راپۆرت

شیکردنەوەی رێککەوتنی دانەغاز و حکومەتی هەرێم


بزاڤ پرێس:

ھەرێمی کوردستان لە رێککەوتنی دوەمی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و حکومەت لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز و ھاوبەشەکانی زیانی تر دەکات و کۆی زیانەکانیش بە (٦٠) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەپێی شیکارییەکی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان.

لەو شیکارییەدا؛ خاڵەکانی رێککەوتنەکانی حکومەت و کۆمپانیاکە رونکراوەتەوە لەگەڵ ئەو زیانانەی بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی ئابورییەوە بەر ھەرێمی کوردستان کەوتوە و خەڵک باجەکەی دەدەن.


دەقی شیکارییەکە:
شیکردنەوەی رێککەوتنی دانەغاز و حکومەتی ھەرێم
ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم

رۆژی (٤/٤/٢٠١٧) کۆمپانیای دانەغاز رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا واژۆ کرد بەناوی (پرۆتۆکۆڵی ھاوپەیمانی ستراتیجی)، بەپێی رێککەوتنەکە؛ کۆمپانیای دانەغاز و ھاوبەشەکانی، وەبەر‌ھێنان بکەن لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ. 
ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بەم شێوەیەیە: 
١. ھاوبەشەکانی کۆندێسەیت (نەفتا)‌و (LPG) واتە غازی چڕ و شلی ماڵان بۆ دانەغاز و ھاوبەشەکانی بێت. 
ئەم دو سەرچاوە گرنگە بۆ ئەوان بێت کە ئەمە زیانە گەورەکە بو، حکومەتی ھەرێم دوایی درکی بەم ھەڵە گەورەیە کرد.
٢. لەبەرامبەر ئەو دو داھاتەی کە لە نەفتا و غازی چڕو شل دەستی دەکەوێت، دانەغاز دەبێت وەبەر‌ھێنان بکات لە غازی سروشتیەکەدا و غازە سروشتیەکە بە بێ بەرامبەر بدرێت بە حکومەتی ھەرێم.

ئەوە بو لە ساڵی (٢٠٠٨) دا دانەغاز توانی نەفتاو غازی سروشتی وەبەربھینێت و لە ساڵی (٢٠١١) توانی غازی چڕو شلی ماڵان وەبەربھێنیت. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیارێکی نابەجێی دابو بەسەر دانەغاز و ھاوبەشەکانیدا و ئەوەش ئەوە بو کە نەفتاو غازە چڕو شلەکە دەبێت تەنھا بفرۆشرێت بە کۆمپانیاکانی ناوخۆ، واتە کۆمپانیا حیزبیەکان. دواتر حکومەت بە نرخی بۆرسەی جیھانی پارە بدات بە دانەغاز، بەڵام حکومەت نەفتاو غازی چڕو شلەکەی بەھەرزان دەفرۆشتە کۆمپانیا حیزبیەکان. 

لە کاتێکدا دەبوایە حکومەت جیاوازی نرخەکە بدات بە دانەغاز و ھاوبەشەکانی. 

کێشەکان  لێرەوە سەرچاوەیان گرت، حکومەت زانی ھەڵەی گەورەی کردوە لە جۆری گرێبەستەکەدا بۆی دەرکەوت کە دانەغاز رۆژانە چەند قازانج دەکات،  ئەوەی بە ھەڵەیەکی گەورە زانی کە ئەو ھەمو پشکەی داوە بە دانەغاز و ھاوبەشەکانی. بۆیە دەستیکرد بە بیانوگرتن بە دانەغاز تا کێشەکە چوە دادگای  ناوبژیوانی لەندەن، ئەوە بو داناغاز داوای (٢٦.٥) ملیار دۆلاری دەکرد بۆ ئەوەی قەرەبو بکرێتەوە، بەرامبەر ئەوەی کە کارەکانی وەستاوە لەھەرێمی کوردستاندا.
دواتر لە دادگای واشنتۆن کە لە رۆژی (١-٥-٢٠١٧) داخوازیەکی پێشکەشی دادگای واشنتۆن کرد لە ئەمەریکا، بۆ ئەوەی دوا بڕیاری ئەمەریکا وەربگرێت.

حکومەتی ھەرێم لەساڵی (٢٠١٣)وە دەیەوێت ئەم دو کێڵگە گەورەیە لەدانەغاز وەربگرێتەوە و مۆڵەتی کارکردنی لێ بسەنێتەوە، بەڵام لەبەر لاوازی  ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم لەدادگای لەندەن و ئامادەنەکردنی کەیسێکی بەھێز بەدەست حکومەتی ھەرێمەوە، بۆیە بە ناچاری کەیسەکەیان لە دەرەوەی دادگا زۆر بەخراپی چارەسەرکرد.

