راپۆرت

ئاكام و دەرهاویشتە ئابورییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم


بزاڤ پرێس:

لەم لێکۆڵینەوەیەدا گرنگی بابەتی ئابوری لەمەسەلەی پرسی ریفراندۆمدا خراوەتەڕو، لەگەڵ ئەو گرفتانەی حکومەتی ھەرێم لە مەلەفی ئابوری‌و داراییدا ھەیەتی، ھاوکات دۆخی بژێوی ھاوڵاتیان‌و بازاڕ یارمەتیدەدەر‌و ئامادەنین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.

لێکۆڵینەوەکە جەختی کردوەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو کاتەی دیاریکراوە، نەک کێشە ئابوری‌و داراییەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەرناکات، بەڵکو دەیان کێشەو گرفتی تری ئابوری دروست دەبن کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە.

دەق لێکۆڵینەوەکە
ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان– گۆشەی ئابوری
ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم

پێڕست
پێشەکی    
یەکەم: سەربەخۆیی ئابوری    
دوەم: کێشەکانی داھاتی تاکو ھێڵی ھەژاری    
سێیەم:  پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا    
چوارەم: ریفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا    
پێنجەم: گەشەسەندنی دانیشتوان و دروست کردنی ھەلی کار    
شەشەم: تەندروستی    
حەوتەم: ئاو و سەرچاوە ئاویەکان    
ھەشتەم:  پەروەردە    
نۆیەم: کشتوکاڵ    
دەیەم: نەوت و غاز    
یازدەیەم: داھات‌و پارەی یەدەگ    
دوانزەھەم: سیستەمی بانکی کوردستان    
سیازدەھەم: بونیادنانی ھێزی سەربازی    
دەرەنجام    
سەرچاوەکان    

پێشەکی 
پەیوەندی سیاسەت‌و ئابوری پەیوەندیەکی دانەبڕوای ئاڵۆزە، بەمانایەکی تر حکومکردن‌و ئیدارەدانی وڵات بەبێ لەبەرچاوگرنتی ڕەھەندی ئابوری نوقسان دەبێت. گرنگی دۆسیەی ئابوری لە دۆخی جیابونەوە لە دەوڵەت یان لکاندنی دو دەوڵەت بەیەکەوە زەقتردەبێتەوە. بۆنمونە: بابەتی ئابوری زۆرترین قسەی لەسەرکرا لە پرسی ریفراندۆمی سکۆتلەندیەکان. بەھەمان شێوە، لە پێشتر‌و ئێستاش، دۆخی ئابوری شانشینی یەکگرتو (بەریتانیا)، گرنگترین بابەتی دانوستان‌و گفتوگۆی ھاوڵاتیانی شانشینی یەکگرتوە لە مەسەلەی دەرچونی ئەم وڵاتە لە یەکێتی ئەوروپا. ئایا بانگەشەکارانی ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧، تاچەند بابەتی ئابوریان بەلاوە گرنگەو دیراسەیانکردوە؟ ئایا لە حاڵەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم بەروارەدا، دۆخی ئابوری‌و بژێوی ھاوڵاتیان پاش ئەو بەروارە وەک ئێستا خراپ دەبێت، باشتردەبێت یان خراپتردەبێت؟ لێرەوە تەماشاکردنی پرسی ریفراندۆم وەک پرسێکی سیاسی و یاسایی بەتەنھا، گەورەترین ھەڵەی بانگەشەکارانی ریفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ یە. بڕیاری (ئابوری سەربەخۆ)، لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠١٤‌و سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەند، ئایا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا، سیاسەتێکی ئابوری سەرکەوتومان لە ڕوی ئابوریەوە بەڕێکرد یان بەپێچەوانەوە دۆخی بژێوی ھاوڵاتیان‌و موچەی فەرمانبەران خراپتربوە؟ ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان‌و دۆخی بازاڕ، فەشەلی ئابوری سەربەخۆمان بۆ ڕوندەکەنەوە. ئێمە لەم لێکۆڵێنەوەیەدا، ھەوڵدەدەین بە دیاریکراوی تیشک بخەینە سەر گرفتە سەرەکیەکانی لایەنی ئابوری پەیوەست بە پرسی ریفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧. بەحکومی ئەوەی ئابوری‌و دۆخی دارایی فرە ڕەھەند‌و ئاڵۆزە، ھەوڵمانداوە زۆربەی لایەنەکانی گرفتەئابوریەکانی پرسی ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ بخەینەڕو. لەتەوەرەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، گرفتە ھەنوکەییەکانی ئێستای حکومەتی ھەرێم لە بواری ئابوری‌و بژێوی ھاوڵاتیان بەو گرفتانەی تریشەوە کەلەحاڵەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا روبەڕومان دەبنەوە تیشکیان خراوەتەسەر. ئێمە زۆر دڵنیاین بڕیاردان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کۆبونەوەی بەشێک لە حیزبەکان لە ٧/٦/٢٠١٧‌ بەبێ ھیچ دیراسەیەکی جدی بوە لە بوارەکانی ئابوری، دیبۆماسی، پەیوەندی ھەرێـم‌و ناوەند، ناوچە دابڕێنراوەکان، یاسایی‌و تەنانەت ناوخۆییش. بۆ نمونە لەحاڵەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو بەروارە دیاریکراوەدا، ئەگەری لەدەستچونی بەشێکی زۆری ناوچە دابرێنراوەکان، ئەگەرێکی بەھێزە. ئەم بابەتەمان لە توێژینەوەیەکی تردا بەدرێژی باسکردوە. ھیوادارین بەبێ ھەڵچون‌و کاردانەوە بەرامبەر بەم بەڵگەو داتا‌و ڕاستیانەی کەلەم لێکۆڵینەوەیەدا ھاتون، بەدوای چارەسەری راستیدا بگەڕێین کە دواخستنی ریفراندۆمە تاوەکو زەمینە لەباردەبێت.
                                          د. محەمەد عەلی
                                                 رێکخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی

