راپۆرت

لە ئەنفالەوە بۆ شەنگال



جینۆسایدێک لە ھەناوی بێدەنگیدا

راپۆرتی شیکاری/ محەمەد رەئوف

لە رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ( ٤٤١ ) بەرواری ١٩/٨/٢٠١٤ دا بڵاوبۆتەوە

بە درێژایی مێژوو گەلی کوردستان رووبەرووی دەیان جینۆساید و کوشت و برو لەناوبردن بۆتەوە، بەجۆرێک بەشێکی زۆری ئەو تاوانانە لە بێدەنگی و پەنھانیدا روویداوە، نەبۆتە ماتریاڵی کارلەسەرکردنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لەمرۆشدا ئەو تاوانانەی کە رووبەرووی کوردە ئێزدیەکانی شەنگال دەبێتەوە، دەبێتە بەشێک لە دووبارەبوونەوەی ئەو جینۆساید و تاوانانەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە، تاوانی کوشت و برو لەناوبردنی کوردە ئێزدیەکانی شەنگال، لە فۆرم و شێوەی تاوانەکەدا ھاوشێوەی تاوانی ئەنفال و کوشت و بری کوردانی دێرسێمە، ئەم تاوانە جیاواز لە تاوانەکانی پێشوو بەھۆی بەربڵاوی میدیا و ماس میدیاو تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە، ئاسانتر لە پێشوو بە دۆکیۆمێن دەکرێت و وەک بەڵگەنامەیەکی جدی و بەرجەستە دەخرێتە بەردەم داداگای تاونەکان.

شەنگال و کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان 
ھێرشی ھێزەکانی داعش لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ بۆسەر قەزای شەنگال ( قەزای شەنگال لە ناحیەکانی سنونێ + قەیرەوان پێکدێت و ٩٧ گوند لەخۆ دەگرێت و روبەری قەزاکە ٣١٨٨ کم٢ و زیاتر لە ٣٢٠ ھەزار کەسی تیادا دەژین کە زیاتر لە ٨٥%ی کوردی ئێزدین) ئێزدیەکانی ئەو قەزایە رووبەرووی کۆمەڵگوژی و تاوانی گەورە بوونەوە لە ( کوشتن و سەربرین و ئاوارەبوون و دەستدرێژی و بردنی کچانی ئێزدیەکان)، لە ھێرشی داعش بۆسەر شەنگال بەپێی سەرچاوە نارەسمیەکان زیاتر لە ( ھەزار )کەس کوژراون و ( ٥٠٠ ) کچ و ژنی گەنجی ئێزدیەکان براون ، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیان ئاوارەی چیای شەنگال بوون، نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ کەسیش لە پیرو منداڵ لەبرسان و تینیۆتیدا، مردوون، ( چیای شەنگال درێژیەکەی ٧٧کیلۆمەتر چوارگۆشەیەو پانیەکەی ١٣ کیلۆمەترەو بەرزیەکەشی ١٤٦٣ مەترە، لە باکوری رۆژھەلاتی ژەنگالەوە بۆ باکوری رۆژئاوای شەنگال درێژ دەبێتەوە )، ئەم دۆخە بۆ ئیزدیەکانی کوردستان تاوانێکی گەورەیەو ھاوشێوەی کارەساتی ئەنفال و جینۆسایدەکانی تری کوردە بەوەی لەلایەک بەھۆی کوردبونیان و لەلایەکیش بەھۆی بیروباروەرکەیانەوە، رووبەرووی ئەو تاوانە گەورەیە بونەتەوە، ( ئێزدیەکان لە جیھاندا زیاتر لە ( ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار) کەسن و زیاتر لە ٨٠٠ ھەزاری لە کوردستان دەژین بەتایبەتیش لە ( شەنگال ، شێخان ، بەحزانی، زومار، قوش ، سیمێل ، خانکێ ) و ( ٥٠٠ ھەزاری ) لە تورکیا دەژین بەتایبەت لە ( ماردین و سێرت ، ئورفا ، قارس ) و ( ٣٠ ھەزاری ) لە سوریا دەژین بەتایبەتیش لە ( قامیشلۆ، عەفرین ) ژمارەیەکیشیان لە جۆرجیاو ئەرمینیا و ئەڵمانیا و نەمسا و فەرەنسا و ئەمریکا دەژین. 
ئیزدیەکان کە خاوەنی بیروباروەری تایبەتی خۆیانن( باوەریان بە خودا ھەیەو شەیتان دەپەرستن( ملکە تاوس ) ھاوکات خاوەنی کتێبی رەشن و بەروژوو دەبن و نوێژوو عیبادەتی خۆیان ھەیەو پەرستگای پیرۆزیان لالشە کە لە قەزای شێخانە ).
بە درێژایی مێژوو رووبەرووی جینۆساید و کوشتن بونەتەوە بەھۆی بیروباوەرەکەیانەوە، لە ساڵی ١٧٤٣ لەلایەن نادر شای پادشای فارسەکانەوە بریاری کوشتنیان دراووەو لە ساڵی ١٨٧٢ لەلایەن عوسمانیەکانەوە جینۆساید کراون و لە ساڵی ١٩١٥ لە جینۆسایدی تورکەکاندا بەرامبەر بە ئەرمەنیەکان ژمارەیەکی زۆری ئیزیدی لەناوبران و لە ساڵی ١٩٣٥یشدا جارێکی تر بە دەستی سوپای عێراق رووبەرووی کوشتن و لەناوبردن بوونەوەو لە پرۆسەکانی ئەنفالیشدا ژمارەیەکیان لێ ئەنفالکراو وە لە ساڵی ٢٠٠٧یشدا بەھۆی کردەوەی تیرۆرستیەوە بە ھەزارانیان بونە قوربانی .

