راپۆرت

(19)ی ئاب.. دو ویلایەتی ناشەرعی


بزاڤ پرێس:

 (١٩)ی ئاب، دو ساڵی دیکە بەسەر کۆتایی ھاتنی ویلایەتی درێژکراوەی مەسعود بارزانیدا دێت، کە تائێستاش بەناوی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە  مامەڵە دەکات، لەکاتێکدا لە (١٩)ی ئابی (٢٠١٣)ەوە ویلایەتەکەی کۆتایی ھاتوە و ھەرجارە و بەبیانویەک ئامادە نییە دەستبەرداری کورسییەکەی بێت.

کورسی؛ ھۆکاری قەیرانەکان

ھۆکاری سەرھەڵدان و چارەسەرنەکردنی کێشە و گەندەڵیی کەڵەکەبوی چەندین ساڵی رابردوی سەر گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان کە بونەتە مەینەتی و لەمپەرێکی گەورە بۆ ژیانی ھاوڵاتییانی مەدەنی و کاردانەوەی خراپی بۆ سەر چەندین بوار ھەبوە، دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی حکومڕانیی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و ھەنگاونان بەرەو ھێنانەکایەی سیستەمێکی تاکڕەوی و بنەماڵەیی، بزوتنەوەی گۆڕان یەکەم ھێز بو کە ویستی بەگژ ئەو نادادپەروەرییەدا بچێتەوە لەڕێگەی خەباتی پەرلەمانییەوە و لە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەکەوە بە چەندین شێواز ھەوڵدرا بۆ رێگرتن لە حوکمی بنەماڵەیی کە تاوەکو ئێستاش باجی ئەو خەباتە مەدەنیە دەدات، لەو نێوەندەدا ناکرێ باس لە رۆژی (١٩)ی ئابی (٢٠١٣) نەکرێت کە دەبو بەپێی یاسا لەو رۆژەدا ماوەی یاسایی سەرۆکی ھەرێم کۆتایی پێ بێت، بەڵام ویستی دەسەڵات بەدەر لە یاسا بو کە تائێستاش لەگەڵ ئەوەی دو ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە، ھێشتا سەرۆکی ھەرێم ئامادە نییە دەست لە پۆستەکەی بەربدات.

رەگ و ریشەی قەیرانەکە
ساڵی (٢٠٠٥) و لەچوارچێوەی رێَکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ دابەشکردنی پلە ‌و پۆستەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێم و بەغدا، پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان درایە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو بەرەوپێشچونە لەوکاتدا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناو لەو چوارچێوەیەشدا نەوشیروان مستەفا ئەمین لە نوسینێکیدا کە لە رۆژی (٦/٥/٢٠٠٥) بەناوی (لێدوانێ لە پرۆژەکەی پارتی بۆ قانونی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان) بڵاوی کردەوە، نوسیویەتی؛ بە خوێندنەوەی پرۆژە یاساکەی پارتی ئەوە دەردەکەوێت کە ئەوان سیستمی سیاسی سەرۆکایەتیان گەرەکە و ئەیانەوێت ئەو جۆرە سیستمە لە کوردستان دابمەزرێت. 

دەشڵێت؛ لە سیستمی سەرۆکایەتیدا سەرۆک بە دەنگدانی گشتی ھاوڵاتیان ھەڵدەبژێردرێت و ئەم جۆرە سیستمە لە وڵاتانی دواکەوتوی جیھانی سێیەمدا سەرەنجام دەبێتە ھۆی بەھێزبونی دەسەڵاتی سەرۆک و لاواز بونی دەسەڵاتی پەرلەمان و دەسەڵاتی قەزایی، بە واتایەکی تر دانانی بناغەی رژێمی دیکتاتۆری.

نەوشیروان مستەفا ئاماژە بەوە دەدات؛ لە پرۆژەکەی پارتیدا داوا دەکات سەرۆکی ھەرێم بۆ چوار ساڵ ھەڵبژێردرێت و ئەشێ دوجاری تریش کە ھەرجارەی چوار ساڵە ھەڵبژێردرێتەوە، ھەمو کەس ئەزانێ پاڵێوراوی پارتی مەسعود بارزانیە واتا لە ئێستاوە داوای (١٢) ساڵ سەرۆکایەتی ئەکەن.