یەکەم: سەربەخۆیی ئابوری
ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ وە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕوی ئابورییەوە سەربەخۆ بوە. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا لە ئەزمونی ئەم ٣ ساڵەی رابردوی ھەرێمی کوردستاندا (٢٠١٤ تا ٢٠١٧)، حکومەتی ھەرێم سەرکەوتو بوە لە ئیدارەدانی ئابوریدا یاخود نا؟ 
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دێین باس لە بەرھەمی ئەو سێ ساڵەی سەربەخۆی ئابوری ھەرێمی کوردستان دەکەین:
١. لە ڕۆژی ٧/١١/٢٠١٦ ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دیداری (میری) رایگەیاند "ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠ ملیار  دۆلار  قەرزارە، بە ھۆی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانەوە  ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی کردوە".
٢. لەو بەروارەوە تا ئێستا (٥) ھەزار پڕۆژە وەستاوە بە پێی ئاماری یەکێتی وەبەرھێنان، پێویستمان بە (٥) ملیار دۆلار ھەیە بۆ تەواو کردنی ئەو پڕۆژانە.
٣. لەو بەروارەوە تا ئێستا ٣٥٠٠  کارگە داخراوە.
٤. لەو بەروارەوە تا ئێستا ١٠٠٠ کۆمپانیا مایە پوج بون، کە ٨٥٠ کۆمپانیایان لە سنوری سلێمانیدا کارو چالاکی و پرۆژەسازیان ئەنجامداوە. 
٥. لەو بەروارەوە تا ئێستا ٣٥٠  ھەزار کەس کارەکانیان لەدەست داوە.
٦. دوای ئەو بەروارە موچەی پلە باڵاکان و فەرمانبەران کرایە چارەک و نیو موچە، بەم جۆرەش  لە کاتی خۆیدا نادرێت.
٧. ھەقی تێچوی کۆمپانیا نەوتیەکان لەکاتی خۆیدا نادرێت.
٨. حکومەت توشی ئیفلیجی بوە بە تەواویی، تەنھا دو ئۆفیسی سەرەکی کارایە ئەویش؛  ھێزە چەکدارەکان و دەزگای باج و  گومرگ کەپارە کۆدەکەنەوە بۆ حکومەت.
٩. گەندەڵی و ناشەفافی و خزم خزمێنەو ھەڤاڵ ھەڤاڵێنەی حزبی بەردەوامی ھەیە.
١٠. کێشەی دانا گاز  بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت گەورەتر ببێت.  بەنمونە ھەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە، قەرزی دانا گاز لەسەر ھەرێمی کوردستان گەیشتوەتە ٢ ملیارو سی و پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لە ئێستاشدا دانا گاز داخوازییەکی دیکەی پێشکەش بە دادگای واشنتۆن دی سی کردوە بۆ مانگی ئەیلولی ٢٠١٧، تیایدا داوای ٢٦ ملیارو نیو دەکات وەک کۆی قەرەبوی ھەمو زیانەکانی دانا گاز لە ھەرێمی کوردستان.
١١. کۆمپانیای کار دەستی گرتوە بەسەر داھاتی نەوتی کەرکوکدا.
١٢. تەلەفۆن و ھێڵی ئینتەرنێت دەستی گیراوە بەسەردا لەلایەن کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتیەوە.

دوەم: کێشەکانی داھاتی تاک‌و ھێڵی ھەژاری
داھاتی تاک لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەدابەزیندایەو لە ئێستادا داھاتی تاک ھاتوەتە سەر ١١٠ ھەزار دیناری عێراقی لەمانگێکدا. بەم جۆرەش ھەرێمی کوردستان بە  گشتی بەرەو ھێڵی ھەژاری دەروات کە بەپێی  بانکی نێودەوڵەتی ١.٩٠$  کەواتە ئەگەر ورد ببینەوە لەم داھاتە دەبینین ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە دەوری ‌ھێڵی ھەژاریدا دەژین.  ئەمە لەسایەی ئابوری سەربەخۆی ھەرێمەوە. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان. بەشی ئامار لە روپێوێکیدا کردویەتی کە ٥٦٠٠ خێزان بە شداریان تیا کردوە لە ٣٢‌ قەزای ھەرێمی کوردستان دا ئەنجام دراوە لە ٢٣-٤-٢٠١٦ بڵاوبوەتەوە زیاتر لە٥٠% دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان دەتوانن لە ڕۆژێکدا تەنھا ٢ ژەم خواردن دابین بکەن بۆ خۆیان بە پێی رو پێوەکە لە ٣٨.٥% دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان دەتوانن ٣ ژەم خۆراک بۆ خۆیان دابین بکەن، ئەگەر سەیری ھەرێمی کوردستان بکەین داھاتی تاک کە ١١٠ ھەزار دینارە، کەواتە ئەگەر ستاندەری بانکی نێودەوڵەتی وەربگرین، ئەوا دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بە گشتی لە دەوری  ھێڵی ھەژاری دەژین، بەم جۆرە:
١.٩٠X١٢٠٠= ٢٢٨٠ستاندەری بانکی نێو دەوڵەتی بە دیناری عیراقی
١١٠.٠٠٠ ÷ ٣٠=٣.٦٦٦ داھاتی تاک بە دیناری عێراقی بۆ ١ رۆژ.
٣٦٦٦-٢٢٨٠=١.٣٨٦ دیناری عێراقی  جیاواز لە ‌ھێڵی ھەژاری.

