راپۆرت

دەوڵەت_نەتەوە و جینۆساید: ئەنفال وەک نموونە



نوسینی، نەبەز سەمەد، توێژەرو ماموستای زانکۆ

پێشەکی:
لە سەدەی بیستەمدا، دوای یەکەم جەنگی جیھانی، داگیرکەر و کۆلۆنیالیستە خۆرئاواییەکان (بەریتانیا، فەڕەنسا،...) ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتەکە. لە ئەنجامی ئەم دابەشکردنەوە ھەندێ کۆمەڵگەی تایبەتی (وەک کورد) بەسەر وڵاتی جیاوازدا دابەشکران و ئەوانی دیکەش (بۆ نموونە لە عێڕاق، عەرەبی شیعە و سوننە، کورد، ئاشوری، کلدانی، ...) بەزۆر لە وڵاتێکدا نیشتەجێکران. دروستکردنی دەوڵەت_نەتەوە لە کۆمەڵگەیەکی فرە پێکھاتەدا وەک ئەوەی داگیرکەرە خۆرئاوایییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین کردیان دەبێتە ھۆی تێکشکاندن و لەناوبردنی فرەیی و چەساندنەوەی کەمینەکان. دوای یەکەم جەنگی جیھانی، کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت_نەتەوەی پاش_کۆلۆنیالیست دابەشکرا: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا. بۆیە لە ئەنجامدا، ھیچ شوێنێک بۆ کورد لەم وڵاتانەدا نەبوو. کوردەکان بوونی بە کەمینەی چەوساوە و خەڵکانی بێدەوڵەت، مافی ھاووڵاتیبوونیان ڕەتکرایەوە، بۆیە بوون بە خەڵکانی بێماف. 

بەیوەندی نێوان جینۆساید و دەوڵەت_نەتەوەدا
عێراق وڵاتێکی دروستکراوە؛ بەرھەم و داھێنانی کۆلۆنیالیستە خۆرئاوایییەکانە. پێش یەکەم جەنگی جیھانی، وڵاتێک بە ناوی عێراق بوونی نەبووە؛ دوای جەنگەکە عێراق بوو بە داگیرکراوی بەریتانیا. عێڕاق وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئاین دروستکرا، کە پێکھاتبوو لە عەرەبەکان 'سوننە و شیعە'، کورد، ئاشوری، کلدانی، کوردی ئێزیدی، دیانەکان و جوولەکەکان. بەریتانیا دەبوایە ئەم فرەیی و ھەمەچەشنییە لەنێو یەک وڵاتدا ڕێک بخات و بەڕێوەبەرێت، کە ھەر لە سەرەتاوە ململانێ و شۆڕش دژی داگیرکاری بەریتانی دەستی پێکرد. لە سەرەتاوە، کوردەکان ڕازی نەبوون بە لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێڕاقەوە، بۆیە کوردەکان کەوتنە ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی بەریتانیا. بەڵام بەریتانیا بەشێوەیەکی دڕندانە و ھۆڤییانە وەڵامی داواکارییەکانی کوردیان دایەوە (Duglas, ٢٠٠٩). لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین، ''کۆلۆنیالیزم ھۆکاری سەرەکی دروستکردنی کۆمەڵگە فرە پێکھاتەکانە''. لە عێراقدا، دەوڵەت_نەتەوە لە ئەنجامی داگیرکاری (کۆلۆنیالیزاسیۆن)یەوە سەری ھەڵدا. ''کۆمەڵگە فرە پێکھاتەکان بە ململانێ بەردەوامەکانیانەوە لە نێوان گرووپە  نەژادی، ئێتنیکی یان ئاینییەکان، مەرج و دۆخە پێویستەکانی جینۆسایدی ناوخۆیی دەھێننەگۆڕێ'' (Kuper (١٩٨١) as cited in Hardi ٢٠١١:٢٦). عێڕاق کۆمەڵگەیەکی فرە پێکھاتە بوو و لەلایەن کۆلۆنیالیستە خۆرئاواییەکانەوە دروستکرا، ئەم فرەیییە بە ھێز و بەزۆر دروستکرا، بۆیە پێشمەرجەکانی ''جینۆسایدی ناوخۆیی'' دابینکرد، وەک ئەوەی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بینیمان.
