هەواڵ

لیستێکى نوئ لەهەرێم ڕادەگەیەنرێت


بزاڤ پرێس ـ ژوورى هەواڵ

لیستێکی نوێ لە ھەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت و بەشداری لە ھەڵبژارنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

ئارام قادر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند،  لیستێکی نوێ لە ھەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت و بەشداری لە ھەڵبژارنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی کوردستانیشدا دەکەن.

ئارام قادر راشیگەیاند، ئەو لیستە نوێیە ، بە شێوەیەکە کە ئایدۆلۆژی و عەلمانی و ئیسلامیی و سۆرانی و بادینی و جیاوازیەکان ناخوێنێتەوە و ئەوەی گرنگە لای ئەوان تەنھا تاک و مرۆڤ بوونە پێش ھەموو شتێک و ھەروەھا گرنگی بە سەروەری نیشتمانیش لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت.

ئارام قادر ئەوەشی راگەیاند، لیستەکە لە کەسایەتیەکانی ناو لایەنە سیاسیەکانی ئێستا و پێشووی کوردستان و کەسایەتییە حکومی و پەرلەمانیەکان و رۆشنبیران پێکدێت و ئەوانەش دەگرێتەوە کەبەم دۆخە رازی نین و حەزیان بە گۆڕانکاریی خێرایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھۆکاری دروستکردنی ئەو لیستە ئەوەیە کە بارودۆخە سیاسیەکانی ھەرێم و ژیان و گوزەرانی تاک گەیشتووەتە ئاستێک کە لەمە زیاتر بەرگەناگرێت و پێویستی بەچارەسەری خێرا و گۆڕانکاری نوێیە و پێدەچێت ئەو لیستە ئەوانە بن کە بتوانن رۆڵی سەرەکی لەو گۆڕانکاریەدا ببینن.

ئارام قادر وتیشی، پێشبینی دەکەن ھێزی یەکەمی لیستەکە گەنجەکان و ئافرەتان بن و جەختی لەوەشکردەوە، کە ئافرەت رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە لیستەکەدا.

بریارە لە مانگی یانزەی ئەمساڵدا ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەرێوەبچێت و وا چاوەڕوان دەکرێت چەند لیستێکی نوێ و بە شێوازێکی نوێ بەشداری ھەڵبژاردنی ئەم جارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

‌‌‌
8/23/2017 2:46:10 PM
Print Friendly and PDF