راپۆرت

٣١ـی ئاب وەک خۆی


تايبەت بە بزاڤ پرێس


’’تاڵەبانی:مەگەر پارتی لەسەری ڕەشەوە بەدووربینی قەوس هەولێر ببینێت،،

ئەم رستەیە تاڵەبانی لەیادی یۆبیلی زێڕینی پارتیدا کردی لە ١٦ی ئابدا , تاڵەبانی سکرتێری ( ی.ن.ک) لەشانزدەی ئابی ١٩٩٦ دا لە یادی دامەزراندنی پارتیدا بە غرورێکی زۆرەوە بەرامبەر پارتی ووتی :"مەگەر پارتی لە سەری رەشەوەو بە دووربینی قەوس ھەولێر ببینێت "لەکاتەدا کە تاڵەبانی وایدەوت پارتی ئەوکات یەک لەسەر سێی کوردستانی عێراقی بە دەستەوەبوو , وە یەکێتی لە رۆژانی زێرینی ئەوپەری دەسەڵات و بەرفراوانیدابوو.بۆیە ٣١ی ئاب یەکێتی لە قاڵبدایەوەو رەگو ریشەی یەکێتی لە حوکمرانیدا ھەڵتەکاند, 

’’پارتی و بەعس رێکەوتن،،

دوای تەنیا کەوتن و بێکەس بونی پارتی و لەبەرامبەر یەکێتیدا، چونکە نە تورکیا و نە ئەمریکا ھاوکاری نەکرد لەشەڕی دژی یەکێتی، بۆیە خۆی لە گۆشەی فەوتاندا دەبینیەوە ,ھەربۆیە تاکە ھیوای پارتی دوژمنە دێرینەکەی بو کە ڕژێمی بەعسە,بەڵکو دوژمنی سەرسەختی ھەمو کوردە، ئەو بەعسەی ھەشت ھەزار بارزانی راپێچی مەرگ کرد، چەند ڕۆژێک پێش ٣١ ئاب سەرۆکی پارتی بروسکەیەکی بۆ سەدام حسێن نارد و داوای کۆمەکی بەپەلەی لێکرد!!بەعسیش چەند مەرجێکەوە قبوڵی کرد، بەڵام ھاتنی بەعس بۆ ناوچەی دژە فرین ئاسان نەبو پێویستی بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ھەبو، بۆ پارتی و سەرۆکەکەی بە بیانوی بەھێز بونی ئێران لەلایەن یەکێتیەوە ئەمریکای بێدەنگ کرد و لە بەرەبەیانی ٣١ ئاب ئەوەی نەدەبو روبدا رویدا، بەپێی زانیاریەکان ئازاد بەرواری و نێچیرڤان بارزانی ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی پارتی و بەعس بوون ھەر بۆیە لە٢٢ ئابدا سەرۆکی پارتی نامەیەک لە ڕێی لیژنەکەیەوە ئاراستەی سەدام حسێن ئەکات، مەرجی سەدامیش بۆ ھاوکاری پارتی ئەوەیە دەس کراوەبێت لە وەشاندنی گورزی سەربازی لەھەر حیزبێک کە بیەوێت، وەبەتایبەتی بەرەی تورکمانی و حیزبەکانی موعارەزەی عێراقی بەسەرکردایەتی ئەحمەد چەلەبی و بزوتنەوەی ئیسلامی، بەڵام سەرۆکی پارتی تەنھا ناڕازی ئەبێت بە لێدانی بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەوانیتری قبوڵە، ھەر بۆیە لەگەڵ گەیشتنی بەعس بە ھەولێر ھەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانی بەرەی تورکمانی و حیزبەکانی موعارەزەی عێراقی،  ھەربۆیە زۆربەیان کوشتن و ئەوانیتریان گرتن و تا ھەنوکەش بێسەروشوێنن.