لەم توێژینەوەیەدا، ئارگومێنتی ئەوە دەکەم کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان جینۆساید و دەوڵەت_نەتەوەدا ھەیە. مەبەستی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە بەکارھێنانی تیۆریی دەوڵەت_نەتەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ خوێندنەوەی ئەنفال و بەعسیزم لە عێراق وەک نموونەیەکی دیاریکراوی پەیوەندی نێوان جینۆساید و دەوڵەت_نەتەوە. 
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیوەندی نێوان دەوڵەت_نەتەوە و جینۆساید ڕووندەکاتەوە. ئامانجی دەوڵەت_نەتەوە بریتییە لە دروستکردنی تاکە یەک شوناسی نەتەوەیی، تاکە یەک کولتووری نەتەوەیی، و تاکە یەک جڤاتی یەکگرتووی ئاینی. ئامانجەکانی دەوڵەت_نەتەوە بەزۆری بەڕێی ھێز بڵاودەکرێنەوە و بەگشتی دەبنە ھۆی ئاوێتەکردن و تواندنەوەی بەزۆر یان لەناوبردنی فیزیکی کەمینەکان، کولتوورەکان یان زمانەکان (Ocalan, ٢٠١١). دەوڵەت_نەتەوە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە کێشەدارەکانی وەک داواکاری داگیرکردن، لەناوبردنی سیستەماتیکی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەیەک، دەست بەسەر داگرتنی بازاڕ. لە ھەندێ نموونەی دیاریکراودا، دەوڵەتەکان ناسیۆنالیزم بەکاردەھێنن بۆ ململانێ و ھاڤڕکێ لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە، لێرەدا ناسیۆنالیزم وەک ھاوواتای فاشیزم و تۆتالیتاریانیزم گەشە دەکات. دەوڵەت_نەتەوە بۆتە ھۆی ھێنانە ئارای ھەژەندی گەورە، بۆ نموونە لەناوبردن و قڕکردنی خەڵکی ڕەسەنی ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن نەتەوە ''شارستانەکانەوە''، ھۆڵۆکۆستی جوولەکەکان لەلایەن نازییەکانەوە، پاکتاوی ڕەگەزی لە ڕواندا، سری لانکا و یۆگسلافیا (Juan, ٢٠٠٢). ھەروەھا جینۆسایدی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و ئەنفالی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق. بۆیە دەوڵەت_نەتەوە دژی فرەیی ئاڕاستەکراوە و دەبێتە ھۆی جینۆساید.  

نەتەوە و دەوڵەت دووانەیەکی لێکدانەبڕاون
دەوڵەت_نەتەوە جۆرە دەوڵەتێکی مۆدێرنە لە سەردەمی ناپلیۆن و شۆڕشی فەڕەنسی سەری ھەڵدا، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریی و شانشینە دیانییەکانی جەرخێن ناڤین. ھەرچەندە دەوڵەت زۆر گروپی نەتەوەیی، ئاینی و ئێتنیکی لەخۆ دەگرێت؛ دەوڵەت_نەتەوە لە سروشتییەوە نوێنەرایەتی یەک تاکە نەتەوە دەکات. دەوڵەت_نەتەوە جۆرێکە لە دەوڵەت کە تێیدا نەتەوە و دەوڵەت دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. لەبەرئەوە نەتەوەکان و گرووپەکانی دیکە ناچار بە تواندنەوە و ئاوێتەکردن لەنێو نەتەوەی سەردەست دەکرێن. ھەرچەندە زۆر مۆدێلی دەوڵەت_نەتەوە ھەن و ھەموو دەوڵەت_نەتەوەیەک بە زەروورە جینۆساید ناکات، بەڵام دەوڵەت_نەتەوە شیمانەی لەناوبردن و جینۆسایدکردنی ئەوی دیکەی لە خۆیدا ھەڵگرتووە. چونکە دەوڵەت_نەتەوە دژی فرەیی، جیاوازی ئاڕاستەکراوە و داواکاری بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی یەکگرتوو بە زەبری ھێز بەرز دەکاتەوە. وەک ئۆجەلان دەبێژێ ''دەوڵەت_نەتەوە زۆر لە ھاووڵاتییەکانی دەکات تا وەکو یەک و ھاوشێوەبن'' (Ocalan, ٢٠١٦: ٢٥). 