ئێستا (١٣) ساڵ بەسەر ئەو یاسایەدا تێپەڕیوە و ھێشتا مەسعود بارزانی خۆی وەک سەرۆکی ھەرێم وێنا دەکات لەگەڵئەوەشدا کە دو خولی سەرۆکایەتیی تەواو کردوە و ماوەی درێژکردنەوەکەی لە پەرلەمان بۆ دو ساڵی دیکە بەھەمان شێوە تەواو بوە و دو ساڵە بەشێوەی نایاسایی سەرۆکی ھەرێمە و ھێشتا ئامادە نییە دەستبەرداری کورسییەکەی بێت.

ھەمو ئەمانە راستی ئەو مەترسییانە دەخەنەڕو کە لەو کاتدا نەوشیروان مستەفا لە نوسینەکانسدا ئاماژەی پێکردبون.

پرۆژەی دەستوری ھەرێم و ناکۆکییەکان

ساڵی (٢٠٠٩) پرۆژەی دەستوری ھەرێم لەماوەی درێژکراوەی خولی دوەمی پەرلەماندا تێپەڕێنرا و ناڕەزایی توێژە جیاوازەکانی بەدوای خۆیدا ھێنا، لەو کاتەدا بزوتنەوەی گۆڕان وەک تاکە ھێزی ئۆپۆزسیۆن دژی تێپەڕاندنی یاساکە بو ھەروەھا لەڕێگەی فراکسیۆنەکەیەوە ھەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ سەرلەنوێ ھەموارکردنەوەی بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی ئەو دەستورە، ھاوکات لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی پاکێجێکی شەش خاڵییان پێشکەشکرد کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی گەڕانەوەی دەستوری ھەرێم و سەرلەنوێ ھەموار کردنەوەی بو بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیدا. 

لەخولی رابردوی پەرلەماندا ناڕەزاییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاست پرۆژەی دەستور بوە داواکاریی بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمان و لەو چوارچێوەیەشدا (٦٠) پەرلەمانتار لەخولی پێشوی پەرلەماندا پڕۆژەیەکیان پێشکەشکرد بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستور و (٥٢) پەرلەمانتاریش ھەر لەھەمان خولدا پڕۆژەیەکی دیکەیان پێشکەشکرد بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکاتی ھەرێم، بەڵام بەدەر لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتی خولی پێشوی پەرلەمان ئەم پڕۆژانەی پشتگوێخست و تەنانەت نەیھێشت خوێندنەوەی یەکەمیشیان بۆ بکرێت، لەکاتێکدا بەپێی بڕگەی دوی ماددەی (٥٤) و بڕگەی یەکی ماددەی (٧١)، (١٠) ئەندامی پەرلەمان بۆیان ھەیە پڕۆژەیاسا و بڕیار پێشنیار بکەن و بەپێی بڕگەی دوی ماددەی حەوت پێویستە لەیەکەم دانیشتنی دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆبکرێت و بنێردرێت بۆ لیژنەی پەیوەندیدار بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەری.

درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکایەتی ھەرێم

ساڵی (٢٠١٣)، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان کە لە (١٩)ی ئابی (٢٠١٣)دا ویلایەتی دوەمی تەواو دەبو، ئامادە نەبو دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم ببێت و بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەرفەت بۆ دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە ھەرێمی  کوردستاندا بڕەخسێنێت، ئەوە لەکاتێکدا بەپێی ماددەی سێیەم لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم بۆ چوار ساڵە و دەشێت بۆ تەنھا یەک جاری دیکە خۆی ھەڵبژێرێتەوە، لەوکاتەدا کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم و خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە، بەڵام ئامادەنەبونی بارزانی بۆ دەستبەردابون لە کورسییەکەی، وایکرد پارتی و یەکێتی بیر لە دەرچەیەکی دیکە بکەنەوە لە پەرلەمانی کوردستاندا.