جینۆسایدی ئێزدیەکان لە شەنگال
پرسی کۆمەڵکوژی ئێزدیەکانی شەنگال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەچێتە چوارچێوەی جینۆسایدەوە کە لە رێکەوتن نامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەدەغە کردنی جینۆساید لە ٩ی کانونی دووەمی١٩٤٨ مۆرکراوە و تیایدا پێناسەی جینۆساید کراوە کە بریتیە ( لەو کارانەی بەمەبەستی تێکدان وھەڵتەکاندنی گشتی یان بەش بەش ئەنجام بدرێت دژ بەکۆمەڵێکی نەتەوەیی ، ئەتنیکی ، نەژادی ، ئاینی و شتی لەو چەشنە )
لەم پەیماننامەیەدا جینۆساید بەمانای ھەریەک لەم کردەوانەی خوارەوە دێن کە بەنیەتی (intent) لەناوبردنی تەواو یان بەشێک لە گروپێکی نەتەوەیی و ئێتنیکی (etnhnic) , رەگەزی یان ئایینی ( assuch) ئەنجام بدرێت . 
بەو پێیەش جینۆساید ئەم بوارانە لەخۆ دەگرێت:. 
ڕ- کوشتنی ئەندامانی گروپەکە . 
ب- زیانگەیاندنی زەینی جدی بەئەندامانی کۆمەڵگە .
ج- بەئەنقەست دانانی گروپێک لەژێر بارودۆخی وا کە بە تەواوی گروپەکە یا بەشێکی , لەباری فیزیکیەوە لەناو ببات .
و- سەپاندنی ئیجرائاتی وا کەبەمەبەستی پێشگرتن بێت لە ( منداڵبون ) لەناو گروپەکە .
ە- بەزۆر جیاکردنەوەی مناڵانی گروپەکە.
لە ئێستادا پرسی کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوون و دەستدرێژی بۆسەر ئێزدیەکان لە شەنگال و چیای شەنگال بەتەواوی دەچێتە چوارچێوەی پێناسەی جینۆسایدی نێودەوڵەتیەوە، لەگەل تەواوی بڕگەو مادەکانیدا دێتەوە، 
١- لە کوشتن و لەناوبردنی گروپێکی دیاری کراوی وەک ئێزدیەکان.
٢- لە کوستن ولەناوبردنی گروپێکی ئایینی دیاریکراوو ھەوڵدان بۆ بەزۆرگۆرینی ناسنامەکەی.
٣- گەمارۆدانی ئێزدیەکان لە چیای شەنگال و برسیکردن و رێگری کردن لە سەرچاوەی بژێویان.
٤- ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی گروپێکی ئیتنیکی ئێزدیەکان و سرینەوەی یەکجارەکیان.
٥- کوشتن و کۆمەڵکوژی راستەوخۆی فیزیکی ئێزدیەکان .

