راپۆرت

رەهەندە سیاسی‌و یاساییەكانی ریفراندۆم


بزاڤ پرێس:

بڕیاری ئەنجامدانی راپرسی ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوریی نییە، وەک قانونییەکانی عێراق دەڵێن: ئەوەی لەسەر پوچی بنیاتکرابێت ھەر پوچە. ئەم راپرسییە تەنانەت راپرسی راوێژکاریش نییە، چونکە بەگوێرەی یاسایەکان‌و ئەو بڕیارەی باسکرا، ھیچ لایەنێک‌و دامەزراوەیەک ناتوانێت بڕیار لەم پرسە چارەنوسسازە بدات جگە لە پەرلەمانی ھەرێم.

ئەمە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەلایەن نیزام فەیسەڵ سادقەوە ئامادەکراوە. لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم ھەنگاوەی ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، جگە لە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ھەڵبژاردنی گشتی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، ھیچی دیکە لێ ناخوێندرێتەوە.

دەقی لێکۆڵینەوەکە
رەھەندە سیاسی‌و یاساییەکانی ریفراندۆمی (٢٥/٩/٢٠١٧)
نیزام فەیسەڵ سادق
ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەیلولی ٢٠١٧


ناوەڕۆک

پێشەکی
یەکەم: ریفراندۆم چییە؟
دوەم: ھەڵسەنگاندنی بڕیارەکە لە دیدی سیاسییەوە
سێیەم: ھەڵسەنگاندنی بڕیارەکە لە دیدی یاساییەوە
کۆتایی
سەرچاوەکان

پێشەکی
رۆژی ٧/٦/٢٠١٧ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای کۆتایی ھاتنی ویلایەتەکەی، وەکو سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ بەشێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم، جگەلە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوەوە، لەو کۆبونەوەیەدا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن و کۆبونەوەکە دەرکردنی فەرمانی ھەرێمی ژمارە ١٠٥ لە ٨/٦/٢٠١٧ ی لێکەوتەوە. لەفەرمانەکە پێنج خاڵ لە خۆدەگرێت و تایبەتە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، دیاریکردنی رۆژەکەشی بۆ کۆمسیۆنی ھەرێم بەجێھێشتوە لەکاتێکدا رۆژی ٦/١١/٢٠١٧ ماوەی یاسایی پەرلەمانی ھەرێم کۆتایی دێت. ھەر لە کۆبونەوەکەی بارزانی لەگەڵ لایەنە بەشداربوەکان، بڕیاریاندا رۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ واتە یەک مانگ بەر لە ھەڵبژاردنە گشتییەکان، راپرسی بۆ سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەجێناکۆکەکانی دەرەوەی ھەرێم ئەنجامبدرێت.

