راپۆرت

محەمەدی حاجی مەحمود: نەمانویست مەلا مستەفایەکی تر دروست بکەین


تایبەت بە بزاڤ پرێس

چۆن بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی؟

 گێڕانەوە مێژوییەکان‌و دەرخستنی بەڵگەنامەکانی محەمەدی حاجی مەحمود تایبەتەبە قۆناغی پاش کۆنگرەی یەکەمی سۆسیالیست‌و شەڕی نێوان ئەو حزبە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ھەروەھا جیابوونەوەی دکتۆر مەحمود عوسمان لەحزبی سۆسیالیست‌و پاشان گەڕانەوەی ناوبراو بۆناو حزب دەخاتەڕوو و دەڵێت نەیانویستووە مەلا مستەفایەکی تر دروست بکەن، بۆیە دکتۆر مەحمودو خۆی ھەڵنەبژاردووە لەکۆنگرەدا.

چۆنیەتی ئەنجامدانی کۆنگرە!
لەباسی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکەمی سۆسیالیست‌و چۆنیەتی خۆ ھەڵبژاردنی سەرکردەکاندا، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت:
کۆنگرەمان گرت لەدۆڵەتوو لەناوچەی پشدەر، بریاربوو ١٠ی مانگی ئایاری ١٩٨١ کۆنگرە ببەستین، بەڵام رادیۆی یەکێتی بلاویکردەوە کە سبەینێ سۆسیالیست کۆنگرە ئەگرێت، ئێمەش لەبەرئەوەی لەیەکێتیدا لەشەڕدا بووین، لەبەر ناحیەی ئەمنی دوامانخست بۆ رۆژێک پاشتر واتە ١٢ی مانگ، زیندانییەکی حزبی دیموکراتی کوردستان لەتەنیشت ئێمەدا بوو، لەگەڵ مقەرەکانی ئێمەدا نزیک بوو کە نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ کەسی تێدا بوو، عێراق ١٠ فرۆکەی نارد تا بۆردومانی ناوچەکە بکات‌و کۆنگرەکەمان تێکبدات، ئێمەش لەسەر شاخەکان دۆشکەمان دانابوو خەڵک سەرجەمیان لەدەرەوە بوون‌و زیندانییەکان ھەموویان لەدەرەوەبوون تا خۆیان بشۆن، لەبەرئەوە بینران‌و فرۆکەکان لێیاندان کە زیاترە لە ٢٥٠ کەس کوژران‌و برینداربوون، کاک دکتۆر مەحمود عوسمان کە پزیشک بوو خەرکی تیماری بریندارەکان بوو، ھەر فریای ئەوە ئەکەوت قۆڵی ئەم بریندارو ئەو بریندار ببڕێت و لێیان بکاتەوە، ئەو ناخۆشییە بووە سەرەتای کۆنگرەکەمان.
نەیانویستووە مەلا مستەفایەکی تر دروستبێت
بۆ رۆژی دواتر زۆریان لەمنکرد کە بەشداری بکەم‌و پاشانیش زۆرترین دەنگی یەدەگەکانم بەدەستھێنا کە دەنگی من لەزۆرێک لەسەرکردایەتی زیاتر بوو، کاک دکتۆر مەحمود عوسمان ویستی خۆی ھەڵنەبژێرێت دەوروبەرەکەی وتیان ئەوەمان قبوڵ نیەو دەبێ خۆت ھەڵبژێریت، یەکێک لەبرادەرەکان کە شەھید شێرکۆی شێخ عەلی بوو ھەستاو وتی بۆ مەلا مستەفایەکی ترمان بۆ زیندوو دەکەنەوە وازی لێبێنن با خۆی ھەڵنەبژێرێت خۆ تەیارە نییە، منیش وتم وەلا وایە وازی لێبھێنن، ئەوەبوو دکتۆر مەحمود خۆی ھەڵنەبژارد، بۆ رۆژی کۆنگرە دەنگەکان کۆکرایەوەو تەسلیمی منیان کرد، کەسیان سیقەیان بەکەس نەبوو، من کە میوان بووم سیقەم لەھەموویان زیاتر بوو.