لە ڕوانگەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە (٢٠١١) دەوڵەت_نەتەوە بناغە و بنەڕەتی ئیدیۆلۆژی خۆی ھەیە وەک ناسیۆنالیزم، سێکسیزم، ئاینێتی و سەربازێتی. ناسیۆنالیزم کڕۆکی و بنەڕەتییە بۆ دەوڵەت_نەتەوە، ئەگەر ناسیۆنالیزم ئاین بێت، ئەوا دەوڵەت_نەتەوە خوایەکەیەتی. ھەردووکیان ئەدگار و خەسڵەتی مێتافیزیکییان ھەیە. دەوڵەت_نەتەوە بریتییە لە ستەمێک بۆ کۆمەڵگەکان و تۆڕێکی ستەمکاری و چەوساندنەوە (Ocalan, ٢٠١١). ھاووڵاتیان لەلایەن ناسیۆنالیزمەوە داوالێکراون کە باوەڕیان بە دەوڵەت ھەبێت و دەبێت بۆ دەوڵەت دڵسۆزبن. لە سەردەمی ڕۆمانتیسیزم (Romanticism)، دەوڵەت_نەتەوە لەسەر بنەمای ئارگومێنت و یارمەتی فەلسەفی پیشاندەدرێ. پاشان، لە فەلسەفەی ھێگل، دەوڵەت دەبێت بە باڵاترین بەھا. بۆ ھێگل، دەوڵەت دوا قۆناغ و دوا ئاستی ھۆشی ڕەھایە لەنێو مێژوودا، کە ئەدگار و چۆنێتییەکی وەک_خوای ھەیە (New World Encyclopedia contributors, ٢٠١٥). 
نەتەوە لەسەر بنەمای ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکان و ئەفسانەکان فۆرمولەکراوە، ئەوجا لەلایەن یارمەتیدەرەکانیەوە بەرەو پێش براوە و بەکارھێنراوە بۆ ڕەوایەتیدان و بەیاساییکردنی سەروەربوون و باڵایەتی گروپێک بەسەر ئەوانی دیکەدا، ئەم زاڵبوون و سەروەربوونە لەلایەن دەوڵەت [دەوڵەت_نەتەوە]ەوە ڕەوایەتی پێدەدرێ و بەیاسایی دەکرێ. بۆ بەدەستھێنانی ئەم سەرەوەرییە، دەوڵەت_نەتەوە سەرجەم ئامرازەکێتی دەسەڵاتی دەوڵەت وەک سوپا و پۆلیس، دامەزراوە یاسایی و دادگەرییەکان، دامەزراوە پەروەردەیی و ئاینییەکان بەکاردەھێنێت. لەبەرئەوە، دەوڵەت_نەتەوە و ئیدیۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزم دەبنە سەرچاوەی سەرەکی کێشە و ناکۆکییەکان ھەر لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسییەوە (Jaun, ٢٠٠٢). وەک ئۆجەلان (٢٠١١: ١٢) دەبێژێ ''دەوڵەت_نەتەوە لە ڕەسەنترین فۆڕمی خۆیدا ئامانجی قۆرخکردن و داگیرکردنی سەرجەم پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانە. بۆیە فرەیی و ھەمەچەشنێتی دەبێ دژایەتی بکرێن، ئەمەش ڕێگەیەکە ڕووەو ئاوێتەکردن، تواندنەوە و جینۆساید'' (Ocalan, ٢٠١١: ١٢). ھزرڤان و فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرن پێیان وایە دەوڵەت_نەتەوە و ناسیۆنالیزم شانموونەی خراپەکاری (شەیتان)ی کۆمەڵگەی پیشەسازی مۆدێرنن. دەوڵەت_نەتەوە بەزۆری ھاوەڵی تیرۆر و ''پاکتاوی ڕەگەزی'' [جینۆساید] و توندوتیژی بووە (Jaun, ٢٠٠٢). 