رۆژی (٢٩/٦/٢٠١٣) دور لە چاوی میدیاکان ھەردو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی ھەرێم بۆ دو ساڵی دیکە، لەو پێناوەشدا رۆژی (٣٠)ی حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٣) دو پڕۆژە یاسا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بۆ دو مانگ و (١٠) رۆژ و ماوەی سەرۆکی ھەرێم بۆ دو ساڵ پێشکەشکراو واژۆیان بۆ کۆکرایەوە، ھەر ئەو رۆژەش دو پڕۆژە یاساکە خرانە بەرنامەی کاری پەلەمان و خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراو پاشان ئاڕاستەی لیژنەی پەیوەندیدار کرا، ھەر لەو رۆژەدا راپۆرتی لیژنەی یاسایی بۆ ئامادەکراو خرایە بەرنامەی کاری پەلەمان و کۆبونەوەی بۆ ئەنجامدرا، سەرەڕای ناڕەزایەتی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پڕۆژەیاساکان تێپەڕاێنران.

جیاوازیی نێوان خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمان

خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان نەک ھەر رێگەی بە پەرلەمانتاران نەدا کێشەی دەستور و سەرۆکایەتی ھەرێم بە یاسا چارەسەر بکەن، بەڵکو قەیرانێکی دیکەی زیاد کرد کە ئەویش ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بو لەگەڵ ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان، واتە ئەو دو ھەڵبژاردنەی لەیەکتر دابڕی و وەک گرفتێکی یاسایی چارەسەرنەکراو بە میرات بۆ خولی نوێی پەرلەمانی جێھێشت.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی لە دەستپێکی خولی گرێدانی پاییزەی ساڵی (٢٠١٤)دا و لە (٣/٩/٢٠١٤) واتە تەنھا پاش چوار مانگ لە دەستبەکاربونی خۆی، پرسی ھەمواری پڕۆژەی دەستوری ھەرێمی خستە ئەجێندای کاری پەلەمانەوە. ھەر بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکایەتی پەرلەمان چەند دانیشتنێکی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا ئەنجامدا بۆ ھێنانە کایەی سازانێکی گشتی لەسەر پرسی دەستور و سەرۆکایەتی ھەرێم.

لە (١٢/١١/٢٠١٤) سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کرد بۆ ھەمان مەبەست، ھەردولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەرلەمان دەست بکات بە ھەنگاوە کردارییەکانی ھەمواری دەستور.

مەسعود بارزانی داوای کرد (دەستورێکی نوێ بنوسرێت کە لەگەڵ قۆناغی ئێستادا بگونجێت)، بەمەبەش وادیاربو دەیوست خۆیی و حیزبەکەی ببوێرێت لە پرسی گەڕاندنەوە و نەگەڕاندنەوەی پڕۆژەی دەستور بۆ پەرلەمانی کوردستان.

پاش ھەوڵەکانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ھێنانەکایەی سازانێکی گشتی بۆ ھەموارکردنەوەی دەستور و چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و لیژنەی یاسایی پڕۆژەیەکی پێشکەشکراوی فراکسیۆنی یەکێتییان کردە بنەما، دوای دەستکاریی کردنی، واژۆی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و (٥٧) پەرلەمانتاری لەسەر دانراو لە دانیشتنی رۆژی (١٦/١٢/٢٠١٤)دا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا، بەو ھیوایەی بەزوترین کات راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەسەر ئامادە بکرێت و بەر لە کۆتایی ھاتنی خولی گرێدانی پاییزە پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت و لیژنەی دەستوری پێک بھێنرێت.

بەڵام ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان بەتایبەتی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر مەسەلەی نوسینی دەستورێکی نوێ یان ھەمواری پڕۆژە کۆنەکە و دەستێوەردانی حیزبی و فشار بۆ سەر فراکسیۆنی پارتی لەلایەن ھەندێک لە دەستڕۆشتوەکانی ناو حیزبەکەیانەوە، وایکرد پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی (پڕۆژەی دەستوری کوردستان- عێراق) بۆ راپرسی بکەوێتە رۆژی (١٣/٤/٢٠١٥) و دەنگدان لەسەر ئەندامانی لیژنەی دەستوری بکەوێتە (٢٠/٥/٢٠١٥) و یەکەم دانیشتنیشیان بکەوێتە (٢٥/٥/٢٠١٥) واتە کەمتر لە سێ مانگ بەر لە کۆتایی ھاتنی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم، بەمەش چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی لە رێگەی دەستورەوە بەکردەیی لەباربرا.