ھەموو ئەو کردەوانەی داعش بەرامبەر بە ئێزدیەکان کردوویانە لە کوشتن و گەمارۆدان و برسی کردن و دەستدرێژیکردن، دەچێتە چوارچێوەی جینۆسایدی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.
بەڵام مامەڵەکردن و ھەوڵ و ھەنگاوەکان بە ئاراستەی بە جینۆسایید ناساندنی ئەو پرسە دەبێت بە وریایی و لەلایەن کەسانی پسپۆری یاسایی نێودەوڵەتیەوە ئامادەبکرێت و بخرێتە روو، لەوەی ناساندنی جینۆسایدی ئێزدیەکان لە شەنگال دەبێت لەسەر بنەمای جینۆسایدی مرۆیی بێت، واتا کارکردن بەئاراستەی جینۆسایدی پێکھاتەو ئیتنیکێکی دیاریکراو، نەک کارکردن لەسەر داعش خۆی وەک ئەوەی جینۆسایدی ئەنجام داوە، کە بەم دیوەدا کارەکە ئاڵۆزتر دەکات بەو پێیەی داعش بۆخۆی بە رێکخراوێکی تیرۆرست ناسێنراوەو جینۆساید و کۆمەڵکوژی پێشەو کاری ئەوانە، بۆیە پێویستە کارکدن لەو پرسەدا زیاتر لە رووی دیوی مرۆیی ئەو تاونەدا بێت.

گرنگی بە جینۆساید ناساندن

ھەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوان و کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان لە شەنگال ھەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە چ بۆ پرسی ئێزدیەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانەو لە ھەمانکاتیشدا بۆ گەلی کوردیش رەوایەتی پرسی کورد دەباتە نێوەندە نێودەوڵەتیەکانەوە:.
١- بە جینۆساید ناساندنی تاوانی دژ بە ئێزدیەکان ھەولێکە بۆ رێگریکردن لە دووبارە نەبوونەوەی تاوان و کۆمەڵکوژی بەرامبەریان.
٢- پرسی پێکھاتەی ئێزدی لە ناوچەیەکی لۆکاڵیەوە دەباتە ناوەندە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی جێھان و نەتەوەیەکگرتووەکان..
٣- ئەرکی پاراستن و چاودێریکردن و ھاوکاریکردنی ئێزدیەکان دەکەوێتە ئەستۆی نەتەوەیەکگرتووەکان .
٤- رەوایەتی زیاتر دەداتە مافەکانی گەلی کوردستان لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان لە پاراستن و چاودێریکردن.

بەلام ھەنگاونان بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی دژ بە ئێزدیەکان، پێویستی بە چەند رێوشوێنێک ھەیە کە لەلایەن دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بگیرێتە بەر :.
١- ھەوڵدان بۆ کۆکردنەوەو بە دۆکیۆمێنتکردنی تەواوی بەڵًگە ڤیدیۆیی و نوسراوو وێنانەی کە لەسەر ئەو تاوانە ھەیە.
٢- تۆمارکردنی ھەموو ئەو چیرۆکانەی کە لەزاری دەربازبوانەوە لەسەر تاوانەکە دەگێڕدرێنەوە.
٣- خاڵی گرنگ ئەوەیە کە پێویستە لە دادگای نێودەوڵەتی و ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا ئەو پرسە بە جینۆساید بناسرێت، نەک لە ئاستی ناوخۆیی ھەرێم یان عێراق، بۆ ئەوەی پرسەکە لە پرسێکی ناوخۆییەوە ببێتە پرسێکی جیھانی.
٤- پێویستە پارێزەری نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بکەن و پارێزەری نێوخۆیی ئامادەکاری و ھاوکاری بکەن، بۆ ئەوەی تاوانەکە لە چوارچێوەیەکی نێودەولەتیدا بناسرێت.
٥- لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە.
٦- ئەرکی پاراستنی ئێزدیەکان بخرێتە بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاساییش بۆ ئەوەی پرسی ئێزدیەکان ببێتە پرسێکی نێودەوڵەتی