سێیەم: پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا
 لە ئەگەری ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدا بێگومان بەتەواوی دابڕان دروست دەبێت لەنێوان ھەرێم و ناوەندا.  بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا حکومەتی ھەرێم لە توانایدا ھەیە ئیدارە و موچەی ئەو دامەزراوانە بدات کە مانگانە بودجەو موچەیان لە بەغدادەوە بۆ دێت رۆژانە لە ھەرێمی کوردستان کاروباری ھاوڵاتیان رادەپەرێنن، وەک ئەم دامەزراوەنەی خوارەوە؛
١. موچەی ٢ لیوای پاسەوانی سەرۆک کۆماری عێراق.
٢. موچەی پاسەوانی سنوری ھەرێمی کوردستان. 
٣. موچەی ڕەگەزنامەو باری شارستانی.
٤. موچەی نشینگەو پاسپۆرت.
٥. موچەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن.
٦. وەستاندنی کارکردن بە کۆبونی خۆراک، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی نرخی خواردن و شمەک. بەتەواوی خەڵکی ھەرێم دەکەونە ژێر ھێڵی ھەژاریەوە لەکاتی بڕینی بەشە خۆراکدا.
٧. بڕی دەرمانی کوردستان کە دابەزیوە بۆ لە٢٥% ئەمەش ببڕدرێت، بارودۆخی کەرتی تەندروستی ھەرێم زۆر لەمەی ئێستا خراپتر دەبێت.
٨. گەنمی جوتیاران ئەو کاتە عێراق نایکڕێتەوە، ھەرچەندە بە بڕیارێکی سیاسی  کەم بۆتەوە بۆ نزیکی لە١٧%.

چوارەم: ریفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا
بێگومان پرۆسەی ریفراندۆم لەئەگەری ئەنجامدانیدا دەبێت ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانیش بگرێتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا پارتی و یەکێتی نیەتی ئەوەیان ھەیە یاخود دەیانەوێت ریفراندۆم لەم ناوچانەدا ئەنجام بدەن، ئایا لە ڕوی ئابوریەوە  ئامادەباشیان  بۆ کردوە:
بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی ناوچە دابڕاوەکان  (٣) ملیۆن کەسە. کەواتە پێویستە بودجەی ھەرێمی کوردستان بە بڕی لە ٥٣% زیاد بکات. 
ئاشتی ھەورامی لە "دیداری میری"دا رایگەیاند ھەرێمی کوردستان پێویستی بە (١.٩٠٠.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠) یەک  تریلیۆن و ٩٠٠ ملیار دیناری عێراقیە بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێم.  کەواتە  دەکاتەبڕی ٥٣% بودجە = ١.٠٠٧.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠ یەک تریلیۆن و ٧ ملیار دیناری عێراقیە بۆ ناوچە دابڕاوەکان؛ کەواتە بودجەی پێویست بۆ ھەمو ھەرێمی کوردستان؛ 
١.٩٠٠.٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠+ ١.٠٠٧.٠٠٠٠٠٠٠٠٠= ٢.٩٠٧.٠٠٠٠٠٠٠٠٠ تریلیۆن و ٩٠٧ ملیار دیناری عێراقیە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە داھاتی ھەرێمی کوردستان لەو کاتەی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داوا دەکرا ھەرێم بگەڕێتەوە سەر بەغداد وتی داھات ١.٠٢٠.٠٠٠٠٠٠٠٠٠تریلێۆن و ٢٠ ملیار دینارە. ھەرچەندە ئەو داھاتە ھەرگیز خەرج نەکراوە بۆ خەڵکی کوردستان و زۆر ناشەفاف بوە.
کەواتە کورتھێنانی بودجەی ١ مانگ بۆ ھەمو ھەرێم؛ ٢.٩٠٧.٠٠٠٠٠٠٠٠٠- ١.٠٢٠.٠٠٠٠٠٠٠٠٠=    ١.٨٨٧.٠٠٠٠٠٠٠٠٠تریلیۆن ٨٨٧ ملیارد ینار.
بەم جۆرەش کورتھێنانی بودجە  ھەرێم بۆ ١ ساڵ= ١٢ x ١.٨٨٧.٠٠٠٠٠٠٠٠٠ =  ٢٢.٦٤٤.٠٠٠٠٠٠٠٠٠، ٢٢ تریلیۆن ٦٤٤ملیار دیناری عێراقی. ئایا حکومەت دەتوانێت  پێمان بڵێت  ئەم پارەیە لە کوێ دەھێنێت؟

بۆیە سەر باری ئەوەی ناوچە دابڕاوەکان پێویستیان بەم پێداویستیانە ھەیە؛ 
١. ئەم ناوچانە پێویستیان بە کردنەوەی دەیان قوتابخانە ھەیە.
٢. پێویستیان بە کردنەوەی دەیان نەخۆشخانە ھەیە.
٣. پێویستیان بە کردنەوەی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری تر ھەیە.
٤. پێویستیان بە کردنەوەی دەیان دەزگای حکومی تر ھەیە.
٥. ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ ئەو ناوچانە.
٦. دامەزراندنی ‌ھێزی ئاسایشی ناوخۆ. 
٧. دامەزراندنی ھێزی پێشمەرگەو  پڕ چەککردنیان
٨. بوژانەوەی کشتوکاڵ لەو ناوچانەدا پێویستی بە بودجە ھەیە.

پێنجەم: گەشەسەندنی دانیشتوان و دروست کردنی ھەلی کار
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ڕوداو ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان ٥.٦٠٠٠٠٠ بۆ دروست کردنی ھەلی کار بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بەردەوام بێت پێویستە؛
١. رەخساندنی ھەلی کار بۆ ئەو کەسانەی کاریان پێویستە.
٢. رەخساندنی ھەلی کار بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بەردەوام بێت، دەبێت ھەلی کار لە ھەمو سێکتەرەکاندا وەک سێکتەری نەوت، پەروەردەو سێکتەری گەشتوگوزار، کشتوکاڵ. دەبێت ھەلی کار ئەوەندە ھەبێت ھەتا  شتومەک ھەرزان تر بێت و کاڵا زیاتر بێت بۆ ئەوەی ستاندەری ژیان باش و چاک بێت. چونکە جیھانگیری و دیمۆگرافی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا زۆر بە خێرایی گەشە دەکات و دەگۆڕێت و درێژی تەمەنی مرۆڤیش کاریگەری خۆی دەبێت.