لە دوای پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم لە ساڵی ١٩٩٢، ھەروەھا دوای ھەڵبژاردنی یەکەم سەرۆکی ھەرێم لەساڵی ٢٠٠٥، یەکەمجارە دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەنگاوێکی لەم جۆرە داھاوێژن، ئەویش دیاریکردنی رۆژێکە بۆ ئەنجامدانی راپرسی "بەمەبەستی" سەربەخۆیی ھەرێم. بڕیارەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، کاردانەوەکان بریتی بون لە ناڕەزایی و رەتکردنەوەی بڕیارەکە، چ لەلایەن بەشی زۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستان، چ لەلایەن بەغدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە لە روی سیاسییەوە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بوە جێگەی باس و مشتومڕی لایەنەکانی ھەرێم. لەلایەکی دیکەوە؛ دەرکردنی بڕیارێک لە کۆبونەوەی چەند حیزبێکی سیاسی و لەدەرەوەی ھۆڵی پەرلەمان، پرسیاری یاسایی بونی بڕیارەکەی لێکەوتەوە، بۆیە لە روی یاساییەوە، بڕیارەکە ھەڵوێستی جیاواز و ئیشکالیەتی یاسایی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دو ساڵە سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کورستان بە بەکارھێنانی ھێز رێگریی لێکراوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، بەو ھۆیەوە پەرلەمان لە کارەکانی وەستێندراوە، سەرەڕای مەترسیداری دۆخی ناوخۆ و بڕیاری موچە بڕین بەناوی پاشەکەوتی موچە لەلایەن حکومەتی ھەرێم، دامەزراوەکانی ھەرێم دور لە پەیڕەوکردنی یاسا بەمشێوەیە بەڕێوە دەبرێت:
١. پۆستی سەرۆکی ھەرێم کێشەی یاسایی و شەرعیەتی ھەیە، سەرۆکی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٠٥ وە، واتە دوازدە ساڵە لەو پۆستەدایەو لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ویلایەتەکەی کۆتایی ھاتوە، بۆیە پرسەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە دەستپێکردنی جەنگی داعش و دەکرا بەھەڵبژاردن چارەسەر بکرایە، جگە لە درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی بەشێوەیەکی نایاسایی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ ماوەی دو ساڵ، دوای ئەو دو ساڵە بەبێ پاڵپشتی یاسایی بەردەوامە لە پۆستەکەی.
٢. حکومەت، ماوەی ١٩ ساڵە دو ساڵی لێ دەرچێت تەنھا یەک کەس سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، دوای ٢٦ ساڵ لە ئەزمونی حوکمڕانی، حکومەتی ھەرێم بە نیوە ئیفلیجی و دەرکردنی پێنج وەزیری سەربە بزوتنەوەی گۆڕان و دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبا لەم کابینەیە، لە ئێستادا وەکو حکومەتێکی کاربەڕێکەر بەبێ یاسای بودجەی ساڵانە و بەبێ چاودێری پەرلەمان لە کارەکانی بەردەوامە و سەرباری ئەم ھەمو قەیرانە، ھەڵناوەشێتەوە.
٣. سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، تا خانەنشین کرا بە نایاسایی ماوەی سەرۆکایەتییان بۆ درێژکردەوە، لە ئێستاشدا کەسێکی دیکە لە شوێنی داندراوە بەڵام نەتواندراوە سەرۆکێک بۆ ئەم دەسەڵاتە گرنگەی ھەرێم دیاری بکرێت.
٤. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێم، چەندین دەزگاو دامەزراوەی دیکە ماوەی کارکردنییان کۆتایی ھاتوە و بەردەوامن لە کارکردن.
٥. ھەرێمی کوردستان وەک کانتۆنێکی عێراق دەستوری نییە، ئازادی رۆژنامەگەریی و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە ھەولێری پایتەخت و شارەکانی دیکە بەشێوەیەکە، بوەتە سەرچاوەی رەخنەی راپۆرتە جیھانییەکان و نیگەرانی نێودەوڵەتی.
٦. دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان، کێشەی گەورەی لە بەردەمدایە و خەڵک بە نائومێدییەکی قوڵەوە لەم دۆخە دەڕوانێت، بۆیە لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکان و جەنگی داعش، ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیانی ھەرێم رویان لە رێگای ھات و نەھاتی ھەندەران کرد.
٧. گرنگترین پرسیار لە ئێستادا ئەمەیە؛ ئایا بڕیاری ریفراندۆم لە رۆژی ٢٥ ی ئەیلول بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و جیابونەوەی لە عێراق، بڕیارێکی یاساییە؟ لە رویی سیاسییەوە چارەسەری کێشەکان دەکات؟ یاخود قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە؟

یەکەم: ریفراندۆم چییە؟
ریفراندۆم پێناسە دەکرێت بە؛ خستنەڕوی بابەتێکی گشتیی بۆ گەل، بەو سیفەتەی گەل خاوەنی سەروەرییە، بۆ ئەوەی بۆچونی خۆی بە ئازادانە دەرببڕێت، جا بابەتەکە یاسایی و دەستوریی بێت، یاخود سیاسی، ئەمەش شێوازێکە لە شێوازەکانی بەشداری راستەوخۆی گەل لە حوکمڕانی و بڕیارەکاندا. ریفراندۆم یاسایی، دەستوریی، ھەروەھا سیاسی دەبێت، لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک سەربەخۆیی و جیابونەوە، پەسەندکردنی دەستور، ھەروەھا بۆ پەسەندکردنی یاساکان ئەنجام دەدرێت.

