راپۆرت

نۆرەی ھاوڕەگەزبازییە !!



شوان ھەورامی

پارتی کرێکارانی کوردستان ( PKK ) بەوەوە نەوەستا کە مەسەلەی ژن و سیناریۆی ئازادکردنی بکاتە ھۆکاری سەرنجڕاکێشانی وڵاتانی خۆرئاواو ریکلام بۆ وەرگرتنی یارمەتیی سەربازیی و دارایی ، چونکە بەو شێوەیە خۆی پێناسە دەکات کە پارتێکە دژی کەلەپووری ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی خۆرھەڵاتی دواکەوتوو . ئێستا دەیەوێت مەسەلەی ھاوڕەگەزبازیش بخاتە وەبەرھێنانەوە لە میدیای خۆرئاوادا ، بەوەی کە یەکەیەکی سەربازیی ھاوڕەگەزبازی پێکھێناوە بۆ جەنگی داعش و رزگارکردنی رەقە ؟!
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێین ، ئەوەی کە رەخنەی ساناو سادەش لە PKK بگرێت ، لایەنگرانی ئەو پارتە یا دەیکەنە نۆکەری تورکیا ، یا نۆکەری ئۆپۆزیسیۆنی سوریا ، یا ھەر نەیارێکی تری داتاشراو ، لەبری ئەوەی بەڵگە بە بەڵگە وەڵام بدەنەوە و بەرگریی لە کارنامەی ھەڵەی سیاسیی و سەربازیی و فیکریی و کارگێڕیی پارتەکە بکەن بە لۆژیکیانە ، پەنا دەبەنە بەر تیرۆری کەسەکەو رەخنەکانی بە لێدانی لەزگەی تەخوین وەڵام دەدەنەوە . بەڵام ســــەرچاوەی ئەم ھەواڵە گۆڤاری نیوزویک ( Newsweek ) ی ئەمەریکیە نەک ھیچ سەرچاوەیەکی تورکیی و سوریی و ئیسلامیی ١ .
لەوانەیە بڵێن یەگینەکانی پاراستنی گەل ئەم ھەواڵەی بەدرۆ خستۆتەوە ، بەڵام زمانی رەتکردنەوەکەیان زۆر نەرمە و دەڵێن لەگەڵ رێزیان بۆ مافی ھاوڕەگەزبازان ، چونکە ئەوان لەم قۆناغەدا زۆر پێویستیانە خۆیان لە میدیای خۆرئاوادا لە لوتکەی دیموکراسیدا نمایش بکەن . 
رەتکردنەوەکەی PKK بۆ ناوخۆی کوردستانە ، بەڵام لە ئەوروپاو ئەمەریکادا تەواوی ھەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ کە وێنەی خۆی زۆر جوان نیشان بدات ، کە گوایە باشترین رێکخراوی سیاسیی و فیکریی و سەربازیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە و ھاوئاھەنگە لەگەڵ خواست و ئاراستەی خۆرئاوادا ، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ رێکخراوە تووندڕەوەکاندا !!
ئەم پارتە لەوانەیە توانیبێتی سەرنجی ھەندێ نووسەرو میدیای ناوچەی عەرەبیی و خۆرئاوایی بۆ خۆی رابکێشێت ، بەوەی کە ژنی کردۆتە گەریلاو وێنەیەکی جیای لەخۆی نیشانی ئەوان داوە ، کە ئێستا لەھەر کاتێ زیاتر دەیەوێت ئەو بابەتە بخاتە وەبەرھێنانەوە بۆ زیاتر وەرگرتنی یارمەتی سەربازیی و دارایی بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی . بەڵام ئەوەی کە ئاگاداری ژیانی ناو ئەو پارتەیە دەزانێت کە سەدان ژن بە تۆمەتی جیاجیا کراونەتە قوربانیی ، کە ئەوە لیستێکی دوورو درێژە ، بەڵام بۆ نمونە ئاماژە بەناوی چەند ژنێک دەدەین : 
- جەمیلە یەڵدرم : ژنی عەلی حەیدەر قەیتان کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتەکە و ئێستا لە قەندیلە ، لە ساڵی ١٩٨٢ بە تۆمەتی خیانەت کوشتیان .
- ژیان باکسی : خوشکی رۆماننووس ( مەحموود باکسی ) لە شاخ کوشتیان .
- بەنەفش موحەمەد : کوردی سوریا لە شاخ کوشتیان .
- رەوشەن قامیشلوو : لە ئەوروپا تیرۆریان کرد ، بەھۆی ھەڵاتنی لە شۆفێرەکەی ئۆجەلان ( ئەحمەد کۆبانێ ) . 
لەوانەیە بوترێت ئەو رووداوانە لە ھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا روویان داوەو ئێستا ئەو پارتە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا ھاتووە ، یەک نمونە بۆ خۆرئاوای کوردستان باس دەکەین ، کە جێگەی شەرمەزارییە :