دەوڵەت- نەتەوەی بەعس
دەوڵەت_نەتەوە، ھەرچەندە خۆی وەک سێکولار (عەلمانی) پیشان دەدات، بەڵام نیگەران نابێت لەوەی کە ئاین و ناسیۆنالیزم بۆ مەبەستەکانی خۆی بەکاربھێنێ. ئاین، بەتایبەتی ئیسلام ڕۆڵێکی کاریگەر لە بونیادنان و دروستکردنی دەوڵەت_نەتەوەکان دەگێڕێ (Ocalan, ٢٠١١)، بەتایبەتی لە ڕۆھەڵاتی ناڤین. بۆ نموونە، عێراق وەک دەوڵەت_نەتەوەیەک لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی دامەزراوە و ئیسلامی کردووە بە ئامراز و بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانی خۆی گونجاندوویەتی و بەکاری ھێناوە. شاڵاوەکانی ئەنفال دژی کورد نموونەیەکی دیار، ڕوون و ئاشکرایە لەم ڕووەوە. لە عێڕاقدا، حیزبی بەعس ئیسلام و عەرەبیزم دژی کورد بەکاردەھێنێ.
بەعس ساڵی ١٩٦٨ بەڕێی کودەتای سەربازییەوە بۆ جاری دووەم لە عێراقدا دەسەڵاتی گرتە دەست، بەعس جاری یەکەم ساڵی ١٩٦٣ بەڕێی کودەتای سەربازییەوە بۆ ماوەیەکی کەم دەسەڵاتی گرتەدەست. بەعس وەک حیزبێکی ناسیۆنالیستی عەرەب لەسەر بنەمای ئیدیۆلۆژیی پانعەرەبیزم  دامەزرابوو، دروشمی ''یەک نەتەوەی عەرەب''ی بەرزکردبۆوە و ئەوەی وەک پەیامی نەمر دەبینی. پانعەرەبیزم بڕوای بە بوونی یەک نەتەوەی عەرەب ھەیە (Makiya, ١٩٨٩). بەعس بوو بە یەکەم حیزبی سیاسی عەرەبی، کە دروشم و ئامانجی پانعەرەبیزمی ھەڵگرت. بەعس بۆ دامەزراندنی تاکە یەک دەوڵەتی عەرەبی یەکگرتوو ھەوڵی دەدا، دروشمەکانی بەعس بریتیبوون لە ''یەک نەتەوەی عەرەب و یەک پەیامی نەمر'' و ''یەکێتی، ئازادی، سۆشیالیزم'' (Devlin, ١٩٩١). ئەم دروشمە بریتییەلە دڵی بەعسیزم و ئامانجەکانی بەعس ئاشکرا دەکات کە دژی فرەیی و پلورالیزم ئاڕاستەکراون. 
بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی بەعس (بەعسیزم)، ''کوالێتی بوون بە عەرەب لە خۆیدا کردارێکی تەواو سەبژێکتیڤییە، پابەندە بە باوەڕبوون بە پەیامی عەرەبیزم. ئەو ساتەی یەکێک دەست دەکات بە باوەڕبوون بە داھاتووی عەرەب و خەبات بۆ نەتەوەی عەرەب دەکات، ئەوا دەچێتە نێو عەرەبێتیییەوە و دەبێ بە عەرەب. لە ڕاستیدا، ئەرکی کورد ئەوەیە کە کوردێتی خۆی ڕەت بکاتەوە'' (Makiya, ١٩٨٩: ١٣٤). بۆ بەعسییەکان یارمەتیدانی کورد بۆ حیزبێکی دیکە و لایەنێکی دیکە جگە لە بەعس قبوڵکراو نییە. بەڕوونی لە ڕێگەی یارمەتیدانی ڕێکخراوێکی دیکەوە جگە لە بەعس، کورد ھیچی دیکە بەشدار نییە و بەشێک نییە لە پێناسەی ئەو خەڵکەدا کە ئیدیۆلۆژیی بەعس پێناسەی کردووە. خەڵک بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی بەعس واتای ''نەتەوەی عەرەب'' دەگەیەنێ، بۆیە خەڵک و نەتەوەی عەرەب وەک یەک ناو و یەک واتا بەکاردەھێنرێن. بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی ناسیۆنالیستی بەعس، کورد ھەڵاوێردراوە و وەک ھەڕەشە وێنا کراوە، چونکە کورد لەمپەڕە لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی عەرەب. ئاخر نەتەوەیەکی یەکگرتووی عەرەبی بەعسی بریتییە لە ڕیالیزەبوونی تەواوەتی بەعسیزم. ئەم توخمانەی بەعسیزم بوونە ھۆی عەرەباندن، ڕاگواستن، بەعساندنی کورد و لە کۆتاییدا بوونە ھۆی ڕوودانی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد. 
ئیدیۆلۆژیی بەعس لەسەر دوو بنەمای ئەفسانەدروستکردن و پرۆکیەلیزم (parochialism)  واتا (ناوچەیی، ھەرێمی) دامەزراوە. ئەفسانەکانی بەعس لە ترادیسیۆن و داب و نەریتی عەرەبی و ئیسلامییەوە سەرچاوەدەگرن. ھاوکات گونجێندراون بە ھەندێ دەستەواژە و زاراوەی وەرگیراو لە ترادیسیۆنی چەپ، وەک سۆسیالیزمی عەرەبی، ئازادی، یەکێتیی عەرەب، ھەروەھا خەبات دژی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم. بۆ میشێل ئەفلەق تیۆریدارێژەر و تیۆریستی بەعس، ناسیۆنالیزم خۆشەویستییە و ''ڕۆحی عەرەب''ی لەتەک خۆیدا ھەڵگرتووە، بۆیە بیرۆکەیەکی وەھا ناتوانرێ لە خۆرئاواوە بھێنرێ، بەڵکو ئەوە لەنێو خوودی ترادیسیۆن و داب و نەریتی عەرەبی و ئیسلامیدا ھەیە. بەگوێرەی ئیدیۆلۆژیی بەعس، ئیسلام نوێنەرایەتی یەکێتیی عەرەب دەکا، بۆیە پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان ئیسلام و عەرەبیزمدا ھەیە. لە ڕوانگەی عەرەبیزمەوە، ئیسلام ڕۆحە لە ناوەوە، لە کاتێکدا [عەرەب] عەرەبیزم لایەنی دەرەکێتی ئیسلامە. بۆیە ئیسلام تەنیا یەک نەتەوەی ھەیە، ئەویش عەرەبە. لەبەر ئەمە عەرەب ''نەتەوەی باڵایە''. لە ڕوانگەی ئەفلەقەوە، ''گەر عەرەبیزم جەستەیەک بێ، ئەوا ڕۆحەکەی ئیسلامە''. بۆ بەعسییەکان ئیسلام وەک بزووتنەوەیەکی عەرەبی شۆڕشگێڕی دووبارە لەگەڵ عەرەبیزمدا دەردەکەوێتەوە و خۆی نوێ دەکاتەوە. لە ئەنجامدا، ئیسلام وەک بەدیھێنەری نەمرێتی عەرەبیزم خۆی دیاردەھێنێ. بۆیە ئیسلام بەردی بناغەی ئیدیۆلۆژیی بەعس پێکدەھێنێ (Makiya, ١٩٨٩). ئیسلام وەک فۆرمێکی (شێوەیەکی) گەورەی نەمریی عەرەبیزم دەردەکەوێت. بۆ حیزبی بەعس، کێشەی کورد لێرەبوونی نییە. بەعس بەڕێی ئیسلاماندنەوە دەیەوێ کیشەی کورد چارەسەر بکات. بۆیە ئامرازاندنی ئیسلام بۆ بەعس زۆر کڕۆکییە. حیزبی بەعس ئاین (ئیسلام) و ناسیۆنالیزم (عەرەبیزم) بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کورد و ڕەوایەتیدان بە ئەنفالکردنیان و جینۆسایدکردنیان بەکاردەھێنێ. 