پاش لە باربردنی چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی لە رێگەی دەستورەوە، دەستەی سەرۆکایەتی پەلەمانی کوردستان دەستی کردەوە بە زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک و سەرکردەی پێنج لایەنە سەرەکییەکە، ھەربۆیە لە (٥/٤/٢٠١٥)دا سەردانی بارزانی و لە (٦/٤/٢٠١٥) سەردانی محەمەد فەرەج ئەمینداری پێشوی یەکگرتو و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کرد، لە (٩/٤/٢٠١٥) سەردانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشوی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و لە (١١/٤/٢٠١٥) سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد کە ھەردو جێگری سکرتێری گشتی و دەستەی کارگێری ئامادە بون و ھەمو سەرکردەکانی یەکێتی جەختییان کردەوە کە (٣٠) حوزەیران دوبارە ناکەنەوەو دەبێت پرسی سەرۆکایەتی بە رێگای یاسایی لە پەرلەمان یەکلای بکرێتەوە.

لە (٢٢/٤/٢٠١٥) سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد، لە سەرجەم سەردانەکاندا سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لە حیزبەکان کرد کە ھاوکاری فراکسیۆنەکانیان بن لە پەرلەماندا تا رێگەچارەیەکی یاسایی بۆ پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و سازان لەسەر دەستور بدۆزنەوە.

لەسەرەتای مانگی ئایارەوە سەرۆکایەتی پەر‌لەمانی کوردستان زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامدا سەبارەت بەکێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم، بڕیاردرا کە مەتبەخێکی بچوک لە ھەر پێنج فراکسیۆنە سەرەکییەکەی پەرلەمان دروستبکرێت بۆ نوسینی پڕۆژەیاسایەکی ھاوبەش بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و دواتر لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە باس بکرێت.

بڕیاربو لە (١٤/٥/٢٠١٥) یەکەم کۆبونەوەی مەتبەخەکە بە ئامادەبونی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێنج فراکسیۆنەکە سازبدرێت، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئامادەی کۆبونەوەکە نەبون، بەمشێوەیەش پارتی رێگری کرد لە ئامادەکردنی پڕۆژەی ھاوبەش بۆ یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم.

بەڵام ئەو مەتبەخە شکستی ھێناو دواتر چوار پرۆژەیاسا لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە بۆ پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم خرانەڕو کە سەرجەمیان پێشنیاری ئەوەیان کردبو کە؛ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ناو پەرلەمانی کوردستان بەدەنگی پەرلەمانتاران ھەڵببژێردرێت، واتە جەختیان لە چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی دەکردەوە لە ھەرێمی کوردستاندا.

 ئەو پرۆژانە  خرانە بەرنامەی کاری دانیشتنی (٢٣/٦/٢٠١٥)، لە (٢٢/٦/٢٠١٥)دا پارتی دیموکراتی کوردستان بەچەندین رێگەی جیاواز ھەوڵیدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ناچار بکات دانیشتنی (٢٣)ی حوزەیران ئەنجام نەدات، بەڵام ھەوڵەکانی پارتی شکستیان ھێنا، چونکە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای بڕگەی (٢/دوەم/ماددەی ٥٤) و بڕگەی یەک ماددەی (٧١) و بڕگەی یەک ماددەی (٢٠)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بۆ زایەنەبونی مافی ئەو پەرلەمانتار و فراکسیۆنانەی پەرلەمان کە پڕۆژەیان پێشکەش کردبو، بەئامانجی چارەسەری یاسایی بۆ کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و ھێنانەکایەی ھەرچی زوتری سازان لەسەر ئەم پرسە، دانیشتنی پەرلەمانی رێکخست.

ھەوڵەکانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ رێگرتن لە ھەژمونی پارتی 

پاش خوێندنەوەی پڕۆژەیاساکان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوبارە داوای کرد کە لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن و بەھاوکاری فراکسیۆنەکانیان بگەنە رێککەوتن لەسەر گرفتی سەرۆکایەتی ھەرێم، تا لە راپۆرتی لیژنەی یاسایی پەرلەمان جێی بکرێتەوە، بەڵام رەتی کردەوە کە پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە ژێر فشاری ھیچ ئیرادەیەکی دەرەوەی خۆی.