لە روی بابەتەوە، ھەروەھا ئەو لایەنەی بە پرۆسەکە ھەڵدەستێت؛ ریفراندۆم جیاوازی ھەیە لەگەڵ (ئیستیتلاعی رەئی)، کە پەیمانگایەک یان رێکخراوێک پێی ھەڵدەستێت. ریفراندۆم لە روی شوێنەواری یاساییەوە دو جۆری ھەیە، ئیلزامی و راوێژکاریی، ئیلزامی وەکو چەندین نمونەی سەربەخۆیی کە بەگوێرەی یاساکانی ناوخۆ و یاسای نێودەوڵەتی، پابەندبونی یاسایی لێدەکەوێتەوە. بەڵام ریفراندۆمی راوێژکاریی؛ ئەو ریفراندۆمەیە کە ھیچ پابەندبونێکی یاسایی تێدا نییە و تەنیا وەرگرتنی بۆچونە، ھەندێک لە یاساناسان پێیان وایە ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول راوێژکارییە، جاران لەسەردەمی کۆڵۆنیالیزم؛ وڵاتێکی داگیرکەر لە رێگای راپرسییەوە پرسی بە دانیشتوانی وڵاتە ژێردەستەکەی دەکرد تاکو بزانێت چییان دەوێت. بەمدواییە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (بی بی سی) بەریتانی، گوتبوی: "مەبەست لەم راپرسییە بۆ ئەوەیە بزانین خەڵکی خۆمان چیان دەوێت!" قوباد تاڵەبانی لێرە کەوتبوە ھەڵەیەکی گەورەو ئەوەی لەبیر نەبو حیزبەکەی‌و نەوەکانی پێشو لە پێناو دەوڵەتی کوردی‌و سەربەخۆییدا خەباتیانکردوەو دەیکەن.

لە مێژوی سیاسیی ھاوچەرخدا، بۆ یەکەمجار ریفراندۆم لە ساڵی ١٨٧٤ ھێندرایە ناو دەستوری وڵاتی سویسرا. چەند نمونەیەک ھەیە لە بەکارھێنانی مافی چارەنوس وەکو: باشوری سودان، تەیموری خۆرھەڵات، ھەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، ھەرێمی کیوبیک لە کەنەدا، ھەروەھا سکۆتلەندا لە بەریتانیا، کە ھەمویان لە رێگای یاساوە قۆناغەکانییان بڕیوە. بە گوێرەی پرنسیپە جیھانییەکان، راپرسی کۆمەڵێک مەرج و رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری پێویستە، بۆ ئەوەی وەکو ریفراندۆم ھەژماربکرێت و دانپیانانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەدەست بھێنێت:
١. ئازادی دەنگدان و بانگەشەکردن: کەشێکی ئازادی بەشداری بەر لە دەنگدان و دوای دەنگدان، ناکرێت دەسەڵاتێک یان ھێزێک خەڵک چاوترسێن بکات بەوەی؛ ئەوەی لەگەڵ راپرسی و دەنگدان نەبێت خائین و خۆفرۆشە! جگەلەوەش دەنگدان بۆ ھەر راپرسییەک لە ژێر سایەی بەکارھێنانی ھێز و بێلایەن نەبونی ھێزەچەکدارەکان، راپرسییەکە بێ بەھا دەکات. 
٢. پێویستە ریفراندۆمەکە رون بێت: لە ھەمو جۆرێکی ریفراندۆم پرسیارێک یان بۆچونێکی تێدایە، بە بەڵێ یان نەخێر بەشداربوانی راپرسی رەئی دەردەبڕن، پێویستە ئەو پرسیارە یان ئامانجی راپرسییەکە رون و بێ تەمومژبێت، ناکرێت و لۆژیک قبوڵ ناکات؛ لەناوخۆی وڵات بە چڕی بانگەوازی راپرسی بکەی بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوە، لە سەرئاستی نێودەوڵەتیش بە ھەمو دنیا و رابگەیەنی کە راپرسییەکە بۆ مەبەستی سەربەخۆیی و گەڕانەوەی ناوچە جێناکۆکەکان نییە.
٣. چاودێری نێودەوڵەتی: چاودێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی دیکەی نێودەوڵەتی بۆ سەر ھەر راپرسییەک، مەرجێکی گرنگی شەرعیەتە و زامنی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە.
٤. رەزامەندیی دەسەڵاتی ناوەند: بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەو ھەرێمانەی لە دەوڵەتێک جیا دەبنەوە، پێویستە رەزامەندیی ئەو وڵاتە بەدەست بھێنێت.