ئەگەر شیکاری ورد بۆ ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بکەین بەبێ ناوچە دابڕاوەکان کە ژمارەی ٥.٦٠٠٠٠٠ کەسە. بە پێی یاسای؛
 (گەشەکردنی دانیشتوان پێویستە یەکسان بێت بە رەخساندنی ھەلی کار)
EMPLOYMENT GROWTH = = POPULATION GROWTH  ئەگەر گەشەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٢% زیاد بکات کەواتە ھەرێمی کوردستان ساڵانە؛ پێویستی بە ٥٦٠٠٠X٢=١١٢٠٠٠ ھەلی کار ھەیە کە دروست بکرێت. کەواتە بۆ ١مانگ = ٩٣٣٣، ئایا ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا ھیچ ھەلی کارێک دەڕەخسێنێت و توانای ئەنجامدانی وەھا کارێکی دەبێت؟

ئەگەر ناوچەدابراوەکانی بخەینەسەر بزانین پێویستمان بە چەند ھەلی کار دەبێت   ژمارەی دانیشتوانی ناو چە دابراوەکان ٣.٠٠٠٠٠٠ کەسە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بە ڕێژەی ٢% زیاد بکات کەواتە پێویستیمان بە٣٠٠٠٠x٢=٦٠٠٠٠ ھەلی کارە بۆ ١ ساڵ واتە بۆ ١ مانگ = ٥٠٠٠ ھەلی کار؛  کەواتە؛ ٩٣٣٣+ ٥٠٠٠= ١٤٣٣٣ ھەلی کار بۆ ھەرێمی کوردستان لە ١ مانگدا، ئایا بەم دۆخە ئابوریەی ھەرێمی کوردستانی پیا تێدەپەڕێت ئەمە مەحاڵە نییە بۆ دروست کردنی ھەلی کار؟.
لە ئێستادا ئەگەر سەیری ڕیژەی بێ کاری بکەین نزیکەی ٢٠% ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم پێک دەھێنێت بێ ناوچە دابراوەکان.
 بەپێی ڕاپۆڕتی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان بێ ناوچە دابڕاوەکان:
لەساڵی ٢٠٠٧-٢٠١٢= حکومەتی ھەرێم٣٢.٣٠٠ کاری ڕەخساندوە  بۆ ھەمو ١ ساڵێک.
٢٠٠٧-٢٠١٢ = کەرتی تایبەت٣١.٩٠٠ کاری رەخساندوە بۆ ھەمو ١ ساڵێک.
٢٠١٢-٢٠١٤= حکومەتی ھەرێم ١٧٠٠٠ کاری رەخساندوە بۆ ھەمو ١ ساڵێک.
٢٠١٢-٢٠١٤ = کەرتی تایبەت ١٣٠٠٠ کاری لەدەست داوە واتە کرێکاری دەرکردوە لە  ١ ساڵدا.

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ کە بودجەی عێراق دەبڕێت دەزانین چ کارەساتێک روی داوە. بۆیە ئەگەر بەم ئابوریە داڕوخاوەوە ناوچە دابڕاوەکان بھێننەوە سەر ھەرێمی کوردستان ئەو کاتە خەڵکی ناوچە دابراوەکان ژیان و گوزەرانیان زۆربەرەو خراپتر دەڕوات. 

شەشەم: تەندروستی
دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان کەرتی تەندروستیان ھاوشیوەی کەرتەکانی دیکە دوچاری دەیان کێشەو قەیرانی رۆژانە کردوەتەوە، ئێستا لەناو کەرتی تەندروستیدا سەرجەم پشکنینە تەندروستییەکان کراون بە پارەو جیاوازیەکی کەمی ھەیە لەگەڵ بازاڕدا، ھاوکات نەشتەرگەرییەکان لەناو نەخۆشخانەکاندا سەرجەمیان کراون بە پارەو دەرمانی کوالێتی بەرز زۆر بە کەمی لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا بەردەستە، بۆیە بە ناچاری دەبێت لە دەرەوەی دەرمانخانەی نەخۆشخانە گشتییەکان بکڕدرێت،  ئەمەش بوە بە بارێکی  گران بەسەر ھاوڵاتیانەوە. کەرەستەو ئامێرە پزیشکییەکان کە دوچاری تێکچون ھاتن چاک ناکرێنەوەو ئامێری تازە  ناھێدنرێت بۆ نەخۆشخانەکانی ھەرێم. لەسەرو ھەمو ئەمانەشەوە کارمەندانی کەرتی تەندروستی موچەی مانگانەکانیان دوادەکەوێت. کەواتە لە ھەرێمی کوردستاندا کەرتی تەندروستی دۆخی زۆر خراپە ئەو بودجەیەی  بۆ تەرخاندەکرێت زۆر کەمە  لە چاو وڵاتانی تری دنیادا، ئەوە جگە لەوەی لە ئێستاشدا بۆ چەند ساڵێک دەروا بودجەی ھەرێم نابرێتە نێو پەرلەمانی کوردستان، ھەر بەو ھۆیەش نازاندرێت ئەوە بڕە بودجەیە بەتەواوی  چەندە کە بۆ ئەم کەرتە تەرخانکراوە.
ئەوەی گرنگە  لێرەدا بەرپرسە گەورەکانی پارتی و یەکێتی کە دەستیان گرتوە بەسەر بازاڕی دەرماندا ئەو کەسانە زۆر بەگەرمی بانگەواز دەکەن  بۆ ریفراندۆم چونکە لەکاتی جیابونەوەدا عێراق ئەو بڕە دەرمانەش دەبڕێت، بازرگانی ئەو بەرپرسانە گەرم  دەبێت  دەتوانن  بەئارەزوی  خۆیان  نرخ لەسەر دەرمانەکانیان دابنێن.

لەئێستادا ھەرێمی کوردستان بڕی لە ٢٥% دەرمانی لە عێراقەوە بۆ دێت، ئەگەر ریفراندۆم بکرێت  واتە بڕی ئەو دەرمانە دەبڕێت و ناوچە دابراوەکانیش توشی ھەمان کێشە دەبن کە خەڵکی کوردستانی تێدایەو دوای ئەوە حکومەتی ھەرێم  پێویستی بە؛
١. بودجەی زیاتری دەوێت بۆ کڕینی دەرمان بۆ ناوچە دابڕاوەکان.
٢. کەرەستەی تەندروستی زیاتر پێویست دەبێت، ئەمەش لە توانای حکومەتدا نیە.
٣. ناردنی کادرو کردنەوەی راھێنان بۆ کارمەندی تەندروستی. 