ئەمە یەکەمجار بو فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکات، پێشتر فراکسۆنەکانی (ئۆپۆزسیۆنی خولی پێشو، فراکسۆنی یەکێتی، فراکسیۆنی پێکھاتەکان، فراکسیۆنە یەک کورسییەکان) بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کردبو، بەڵام پارتی ئەمەی بەشکستێکی گەورە زانی کە نەیتوانی بە بایکۆت نیسابی یاسایی تێکبدات.
ھاوکات ئەمە یەکەمجار بو کە فشاری پارتی لە مەسەلەیەکی گرنگ بۆ سەر پەرلەمان شکست بخوات، ھەر لە (سەپاندنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم لەساڵی ٢٠٠٥، تێپەڕاندنی پڕۆژەی دەستور، درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم لەساڵی ‌٢٠١٣، یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش... ھتد)

شکستھێنانی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر

لەپاش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم لە (٢٣)ی حوزەیراندا، پەرلەمانی کوردستان دەرفەتی بەخشییە لایەنە سیاسییەکان تا دانوستان لەسەر ئەو پرسە بکەن و بگەنە رێککەوتنێکی گونجاو، لە خوێندنەوەی یەکەم تا (٢٧/٧/٢٠١٥) پەرلەمانی کوردستان دەرفەتێکی کراوەی بۆ گفتوگۆ لە ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان ئاواڵاکرد بەبێ ئەوەی ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

بەھۆی ئامادەنەبونی پارتی بۆ سازان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم لەگەڵ چوار لایەنە سەرەکییەکەی ھەرێم، سەرجەم ھەوڵەکان شکستییان ھێنا، لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش لە (٩/٨/٢٠١٥) راپۆرتەکەی خۆی واژۆ کردو بەرزی کردەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە (١٢/٨/٢٠١٥) بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا دابەشکرا، بەڵام وەک پێدانی دوا دەرفەت بە پارتی و وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ داخوازی سەرکردەکانی ھێزی پێشمەرگە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پاش بە دەست گەیشتنی راپۆرتی لیژنەی یاسایی جارێکی دیکە دەرفەتی دایەوە دانوستانەکان و داوای کرد کە لایەنەکان پێش کۆتایی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێمی پێشو بگەنە رێککەوتن، بەڵام جارێکی دیکە کۆبونەوەی لایەنەکان بێئەنجام کۆتایی ان ھات. 

لە (٩/٨/٢٠١٥) بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێم کوردستان، واتە (١٠) رۆژ بەر لە کۆتایی ھاتنی وادەی ویلایەتەکەی، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە سەر لەبەری وەسف و ستایشی خۆیی و بنەماڵەکەی بو، سەرجەم ئەو ھەوڵانەشی کە لەدەرەوەی خواست و بەرژوەندییەکانی خۆیی و حیزبەکەی بو بە کودەتا و دوژمنکارانە لە قەڵەم دابو، لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت؛ خۆسەپاندن و کودەتای قبوڵ نییە و ھەمو حیزبەکانی ناو حکومەت و پەرلەمان پەلە بکەن لە گەیشتن بە رێککەوتن و سازان، ئەگەر نا ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت، راشیگەیاند: سەرۆکی پەرلەمان میسداقییەتی نەماوە .

کۆتایی شەرعیەت

لەبەرامبەر کاردانەوەکانی پارتی لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لە (١٤/٨/٢٠١٥) نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە ‌و ئاماژەی بەوەدا؛ ھیچ حیزبێک بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە بۆی نییە دەستتێوەردان بکات لەکاروبارەکانی پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا کارپێکراوەکان کاردەکات، راشیگەیاند؛ لەچەند رۆژی داھاتودا سەرۆکی ھەرێم بەپێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٥) و یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی (٢٠١٣) شەرعییەتی نامێنێت نەک سەرۆکی پەرلەمان.

ئەنجومەنی شورا و پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم

ئەنجومەنی شورای ھەرێم لەسەر بنەمای نوسراوێکی نھێنی (جەعفەر ئیمنیکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە بەبێ ئاگاداری سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاڕاستەی کردبون، لە (١٧/٨/٢٠١٥)دا رادەربڕینێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ھاتبو؛ لەدوای (١٩/٨/٢٠١٥) سەرۆکی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی تا ھەڵبژاردنی داھاتوی سەرۆکی ھەرێم.