لە ساڵی ٢٠١١ دا ، لە گەرمەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکی سوریا لە دژی رژێمەکەی بەشار ئەسەد ، چەکدارانی سەر بە باڵی سوریای PKK ، لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەڵەب کچێکیان بە ستوونی کارەبادا ھەڵواسی بە تۆمەتی لەشفرۆشیی ، کارتێکیشیان بە گەردنیدا ھەڵواسی کە لەسەری نوسرابوو : " ئەوەی تفم تێنەکات ، ئەوە خاوەنی شەرەف نیە " ، دواتر دەرکەوت ئەو کچە خوشکی یەکێکە لە کوردە چالاکەکانی دژی رژێمی بەشار ئەسەد ، ئەندامانی PKK بەوەشەوە نەوەستان بەڵکو ڤیدیۆکەیان دایە رێکخراوە ئەوروپیەکانی مافی مرۆڤ و پێیان راگەیاندن کە ئەو کچە مەسیحیەو لەلایەن تووندڕەوە ئیسلامیەکانی نەیاری بەشار ئەسەدەوە ئەوەی بەسەر ھێنراوە ، واتە چەواشەکارییەکی دوو لایەنەی دوور لە ھەر بەھایەکی ئەخلاقیی ٢ .
بەداخەوە PKK و باڵەکانی لە پێناوی خۆسەپاندنیاندا لە ھیچ ھەوڵێک خۆیان نابوێرن ، باوەکو پێچەوانەی بەھای ئەخلاقیی و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی کوردەوارییش بێت ، ھەمان پرسی ھاوڕەگەزبازیی یەکێک بوو لە پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکانی پارتی گەلانی دیموکرات ( HDP ) لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیادا ، ئەوە لە کاتێکدایە زۆرینەی کوردانی باکوور موسوڵمانن و بێزارن لەو جۆرە بانگەشانە ٣ . ھەر بۆیە نامۆ نیە بە ئەدەبیاتی ئەم سەردەمەی PKK ئەم کاڵا میدیاییەش بخاتە بازاڕی خۆرئاواوە ، سەرەڕای ئەوەی بوونیشی نەبێت !!
ئەم پارتە توانیویەتی لە رووی میدیاییەوە سەرکەوتوو بێت و کاڵاکانی بە جوانی بخاتە بازاڕی خۆرئاواوە ، تەنانەت لەناو کۆمەڵی کوردەواریشدا ھەندێک چەواشە بکات ، بەتایبەتی لە پرسی ژناندا ، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری رووداوەکانن چاک دەزانن کە ھەر ئێستا جۆرەھا پێشێلکاریی بەرانبەر بە مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی خۆرئاوای ئەو پارتەدا روو دەدات ، کە رێکخراوە جیھانیەکانی مافی مرۆڤیش لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بە کەمێکیان داوە . 
ئەوانەی ساڵانێکی دوورو درێژ لە ریزەکانی PKK دا بوون و خزمەتی زۆریان بەو پارتە کردووە ، بەڵام دواجار گەیشتوونەتە بنبەست و وازیان لێھێناوە ، باشترین نمونەن بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت ئاستی دیموکراسیی و ئازادیی لەناو ریزەکانی ئەو پارتەدا بزانن ، ئەوانە ھەموویان لەدوای ئەو خەباتە یا تیرۆر کراون – ئەگەر PKK توانایان بەسەریاندا ھەبووبێت – یا کەسایەتیان تیرۆر کراوە بە تەخوین کردن و بە نۆکەری تورک ھەژمار کردنیان ، یا ھەر تۆمەتێکی تریان بە گونجاو زانیبێت بیدەنە پاڵیان . بەبێ ئەوەی ھیچ وەفایەکیان ھەبێت بۆ خەبات و قوربانیدانی رابردوویان !!

پەراوێزەکان :
١ . سەیری ژمارەی ٢٤ / ٧ / ٢٠١٧ ی گۆڤارەکە بکە ، لەسەر ماڵپەڕی نیوزویک بە ناونیشانی :
FIRST LGBT UNIT 'CREATED TO FIGHT ISIS' IN SYRIA. ITS NAME? THE QUEER INSURRECTION

٢ . رۆژنامەی " الحیاە " ی چاپی لەندەن ، ژمارەی رۆژی ٢ / ٨ / ٢٠١٧ . وتاری ھوشەنگ ئەوسی بە ناونیشانی : عن محاولات نمژجە وڕسگرتە حزب العمال الکردستانی .
٣ . بڕوانە پێگەی " الجزیرە نت " ، ٥ / ٦ / ٢٠١٥ ، وتارێک بە ناونیشانی : الشژوژ الجنسی علی عتبە البرلمان الترکی .


‌‌‌
8/4/2017 4:27:32 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