ئەوە بو لە رۆژی (٣٠-٨-٢٠١٧) لە لێدوانیکی کۆنفرانسی نێوان وەزیری سامانە سروشتیەکان و بەرێوەبەری دانەغازدا رێککەوتنەکە ئاشکرا کرا، بە جۆریک رێککەوتبون کە کۆتایی بە کێشەکان بھێنرێت لە دادگای لەندەن و واشنتۆن ئەمەش پەلە پەلی زۆری پێوە دیارەو ھیچ ئامادەیەکی پێش وەختی بۆ نەکراوە،  چونکە نەدەبو ئەو ھەمو قازانجە بدرێت بە دانەغاز و ھاوبەشەکانی. بەناوی (HoA) (رێککەوتنی سەرەتایی یان بەرایی).

لێکەوتە و زیانی بەرھەمی رێککەوتتنامەکە
دوای (١٠)ساڵ و (پێنج) مانگ، واتە لەساڵی (٢٠٠٧)ەوە تا ئێستا زیانی ئەو رێککەوتنەی سەرەتا ئەنجامدرا، بۆ ھەرێم بەم جۆرەی لای خوارەوەیە: 
١. حکومەتی ھەرێمی کوردستان (١٥) ملیار دۆلاری داوە بە گازۆیل بۆ کارەبای ھەرێم کە بڕێکی زۆری ئەو پارەیە بوە بە ‌قازانجی کۆمپانیا حیزبیەکان.
٢. دانەغاز کارەکانی وەستاوە و زیانێکی زۆری بە ئابوری ھەرێمی کوردستان گەیاندوە.
٣. بڕی (٢.٢٣٩) ملیار دۆلاری ئەمریکی بدرێت بە دانەغاز و ھاوبەشەکانی وەک قەرەبو کە بەم شێوەیەیە:
* بڕی (٦٠٠) ملیۆن دۆلار بە پەلە بدریت بە دانەغاز و ھاوبەشەکانی.
* بڕی (٤٠٠) ملیۆن دۆلار بخرێتە ھەژماری بانکیەوە تەنھا بۆ وەبەر‌ھێنان خەرج بکرێت. 
* بڕی (١.٢٣٩) ملیار دۆلار دوایی بخرێتە سەر تێچوی خەرجکردن و دوایی لە داھات وەربگیرێتەوە.
* ئەم بڕە پارەیە بەشی چوار مانگی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکات و زۆریشی زیاترە.

٤. بڕی ئەو قازانجەی کە لە غازی سروشتی-دا بۆ دانەغاز دانراوە رێژەکەی (٢٢%)ـە و ئەمەش بڕێکی زۆرە، ھەرچەندە جاران نەدەبو بەپێی رێککەوتنە کۆنەکە ھیچ  قازانجێک لەغازی سروشتی بۆ دانەغاز بێت، کە ئەمە زۆر زیاتر لەو بڕە پارەیەی کە دانەغاز داوای دەکرد، کە (٢٦.٥) ملیار دۆلار بو لەدادگای واشنتۆن.

٥. جیاوازیەکە ئەوەیە ئێستا دانەغاز زۆر بە ھێواشی و لەسەرخۆ ئەم بڕە پارەیە لە حکومەتی ھەرێم وەردەگرێتەوە، تا کۆتایی دەرھێنانی غازەکە. ئەمەش زۆر زیاترە لەو بڕە قازانج و پارەیەی وەک قەرەبو داوای دەکرد.

٦. وەزیری سامانە سروشتیەکان دەڵێت؛ قازانجەکەی وەک( گرێبەستی ھاوبەش) بۆ کۆمپانیا بیانیەکانی بواری نەوت لە ھەرێمی کوردستاندا حساب کراوە. 
باشە لێرەدا بۆ ئەم قازانجە گەورەیە لە کاتێکدا ھەمو جیھان دەزانیت کۆڕمۆر و چەمچەماڵ دو بلۆکی گەورەی جیھانین، دەبوایە بە گرێبەستی (خزمەتگوزاری) بدرایە بە دانەغاز، کە عێراق ئەو جۆرە گرێبەستە بەکار دەھێنێت.
لە ھەمو جیھاندا بەو شێوەیەیە کاتێک دڵنیابوی سامانەکە لە ژێر ئەو زەویەدایە بەپێی زانستی جێۆلۆجی.