کۆبونەوەی پێنج قۆڵی (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، کۆمەڵ) کە لە شەوی پێشوترەوە دەستی پێکردبو، بەبێ ھیچ بەرەو پێشچونێک لە رۆژی (١٩) ئابدا کۆتایی ھات و بەبێ بەشداری ھیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە ئەم دەرئەنجامانە:

بەردەوامی کۆبونەوەی حیزبەکان

دوای چەند کۆبونەوەیەک حیزبەکان لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە رێککەوتن لەوانە؛ -دواخستنی دانیشتنی پەلەمان تا (٢٣) ی ئاب کە دەیکردە رۆژی یەکشەممە.
ئەمە لەکاتێکدا بو کە پێنج لایەنە سیاسییەکە رێکنەکەوتن لەسەر:
١- ئالیەتی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان.
٢-چۆنییەتی چارەسەرکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی بەشێوەیەکی ریشەیی.
٣یان لانی کەم، چۆنییەتی پڕکردنەوەی بۆشایی یاسایی و نەمانی شەرعییەتی سەرۆکایەتی ھەرێم تاکاتی گەیشتن بە رێککەوتن.

(١٩) ی ئاب چی رویدا؟

لە بەرەبەیانی (١٩) ی ئابدا، کۆبونەوەی پێنج قۆڵی کۆتایی ھات بەبێ ئەوەی ھیچ رێگەچارەیەکی دروست و یاسایی بۆ پرسی سەرۆکایەتی بدۆزێتەوە، ئەمەش ھێندەی تر کاری پەرلەمانی سەختتر کرد، پێش دانیشتنەکانی پەرلەمان سەبارەت بە خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، چەندین لێدوان و راگەیاندراوی جیاواز لەلایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانەوە بڵاوکرانەوە، بەڵام بەئاشکرا دیاربو کە فراکسۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ جەخت لەسەر دانیشتنەکە دەکەنەوە و فراکسیۆنی یەکگرتوش دابەشکاری پێوە دیاربو.

دوای ئەوەی نیسابی یاسایی بۆ خوێندنەوەی دوەم لەسەر پڕۆژەیاسای ھەمواری سەرۆکایەتی ھەرێم تەواو نەبو، بۆچونی جیاواز لەلایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانەوە خرانە ڕو.

ھەمو ئەمانە دەیسەلمێنن کە دەستەی سەرۆکایەتیی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان زۆر یاساییانە و بەرپرسیارنەتر مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردوە دور لە دەستێوەردانی حیزبی.‌

دوای (١٩)ی ئاب

دوای (١٩)ی ئابی (٢٠١٥)، کۆبونەوەی حزبەکان درێژەی کێشاو لە کۆبونەوەی ھەشتەمدا، چوار لایەنەکە (گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ) پێشنیارێکی نوێییان خستە بەردەم پارتی کە خۆی لە دو ستوندا دەبیینەوە تاکو پارتی یەکێکیان ھەڵبژێرێ و ئەمانیش ڕەزامەند بن، دو بژاردەکە بریتی بو لە: 
١-ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو پەرلەمان بەچەند دەسەڵاتێکەوە.
٢-ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵک بە دەسەڵاتی شکڵییەوە.
لە رۆژی (٨/١٠/٢٠١٥) وادەی کۆبونەوەی یەکلاکەرەوەی پێنج قۆڵی بو لەشاری جوان، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری گۆڕان رایگەیاند؛ ئەگەر نەگەینە دەرئەنجام ئەوا ھەڵوێستییان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە، سەرۆکی وەفدی یەکگرتوش رایگەیاند: نەگەینە رێککەوتن ئەگەری زۆرە پرسەکە ببەنەوە پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەبری ھەڵبژاردنی یەکێک لە دو بژاردەی چوار لایەنەکە، بە پڕۆژەیەک وەڵامی دانەوە کە تێکەڵکردنی دو بژاردەکەی ئەوان بو، بەشێوەیەک کە سەرۆک لە ناو خەڵک ھەڵبژێردرێت بە دەسەڵاتی زۆرەوە.

ھاوکات لەگەڵ کۆبونەوەی پێنج لایەنەکە، خۆپیشاندان لەنزیک شوێنی کۆبونەوەکە لەلایەن ژمارەیەک چالاکوان ئەنجامدراو خۆپیشاندەران داوای گەیشتن بە رێککەوتنیان لەلایەنەکان دەکرد، باشترکردنی بژێوی ژیانی ھاوڵاتییان و پێدانی موچەش بەشێک بو لە داواکارییەکانی تریان.