حەوتەم: ئاو و سەرچاوە ئاویەکان
بەشێوەیەکی گشتی سەرچاوە ئاوییەکان بریتین لە ١- باران ٢- ڕوبارەکان ٣-چەمەکان بە ‌ھەردو جۆریەوە ھەمیشەیی و وەرزییەوە ٤- ئاوی ژێر زەوی ٥- کانی و کارێزەکان.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی ئامار سەرچاوەی دابین کردنی ئاو بۆ ٣ پارێزگاکەی ھەرێم بریتیە لە ئاوی ئیفراز لە ھەولێر سەرچاوەکەی زێێ گەورەیە، ئاوی بەنداوی دوکان کە سەرچاوەی سەرەکی زێی بچوکە، ئاوی بە نداوی موسڵ بۆ دھۆک و دەوروبەری شارەکانیش  زیاتر پشت بە پڕۆژەی بچوک و ئاوی بیر دەبەستن بە شێوەیەکی گشتی  لە ٦٩% دانیشتوانی ھەرێم لە رێگای پڕۆژەکانەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت، ٣٠.٧% پشت بە ئاوی  ژێر زەوی دەبەستن لە ٠.٢٥%ی پشت دەبەستن  بە کۆمەڵگای  ئاوی  کە بە ھۆی یەکەی بچوکەوە دەبێت.

کێشەکان لە کوێ سەر ھەڵدەدەن؟؛ سەرەتا کوردستان بەرامبەر ٢ مەترسیە:
١. کاریگەرییە سروشتیەکان ھەر لە کەم بونەوەی باران و بەرزبونەوەی پلەی گەرما ئەمەش کاریگەری ھەیە لەسەر بڕی ھەمو سەرچاوە ئاوییەکان.  لە بەھارو زستاندا  کێشەی ئاو نیە و زیاترە لە پێویست، بەڵام لە ھاوین و پایزدا بەردەوام کێشەی کەم ئاوی ھەڵدەداتەوە. 
٢. کاریگەرییە سیاسیەکان  ئەویش لە دەوڵەتانی دراوسێوە. کە رۆژ بەڕۆژ ھەوڵ دەدەن زیاتر دەست بەسەر ئەو ڕوبارانەدا بگرن کە دێنە ناو ھەرێمی کوردستانەوە بە تایبەتی ئێران کە ھیچ پابەند نیە بەیاساو ڕێسای نێو دەوڵەتی.

بڕی ئاوی زێی گەورە  ساڵانە کە دێتە  کوردستان  نزیکەی ١٤ ملیار م٣. زێی  بچوک نزیکەی ٧ ملیار م٣ روباری سیروان نزیکەی ٧ ملیار م٣ کۆی گشتی. بێجگە لە سەرچاوەی ئاوی بەفرو باران.

بە پێی ڕێکخراویWHO لە عێراق ئێستادا مرۆڤی عێراقی ساڵانە ٧٥٠ م٣ ئاوی شیرینی پێدەگات لە ساڵی ٢٠٢٥  ئەم بڕە کەم دەبێتەوە بۆ ٤٥٠ م٣  بۆیە دەردەکەوێت ھەرێمی کوردستان توشی کێشەی بێ ئاوی دەبێت. بۆ پەیداکردنی  ئاوی شیرین لە ئاوی سوێرەوە بۆ ھەر ١ م٣ بڕی نیو دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت.
٣.لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان نەوت و گاز بەرھەم دەھێنێت  پێویستی بەئاوێکی زۆر ھەیە بۆ بەرھەمھینانی ئەو سەرچاوە سروشتیانە  .
پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤایەتی کە ئەمەش پێویستی زیاتری بە ئاو ھەیە ھەر لە ژیانی تاک و کشتوکاڵ و پیشەسازی... ھتد.

زۆر بونی ژمارەی دانیشتوان یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی  دروستبونی کێشەی ئاو، بۆیە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دروست کردنی زۆرترین بەنداو ھەیە ئەگەر ریفراندۆم بکات و جیابێتەوە بەم ھەمو شکستەوە کە توشی ئابوریەکەی بوە دەتوانێت کێشەی ئاو دابین بکات. یان زیاتر  کێشەکان ‌قوڵتر و گەورەترو مەترسیدار دەبێت و وە ھەروەھا ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران سەرچاوەی  ئاوی گرتوە  ئەوکاتە ھەرێمی کوردستان توشی  بێ ئاویەکی زۆر دەبێت.

ھەشتەم: پەروەردە 
ھەمو دەزانین دۆخی قوتابخانەکان و ژمارەی مامۆستایان و کۆنی بیناکانی قوتانخانەکانی ھەرێمی کوردستان لە چ بارێکدایە، بە پێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان لە دەیەی داھاتودا لە نێوان ٦٩٠٠٠-١١٠٠٠٠ ساڵانە قوتابی تازە ناو نوس دەکرێن لە قۆناغی سەرەتایدا تەنھا لە ھەرێمدا بێجگە لەناوچە دابراوەکاندا، لەکاتی ریفراندۆم و جیابونەوەدا ئەم ھەمو قوتابخانەو مامۆستاو پەیداکردنیان پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە بەم ھەمو شکستەوە  حکومەت خەڵکی کوردستان لەمە زیاتر توشی نەھامەتی دەکات.

نۆیەم: کشتوکاڵ
لەساڵی ٢٠١٦ دا ھەرێمی کوردستان  ٧١٠٠٠ رەشە وڵاخی ھاوردە کردوە 
١٢٢٠٠٠ تەن تەماتە  ھاوردە کراوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
٨٠٠٠٠ تەن پیاز ھاوردە کراوە بۆ ھەرێمی کوردستان. 
٣٥٠٠٠ تەن گڵۆبەرۆژە ھاوردە کراوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ھەرێمی کوردستان  تەنھا 
٢٦ تەن خوری مەڕی ھەناردە کردوە 
٦٢ تەن ڕیخۆڵەی ھەناردە کردوە 
٢٥٦٠٠ تەن پێستەی حەیوانی ھەناردە کردوە.....