من حەزم نەئەکرد خۆم ھەڵبژێرم‌و خۆم لائەدا، وتیان باشە بە یەدەگ بەشداری بکە، بۆیە بەو شێوەیە رازی بووم‌و بوومە ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی، پاش ئەوەی کە لە ٢٦ی شەشی ھەمان ساڵ سەیدا ێاڵح یوسفی شەھید بوو کرامە ئەندامی سەرکردایەتی.
چۆن دکتۆر مەحمود جیابۆوە؟
کە دکتۆر مەحمود خۆی ھەڵنەبژارد، پەیوەندی بەیەکێتی کردو پێی راگەیاندن وەک حزبی سوسیالیستی یەکگرتوو دەمێنێتەوەو ئەوانیش بەبڕێک پارە ھاوکارییان کرد، بەجیابوونەوەی ئەویش، کۆمەڵێک کادری تر جیابوونەوە، بەشێکیان بۆ ئەوە جیابوونەوە کە دکتۆر مەحمود لەسۆسیالیست نەمێنێتەوە بەشێکیشیان بۆ ئەوە بوو کە لەگەڵ کاک دکتۆر مەحمود بچن بۆ پاڵ یەکێتی، ماوەیەک لەگوندی بێدەلان مانەوەو دواتر کاک دکتۆر چووە دەرەوەو بە برادەرانی وت کە لەبریاردان سەربەستن، ھەندێکیان چوونە ناو یەکێتی‌و ھەندێکیشیان گەڕانەوە ناو سۆسیالیست، پاش چەند ساڵێک کاک دکتۆر ھاتەوەو کرایە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
چۆن بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی؟
پاش کۆنگرە بەماوەیەکی کەم یەکێتی چووە سەر بارەگایەکی سۆسیالیست‌و کاک شێرکۆی شێخ عەلیان شەھید کرد، حکومەتی عێراقیش سەیدا ساڵح یوسفی شەھید کرد، برادەیەکێ تر ناوی محەمەد فاتیخ بووە تەسلیمی حکومەت بۆوە، ئەمانە بەسەر سۆسیالیست ھاتن‌و پاش ماوەیەک چەند قۆناغێکم بڕی‌و بوومە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، چونکە سلێمانی‌و کەرکوک دوو پارێزگای گەورە بوو، دەبوو ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرپەرشتی ئەو دوو پارێزگایەی بکردایە، بۆیە زۆریان لێکردم کە ببمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
شەڕەکانی یەکێتی‌و گرتنی نەوشیروان مستەفا
یەکێتی بەھەموو قوەتێکی شەڕی ئەکرد، ئەھاتنە سەرمان‌و دەیانکردە شەڕ لەگەڵمان، گرتنی نەوشیروان مستەفاش لەو کاتانەدا بوو، چونکە ئێمە لەوانمان دەگرت ئەوانیش ھەروەھا، کاتێکی زۆر ناخۆش بوو، ئێمە لەدوو بەرەدا بووین، بەرەیەک لەگەڵ یەکێتی‌و بەرەیەکیش لەگەڵ حکومەتی بەعس، ئەمانەش ھیچی نەبووەتە ھۆی ئەوەی لەکاری خۆم رابوەستم، ئێمە بەردەوامبوین‌و لەو کاتە ناسکانەدا گۆڤاری سورێنمان بلاو ئەکردەوە، راگەیاندنێکی باشمان ھەبوو، شەبەکەیەکی گەورەی جیھازمان دروستکردبوو کە لەیەک کاتدا ھەواڵەکانمان پێ ئەگەیشت، کاری ئێمە لەو ماوەیەدا زۆر رێک‌و مونەزەم بوو، ئازوقەی باشمان ھەبوو.