پارتی دەستی لە خۆپیشاندەران نەپاراست

رۆژی (٩/١٠/٢٠١٥) خۆپیشاندانێک لە قەڵادزێ ئەنجامدراو دو کەس بەھۆی تەقەکردنی پاسەوانی بارەگاکانی پارتییەوە شەھیدکران، پاشتر خۆپیشاندەرانی توڕە لە کاردانەوەدا بارەگایەکی پارتیان لەو شارە سوتاندو تا درەنگانێکی شەو ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بو، لەھەمان شەودا سەرچاوەیەک لە مەکۆی گۆڕان لە سۆران رایگەیاند؛ بارەگاکەیان تاڵانکراوە، راستەوخۆ ئەم روداوانە کاردانەوەی حیزب و لایەنەکانی کوردستانی بەدوای خۆیدا ھێنا.

 لە (١٠/١٠/٢٠١٥)دا خۆپیشاندانەکان پەرەی سەندو چەندین شارو شارۆچکەی کوردستانی گرتەوەو لە ئاکامدا پێنج کەس کوژران و (١٤٤) کەس برینداربون، مەکتەبی سیاسی پارتی لە ھەمان رۆژدا بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە کە بە نەفەسی شەڕی ناوخۆ نوسرابو، سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان و توندوتیژییەکانی خستە پاڵ نەوشیروان مستەفا و گۆڕان و دامودەزگاکانی یەکێتیشی بەکەمتەرخەم زانی.

پاش ئەو روداوانە پارتی ھەڵیکوتایە سەر بارەگای کەناڵەکانی (ئێن ئارتی و کەی ئێن ئێن) و سەرجەم ئۆفیسەکانیان لە ناوچەی قەڵەمڕەوی پارتیدا داخران و بەشێک لە کارمەندەکانیشیان لە سنوری دێگەڵەوە بەرەو سلێمانی دەرکران، ھاوکات لە ھەولێر و دھۆک تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک راگیرا.

پارتی و پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکان

لە (١١/١٠/٢٠١٥) پارتی بڕیاریدا تیمی وزرای بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا دوربخاتەوە، ئەو بڕیارە لە کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتیدا درا کە راستەوخۆ مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەکرد، بەوتەی کاکەمین نەجار، بەرپرسی سەرکردایەتی ھەولێری پارتی، بارزانی خودی خۆی بڕیاری رێگریی کردنی لە وەزیرەکانی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمانی دەرکردوە، ھێمن ھەورامی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیش رایگەیاند؛ چیتر وەزیرەکانی گۆڕان بەشێک نین لە حکومەت.

رۆژی (١٢/١٠/٢٠١٥) سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڕانەوەدا بو بۆ سەر کارەکەی لە ھەولێری پایتەخت، بەڵام پارتی لە بازگەی پردێ ھێزێکی زۆری سەربازی کۆکردبوەوە و رێگری کرد لەوەی د.یوسف محەمەد، بگەڕێتەوە ‌و دەست بەکار و چالاکییەکانی بکاتەوە، دواتر لەبەر پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و تێکنەدانی نێوماڵی کوردی، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا بگەڕێتەوە سلێمانی و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەو کارەی پارتی کودەتایە و داگیرکردنی ھەولێری پایتەختە، راشیگەیاند؛ ئەگەر ئەوەندە ھێز کە ئەمڕۆ ئامادە و دامەزراوبون لە بازگەی پردێ، لە شەنگال سازبکرانایە ئەوا ئێستا سەدان ژن و منداڵمان لای داعش نەدەبون.