ئەمەیە دۆخی کشتوکاڵی ھەرێم و ئاسایشی  خۆراکی، لەکاتی ریفراندۆم و جیا بونەوەدا خەڵکی کوردستان دەتوانن بەم شێوەیە ئیدارەی ژیانیان بکەن و حکومەت دەتوانێ پێداویستی و داخوازییەکانی ناوخۆ بەم جۆرە سیاسەتە پڕ بکاتەوە؟ 

دەیەم: نەوت و غاز
ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی داھات تەنھا پشت بەیەک سەرچاوە نەبەستێت، وەک ئەوەی لە ئێستادا تەنھا پشتی بە سەرچاوەکانی وزە بەستتوە ، ھەر وەک چۆن ناشبێت تەنھا ڕێگەی ھەناردەکردنی وزەی بۆ وڵاتی تورکیادا بێت، بۆ نمونە لەکاتی ‌ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک کاردانەوەی تورکیا راوەستانی ھەناردە کردنی نەوتی کوردستان بو لەرێگەی تورکیاوە بۆ دەرەوە. بۆیە ئەگەر ریفراندۆم بەو دۆخەی ئێستاوە ئەنجام بدرێت و تورکیا ‌ھێڵەکە رابگرێت ئایا خەڵکی ھەرێم بەرگەی قەیرانی زیاتر دەگرن؟.

بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێم کار لەسەر دروستکردنی ڕێگەی نوێی گواستنەوەی نەوت و گاز بکات، بەبۆچونی ئێمە باشترین ڕێگە کوردستانی ڕۆژئاوایەکە کورتترین ڕێگەیە بۆسەر دەریای سپی ناوەڕاست و لەڕوی سیاسییەشەوە کەمتر لە مەترسیدا دەبێت بەراورد بە ڕێگاکانی تورکیاو ئێران.

یازدەیەم: داھات‌و پارەی یەدەگ
ئایا حکومەتی ھەرێم ھیچ پارەو داھاتێکی یەدەگی ئامادەیە بۆ قۆناغی پاش ریفراندۆم؟ حکومەتی ھەرێم نەک ھەر داھاتی یەدەگی نیە، بەڵکو بەدان پیانانی خۆیان، ئەم حکومەتە ٢٠ ملیار دۆلار قەرزارەو ئەم قەرزەش ھەر لە گەورەبوندایە.  ھیچ نوخبەیەکی سیاسی بەرپرس‌و لێھاتو ھەیە موجازەفە بە ژیانی ھاوڵاتیانی خۆیەوە بکات؟  

پێویستە حکومەتی ھەرێم لە روی جیۆپۆڵەتیکەوە ئامادەباشی ھەبێت، ئەگەر دەوڵەتەکانی  دراوسێی  ھەرێم  کێشەی بۆ دروست بکەن، بۆیە پێویستە یەدەکی پارەی زۆری ھەبێت دیارە بۆ دروست کردنی دەوڵەت یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بونی دراوی دەوڵەتەکەیە، کەواتە پێویستە حکومەت پێش راگەیاندنی دەوڵەت لە بانکی ناوەندی ھەرێمدا دەبێت پارەی یەدەکی ھەبێت بۆ ئەوەی ببێت بە پاڵپشت بۆ ‌ھێزی دراوی تازە چاپکراو؛ بونی یەدەگی دراو دەبێت ھەمو کاتێک ھەبێت لە بانکی ناوەندیدا، بۆ نمونە لەسەرەتای شەری داعشەوە ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی یەدەگی (دۆلارو ئاڵتون)ی نەبوایە لە بانکی ناوەندی بەغداد بەتایبەتی لەو کاتەی نرخی نەوت دابەزی بەتەواوی نرخی ١٠٠ دۆلار بەرزدەبوەوە بۆ نزیکی ٢٠٠.٠٠٠ ھەزار دیناری عێراقی. چونکە بەردەوام حکومەتی عێراق دۆلاری دەخستە بازاڕەوە بۆ ئەوەی بەھای دیناری عێراقی ڕابگرێت...  کەواتە  پێویستە:
١. بونی ئاڵتونێکی زۆر لە بانکی ناوەندی ھەرێم دا.
٢. بونی دەیان ملیار دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی ھەرێم دا.
٣. ئابوری ھەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە بکات.
٤. داھاتی  تاک  باش بێت بەردەوام بە ‌ھیوای بەرەو بەرزبونەوە بڕوات.

بۆیە بەھای پارەی  کوردستان زۆر لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی  ئەوەی  نرخی ھاوردەکردن زۆر گران بکەوێت، چونکە بەداخەوە ھەرێمی کوردستان زۆربەی بەرھەمەکان ھاوردە دەکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی ھەڵئاوسانێکی زۆرو ھۆی بێکاریەکی بەرفراوان ھەرچەندە ژمارەی بێکاری گەیشتوەتە نزیکەی ٢٠%، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئابوری ھەرێم بە شێوەیەکی بەر چاو لە کرژبون و ئیفلیجی دایە بۆیە ئەم حکومەتە لە بەر گەندەڵی و خزم خزمێنە توشی ئەم  کارەساتە بوە  کەواتە ئەم حکومەتە توانای پشت بەستنی بەخۆ نیە.

دوانزەھەم: سیستەمی بانکی کوردستان
ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان ٤٩ بانکی تێدایە کە لەوانە ٤٣ بانکی کەرتی تایبەتەو ٦ بانکی حکومەت خاوەنیەتی. بەڵام لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی بانکدا کۆی ئەو قەرزەی کە بانکەکان داویانە بە کەرتی گشتی٢% کۆی گشتی داھاتی بەرھەمی  ناوخۆ بوە بۆ ساڵی ٢٠١٥ و پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئێستا زۆر کەمتر بۆتەوە لە ٢% چونکە بانک بە تەواوی پەکی کەوتوە لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی ناوچەکە دا زۆر زیاترە. بانکەکان کاری سەرەکی  خۆیان ناکەن کە قەرزدانە بە کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی ھەلی کار دروست بکرێت و ئابوری گەشە بکات، یان قەرزی درێژ خایەن بۆ پڕۆژەی ستراتیجی. لە ساڵی ٢٠١٥ لە کۆی سەرمایەی  بانکەکان تەنھا ٦% سەرمایەکە خراوەتە بواری کارەوە، واتە بەشە ھەرە گەورەکەی ئەو سەرمایەیە بەبێ کارو بێ قازانج بوە.