’’بارزانی: یادی ٥١ ساڵەی پارتی لە ھەولێر دەکەینەوە،،

سەرچاوەیەکی تایبەت بە رێگا و بەشداربووی ٣١ ی ئاب بەمشێوەیە باسی لە رێکەوتنی پارتی و بەعس کردو وتی: لەکاتێکدا بەر لە ٢٢ی ئاب پێش ناردنی نامەکەی سەرۆک بۆ سەدام حسێن لە ١٦ی ئابدا کە یادی یۆبیلی زێڕینی پارتی بوو بەو بۆنەیەوە ئاھەنگێکی گەورەی یادی ٥٠ ساڵەی پارتی بوو لە ھاوینەھەواری سەڵاحەدین واتە رێک ١٥ رۆژ پێش ٣١ی ئاب بارزانی لە وتەیەکیدا وتی:"پارتی یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی لە ھەولێر دەکاتەوە "کە ئەمەش پەیامێک بوو بۆ یەکێتی و دەریخست کە رێکوتنێکی نھێنی پێشوەخت.

’’٣١ی ئاب و قوربانییەکانی و گەردەلولی تۆڵە،،
  
سەرجەمی ھێزەکانی پارتی لە ٣١ی ئابدا بەسەرپەرشتی ( لیوا خورشید ) ئاراستە دەکران کە ئەوکات بەرپرسی ( ف. ل . ک) بوو، کە سەرەتای دۆڕاندنی ( ی.ن.ک) بوو بەرامبەر پارتی وە ئەوکاتەی کە عوسمان بانیمارانی لەبەرەی خۆی دەشکێت وە شیرازەی ھێزەکەی بەتەواوی تێکدەشکێت، وە لەسەر رێگای ھەولێر – گوێڕ سوپای پارتی ١٣ پێشمەرگەی یەکێتی بە دیل دەگرێت و یەکسەر دەیانکوژن, وە بە ( ئەحمەد سماقە و خزمەکانی ) ناسرابون و لە شارۆچکەی عەینکاوەش ھاشم جیھاز و عەلی دیبەگەیی دوو گەورە بەرپرسی یەکێتی بون لە ھەولێر دەسگیر دەکرێن و تائیستاش بێسەرو شوێنن.

وە بە پێی زانیاریەکانی رێگا لە ٣١ی ئابەوە تاکو ١٣/١٠/١٩٩٦ کە یەکێتی بە پشت و ھاوکاری تۆپ و راجیمەکانی ئێران ھەستا بە ھێرشێکی بەرفراوان کە بەناوی گەردەلولی تۆڵە ناونرا کە تێیدا ١٢٧ ئەندامی ی ن ک کە زۆرینەیان ھەولێری بوون بێسەروشوێنکران و چارەنوسیان نادیارە، وە بە گوێرەی ئامارێکی تایبەتی دەزگای شەھیدانی ی ن ک دەرکەوتووە کە کۆی قوربانییانی تەنھا رۆژی ٣١ی ئاب ٤٥٠ کوژراویان ھەبووەو نزیکەی ٢٠٠ برینداریشیان ھەبووە.