دوەم: ھەڵسەنگاندنی بڕیارەکە لە دیدی سیاسییەوە
١. لەسەر ئاستی ناوخۆ
ئاشکرایە دۆخی ھەرێمی کوردستان، لە دۆخێکی چەقبەستوی سیاسی بێ دامەزراوەی شەرعی و خراپی رەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتییە، رۆژبەرۆژ رەوشەکە بەرەو خەراپتر دەچێت، سەرەڕای کۆتایی جەنگی داعش و ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێم بەشێوەی سەربەخۆ، کەچی قەیرانەکان و کولەمەرگی بژێوی زۆرینەی خەڵک بەردەوامە، بێ متمانەییەکی قوڵ باڵی کێشاوە بەسەر ھاوڵاتیان و پارتە سیاسیەکان. رەوشەکە بەو شێوەیەیە کە لە سایەی سیاسەتی ھەردو حیزبی دەسەڵاتدار و حکومەتی ھەرێم دەیبینین، حکومەتێک بەبێ چاودێری پەرلەمان و فرە قەیران، حکومەتێک تیایدا رۆژانە فەرمانی وەزاری دور لە یاساو رێنماییەکان دەردەچێت بەھۆی ئەوەی پێنج وەزیری حزبی دوەم کە بزوتنەوەی گۆڕانە، بە زەبری ھێزوچەکدار دور خستوەتەوە، رۆژانە فەرمانی وەزاری و نوسراوی وەزاری لەلایەن چەند وەزیرێک ئیمزا دەکرێت کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشان نەکراون رانەسپێردراون، بۆیە ئەم کابینەیە شەرعیەتی لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە.

ئەگەر پێناسەی سیاسەت بە "رێکخستنی فەزای گشتی" بکرێت، ئەوا بڕیارەکەی ریفراندۆم فەزای گشتی ھەرێم ئاڵۆزتر دەکات و بەربەرستێکی گەورە دەخاتە بەردەم ئاسۆی چارەسەری، چونکە:
• دوای تێپەڕبونی ٢٥ ساڵ بەسەر ئەزمونی شەرعیەتی ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم، بریاردان لە بابەتێکی چارەنوسساز و گرنگی وەک ریفراندۆم لەلایەن چەند حزبێکەوە بە بێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوەکان، نەنگیەکی گەورەو لەکەیەکی سیاسی گەورەیە، لەسەردەمی بەرەی کوردستانی زۆربەی لایەنە سەرەکییەکان بەشداربون لە بڕیاردانی سیاسی، بەڵام پێگەی سیاسی کۆبونەوەکەی ریفراندۆم لە ئاستی بەرەی کوردستانی نزمترە، چونکە دو لایەنی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، کە نزیکەی ٣٠ کورسی پەرلەمانیان ھەیە، بەشدارنەبون لە کۆبونەوەکە. بڕیاری ریفراندۆم ھەرێمی کوردستانی لە ھەرێمی خاوەن دەزگا شەرعیەکانەوە نزمکردۆتەوە بۆ ئاستێکی نزمتر، ھەرێمی کوردستانی لە ئاستی ویلایەتێکی فیدڕاڵی عێراق دابەزاندوە بۆ چەند پارێزگایەکی سەردەمی بەرەی کوردستانی، بێگومان لە غیابی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، ئاستی کۆبونەوەکە لە ئاستی بەرەی کوردستانیش نزمترە، چونکە بەرە جگە لە بزوتنەوەی ئیسلامی، ھەمو حزبە گەورەکانی ھەرێمی تێدا بەشداربو.
• کێشەی سەرەکی نێوان لایەنە سیاسیەکان کە سەرچاوەکەی بریتییە لە کۆتایی ھاتن و تێپەڕبونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم و بەردەوامبون لە خراپ بەکارھێنانی، دوای ئەوەی پەرلەمانی ھەرێمیش لە کارەکانی وەستێندرا و حکومەت روبەڕوی قەیرانی شەرعی بون و بێ متمانەیی بو، بڕیارەکەی ریفراندۆم ئاماژەیەکە بۆ درێژەدان بەم قەیرانی بێشەرعیە، چونکە تاکە رێگای چارەسەری بە ئاشتیانە بە ھەڵبژاردن دەبێت، ئەم بڕیارەش بەربەستێکی ھێنایە پێشەوە بۆ بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە گشتییەکان، لە کاتێکدا دەبوایە سەرۆکی ھەرێم رەمزی کۆکردنەوەی لایەنەکان و یەکپارچەیی خاکی ھەرێم بوایە کە ئێستا بە ھۆی دو ئیدارەیی و ناکۆکی لایەنەکان قەوارەی ھەرێم لە بەردەم لێکترازانێکی مەترسیدار دایە. لە ماوەی ١٢ ساڵی سەرۆکایەتی ھەرێم بە شەرعی و ناشەرعیەوە، دەیتوانی ئەو لێکدابڕانەی سۆران و بادینان گرێبداتەوە و نەتەوە دروست بکات کە ئێمە وەکو پێکھێنەرەکانی دەوڵەت یان ھەرێم نەتەوەیەکی یەکگرتومان نییە، دەیتوانی ھەندێک بنەماو بناغەی ژیانێکی ئازاد و بەکەرامەت بۆ تاکی کورد بچەقێنێت، کە زۆر لە دەوڵەت و سەربەخۆیی و جیابونەوە بۆ ھەمو مرۆڤێکی ئەم ھەسارەیە گرنگترە.

