بەڵگەنامە

بە بەڵگە..لەھەڵەبجە ١٨ ملیار دینار دیار نییە


بزاڤ پرێس:ژيار كاميل

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک ١٨ ملیار دیناری تەرخانکراو بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کەسوکاری شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دیار نییە.
  
بەپێی بەڵگەنامەکان کە دەست "بزاڤ پرێس" کەوتووە، لەناوی دا ھاتووە:"کاتی خۆی لەلایەن کابینەی ٦ ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ١٨ ملیار دینار بۆ دروستکردنی خانووی شەھیدی کیمیابارانی ھەڵەبجە تەرخان کرا کە ئەو بڕە پارەیە خراوەتە سەر حیسابی سندووقی نیشتەجێبوون و لەوێشەوە خراوەتە سەر حیسابی تایبەتی کۆمپانیای بەڕێز، تا ئەو کۆمپانیایە خانووی یەکە شەھیدەکان دروست بکات، بەڵام حکوومەت لەسەر داوای کەسوکاری شەھیدان بڕیاری دا خانووی خۆکردیان بۆ دروست بکرێ و تا ئێستەش چارەنوسی ئەو بڕە پارە دیار نییە."
 
ھەر بەپێی بەڵگەنامەکان:"وەزارەتی شەھیدانی حکوومەتی ھەرێم داوای کردووە لە ئەنجومەنی وەزیران تا ئەو بڕە پارەیە بگەڕێتەوە وەزارەتی شەھیدان و وەزارەت خۆی خەرجی بکات بۆ وارسی شەھیدەکان، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان تا ئێستە ئەو پارەیە نەگەڕاوەتەوە سەر وەزارەتی شەھیدان و دیاریش نییە."
 
لای خۆیەوە ڕێکخراوی ھەڵوێست کە کاریان چاودێری كردن و بەدواداچوونی كار و چالاكییەكانی حكوومەتە لە هەڵەبجە بە نوسراوی فەرمی داوایان کردووە لە پارێزگاری ھەڵەبجە، کە بە دواداچوون بکات بۆ ئەو بڕە پارەیە و چارەنووسی دیاری بکات، ھەروەھا داواش دەکەن کۆمپانیای بەڕێزیش ڕوونکردنەوە بدات، چونکە کەسوکاری شەھیدان پێویستیەکی زۆریان ھەیە بە ئەو بڕە پارەیە تا بۆیان بگەڕێتەوە.






‌‌‌
3/16/2016 5:52:31 PM
Print Friendly and PDF
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