بانکەکانی ھەرێم لە ئێستاشدا دوچاری قەیرانێکی  قورسی بێ پارەی بونەو ھیچ سەرچاوەیەکی دارایی نیە کە بتوانێت پارە بکاتەوە ناو بانکەکان. زۆربەی بانکەکان قەدەغەیان کردوە کە  ئەو  بەشداربوانەی بانکەکان کە حسابیان ھەیە ناتوانن پارەکانیان ڕابکێشنەوە. زۆربەی بانکەکان ئاسانکاریان بۆ نەکراوەکە کەبتوانن ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن لە ناو ھەرێمدا یان لەگەڵ بانکەکانی تری عێراق دا. بانکەکان بەکردار وەستاون لەقەرزدان بەکەرتی تایبەت و ھاوڵاتیان،  ناتوانن نامەی دڵنیایی بۆ بازرگانەکان و کەرتی تایبەت بنوسن. لە ئێستادا تەنھا بانکی نێو دەوڵەتی کوردستان کارایە کە بانکێکی کەرتی تایبەتەو نزیکە لەسەرۆک وەزیرانی ھەرێم. سەیرەکە لەوەدایە داھاتی نەوت کە دەگەڕێتەوە لەتورکیاوە دەچێتە ئەم بانکەوە لە گۆڕینی بۆ دیناری عێراقی پارەیەکی یەکجار زۆر قازانج دەکات، ئەمەش ڕێگای لە کێبڕکێ کردن گرتوە بەبێ ئەوەی بتوانن چەند بانکێکی تر بەشداری بکەن لەو قازانجەدا و بە ھەرزانتر بگۆڕێتەوەو ھاوڵاتیان سودمەندی زیاتر بن.

بۆ نمونە لە گۆڕینەوەیەکی بچوکی پارەی بەڵیندەران لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستاندا کە بەنوسراوێکی فەرمی ژمارە٣٣٦٦ لە ٢٠-٣-٢٠١٧ کە سەربە وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێمی کوردستان کە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کەبە ١٢٠٠ دیناری عێراقی کە لەو مانگەدا بە ھیچ شێوەیەک دیناری عێراقی پاشەکشەی نەکردوە بۆ ١٢٠٠ دینار، بەڵکو کە (ئەرستۆ محمد) ئەندامی ئەنجومەنی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت لەسەرو ١٢٢٥.٨٠٠ بوە بەمەش لە سەرو ٥٨٠ ملیۆن دیناری عێراقی قازانج بە بانکی کوردستان گەیاندوە تەنھا لەو بڕە پارە کەمەدا. کەواتە بانکەکانیش قۆرخ کراوە بەتەواوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوە وەک داھاتەکانی تر . کەواتە چۆن دەتوانین کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە و بازرگانی گەشە بکات کە فاکتەری سەرەکی بانکە ئەمەش قۆرخ کرابێت لەلایەن بەر پرسانەوە، کەواتە لە پرسی ریفراندۆمدا  ئەم ھەمو کێشانە ھەبێت بە چارەسەر نەکراوی ئەگەر سەیری ئەم خاڵانەی سەرەوە بکەین ھیچی لە ھەرێمدا بونی نیە.

سیازدەھەم: بونیادنانی ھێزی سەربازی
بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دەبێت پێش ئەوەی ھێزێکی نیزامی باش ئامادە کرابێت بۆ پاراستنی ئەو دەوڵەتە ئەم ھێزە نیزامیە دەبێت ژیان و گوزەرانی بەتەواوەتی دابین کرابێت، پێویستە را‌ھێنانی باشیان پێکرابێت و پڕ چەک کرابن بە پێشکەوتوترین چەکی تازە، بەلایەنی کەمەوە پێویستە؛
١. دەستبەرکردنی موچەی گونجاو بۆ ھێزی پێشمەرگە بە ھەمو پلەیەکی جیاوازەوەوە.
٢. دابین کردنی بیمەی تەندروستی.
٣. دابین کردنی یەکەی نیشتەجێ بۆ خێزانی پێشمەرگە.
٤. بەخشین لە باج و ھەمو ڕسوماتێک لەبەر ئەوەی  پێسمەرگە باجەکەی بە خوێن دەدات.

بۆ دامەزراندنی ھێزی نیزامی سوپای کوردستان  پیویستمان بە (١.٥- ٢ %) ژمارەی دانیشتوانە و لە حاڵەتی شەردا دەگاتە نزیکەی ٣%. لەبەر ئەوەی سوپای نیزامی ھێزێکی وەبەرھێنەر نیە تەنھا دەزگایەکی بەکاربەرە بۆیە دەبێت بودجەیەکی باشی وڵات ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت سوپایەکی پێشکەوتوت ھەبێت.

لە بونیادنانی ھێزی وشکانی پێویستمان بە بودجەیەکی زەبەلاح دەبێت، ئەگەر نمونەی بودجەی ساڵانەی تەنھا یەک فیرقە بھێنینەوەو فیرقەی (٤)ی عێراق وەربگرین؛
١. موچەی ساڵانەی داگاتە ١٥ ملیار دیناری عێراقی.
٢. بودجەی پرچەک کردنی فیرقە٣٠-٤٠ ملیار دیناری عێراقی پێویستە.
٣. بودجەی سوتەمەنی ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ١ ملیار دیناری عێراقی ھەیە.
٤. خواردەمەنی تەنھا یەک سەرباز ١٣٣ ھەزار دیناری عێراقیە بۆ یەک مانگ.