٢. لەسەر ئاستی دەرەوەی ھەرێم
بەھۆی تایبەتمەندیی‌و ھەڵکەوتەی جیۆسیاسی ھەرێمی کوردستان‌و مێژوی خەباتی گەلی کورد لە باشور، قەوارەی ھەرێم پێویستی بە باشترین ئاستی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتانی جیھانی و ھەرێمایەتی، بەتایبەتی تورکیا و ئێران لەلایەک، وڵاتانی زلھێزی خۆرئاوا لەلایەکی دیکەو ڕاگرتنی ھاوسەنگی پەیوەندییەکان لە نێوانیان. ھەروەک چاوەڕوان دەکرا، دوای چەند سەعاتێک لە بڵاوبونەوەی ھەواڵی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، ھەریەک لەوڵاتە زلھێزەکانی جیھان: روسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا ھەروەھا ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، دژایەتی خۆیان بە رون و رەوان بۆ ھەر ھەڵوێستێکی لەم شێوەیەی ھەرێم دەربڕی، دوای ئەوەش تورکیا و ئێران دژایەتی خۆیان بۆ ئەم ھەڵوێستەی پارتی و دژی بڕیاری ریفراندۆم دوپاتکردەوە، تورکیا لە سەر زاری بینالی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بڕیاری راپرسی لەلایەن بارزانییەوە بە "نابەرپرسانە" وەسفکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر چەندین جار ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، بە توندی دژی جیابونەوەی ھەرێم‌و دابەشبونی عێراق ھەڵوێستیان وەرگرتوە. دوای بڵاوبونەوەی بڕیارەکەی راپرسی، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاماژەکردن بۆ دەستوری عێراق کە پێنج نوێنەری کورد لە بەغدا ئیمزایان لەسەرکردوەو لە راپرسییەکەی ساڵی ٢٠٠٥، دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بە بەڵێ پەسەندیان کردوە، ھەڵوێستی حکومەتی ناوەندیی ئاشکرا کرد، عەبادی لە لێدوانەکەی؛ بەشێوەیەکی قاتیع بابەتی ریفراندۆمی ھەرێمی رەتکردوەو بە نادەستوری وەسفی کرد. ئاشکراشە شەرعیەتی بڕیاری ریفراندۆم‌و جیابونەوە بەپێی پرنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، بەندە بە رەزامەندی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

چاوپێکەوتنەکەی دیپلۆماتکاری پارتی‌و وەزیری پێشوی دەرەوەی عێراق، ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە رۆژی ٩/٦/٢٠١٧ لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، ناوبانگی ھەرێم‌و ھەنگاوەکانی بڕیاری ریفراندۆمی خستە ژێر پرسیار‌و گومانەوە. زێباری لە چاوپێکەوتنەکەیدا رایگەیاند: ریفراندۆمەکە بۆ جیابونەوە لە عێراق نییەو مەبەست تیایدا گەڕانەوەی کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان نییە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

بێگومان لێدوانێکی لەمشێوەیەی زێباری، کە دژیەکە لەگەڵ بڕیاری ریفراندۆم لەلایەن چەند حزبێکەوە، خزمەت بە دۆزی کورد و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان‌و پشتگیریی وڵاتان بۆ ھەرێم ناکات، لەکاتێکدا بەھۆی جەنگی داعشەوە ناوبانگی پێشمەرگەو ھەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی زیاتر کەوتە بەر روناکی، پێشتریش لەسەردەمی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا، ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ئەمن و ئاسایش‌و بونی حکومەت‌و پەرلەمانی ھەڵبژێردراو، بە "عێراقەکەی تر" ناسرابو، بەھۆی بەسەرچونی سەرۆکایەتی ھەرێم، داخستنی پەرلەمان بە بەکارھێنانی ھێز، بڕینی نانی میللەت بەناوی پاشەکەوتی موچە، کوشتنی رۆژنامەنوسان‌و نەبونی ئازادی و کۆچ بۆ ھەندەران، ھەروەھا سیاسەتی ناجۆری پارتی، ناوبانگی "عێراقەکەی تر" کە ھەرێمی کوردستانە لەکەدار و عەیبدار کرا.