’’شایەدحاڵێک چۆنێتی ھاتنی زرێپۆشەکان دەگێڕێتەوە،،

پێشمەرگەیەکی بەشداربووی ٣١ی ئاب ووتی: ئێمە ھیچ ئاگاداری رێکەوتنی پارتی و بەعس نەبووین ئەوەبوو لە رۆژی ٣١ی ئاب من لە لیوای ٢١ی پارتی بوم لە کەسنەزان ھەریەکەی ١٢ گوللەی کڵانشیکۆفیان پێداین و وتیان ئەمشەو لە میحوەری کانی قڕژاڵە کە دەکەوێتە خۆرئاوای ھەولێر, ھێرش دەکەین بۆ ھەولێر ھێزەکەمان ٥٠٠ کەسێک دەبووین ئێمەیان بە کۆستەر گواستەوە بۆ کەوڕگۆسک لە سێڕییانی سەرەکی ھەولێر – موسڵ – کەوڕگۆسک کە دەکەوێتە نزیک قەزای خەبات کۆستەرەکانیان وەستاندن و لەگەڵ ھەر کۆستەرێک سەربازێکی عەرەب سواربوو ئێمە ھەرنەماندەزانی بۆکوێ دەچین چونکە بڕیار وابو لای ئێمەوە لە کانی قڕژاڵەوە ھێرشدەکەینەوە سەر ھەولێر، بەڵام بەرەو موسڵ بەرێبووین ، دوای کەمێک رۆشتن گەیشتینە کەڵەکی یاسین ئاغا، دواتر لە زێی کەڵەک پەڕینەوە و بینیمان زرێپۆش و ھێزێکی گەورەی سەربازی ئامادەکراوە بۆ ھێرشکردنە سەر ھەولێر،  ئەوکاتە زانیمان کە پارتی و بەعس پێکەوە ھەولێر دەگرنەوە، دواتر پێشمەرگەکانیان دابەشکرد بەسەر دەبابەکاندا و ھەر دەبابەیەک و دوو پێشمەرگەیان لەگەڵ داناو کاری ئێمە تەنھا ئەوەبو لەگەڵیان بین و کە گەیشتینە ناو ھەولێر بارەگای حیزبەکان دیاری بکەین بۆسوپای عێراقی، ئەوەبو سەعات دووی شەو بەڕێکەوتین بۆ ناو ھەولێر و ھێزەکانی یەکێتی توانای بەرگرییان نەبو زۆرئاسان شکان تەنھا لە کانی قڕژاڵە و کەسنەزان نەبێت کەمێک بەرگرییان کرد بەڵام گەر ھەستمان بکردایە کەمێک بەرگری ھەبێت ئەوا بەعس تۆپبارانی دەکرد تەنانەت تاکو گەیشتینە کەسنەزان یەک فیشەکیش پارتی نەیتەقاند، بەڵام لەکەسنەزان شەڕێکی قورس لە نێوان پارتی و کۆمەڵێک پێشمەرگەی یەکێتی رویدا تەنانەت جەمال موتورکە کە ئەوکات بەرپرسی سوپای دوو بوو لەگەڵ کاکەمین نەجاری جێگریدا بەشداری ئەوشەڕەیانکرد، وە ھێزە بەشداربووەکانی ٣١ی ئاب بریتی بوون لە ھێزەکانی گاردی کۆماری و ھەردوو فەیلەقی ١ و ٥ بە سەرکردایەتی قوسەی کوڕی سەدام حسێن و وەزیری بەرگری عێراق سوڵتان ھاشم و سوپاسالاری عێراق فەریق روکن عبدولواحید شنان و چەند لیوایەکی تایبەتی تر، وەناوی لێنرا ( اب متوکل علی اللە ) و دواتر سەرجەم سەرکردە بەشداربووەکانی ٢٢ کەس بوون و لە مەراسیمێکی تایبەتدا لەلایەن سەدام حسێنەوە میدالیای ئازایەتییان پێبەخشرا .

’’کۆسرەت ڕەسوڵ چی کرد،،

بەر لە کۆنتڕۆڵکردنی ھەولێر بەیەکجاری لەلایەن بەعس و پارتییەوە کاتژمێر ٥ی عەسر کۆسرەت بەخۆی و مەفرەزەیەکی گەورەوە دەگەڕێتەوە ماڵەی خۆی لەگەڕەکی مامۆستایان و بۆماوەی ٢٠ دەقیقەیەک لە ژوورەکەیدا دەمێنێتەوە و سەرجەمی دێکۆمێنتەکانی دەسوتێنێت و دوای دڵنیابوون لە سوتاندنیان بەخێرایی بە رێگەی ناو گەڕەکی باداوەدا لە ھەولێر دەردەچێت و بە بنەسڵاوەدا خۆی دەگەیەنێتە بێستانە، ھەرچەندە پارتی دەیتوانی بەر بەدەرچونی کۆسرەت بگرێت بەڵام نەیویست و رێگای باداوەی بەکراوەیی ھێشتەوە بۆ ئەوەی ھەرچی ویستی لەوێوە دەربچێت. 