لە نێوان ئەنفال و شەنگالدا 
ئەگەرچی گەلی کوردستان بەدرێژایی مێژوو روبەرووی دەیان جینۆساید و کوشتن و کۆمەڵکوژی بۆتەوەو بەشێک لە تاوانەکانیش لە فۆرم و شێوەدا ھاوشێوەن و لە یەک دەچن، تاوانی دژ بە ئێزدیەکان لە شەنگال و شیای شەنگال لە رووی فۆرم و شێوەی تاوانەکەوە لە کۆمەڵکوژی دێرسیم ( ١٩٣٧ ) و تاوانی ئەنفال ( ١٩٨٨ ) دەچێت. بەڵام لە نێوان ئەنفال و شەنگالدا خاڵە لێکچوەکان زۆرن و نزیکن لێکەوە لەوانەش :.
١- ھەردوو پرۆسەکە لەژێر پەردەو ناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەنجامدراوەو بکەرانی بۆ رەوایەتی بە تاوانەکەیان ئاینی ئیسلامیان کردۆتە بیانوو، لە پرۆسەی ئەنفالدا بەبیانووی کافربوونی گەلی کورد بەعس کوردی ئەنفالکران، ئەویش بۆ رەوایەتی دان بە کۆمەڵکوژی کورد، لە شەنگالیشدا داعش بەبیانی کافربوونی ئێزدیەکان ئەو تاوانەی ئەنجامدا، ھەر وەک لە گوندی کۆچۆی سەربە قەزای شەنگال داعش مۆڵەتی دوو رۆژ دەدەنە ئەو گوندە ئێزدیە بۆ ئەوەی موسڵمان بن و دواتر لە رۆژی ١٦ی ئابدا ٣١٢ پیاوی ئەو گوندە دەکوژن .
٢- پرۆسەی ئەنفال بۆسەر خەڵکی مەدەنی ئەنجامدراو تیایدا بە ھەزاران ژن و منداڵ ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشت و لە جێگەی خۆیان ھەڵکەندران، لە شەنگالیشدا بە ھەزاران ژن و مندال ئاوارەبوون .
٣- مردن لە برسی و تێنوێتیدا، شایەتحاڵێکی ئەنفال دەڵێت لە نوگرەسەلمان زۆرێک لە پیرو پەککەوتەکان لە برسا دەمردن و دواتر سەگ تەرمەکەیانی دەخوار، شایەتحاڵکی دەربازبووی ئێزدیەکان ئاماژە بەوە دەکان کە ئێمە ٢٠٠ کەس بووین زیاتر لە ٢٠ کەسمان لێمردن و سەگ تەرمەکانی دەخوارد.
٤- دەستدرێژیی کردنە سەر ژنان و کچان لە ھەردوو پرۆسەکەدا، دەربازبوویەکی ئەنفال لە زیندانی تۆپزاوا دەڵێت من بەچاوی خۆم کچێکی جوانم بینی دوای ئەوەی سەربازەکان دەستدرێژیان کردبووە سەری شێت ببو دەیویست خۆی بکوژێت، دواتر بە زنجیر بەستبویانەوە، دەربازبوویەکی شەنگاڵیش دەلێت، سێ کچی ئێزدی دەستدرێژیان کرابوە سەر وەخت بوو شێت ببن داوایان دەکر بیان کوژین، بەڵام نەمانکوشتن بۆیە خۆیان لەسەر چیاکەوە فرێدایە خوارەوە.
٥- بردن و فرۆشتنی کچان لە نێوان ئەنفال و شەنگالدا دوبارە دەبێتەوە، لە پرۆسەی ئەنفالدا بە سەدان کچی گەنج بران و درانە سەرۆک عەشیرەت و ئەفسەرەکان، لە شەنگالیشدا بە وتەی پەرلەمانتاران زیاتر لە ٥٠٠ کچی ئێزدی لەلایەن داعشەوە براون و فرۆشراون . 
٦- دیار نەمانی چارەنووسی ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵ لە ھەردوو پرۆسەی ئەنفال و شەنگالدا .
٧- بەتاڵانبردن و وێرانکردنی ماڵو حاڵ و سامان لە ئەنفال و شەنگالدا


‌‌‌
8/4/2017 4:29:34 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