بیانوی پارتی بۆ ئیفلیجکردنی پەرلەمان

بەمشێوەیە پارتی بەبیانوی خۆپیشاندانەکان و مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆ، کارەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەکخست تا کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم بەیاسا چارەسەر نەکرێت و سەرۆکی پارتیش لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکان بەردەوام بێت لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم، ئەوە لەکاتێکدا بارزانی بەردەوام لە پەیام و وتارەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پێشمەرگەیەکە و ھەرگیز خواستی پلەو پایەی نییە، لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕانیشدا قەیرانێکی دارایی سەخت روی لە حکومەتی ھەرێم کرد کە بەشێوەیەکی سەرەکی ھۆکارەکەی دەگەڕێـتەوە بۆ نەگرتنەبەری سیاسەتێکی حەکیمانە لە بەڕێوەبردن و ھەروەھا لەو گرێبەستە نەوتیانەی کە بەشێوەیەکی تاکڕەوانە و بەنەشارەزایانە لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان ئەنجامی داون کە لەو چوارچێویەشەدا چەندین کەیسی لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بەرامبەر بە کۆمپانیا زەبەلاحەکان دۆڕاندوە و بەبڕێکی یەکجار زۆر سزا دراوە، ھێشتا مەسعود بارزانی خۆی بە سەرۆکی ھەرێم دەزانێت و لەئێستاشدا بانگەشەی ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکات لەکاتێکدا کە نێوماڵی کوردی لەیەک ترازاوە و قەیرانی دارایی وایکردوە ھیچ کام لە دامودەزگا حکومیەکان بەباشی کاروبارەکانیان نەڕوات بەڕێوە.
زۆرێک لە چاودێران رۆژی (١٩)ی ئاب بە سەرەتای ئەو لێکترازانە دەبینن کە پارتی ھۆکارە سەرەکییەکەی بو، بەڵام بەدیوێکی دیکەدا (١٩)ی ئابی بەھێزیی ئیرادەی سەرۆکایەتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەسەلمێنێ کە نەچونە ژێر باری حیزب و وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ مامەڵەیان بە پەرلەمانەوە کرد لە ئاست پرسیێکی چارەنوسسازی وەک دەستور و سەرۆکایەتی ھەرێم.

دو ساڵ دوای (١٩)ی ئاب

دوا دو ساڵ بەسەر ئەو روداوانەدا و بەردەوامیی قەیرانی دارایی و سەپاندنی پاشەکەوتی موچە و بانگەشەی ریفراندۆم و ھەوڵەکانی پارتی بۆ کاراکردنی پەرلەمان و گرتنەبەری چەندنی رێوشوێن بۆ ئەو مەبەستە و شکستھێنانی لەسەرجەمیاندا، جارێکی دیکە پارتی داوای کۆبونەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان و ئاسایی کردنەوە بێمەرجی پەرلەمانی کوردستان و گەڕانەوەی تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان دەکات بۆ ناو حکومەت، دوای بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ھەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دوا کۆبونەوەی خۆیدا دانوستان و گفتوگۆی لەگەڵ ھیچ لایەنێک رەتنەکردەوە، بۆ باشکردنی بژێوی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و سیاسییەکان.

ئەولەویەتی گۆڕان

لە کۆبونەوەی رۆژی (١٢)ی ئابی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا جەخت لەسەر باشکردنی ژیان ‌و بژێوی ھاوڵاتیان کرایەوە و رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆکردنی نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بژاردەیەکی گونجاو دەزانێ بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی:

یەکەم: ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە، کە حکومەتی ھەرێم بە نایاسایی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندویەتی.

دوەم: دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە داھاتی نەوت‌و غازو داھاتە ناوخۆییەکانی تر لە رێگای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٥)ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتی و گازییەکانی کوردستان و یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەت‌و دەستەکانی ھەرێمی کوردستان. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێ پارەی کۆمپانیاو کاسبکاران بدرێتەوەو پارەی پرۆژە پەکخراوەکان خەرج بکرێ‌و خزمەتگوزاری لە ھەمو کەرتەکاندا چاکبکرێت.

سێیەم: راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی ھەمو خەڵکی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە. ریفراندۆم ئامرازێکە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (٢٥/٩/٢٠١٧) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و ھەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و کۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات‌و ھەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.

چوارەم: پەرلەمانی کوردستان، دوای رێکەوتنی سیاسی نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکان، ئاسایی بکرێتەوەو درێژە بە کاری یاسادانان‌و چاودێری بکات‌و بەردەوام بێت لە ھەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی لە کوردستان.

پێنجەم: ھەڵبژاردنە گشتییەکان لە وادەی یاسایی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.  


‌‌‌
8/24/2017 4:02:22 PM
Print Friendly and PDF