’’ھەڵوێستی جەوھەر نامیق سالم،،

دوای ئێوارەی ٣١ی ئاب بەئامادەبونی جەوھەر نامیق و فازیل میرانی و مەسعود بارزانی رێکەوتنی پارتی و بەعس رادەگەیەنرێت لەکۆبونەوەکەدا بارزانی دەڵێت"ئێمە رێکەوتین لەگەڵ حکومەتی عیڕاقیدا بۆئەوەی یارمەتیمان بدات لە گرتنەوەی شاری ھەولێر و دەرکردنی جەلالییەکان" بۆیە تەنھا دژە دەنگ لەودانیشتنەدا جەوھەر نامیقدەبێت و دەڵێت"من ئەمەم قبوڵ نییە و مێژوو ئەم رووداوە وەک خیانەت تۆمار دەکات" بارزانیش لەم ھەڵوێستە توڕە دەبێت و دەبێتە دەسپێکی ناکۆکی بارزانی و جەوھەر نامیق، ھەربۆیە لە ٣١ی ئاب بەدواوە تاکو ماوەی مانگێک ئامادەی ھیچ دانیشتنێکی پەڕلەمان نابێت، تاکو ھێزە بەعسیەکان بەتەواوی دەگەڕێنەوە و وەک سەرۆکی پەڕلەمان بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنی ھێرشەکان دەردەکات و دەینێرێت بۆ رۆژنامەی برایەتی کە ئەوکات فەرھاد عەونی سەرنوسەری دەبێت بەڵام بڵاویناکاتەوە.

’’شەرعییەتدان بە ھاتنی بەعس لەلایەن پارتییەوە،،
 
بارزانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا و لەباسی ٣١ی ئابدا ووتی: ئێمە کوردین، عێراقین، پارچەیەکین لە عێراق، مومکینە خیلافمان ھەبێت لەگەڵ عێراقدا، بەڵام لەیەک خاڵدا ھاوبەشین کە ئەویش دیفاعە لە سییادەی وەتەنی عێراق، خەتەرێکی خاریجی ھەبوو کە تەھدیدی ئێمەی دەکرد، پاش ئەوەی کە نە ئەمریکا و نە غەرب وەڵامی ئێمەیان نەدایەوە و کەس یارمەتی نەداین، بۆ نەمانی ئەو خەتەری بێگانەیە، وە نە ئێمە داوای ھیچمان لە حکومەتی مەرکەزی کردوە نە ئەوان داوای ھیچیان کردووە.

ھەر بۆ شەرعیەتدان بە ھاتنی بەعس فرەنسۆ ھەریری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ووتی:ئێمە ھاتوین بمێنینەوە، ئەمەش ئاماژەیەک بو بەوەی ھەموو کارێک شەرعییە و رێپێدراوە لە پێناو مانەوەی پارتیدا، ھەربۆیە پارتی پێی وایە ٣١ی ئاب وەڵامێکی دروستی ئێران و یەکێتی بووە. 

’’نامەکەی تاڵەبانی و سەردار محمد جەعفەری لێپرسراوی ھەواڵگری پاسداران،،

تاڵەبانی لە نامەکەیدا دەڵێت:رووی دوژمنکارانەی مەسعود بارزانی بۆ کۆماری ئیسلامی و حەقیقەتی ھاوکاریکردنی لەگەڵ سەدامی جەلاد و ئەمریکا دەرکەوت کە دژی ئێمە و کۆماری ئیسلامییە و ھەڵمەتی راگەیاندنی پارتی پێش شەڕی ناوخۆ دەستی پێکردوە،
وە تاڵەبانی لە نامەکەیدا سەرنجی کاربەدەستەکەی ئیتڵاعات بۆ ئەم خاڵانە رادەکێشێت:

١ . مەسعود بارزانی دژایەتی ئاشکرای بۆ ئێران راگەیاندووە.

٢ . مەسعود بارزانی رێزی خاوەن رێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناگرێت.

٣ . مەسعود بارزانی مەسعود بارزانی رێزی پڕۆتۆکۆلەکانی ناگرێت.

٤ .مەسعود بارزانی ھاوکاری لە عێراق و ئەمریکای دژی ئێران وەردەگرێت.
 
لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێت پێویستە ئێران بە خێرایی ھاوکاری یەکێتی بکات و لە پێناوی سەرنەکەوتنی پڕۆژەی ئەمریکا کە داواکارییەکانی ئەمانەن :
١. ھاوکاری ماددی 

٢. ھاوکاری سەربازی لە چەک و کەرەستە 

٣. کردنەوەی سنور و گەشەپێدانی کارگێڕی 

٤. راستکردنەوەی ئەو ھەڵەیەی لە حاجی ئۆمەران روویدا
 
٥. دەرخستنی ھاو ھەڵوێستیتان بۆ سەرکردایەتی یەکێتی .


‌‌‌
8/31/2017 2:26:35 PM
Print Friendly and PDF