هەواڵ

وتەبێژی پارتی: پاکێجێکی ٦ خاڵیمان داوە بە گۆڕان و چاوەڕێی وەڵامین


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، پاکێجێکی ٦ خاڵییان داوە بە بزووتنەوەی گۆڕان و چاوەڕێی وەڵامی گۆڕانن.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە دوای کۆبوونەوەی شاندەکەی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پاکێجێکی ٦ خاڵییان داوە بە بزووتنەوەی گۆڕان و چاوەڕێی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانن.

مەحمود محەمەد لەبارەی ٦ خاڵەکەی حزبەکەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان وتی خاڵەکان بریتین لە:

یەکەم: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان گۆڕان و پارتی

دووەم: ئاساییکردنەوەی کاری پەرلەمانی دوای ئەوەی وەک پارتی مەرجەکانمانمان لابرد

سێیەم: پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ریفراندۆم

چوارەم: ھەوڵدان بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ ئەوەی بژێوی خەڵک چاک بکات و ڕێگا بدۆزێتەوە بۆ ئەو کارە

پێنجەم: زەمینەیەکی لەباری سیاسی و ئیعلامی فەرھام بکەین بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکان بە ئارامی و لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت

شەشەم: پەیوەندیی بە چاکسازییەکانەوە ھەبوو

ئەوەش لە کاتێکدایە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی پارتی و گۆڕان لە دوای نزیکەی ٥ کاتژمێر کۆتایی پێھات، بەڵام تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیدا نەکراوە، بەڵام ئەوەی کە ھەیە گفتوگۆی نێوان ئەو دوو لایەنەیە لەسەر خاڵ و بابەتە پێشنیازکراوەکانی یەکتر.

ئەوەشی خستەڕوو، ھۆکاری درێژەکێشانی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە، کە ئەو لایەنانە بە وردی لەسەر بابەت و خاڵە پێشنیازکراوەکانی یەکتر گفتوگۆیان کردووە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی پارتی گەیشتە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دەستیپێکرد.

ئەندامانی شاندەکەی پارتی پێکھاتبوون لە، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی کە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و ھەریەک لە ئازاد بەرواری، مەحموود محەمەد، جەعفەر ئێمینکی، عیزەدین بەرواری و ڕێبوار یەڵدا.

شاندی گۆڕانیش پێکھاتبوون لە، عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، جەمال حاجی محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، شۆڕش حاجی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، ئاسۆ مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و ئاراس وەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان.

پێشتریش مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی ڕایگەیاند، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا و بە ڕێککەوتنی ھەردوولا ئەجێندای کۆبوونەوەکە دیاری دەکەن و دواتر خاڵەکانی بەرنامەی کۆبونەوەکە تاوتوێ دەکەن.

ھەروەھا کاروان ھاشم ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندبوو، پەیامی ئەوان بۆ پارتی ئەو پێنج خاڵەیە کە جڤاتی نیشتمانی لە دوایین ڕاگەیەنراویدا دەریکردووە و سازشیان لەسەر ناکەن.

ڕۆژی ١٧ی مانگی ڕابردوو پارتی داوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد و ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگەش جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆبووەوە و داوایکرد، ڕیفراندۆم دوابخرێت و پەرلەمان دوای ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان ئاسایی بکرێتەوە.



‌‌‌
8/21/2017 5:27:52 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