راپۆرت

پەرلەمان دوا سەنگەری بەرگری


محەمەد رەئوف

ئاساییکردنەوەی پەرلەمان لە ١٦/٩/٢٠١٧ تەنھا ھەوڵێک نەبوو بۆ ئەوەی کێشەی یاسایی رێفراندۆم چارەسەر بکات، بەڵکو لەدوای کۆنترۆڵکردنی سەرۆکایەتیەکانی ( ھەرێم و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری) لەلایەن پارتیەوە پەرلەمان بووە دوا سەنگەری بەرگری کە ئەویش لەلایەن پارتیەوە کۆنترۆڵکراو ئەویشی خستە ژێر ھەژمونی خۆیەوە، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٦/٩/٢٠١٧ بەبێ سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێرەکەی و کۆبونەوەی پەرلەمان بە کۆمەڵێک فراکسیۆن و نەچوونی کۆمەڵێک فراکسیۆنی دیکە دووبارەکردنەوەی ھەمان مێژووی دوای ٣١ی ئابە، بەو پێیەی لە دانیشتنی ١٦/٩/٢٠١٧ پەرلەمان دوای زیاترلە دوو ساڵ لە کۆنەبوونەوەی بە کۆمەڵێک فراکسیۆن، کە پێکھاتوون لە ( پارتی ٣٨ کورسی ، یەکێتی ١٢ کورسی، یەکگرتوو ١٠ کورسی، شیوعی ١ کورسی، سۆسیالیست ١ کورسی، ئاراستەی سێیەم ١ کورسی، ٨ کورسی کۆتاکان) و لەبەرامبەریشد ھەر یەک لە ( گۆڕان ٢٤ کورسی، کۆمەڵ ٦ کورسی ، بزوتنەوەی ئیسلامی ١ کورسی، لیستی رافیدەین ٢ کورسی، بەرەی تورکمانی ١ کورسی، ) واتا پەرلەمان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو، بۆ ئاساییکردنەوەی. 
بە ھەمان شێوە لە دوای رووداوەکانی ٣١ی ئابەوە و دەرکردنی یەکێتی و ھاوپەیمانەکانی، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک حیزب ھەوڵی بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانیدا، لەو کاتەدا سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان لای پارتی بوو، ھەروەھا جێگری سەرۆکی پەرلمان کە یەکێتی بوو ئەویش مایەوەو لەگەڵ یەکێتی نەڕۆی، بۆیە لەو کاتەدا پارتی پەرلەمانی بەگەڕخستنەوە بەم شێوەیە ( پارتی ٥٠ کورسی، لەگەڵ ٥ کورسی پێکھاتەکان، لەگەڵ یەکگرتوو، بزوتنەوەی ئیسلامی ، شیوعی کە کورسیان لەپەرلەمان نەبوو) لەبەرامبەریشدا، بەرەی دەرەوەی پەرلەمان پێکھاتبوو لە ( یەکێتی ٤٩ کورسی، بەبێ جێگر کە مایەوە، لەگەڵ سۆسیالیست و زەحمەتکێشان ) 
جیاوازیەکانی نێوان ١٩٩٦ و ٢٠١٧ بۆ ئاساییکردنەوەی پەرلەمان، لەوەدایە کە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا( یەکێتی و زەحمەتکێشان و سۆسیالیست ) لەدەرەوەی پەرلەمان مانەوە، لە ٢٠١٧ دا ( یەکێتی و سۆسیالیست چونەوە پەرلەمان) گۆڕان و کۆمەڵ و بزوتنەوە لەدەرەوە مانەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان ھەردوو روداوەکە ( پارتی پەرلەمان ئاسایی دەکاتەوە) و لەھەردوو روداوەکەشدا ( یەکگرتوو شیوعی) پشتیوانی پارتی دەکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.
دوای ھەموو توندبوونەوەو کێشەو ململانێیەکی نێوان ھێزەکان ناکۆیکیەکانیان بردۆتە ناو پەرلەمان و لەوێدا تەقاندویانەوەو کێشەکانیان گەیاندۆتە لێکترازان و پەرت بوون . 
لە ساڵی ١٩٩٤ و لە دوای درووست بوونی شەڕی ناوخۆ کۆبونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان وەستاوەو دوایین کۆبونەوەی لە ٢٧/٥/١٩٩٥ لە گوندی دابەرن گرێدراوە، بەھۆی شەری ناوخۆوە، لەدوای ٣١ی ئابیشەوەو پەرلەمان لە ٢٣/٩/١٩٩٦ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەبێ یەکێتی گرێدرا، بە پشتیوانی شیوعی و یەکگرتوو پێکھاتەکان.