دەرنجام
بەکورتی، پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان دەوڵەت_نەتەوە و جینۆسایددا ھەیە لە عێراقدا. چونکە لە سەرەتاوە، عێڕاق وەک دەوڵەت_نەتەوەیەکی پۆست_کۆلۆنیالیزم بۆ عەرەبەکان دامەزرێندرا، بۆیە تەنیا نوێنەرایەتییەک نەتەوەی دیاریکراو [عەرەب] دەکات، لە ئەنجامدا، دژی فرەیی و ھەمەچەشنێتی [پلوڕالیزم] ئاڕاستەدەکرێ. حیزبی بەعس، بەڕێی بناغە ئیدیۆلۆژییەکانییەوە وەک ناسیۆنالیزم (لە فۆڕمی عەرەبیزم)، ترادیسیۆنی ئیسلامی، سێکسیزم، میلیتاریزم ھەوڵی دەدا یەک نەتەوەی عەرەبی یەکگرتووی بەعسی دروست بکات بەڕێی تواندنەوە (assimilation)، ئاوێتەکردن و لەناوبردنی کوردەکان و کەمینەکانی دیکەوە. بەھۆی تیۆریی دەوڵەت_نەتەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، ئێمە دەتوانین باشتر لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت_نەتەوە و جینۆساید تێبگەین، بەتایبەتی یارمەتیمان دەدا کە تێگەیشتنێکی باشترمان بۆ بەعسیزم و ئەنفال ھەبێت لە عێراقدا. 

سەرچاوەکان
١) Devlin, John F (١٩٩١) The Baath Party: Rise and Metamorphosis. The American Historical Review. Vol. ٩٦, No. ٥, pp. ١٣٩٦-١٤٠٧. 
٢) Douglas, R. M (٢٠٠٩) Did Britain Use Chemical Weapons in Mandatory Iraq? The Journal of Modern History, Vol. ٨١, No. ٤, pp. ٨٥٩-٨٨٧. 
٣) Hardi, Choman (٢٠١١) Gendered experiences of genocide : Anfal survivors in Kurdistan-Iraq, Voices in development management. Farnham, Surrey.
٤) Juan, Epifanio San (٢٠٠٢) Nation_State, Postcolonial Theory, and Global Violence, Social Analysis, Vol. ٤٦, No. ٢, pp. ١١-٣٢.   
٥) Makiya, Kanan (١٩٨٩) The republic of fear: Politics of modern Iraq. London: University of California Press. 
٦) ........................ (١٩٩٣) Cruelty and Silence. London: W. W Norton & Company. 
٧) Ocalan, Abdullah (٢٠١١) Democratic Confedralism. London: Transmedia Publishing Ltd. 
٨) ............................... (٢٠١٦) Democratic Nation. Cologne/ Germany: International Initiative Edition in cooperation with Mesopotamian Publishers, Neuss.  
٩) New World Encyclopedia contributors. Nation-state [Internet]. New World Encyclopedia, ٢٠١٥ Aug ١٩, ١٤:٥٤ UTC [cited ٢٠١٧ Feb ٢٦]. Available from: http://www.newworldencyclopedia.org/p/index.php?title=Nation-state&oldid=٩٩٠١٣٦.


‌‌‌
7/24/2017 11:36:04 PM
Print Friendly and PDF