 

د.محمد بازیانی: من جگەلەوەی وەک سیاسەت مەدارێک باوەرم وایە ئەم ریفراندۆمە ئەکرێت وەک توێژەرێکیش باوەڕم وایە لە دوای ئەم ریفراندۆمە دەوڵەتی کوردی دروست دەبێت، بەلام لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە کێ دەبێتە دەستەلاتداری ئەم دەولەتە کوردیە، چونکە زۆر گرینگە کە دەسەڵاتدارەکە دادپەروەر بێت.

بزاڤ: بەم دۆخەی ئێستای ھەرێمی کە قەیرانێکی زۆری سیاسی و دارایی ھەیە، چۆن بەرێزت ڕێفراندۆم بە گونجاو ئەزانن؟

د.محمد بازیانی: من پێم وایە تا کاتی ڕیفراندۆم باری ئابووری ھاوڵاتیان باشتر دەکرێت بەلام پێوویستە ھاولاتیان زۆر دڵخۆشبن بەم ریفراندۆمە چونکە پرسێکی نەتەوەیی یە،   ئەگەر ڵایەنێکێیش لە پشت ئەم ڕیفراندۆمە بێت بەلام لە داھاتوودا دەبێتە دەسکەوتێکی گەورە بۆ میلەت بەگشتی، چونکە  گرنگترین دەست کەوەت ئەویە کە کورد خاوەن دەولەتێکی سەربەخۆ بێت.   

 بزاڤ: کەسانێک پێیان وایە ئەم ڕیفراندۆمە دەبێتە ھۆی زیاتر تێکچونی باری ئابوری ھاوڵاتیانی ھەرێم، رای بەرێزت چیە لەسەر ئەم بۆچونە؟ 

د.محمد بازیانی: نەخێر من باوەڕم وانیە ئەمە راست بێت، بەلام کە ڕیفراندۆم راگەیاندرا پێوویستە ئەو پارە بلۆککراوانەی لای دەسەڵاتداران ھەیە ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خۆشیان بێت ئەبێت دەریکەن، باوەریشم وانیە تورکیا و ئێران سنوورمان لەسەر دابخەن چونکە بەرژەوەندیەکی ئابوری بەھێزیان لەگەل ھەرێمدا ھەیە.

بزاڤ: ئەگەر کوردستان بووە دەوولەت ئیسلامیەکان کاریگەریان ھەر ئەمینێت یان بە پێچەوانەوە ئەبێت؟

د.محمد بازیانی: ئەگەر لایەنە ئیسلامیەکان ھەموویان لەیەک بەرە کۆببنەوە و بە  حیکمەت و عەقل کاری خۆیان بکەن ئەوکات کاریگەریان زیاتر ئەبێت. 

بزاڤ: ئەگەر دەولەتی کوردی راگەیاندرا کاردانەوەی نێودەولەتی چۆن پێشبینی ئەکەیت؟

د.محمد بازیانی:من باوەڕم وەیە زۆربەی دەوڵەتەکان دان بەو دەوڵەتی کوردی دا ئەنێن، چونکە کوردستان دەبێتە دەوڵەتێکی دەوڵەمەند، بەمەرجێک ئەگەر دادپەروەرانە حوکمی تێدابکرێت.


‌‌‌
7/19/2017 11:31:11 PM
Print Friendly and PDF
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