سێیەم: ھەڵسەنگاندنی بڕیارەکە لە دیدی یاساییەوە
بڕیاری ریفراندۆم بەگوێرەی یاساکانی ناوخۆ
پرۆسەی ریفراندۆم لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی یاساییەو ئێمە لە یاسا شتێکمان نییە بەناوی ریفراندۆمی یاسایی یان ریفراندۆمی نا یاسایی، ئەگەر کەموکوڕیەک لە روی یاساییەوە ھەبێت زیاتر زاراوەی شەرعی و ناشەرعی بون بەکاردێت، نەک یاسایی، چونکە لە بنەڕەتدا ئەگەر یاسایەکی تایبەت‌و دیاریکراو لە پەرلەمانەوە دەرنەکرا، شتێکمان نابێت پێی بگوترێت راپرسی. بۆ یاسایی بونی راپرسی، دو پرسیاری گرنگ ھەیە پێویستە وڵامەکەی بزاندرێت:
پرسیاری یەکەم/ کێ مافی بڕیاری ریفراندۆمی ھەیە؟ لایەنی بڕیاردەر لەھەرێم کێیە؟
نەبونی دەستور لە ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە ھۆکارەکان بو بۆ ئەوەی پەرلەمانی ھەرێم بڕیاری ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ دەربکات، لە دەقی بڕیارەکە ھاتوە: "پەرلەمانی ھەرێم تاکە مەرجەعی سیاسی‌و دەستورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستانی عێراق، لە دیاریکردنی پەیوەندی دەستوری لەگەڵ دەسەڵاتەکانی کۆماری فیدراڵدا .." بەگوێرەی ئەم بڕیارە؛ ریفراندۆم لەلایەن پەرلەمانی ھەرێمەوە بڕیاری لێدەدرێت و ھیچ دەزگایەکی دیکە لە شوێنی پەرلەمان بۆی نییە ئەم بڕیارە بدات، چونکە بەگوێرەی ناوەڕۆکی بڕیارەکە:
• ریفراندۆم بە پرسێکی چارەنوسسازی زۆر گرنگ دادەندرێت.
• ریفراندۆم بابەتێکە شێوازی پەیوەندی نێوان ھەرێم‌و دەسەڵاتی ناوەندیی (بەغدا) دیاریدەکات و دەستکاریی دەکات.

جگەلەمەش ئێمە کۆمەڵێک یاسامان ھەیە کە رەھەندی دەستوریان ھەیەو پەیوەندیدارە بە پرسی ریفراندۆمەوە، ئەم یاسانە جارێکی دیکە بابەتەکە بە رونی یەکلایی دەکەنەوە؛ وەکو یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ ی ھەموارکراو، یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥، یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ژمارە سێی ساڵی ١٩٩٢ ی ھەموارکراو، ھەروەھا یاسای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٤ .

