هەواڵ

بەھۆی بەنداوی داریان زیاتر لە ٤٠ ئاسەواری مێژوویی ھەورامان لەناوچوون


بزاڤ پرێس - جیھاد ھەورامی

ئێران بە دروست کردنی بەنداوی داریان لەسەر ئاوی ڕوباری سیروان زیانێکی زۆری بەناوچەی ھەورامانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان گەیاندوە کە بەھۆی بەرزبونەوەی ئاوەکە زیاتر لە ٤٠ ئاسەواری مێژوویی ناوچەکە نوقمی ئاوەکە بوون.

لەم بارەیەوە د. موختار ھاشیمی ئەندازیار بە بزاڤ پرێسی ووت:"یەکێک لەکارە مەترسیدارەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییەی کۆماری ئیسلامی ئیران بریتی بو لە دروست کردنی بەنداوی داریان لەسەر ئاوی ڕوباری سیروان بەبیانوی گلدانەوەی ئاو، کە دواجار باخ و زەوی کشتوکاڵی و ڕێگا و پردی مێژوویی ناوچەکەی نوقمی ئاوەکە کرد".

د.موختار، وتیشی:"بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان کە ساڵی ڕابردو ئەنجام درا ٤٢ ئاسەواری مێژوویی وەکو ئەشکەوت و نوسینی سەر بەردەکان و پرد و ڕێگای مێژوویی کەوتنە ژێر ئاو و بەتەواوەتی لەناو چون کە مێژووی زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٧٠٠ ساڵ پێش زایین و ھەندێکی تریشیان بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین".

بەنداوی داریان لەساڵی ٢٠١٠ لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەست بەکار کردنی کرا لە نزیک گوندی ھەجیج لەشاری پاوەی سەر بەپارێزگای کرماشان و لەئێستادا کاری بەنداوەکە تەواو بوە و بەگرتنەوەشی ئاوی ڕوباری سیروان بۆ دیوی باشوری کوردستان کەمی کردوە و مەترسی ووشک بونیشی لەئایندەدا دەکرێت.


‌‌‌
7/31/2017 11:42:58 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