بۆ دامەزراندنی ھێزی ئاسمانی سوپای کوردستان کە ئەم ھێزە زۆرترین کاریگەری ھەیە بۆ سەرکەوتنی جەنگەکان بۆیە پیویستی بە بودجەیەکی زۆر ھەیە بۆ دامەزراندنی ئەم ‌ھێزە؛
١. دامەزراندنی چەند فرۆکەخانەیەکی سەربازی.
٢. کڕینی چەندین فرۆکەی شەڕکەر و بۆمب ھاوێژو و بارھەڵگر.
٣. چەندین فرۆکەوان و ئەندازیارو کادری ھونەری.
٤. دامەزراندنی سیستەمی راداڕی پێشکەوتو.

دەرەنجام 
لەم لێکۆڵینەوەیەدا ھەوڵماندا گرنگی بابەتی ئابوری لەمەسەلەی پرسی ریفراندۆمدا بخەینەڕو. ئەو گرفتانەی حکومەتی ھەرێم لە مەلەفی ئابوری‌و داراییدا ھەیەتی، ھاوکات دۆخی بژێوی ھاوڵاتیان‌و بازار یارمەتیدەدەر‌و ئامادەنین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی ٢٥/٠٩/٢٠١٧. وەک لە ژمارەو زانیاریەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیەشدا ھاتوە، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو بەروارەدا، نەک کێشە ئابوری‌و داراییەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەرناکات، بەڵکو دەیان کێشەو گرفتی تری ئابوری دروستدەبن کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە. لێکەوتە خراپەکانی ئابوری ئەوەنیە کە گەشەی ئابوری ھەرێم (کەنیەتی!) خاودەبێتەوە، بەڵکو خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک دەرمان‌و ئاو کشتوکاڵ‌و خواردن....ھتد دەکەونە بەرھەڕەشەی لەناوچون‌و نەمان. ھاوکات مەترسیەکانی تێکچونی سەفەرو ھاوتوچۆو پەراوێزخستنی ھەرێم لە ھەمو روەکانەوە، ئەگەرێکی بەھێزە. ئێمە پێمانوایە مەسەلەی یاریکردن بە چارەنوسی ئەم ھەرێمەوە لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی‌و شەخسیدا، نەک کارێکی سیاسی‌و عەقڵانی نیە، بەڵکو کارێکی نا ئەخلاقیشە. چونکە مەترسی نەمانی خۆراک‌و دەرمان‌و پێداویستیەسەرەکیەکانی تری ھاوڵاتیان، مەسەلەی مەرگ‌و ژیانی میلەتێکە. ئایا کەسێک یان حیزبێک یان نوخبەیەکی سیاسی ئامادەیە تەحەمولی کارەساتە مرۆییەکانی ریفراندۆمی ٢٥/٠٩/٢٠١٧ لە ئەستۆ بگرێت؟ یان بەپێچەوانەوە ئەزمونی ھەڵھاتنی ١٩٤٦ی کۆماری مەھابادو ئاشبەتاڵی ١٩٧٥‌و ڕاکردن‌و جێھێشتنی بەتەنیای شەنگال لە ٢٠١٤ دوبارە دەکاتەوە..؟! بابەتی جیابونەوەو ریفراندۆم بابەتێکی فرە رەھەندو ئاڵۆزەو ناکرێت ھێزێکی سیاسی بە مەرام‌و پلانێکی نەتەوەییانەی ساختەوەو بەزمانی سۆزو ھەڵچونەوە بەکاری بھێنێت بۆ سەپاندنی ئەجێنداکانی خۆی. پێگەی ھەرەبەھێزی ھەر پرۆژەیەکی سەربەخۆیی ئابوریەو نائامادەگی ھەرێم لەم ڕوەوەو زۆر ڕونەو قابیلی شاردنەوە نیە. بازدان بەسەر گرفتە ئابوریەکانی ھەرێم‌و نەبینینی ئەو ھەمو گرفتە ئابوریانەی لە دەرەنجامی ریفراندۆمی ناوبراوەوە دەکەونەوە، بڕیارێکی زۆر نادروستەو ناپەرپرسانەیە. ھیوادارین خستنەڕوی گرفتە ئابوریەکانی ھەرێم پەیوەست بە ریفراندۆم، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەبێت بۆ بانگەشەکارانی ریفراندۆمی ٢٥/٠٩/٢٠١٧‌و سودێکی ھەبێت.

سەرچاوەکان
١.    عەمید روکن ئارێز ئەنوەر مەحمود، پرۆژەی ڕێکخستن و گەشەپێدانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەیلولی ٢٠١٥، (بڵاو نەکراوەتەوە).
٢.    کامەران وریا قانع، ئاو و نەھامەتییەکانی دوارۆژ (١)، پێگەی ئەلیکترۆنی؛http://archive.sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=٦٣٨٤&AuthorID=١٠٨٣
٣.    کامەران وریا قانع، ئاو و نەھامەتییەکانی دوارۆژ (٢)، پێگەی ئەلیکترۆنی؛http://archive.sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=٦٤١٠&AuthorID=١٠٨٣
٤.    سێ ساڵە چۆن خەڵک برسی و ھەژار دەکەن، پێگەی ئەلیکترۆنی (سبەی)؛ http://www.sbeiy.com/Article-٤٠٠٠٩
٥.    بەرنامەی شیکاری، سەربەخۆیی کوردستان لەنێوان دروشم و پراکتیکدا، ‌کەناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن، پێگەی ئەلیکترۆنی؛ http://www.knnc.net/Programme-Detail.aspx?TypeID=٥٠&bernameID=١٥١٩٤
٦.    World Bank, Kurdistan Region of Iraq Performing the Economy for Share Prosperity and Protecting the Vulnerable, at the site;
https://openknowledge.worldbank.org/bitstream/handle/١٠٩٨٦/٢٤٧٠٦/Main٠report.pdf?sequence=١&isAllowed=y  
٧.    Federal Reserve Bank Of Atlanta, Employment Growth and Labor Force Participation: How Many Jobs Are Enough? , at the site;
https://www.frbatlanta.org/-/media/documents/filelegacydocs/HOTCHKISSfinal.pdf


‌‌‌
8/17/2017 11:05:09 PM
Print Friendly and PDF