بەگوێرەی ماددەی سێیەمی یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٤ ی پەرلەمانی ھەرێم، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان وەک دەستەیەکی پیشەیی‌و بێلایەنی سەر بە پەرلەمان‌و بەرپرس بەرامبەر پەرلەمان، لایەنی بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی ھەر راپرسییەک‌و ھەڵبژاردنێکی گشتی کە لە ھەرێمدا ئەنجامبدرێت. بەگوێرەی ئەم یاسایە، جگە لە پەرلەمانی کوردستان ھیچ کەس‌و دامەزراوەیەکی دیکە بۆی نییە فەرمان بە کۆمسیۆن بکات بە ئەنجامدانی راپرسی یان ھەڵبژاردنی گشتی، واتە ھەریەک لە حزبەکان، سەرۆکایەتی ھەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، ھەروەھا ھەر دەستە و وەزارەتێکی دیاریکراو، بۆی نییە بڕیار یان فەرمان بکات بە کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی راپرسی و ھەڵبژاردن، چونکە تاکە مەرجەعی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن پەرلەمانە. بەگوێرەی ئەم یاسایە کە یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنە، پەرلەمان رۆڵی سەرەکی‌و کۆتایی ھەیە لە ئەنجامدانی ھەر ھەڵبژاردن‌و راپرسییەک. لە یاساکەدا ھاتوە، ھەر نۆ ئەندامەکەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێن.  جگە لەمەش ھەر راپرسییەک پێویستی بە یاسایەک ھەیە رێوشوێنی راپرسییەکەو رێکارەکانی دیاری بکات، بۆ ھەر ریفراندۆمێک پێویستە لە پەرلەمان یاسایەک دەربچێت بۆ دیاریکردنی ئەو پرسیارەی لە دەنگدەران دەکرێت، بۆ دیاریکردنی سنوری جوگرافی دەنگدەران، ھەروەھا بۆ رونکردنەوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە، دەکرێ بە تەنیا یاسایەک چەندین خول ھەڵبژاردنی پێ ئەنجامبدرێت، بەڵام ھەر راپرسییەک یاسایەکی پێویستەو ناتواندرێت یاسایەک بۆ دو ریفراندۆم بەکاربێت. بێگومان یاساش لە زەمانی یۆنانی کۆنەوە لە دامەزراوەی پەرلەمانەوە دەردەچێت نەک لە مەکتەبی سیاسی‌و کۆبونەوەی حزبەکان.

پرسیاری دوەم/ کێ ئەرکی جێبەجێکردنی ریفراندۆمی لە ئەستۆیە؟ لایەنی جێبەجێکار کێیە؟
ھەرێمی کوردستان دەستوری نییە، بەڵام ئەو یاسا و بڕیارانەی رەھەندی دەستوریان ھەیە، ئەم بابەتەیان یەکلایی کردوەتەوە، بۆیە یاسابەرکارەکان لەھەرێم، بەڕونی لایەنی بڕیاردەر و لایەنی جێبەجێکاری ریفراندۆمی لەنێو دەقە یاساییەکان دیاریکردوە، تەواوی پرۆسەکە لە چوارچێوەی یاسا وێنەکراوە، یاسا ھیچ دەلاقەیەکی نەھێشتۆتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم پرسە نیشتمانییە ستراتیژە، لەلایەن ھەر کەس و حزب و دامەزراوەیەکەوە بێت. ھەروەک یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٤ ی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی، بە وردی دەسەڵاتی جێبەجێکاری پرۆسەی راپرسی دیاریکردوە؛ کە بریتییە لەو دەستە سەربەخۆیە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری پەرلەمانی ھەرێم.

بۆیە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی دەزگای تایبەتمەندە بە ئەنجامدانی ھەر راپرسی‌و ھەڵبژاردنێک کە لە ھەرێم ئەنجامبدرێت، چاودێری سەرەکی و سەرپەرشتیاری کۆمسیۆنەکەش پەرلەمانی ھەرێمە.

