راپۆرت

جەنگی قڕکردنی سوننە بۆچی ؟!


شوان هەورامى


( ١ - ٣ ) 

لەوانەیە ھەندێ ناشارەزا لەبواری سیاسەت و ستراتیژیی خۆرئاواو وڵاتانی ناوچەکە ، بە سادەیی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوەو ھۆکارەکەی بگەڕێننەوە بۆ ھەبوونی قاعیدەو داعش و گرووپی تری تیرۆریستی لە ناوچەی سوننە نشیندا ، بەڵام حەقیقەتەکان راستیەکی ترمان پێدەڵێن .
ھێنری کیسنجەر کە لە ھەفتاکانی سەدەی رابردوودا وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە ، ھەر ئەو کاتە باسی ئەگەرێک دەکات کە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕێکی مەزھەبی لە نێوان شیعەو سوننەدا ھەڵگیرسێت ، کە ھێشتا سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا پاشایەتیی و عەلمانیی بوو ، ئەگەر ( إحتمال ) یش لەلایەن کەسایەتیەکی وەکو کیسنجەرەوە مانای رەمڵ لێدان نیە ، بەڵکو مانای ئەوەیە ستراتیژێک لە ئارادایە بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕێکی لەو شێوەیە ، بەڵام ئەوان زەمینەکەی دەخوڵقێنن ، کاتێ باسی تالیبان و قاعیدەو داعش دەکرێت ، مەگەر کێ زەمینەی ئەو رێکخراوانەی خۆشکرد ، مەگەر تالیبان لەلایەن موخابەراتی ئەمەریکاو سعودیەو پاکستانەوە یارمەتی نەدران ؟ بۆ ئەوەی لەلایەک حکومەتی موجاھیدین بڕوخێنن و لەلایەکی تریش زەڵمای خەلیلزاد بە ئاواتەکەی بگات کە ھێڵی نەوت و گازی دەریای خەزەر لە رێگەی ئەفغانستان و پاکستانەوە بگەیەنێتە سەر کەنارەکانی ئۆقیانووسی ھیندی ؟ ئەو کاتە تالیبان لە خۆرئاوادا بە پەیامھێنەرانی ئازادیی ناو دەبران . مەگەر رۆژنامەی " ئێندیپێندت " ی بەریتانی ساڵی ١٩٩٣ نەینووسی کە ئوسامە بن لادن جەنگاوەری دژە سۆڤیەت سوپاکەی خستۆتە سەر رێگەی ئاشتیی ؟ مەگەر داعش لە ماوەیەکی کورتدا چۆن ئەو ھەموو گەشەیەی کرد ؟ بەئاشکرا زەمینەی بۆ خۆش نەکرا ؟ تەنانەت بە پێی راپۆرتی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٥ دا ئەو رێکخراوە ھەمان پڕۆگرامی خوێندنی عەرەبستانی سعودی نەکردە پرۆگرامی خیلافەتەکەی ؟ ھۆکار چیە تێرێزا مای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رێگە نادات ئەو راپۆرتە بڵاو بکرێتەوە کە ئاماژەی راستەوخۆی تێدایە بۆ ئەوانەی یارمەتیدەری گەشەکردنی تیرۆرن لەناوچەکەدا ( کە بەپێی ھەندێ سەرچاوە بەراشکاوانە ناوی سعودیە ھێنراوە ) بەڵام لەبەر پرۆتۆکۆڵە زەبەلاحەکانی چەک کڕینی ئەو وڵاتە لە بەریتانیا رێگە نادەن ئەو راستیە بڵاو بکرێتەوە ؟ ھۆی چیی بوو ئەم پەیامھێنەرانەی ئاشتیی ، ئەم قارەمانانەی ئەنتی سۆڤیەت بە ١٨٠ پلە پێناسەیان پێچەوانە بووەوەو بوونە تیرۆریست ؟!
دواجار دەبێ بپرسین : ھۆی چیە ئەوەی قاعیدەو داعش دەیکەن ، گرووپە تیرۆریستیە شیعەکانیش بە زیادەوە دەیکەن ، بەڵام سوننەکان بە ھەموو شێوەیەک لێیان دەدرێت و بە وردبین بەدوایانەوەن ، چ لە ئەفغانستان یا پاکستان یا عێراق و شام و یەمەن و ئەفەریقادا بن، بەڵام شیعەکان کە لەسەر لیستی تیرۆری ئەمەریکان ( بۆ نمونە حیزبوڵڵای لوبنان ) نەک ھەر لێیان نادرێت بەڵکو ھەندێ جار ھێزی ئاسمانی ئەمەریکا پشتیوانییان دەکات ؟ ھێزی ئاسمانیی ئەمەریکا گوند بە گوندو شار بە شار چەتری پشتیوانییان بۆ ھێزەکانی فەیلەقی قودس و فەرماندەکەی ( قاسم سولەیمانیی ) دروستکرد و لە ھەر شوێنێ پێویست بووبێت بۆمبارانیان بۆ کردوون ، ئایا ئەو ھێزەو فەرماندەکانی لەسەر لیستی تیرۆری ئەمەریکا نین ؟!