لەپێشمەرگایەتی‌و شۆرشدا ناخۆش بوو، یەکەم رۆژ کە چوومە دەرەوە بەتەمای مانەوە نەبووم، کە ئێستا ماومەتەوە لەزیادە ماومەتەوە، کە چویینە دەرەوە بە دوو سێ تفەنگی ژەنگاوییەوە چووین کە شۆرش شکستیھێنابوو بەرامبەر رژێمێک دەجەنگاین کە حیھان گیری خواردبوو بەدەستیەوە بۆیە ئەمە زۆر ناخۆش بوو.
ئەو شتانەش بەلامانەوە کێشە نەبوە، تەنھا شتێ کە ناخۆش بووبێت شەڕی ناوخۆ بوو، شەھیدبوونی چەندان کەس بوو کە گرنگ بوون بۆ میلەت، ھەروەھا شەھیدبوونی چەندین کەس بەدەستی رژێم، بۆ نمونە رۆژێک شەڕێکی گەورەمان کرد لەگەڵ رژێم، چەندین کەسمان گرت‌و چەندینی تریشمان کوشت، بەڵام چەند پێشمەرگەیەک لەئێمە شەھید بوو، ھەموومان زۆر گریاین بۆیان، بەڵام پاش ناشتنیان دەستمان بەکۆشت برژاندن‌و خواردن کرد، زیندانییەکان زۆریان بەلاوە سەیر بوو، دەیانوت ئێوە چین کەس لێتان تێناگات، ئێستا ئەگریان‌و کەچی دەستتان کرد بە حەفلەو ھەڵپەرکێ‌و خواردن و رابواردن.
شەڕی پشتئاشان لەگەڵ سۆسیالیست بوو نەک شیوعی، مقەڕی ئێمەو شیوعی لەپشتئاشان پێکەوە بوو، یەکێتی ھێزی بۆسەر ئێمە ھێنا نەک شیوعی، بەڵام شیوعیش پێوەبوو، ئەوان سێ رۆژ لەگەڵ ئێمە لە گەلاڵەو جاسوسان شەریان کردو پاش ئەوەی ئێمە شکاین‌و مقەرەکانی ئێمەیان گرت، یەکێتی ھاتنە سەر شیوعی‌و پەلاماری ئەوانیشیاندا، ئەگەرنا شیوعی بەنیازی شەڕ نەبوو ئەگینا بەوجۆرەی لێنەدەھات، ئەگەر خۆیان ئامادەبکردایە بەو جۆرە قات‌و قڕ نەدەکران، لەو شەڕانەدا  ١٢ پێشمەرگەمان شەھید بوو کە ھەندێکیان بەدیلی کوژران.
 
یەکێتی لەشەڕکردن بەردەوامبوو لەگەڵ ئێمە تا دانوستان لەگەڵ عێراق لەساڵی ١٩٨٤، ئێمە وتمان بەڵکو ئەو دانوستانەی یەکێتی ببێتە ھۆی کۆتایی ھاتنی شەڕ، بەڵام شەڕەکان گەرمتربوون تا ساڵی ١٩٨٥ ئەویش پاش ئەوەی یەکێتی ھیچی بۆ نەکرا لەگەڵ رژێم‌و پاشانیش مام جەلال نامەی بۆ ئێمە نوسی‌و داوای کۆبوونەوەی کرد، نامەکەی بۆ من نوسی‌و لەرێگەی کاک شەوکەتی حاجی موشیرەوە نامەکەی نارد، داوای کردبوو کە کۆتایی بەشەڕ بھێنین، مام جەلال وتی وەزعمان باشەو دەبێت پێکەوە ئاشتی بکەین، منیش وتم نەخێر وەزعتان باش نییەو ئێستا کێشەی دنیاتان ھەیە، لەگەڵ عێراق شەڕتانە، ھەروەھا ئاڵای شۆرش دروستبووەو لەگەڵ پارتیش لەبەرەدان، ئیتر ئەمە کەی وەزع باشییە، بەتەفاێیلی ئەمانەم بۆ مام جەلال نوسی، پاشان مام جەلال نامەیەکی تری ناردەوە وابزانم بە مامۆستا عەلی کەمالدا ناردی، مام جەلال وتی ئێمە حەزەکەین رێکەوین‌و کۆتایی بەشەڕ بھێنین، منیش وەلامم دایەوە کە با رێکەوتن‌و گفتوگۆکان لەرێی مەکتەبی سیاسییەوە بێت، پێموت کە شاندێک بنێرن بۆ گفتوگۆ، ئێمە لەمەکتەبی سیاسی لەگەڵ کاک شێخ محەمەد شاکەلی‌و شێروان شێروەندی ئامادەبووین‌و مام جەلال وەفدێکی نارد کەپێکھاتبوو لە کاک شەوکەتی حاجی موشیرو موحسینی عەلی ئەکبەرو کاک سامان گەرمیانی‌و مامۆستا شاھۆ، لەدۆڵاش‌و ناوگردان کۆبووینەوە


‌‌‌
8/10/2017 12:40:53 AM
Print Friendly and PDF