کۆتایی
١. لایەنی بڕیاردەر و جێبەجێکاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و راپرسی، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازی ھەیە، یەکێک لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن، یان دەسەڵاتی دادوەریی دەبێت، لە ھەندێک وڵات دەسەڵاتی بڕیاردانی راپرسی دراوە بە حکومەت، لەم راپۆرتەدا بۆمان دەرکەوت لە ھەرێمی کوردستانی عێراق؛ دەسەڵاتی بڕیاردانی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ئەستۆی پەرلەمانی ھەرێمە. بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکەش کۆمسیۆنێکی تایبەتی سەربەخۆ کە پێی دەڵێن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، لەلایەن پەرلەمانەوە رادەسپێردرێت‌و کۆمسیۆنەکەش پررۆسەکە ئەنجامدەدات.
٢. بڕیاری ئەنجامدانی راپرسی لە رۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ لەلایەن سەرۆکی ھەرێم، ویلایەتەکەی کۆتایی ھاتوە، لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە حزبە سیاسیەکان، ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوریی نییە، وەک قانونییەکانی عێراق دەڵێن: ئەوەی لەسەر پوچی بنیاتکرابێت ھەر پوچە. ئەم راپرسییە تەنانەت راپرسی راوێژکاریش نییە، چونکە بەگوێرەی یاسایەکان‌و ئەو بڕیارەی باسکرا، ھیچ لایەنێک‌و دامەزراوەیەک ناتوانێت بڕیار لەم پرسە چارەنوسسازە بدات جگە لە پەرلەمانی ھەرێم، تەنانەت ئەگەر سەرۆکایەتی ھەرێم کێشەی بەسەرچونی ویلایەتیشی نەبێت، بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش لە کۆبونەوەکە بەشداربونایە، بڕیارەکەی ریفراندۆم ھەر نایاسایی دەبو.
٣. بەھۆی نایاسایی بڕیاری راپرسی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە کە ماوەکەی بەسەرچوە، بڕیارەکە شیاوی تانەلێدانی دادوەریی‌و رەتکردنەوەیە، چ لە دەزگای دادوەریی ھەرێم، چ لە دادگای ئیتیحادی لە بەغدا.
٤. ئەگەر لە دەقی یاساکان وردبینەوە، بەتایبەتی بڕیاری پەرلەمانی ھەرێم ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥، دواتر بەراوردی بکەین بە کۆبونەوە و ھەڵسوکەوتی حزبەکانی ھەرێم، دەردەکەوێت کە حزبە بەشداربوەکانی ئەم کۆبونەوەیە ھیچ باوەڕێکیان بە شەرعیەتی ھەڵبژاردن‌و پەرلەمان‌و دامەزراوەکانی دوای راپەڕین نییە کە خۆیان لایەنی سەرەکین تیایدا. لە شوێنی پەرلەمان‌و شەرعیەت ھەڵبژاردن، ئەو حزبانە مەیلیان بۆلای شەرعیەتی چەکداری و زەمانی شۆڕش دەچێت.
٥. بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆبونەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە حەوتی حوزەیران، رۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ دیاریکراوە بۆ راپرسی، رۆژی ٦/١١/٢٠١٧ ماوەی یاسایی پەرلەمان کۆتایی دێت و لەو رۆژە بڕیارە ھەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجامبدرێت، دانانی بەروارێک بۆ راپرسییەکی پڕلە کێشە دور لە بنەما دەستوری‌و یاساییەکان، مانگێک دوای ئەوە چۆن ھەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدەدرێت! بێگومان ئەم ھەنگاوەی ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جگە لە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ھەڵبژاردنی گشتی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، ھیچی دیکە لێ ناخوێندرێتەوە، بەتایبەتی سەرۆکی ھەرێم کە ١٢ ساڵە لەم پۆستە بەردەوامە دور لە پرنسیپە دەستوری‌و یاساییەکان.
٦. بڕیاردان لە دەرەوەی پەرلەمان‌و بێ نرخکردنی ئەم دەزگا شەرعیە لەلایەن حزبەکانەوە، کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لە سەر سەقامگیریی ھەرێم و بێ ھیوابونی ھاوڵاتیان.
٧. ئەو ھەنگاوانەی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێم، کە پێشێلکردنی یاسای لێکەوتوەتەوە، بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی لە دەرەوەی یاساو رێنماییەکان، ئاماژەیەکە لە داھاتویەکی نزیکدا ناتواندرێت لە فۆرمی دەوڵەتی قانون، حکومەتی ھاوڵاتی پێکبھێندرێت، ھەروەھا سەروەربونی یاسا کێشەی گەورەی دەبێت لە داھاتودا، سەرچاوەی کێشەکەش دەسەڵاتی گشتییە نەک ھاوڵاتی.
٨. بەھۆی ئەوەی دامەزراوەکانی ھەرێم بە گوێرەی یاسا بەڕێوەناچێت، پێشێلکردنی یاساکان ئاستێکی مەترسیداری تۆمارکردوە، بەبێ ئەوەی جەنگ لەناو شارەکان ھەبێت، یاخود بارودۆخێکی تەنگەتاوی ئەوتۆ لە ئارادابێت، بۆیە لە ئێستا ھیچ زەمینەیەک نییە بۆ دروستکردنی ھەرێمێک لە کوردستانی عێراق لە سەر بنەماو پرنسیپەکانی (دەوڵەتی قانون).

سەرچاوەکان
١. یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق، ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ ی ھەموارکراو.
٢. یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی، ٢٠٠٥.
٣. یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ژمارە سێی ساڵی ١٩٩٢ ی ھەموارکراو.
٤. بڕیاری ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ ی پەرلەمانی ھەرێم، تایبەت بە مەرجەعی سیاسی و دەستوری.
٥. یاسای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٤.
٦. ئاژانسە جیھانییەکانی ھەواڵ.
٧. میدیاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان.


‌‌‌
8/31/2017 2:14:53 PM
Print Friendly and PDF