مێژوو پێماندەڵێت ، ھەر کاتێ سوننە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەڵاتیان ھەبووبێت ، واتە دەسەڵاتدارو جەماوەر لەسەر یەک ئاراستە بووبن ، داگیرکەرانی خۆرئاوا نەیانتوانیووە بە ئامانجەکانیان بگەن ، ئەزموونی شەڕی خاچپەرستان و دەوڵەتی عوسمانی سەدان ساڵ ئەم ناوچەیەی لە ھێرشی خۆرئاوا پاراست ، بۆیە سەرمایەدارانی جیھانخۆری ھاوچەرخ بەخوێندنەوەی ئەو مێژووەو بە پاڵنەری بزووتنەوەی زایۆنیستیی دەیانەوێت بۆ پاراستنی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانیان چەند ھەنگاوێک جێبەجێ بکەن ، یەکەم رێگە نەدەن جەماوەرو دەسەڵات یەکڕیزو یەکدڵ بن بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی وڵات ، واتە ئەو دژایەتیەی بەھاری عەرەبیی بۆ ئەوە بوو کە ھاوکێشەکە ھەمان ھاوکێشەی رابردوو بێت کە ئەو دوو جەمسەرە دژبە یەک بن ، دووەم ھەرکاتێ موسوڵمانانی سوننەی شام و میسر و ناوچەکە یەکدەست بووبن ، فەلەستین و قودس پارێزراو بوون ، پێچەوانەکەیشی ئەو نەھامەتیەیە کە سێیەمین حەرەمی ئیسلامیی تێدایەو بەھۆی بێھێزیی موسوڵمانانەوە تەنانەت رێگە بە نوێژکردنیش نادەن تیایدا – وەکو لەم چرکە ساتەدا دەیبینین - بۆیە ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە ، بزووتنەوەی زایۆنیستیی ویستوویەتی لەلایەک ئەو گەلانە لەیەک دابڕێت و لەلایەکی تریش ئازاد نەبن ، چونکە ئازادیی ئەوانی بە بێھێزیی و زەمینەی لەناوچوونی خۆی زانیووە ، سێیەم رێگە نەدەن ئەو سامانە گەورەیەی خوا بەم ناوچەیەی بەخشیووە لە پێشکەوتن و زانست و کامەرانیی ئەم گەلانەدا خەرج بکرێت ، بۆیە لەلایەک دەسەڵاتدارانی گەندەڵیان سەپاندووە کە بوونەتە نۆکەری کۆمپانیاکانی نەوت و بازاڕ پەیداکردن بۆ کاڵاکانیان و ئەمانە سامانی وڵاتیان بە تاڵان بردووەو لەلایەکی تریش داھاتی ئەم وڵاتانەیان بردۆتە بانکە خۆرئاواییەکان و ئەم گەلانەیان لە سامانی خۆیان بێبەش کردووە . 
کەواتە بۆ تێگەیشتن لەم ھاوکێشەیە دەبێ پشت ببەستین بەو سەرچاوە کەمانەی کە بۆ شرۆڤەی ئەم بابەتە لەبەردەستدان ، کە دەری دەخات ئەمەریکا دەیەوێت ململانێی سوننە و شیعە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ بەردەوام بێت ، بۆ ئەوەی خاڵی وەرچەرخانی چاڵدێران بۆ جارێکی تر دووبارە بکاتەوە ، کە کاتی خۆی ئەوروپای لە فەتحی عوسمانیی رزگار کرد و ھێزەکانی ئەو دەوڵەتە لە ساڵی ١٥١٤ دا لە ناوەڕاستی ئەوروپاوە گەڕانەوە بۆ تەمبێ کردنی دەوڵەتی سەفەوی ، ئێستا بە میکانیزمێکی تر ، خۆرئاوا لە سوننە دەدەن کە ژمارەو توانایان زۆر ترە بۆ ئەوەی باڵانسی شەڕەکە بەو شێوەیە رابگرن کە شیعە دڵگەرم بکەن لەسەر ئەو خەونەی جارێکی تر ئیمپراتۆریەتێکی شیعە لە ناوچەکەدا دروست بکەن ، کەواتە بەپێی ئەو ستراتیژە لە ھەموو جوڵانەوەیەکی سوننە دەدەن باوەکو ئاشتیخوازانەش بێت ، ئەوەتا نەک ھەر تالیبان بەڵکو ئیخوان و ئەزموونی ئاکپارتیش رەتدەکەنەوەو دەیانەوێت کودەتای بەسەردا بکەن ، بەڵام تا ئێستا خۆرئاوا – جگە لە لێدوانی میدیایی – ھیچ بزووتنەوەیەکی شیعەی رەتنەکردۆتەوە ، باوەکو درووشمی مەرگی ئەوانیشی بەرز کردبێتەوە . چونکە ئەوان دڵنیان بە درێژایی مێژوو شیعە زیانی بۆ پەزەکانی خۆرئاوا نەبووە ، ھەر بۆیە ئۆباما بە گۆڤاری ئەتلانتیکی راگەیاند " ئەوانەی تاوەرەکانی نیۆیۆرکیان تەقاندەوە ئێرانیی نەبوون بەڵکو سعودیی بوون " ، سەرەڕای وتارە ئاگرینەکانی " دۆناڵد ترامپ "یش ، لە بەھاری ئەمساڵدا بە بڕی ٢٢ ملیار دۆلار گرێبەستی واژۆ کردووە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی " بۆینگ " ی نوێ بە ھێڵی ئاسمانیی ئێران !!


‌‌‌
7/24/2017 11:08:51 PM
Print Friendly and PDF