٧. لەو شوێنانەی کە ریسک (موجازەفە) ھەیە دەبێت سود لە (گرێبەستی ھاوبەش) وەربگیرێت، ھەروەھا بڕی (٢٢%) دەدرێت بە قازانجی (گرێبەستی ھاوبەش) کە لە ھیچ شوێنێکی جیھاندا ئەم بڕە قازانجە نادرێت بە ھیچ کۆمپانیایەک، چونکە بڕی قازانج بە پێی رێژەی تێکڕای گەشەی بەرھەمی ناوخۆ دیاری دەکرێت. 
لەم کاتە خراپەی کە ئابوری ھەرێمی کوردستان لە پوکانەوەدایە، بە پێی ھیچ لۆژیکێکی ئابوری ئەمە شیکار ناکرێت.

٨. رێککەوتنەکە درێژکراوەتەوە بۆ ساڵی (٢٠٤٩)، ئەوە لەکاتێکدایە؛ کە رێککەوتنەکەی پێشو لەساڵی (٢٠٣٢) کۆتایی پێدەھات.

٩. بلۆکی (١٩-٢٠) خرایە سەر سنوری کێڵگەی کۆرمۆڕ، واتە سنورەکە لە گەورە بوندایە، ئەمەش وەک ئەوە وایە کۆمپانیاکانی نەوت بتوانن زیاتر بڕیارەکانی خۆیان بسەپێنن بەسەر ھەرێم دا. 
بۆیە ئەمجۆرە رێککەوتنە بە پەلەیە زیانی گەیاندوە بە سامانی ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا دەتوانرا زۆر قازانج لەو دو کێلگە گەورەیە بکرایە، بەداخەوە "لەسایەی ھەڵەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نایەویت ئابوری ئەم ناوچەیە بگەشیتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە قۆرخکردنی دەسەڵات"، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کۆمپانیا حیزبیەکەی سودمەند بوە لە کڕینی نەفتا و غازی ماڵان بەنرخێکی کەمتر، ھەر لەبەرئەوەشە چاوی پۆشیوە لەم بەھەدەردانە گەورەیەی سەروەت و سامانی خەڵک.

ئەگەر ئەم رێککەوتنە گەورە ھەڵەیە بەو ھەمو زیانەوە کە لەکاتی  خۆیدا واژۆ کراو جێبەجێبکرایە دەتوانرا: 

١. کارگەی پترۆکیماویەکە تەواو بوایە قازانجێکی باشی دەبو بۆ خەڵکی کوردستان.
٢.  ھەزاران ھەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخسابو. 
٣.  کۆمەڵگای نیشتەجێبون دروست کرابو.
٤. کارەبای کوردستان بەتەواوی دەستەبەرکرابو، دەتوانرا ھەناردەی عێراق بکرایە و دەبوە داھات بۆ کوردستان.
٥. دەکرا بە بۆری غاز بۆ ماڵان و کارگەکان رابکێشرایە بۆ گەرم کردنەوە و کارپێکردنی کارگەکان بەکاربھێنرایە. ئەو نەوتەی کە ئێستا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان بەکاردێت ھەناردە بکرایە بۆ بازاڕەکانی جیھان.

لە کۆتاییدا بەپێی خەمڵاندنی (ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران – گۆشەی ئابوری) کۆی زیانەکانی ئەم رێککەوتنەی حکومەتی ھەرێم و دانەغاز نزیکەی (٦٠.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠) شەست ملیار دۆلاری ئەمەریکی لە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت، بە ھۆی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە. 

بۆ زانیاری زیاتر لە بارەی رێککەوتنەکە بڕوانە؛
• دەقی رێککەوتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دانەغاز بەزمانی کوردی؛
http://mnr.krg.org/index.php/ku/media-center-ku/press-release/٥٩٥-%D٨%AD%D٩%٨٣%D٩%٨٨%D٩%٨٨%D٩%٨٥%D٩%٨٧%E٢%٨٠%٨C%D٨%AA%D٩%٨٩-%D٩%٨٧%D٩%٨٧%E٢%٨٠%٨C%D٨%B١%DB%٨E%D٩%٨٥%D٩%٨٩-%D٩%٨٣%D٩%٨٨%D٨%B١%D٨%AF%D٨%B٣%D٨%AA%D٨%A٧%D٩%٨٦-%D٩%٨٨-%D٨%AF%D٨%A٧%D٩%٨٦%D٨%A٧-%DA%AF%D٨%A٧%D٨%B٢-%DA%٩٥%DB%٨E%D٩%٨٣%D٩%٨٣%D٩%٨٧%E٢%٨٠%٨C%D٩%٨٨%D٨%AA%D٩%٨٦ 

• دەقی رێککەوتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دانەغاز بەزمانی ئینگلیزی؛
JOINT PRESS RELEASE: KRG AND PEARL CONSORTIUM REACH FULL AND FINAL SETTLEMENT
http://mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/٥٩٤-joint-press-release-krg-and-pearl-consortium-reach-full-and-final-settlement 


‌‌‌
9/18/2017 7:35:42 PM
Print Friendly and PDF