راپۆرت

گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سونیەکان بۆچیی ؟!


شوان ھەورامی

جەنگی قڕکردنی سوننە بۆچیی ؟! 
( ٢ - ٣ )

وڵاتانی زلھێزو ھاوپەیمانە ناوچەییەکانیشیان ، کاتێ دەیانەوێت ستراتیژو نەخشەکانیان جێبەجێ بکەن ، زەمینەی بۆ خۆشدەکەن ، بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت کە رووداوەکان ئاسایین و بەپێی ھۆکارە ناوخۆیی و ناوچەییەکان ھاتوونەتە کایەوە .
گەر باسی جەنگی قڕکردن و وێرانکاریی ناوچە سوننە نشینەکان بکەین لە شام و عێراق ، بیانووەکان پەیدابوونی گرووپە تیرۆریستیەکانن ، بەڵام ئەوانە کێ بوون کە زەمینەیان بۆ ئەو گرووپانە خۆشکرد کە گەشە بکەن و دەست بەسەر ئەو ناوچە فراوانەدا بگرن ؟ ئەوانە کێ بوون کە دۆزەخێکیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و تائیفیی درووستکرد بۆ ئەوەی خەڵکی ستەم لێکراو پەنا ببەنە بەر ئەو شەیتانانەی کە خۆیان بە فریشتەی رزگاریی پێناسە کردبوو ؟ مەبەستیش ئەوە بوو نە لە شام و نە لە عێراق خەڵک بە خواستە شەرعیەکانیان لە ئازادیی و کەرامەتی مرۆڤایەتی بەھرەمەند نەبن و ئاراستەی ئەو خواستەیان بە زۆر پێ بگۆڕن بۆ سیناریۆی شەڕی دژە تیرۆر ، کە لەڕاستیدا شەڕی قڕکردنی سوننەیە لە شام و عێراقدا . جۆرج بۆشی کوڕ باسی جەنگی پیرۆزی دەکرد بۆ چەسپاندنی بەھا دیموکراسیەکانی خۆرئاوا ، بەڵام دواجار بۆ ھەموو جەماوەری موسوڵمانی ناوچەکە روون بووەوە کە ئەوان پشتیوانیی لە سیستمە تۆتالیتاریی و دیکتاتۆرییەکان دەکەن و شۆڕشی گەلانی ناوچەکە بۆ ئازادیی و مافی چارەنووس و دیموکراسیی خەڵتانی خوێن دەکەن ، ھەروەکو بێرنارد ھێنری لیڤی زایۆنیستی فەرەنسیی لە زانکۆی تەلئەبیب زۆر بەڕاشکاوانە باسی ئەوە دەکات ئەوان بوون رێگەیان نەدا ھەڵبژاردنەکەی جەزائیر بگاتە ئامانج و ئیسلامیەکانیان لە دەسەڵات دوور خستەوە ، بەراشکاویی باسی ئەوە دەکات ئەم گەلانەی ناوچەکە شایستەی دیموکراسیی نین ، ئەو کە بەر لە ھەڵبژاردنی موحەمەد مورسی و راست لە رۆژی ٢ / ٦ / ٢٠١١ باسی ئیخوان موسلمین دەکات لە میسر ، دەڵێت : سوپای میسر رێگە نادات ئیخوان دەسەڵات بگرێتە دەست ، چونکە ئیخوان ھێزێکی فاشیستە . دیارە سوپای میسر بوکەڵەی دەستی ئیسرائیل و ئەمەریکایەو بە پێی رێکەوتنامەی کامب دێڤید دەجوڵێتەوە ، شایانی باسە ئەم کەسە راسپێردراوەی رێکخراوی زایۆنیستی جیھانیی بۆ لێدانی دەنگ و شۆڕشی ئازادیی گەلانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ، لە کوردستانیش – بۆ خۆ ھەڵواسین بە سەروەرییەکانیدا - خۆی کردە دەرھێنەری فیلمی پێشمەرگە ، بۆ نمایشی فیلمەکەیشی شاندێکی لە فەرماندەو ئەفسەری پێشمەرگەی بردە ڤیستیڤاڵی " کان " ی سینەمایی !!
" ئیال زیسر "ی پرۆفیسۆری خۆرھەڵاتناسی بەناوبانگی جولەکەو وانەبێژ لە زانکۆی تەلئەبیب ، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی " موسڵ "دا رایگەیاند : لەڕاستیدا ھەریەکە لە حکومەتی عێراقیی و رژێمی بەشار ئەسەد ، بە ئاراستەی ئێران و پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و رووسیا ، ھەوڵدەدەن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیی ، کە ناوچەی سوننەی ھەردوو وڵات بگرێتەوەو ژمارەیان بەشێوەیەکی ریشەیی کەم ببێتەوە . ناوبراو زیاتر روونیدەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەوەرەی شیعە لە سوریاو لە عێراق ، ئامانجی دەرکردنی گەورەترین ژمارەی سوننەیە لە ھیلالی خەسیب ، بەتایبەتیی لەسەر کەناری ھەردوو رووباری دیجلەو فورات و ناوچە کەناراوییەکانی سوریا .
ئیال زیسر کە لە ژمارەی رۆژی ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٦ دا وتارەکەی لە رۆژنامەی " ئیسرائیل ھیۆم " دا بڵاوکردۆتەوە ، دەڵێت : ئێستا خەڵکی موسڵ ھەڵدێن و دەبنە پەنابەر لە دەرەوەو ئەو دیمەنەی دەرکردنی سوننەی سوریا دووبارە دەکەنەوە ، کە تا ئێستا ملیۆنان سوننە لە عێراق و سوریا دەرکراون .
ناوبراو ئاماژە بە ئامارەکان دەکات و دەڵێت : بەر لە چەند ساڵێ ناوچەی ھیلالی خەسیب " ٢٠ " ملیۆن سوننەی تێدا دەژیان ، کە دەکاتە ٦٠% ی دانیشتوانی سوریا ( کە لەراستیدا ٧٥ % ی دانیشتوانی ئەو وڵاتەن ) سێ یەکی دانیشتوانی عێراقیش ، ئێستا تەنیا ٤ ملیۆنیان ماونەتەوە - ئەمە ھێشتا شەڕی موسڵ لە سەرەتایدا بوو ، شەڕی رەققەش دەستی پێنەکردبوو – ھێشتا ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد بە یارمەتی میلیشیا شیعەکان و رووسیا دەستی پێنەکردبوو بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ئەو وڵاتە ، کە زیاتر لە ٣ ملیۆنی تر کرانە ئامانج . بۆیە لێرەدا زیسر راشکاوانە رایدەگەیەنێت : ئەمەریکاو رووسیا راستەوخۆ پشتیوانیی ئێران دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی نەخشەکەی .
زیسر بەڵگە بۆ وتەکانی دەھێنێتەوەو دەڵێت : ئەو پشتیوانییەی کە رووسیا لە میلیشیا شیعەکانی ناو سوریای دەکات بۆ جێبەجێ کردنی تاوانەکانیان ، ھەر ھەمان پشتیوانیی ئەمەریکایە لە عێراقدا بۆ ھەمان میلیشیاکانی شیعە ، کەواتە ھەردوو وڵاتە زلھێزەکەی جیھان پشتیوانیی لە دەرکردنی سوننە دەکەن لەو دوو وڵاتەدا . 
ناوبراو ئاماژە بە بوونی نەخشەی بەشدارانی سیناریۆکە دەکات و دەڵێت : بوونی داعش خەڵاتێکە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت جارێکی تر نەخشەی خۆرھەڵات دەستکاریی بکەنەوە بەو شێوەیەی بەرژەوەندییەکانیان دابین بکات ، ھەروەکو پێشتریش کۆندۆلیزا رایس بەر لە داگیرکردنی عێراق دەیگووت : ئێمە رژێمی سەدام دەڕووخێنین و بەو شێوەیە نەخشەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژینەوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای تێدا دەستەبەر ببێت .
ئیال زیسر لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت : ئەوەی لە عێراق و سوریادا روو دەدات ، راماڵین و جینۆسایدی رەگەزییە بە تەواویی مانای زاراوەکە ، بەڵام جیھان ئەوە رەتدەکاتەوە کە شتەکان بەناوی راستەقینەی خۆیانەوە ناو ببات !!
ژەنڕاڵ جۆزیف دینفۆری سەرۆکی ئەرکانی پێشووی سوپای ئەمەریکا لە ھاوینی ٢٠١٥ دا – کە ھێشتا شەڕی یەکلاکەرەوە دژی داعش دەستی پێنەکردبوو – رایگەیاند : لەعێراقی داھاتوودا چیتر سوننە پێگەیان نابێت .
کەواتە ئەگەر ئەو وتانە بە پێی قۆناغی مێژوویی لە پەنای یەکتردا ریز بکەین ، داعش و تیرۆر تەنیا بیانوون بۆ قڕکردنی سوننە ، دەنا ستراتیژو پلانی ئامادەکراو ھەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەم سیناریۆیەو ھەر لایەک دەیەوێت بەشە کێکی خۆی لەسەر حسابی سوننە ببات !!


‌‌‌
7/27/2017 11:15:45 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