لە ساڵی ٢٠٠٥ دوای ھەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٠٥ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان گرێنەدرا تا مانگی ٦/٢٠٠٥ کە ئەویش بەھۆی کێشەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمەوە .
لە ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی مەسعود بەرزانیەوە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ ەوە یاسای ژمارە ١٩ دەرچوو، کۆبونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان وەستێنرا تا ١٣/٥/٢٠١٤ کە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم یاسای دەرکرد کە ھەمواری بڕگەیەکی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بوو تایبەت بە ئەنجومەنی وەزیران.
دواتریش پەرلەمان لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥ کۆبونەوەیەکی کرد بەبێ ئەوەی نیساب تەواو بێت، بۆیە تا ئاساییکردنەوەی لە ١٦/٩/٢٠١٧ پەرلەمان ھیچ کۆبونەوەیەکی نەرکرد واتا بۆ ماوەی ٢ ساڵ و نزیکەی یەک مانگ واتا بۆ ماوەی ( ٧٥٨ ) رۆژ پەرلەمان ھیچ کۆبونەوەیەکی نەکرد، سەرەرای ئەوەی لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ رێگری لەسەرۆکی پەرلەمانکراو سەرۆکی پەرلەمان نەچۆوە ھۆڵی پەرلەمان.
تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان چوار ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە ( ١٩٩٢ ، ٢٠٠٥ ، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٣ )، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ١٩/٥/١٩٩٢ بەرێوەچوو کورسیەکانی پەرلەمان بەم شێوەیە بوو : 
( یەکێتی ٥٠ کورسی ، پارتی ٥٠ کورسی، ٥ کورسیش بۆ کۆتاکانی ٥ کورسی).
لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٣١ی /١/ ٢٠٠٥ کورسیەکانی پەرلەمان:
یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو و شیوعی و لەگەڵ کۆتاکان بەیەک لیست بوون کە ١٠٤ کورسی پەرلەمان و کۆمەڵی ئیسلامی بەجیا ٦ کورسی و لیستی زەحمەتکێشان ١ کورسی .
لە خولی سێیەم پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ کورسیەکانی پەرلەمان:
لیستی پارتی و یەکێتی پێکەوە ٥٩ کورسی و گۆڕان ٢٥ کورسی و لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی ( ١٣ کورسی کە لە ( یەکگرتوو ، کۆمەڵ، زەحمەتکێشان ، سۆسیالیست ) لیستی بزوتنەوەی ئیسلامی ٢ کورسی و ئازادی و عەدالەتی ١ کورسی لەگەڵ ١١ کورسی کۆتاکان
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١/٩/٢٠١٣ کورسیەکانی پەرلەمان:
پارتی ٣٨ کورسی، گۆڕان ٢٤ کورسی، یەکێتی ١٨ کورسی، یەکگرتوو ١٠ کورسی ، کۆمەڵ ٦ کورسی، سۆسیالیست ١ کورسی، شیوعی ١ کورسی، ئاراستەی سێیەم ١ کورسی ، بزووتنەوە ١ کورسی. 
یەکەم ھەنگاوو کورد لە دوای راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ درووستکردنی پەرلەمان بوو، کە بووە دایکی دامەزراوەکانی دیکەی ھەرێم، واتا ھەموو دامەزراوەکانی کوردستان لە ھەناوی پەرلەمانەوە ھاتنە دەرەوە یاخود لەپەرلەمانەوە یاسایان بۆ دەرچوێنرا، ھەر لەسەرەتای وەک و مەرجەعی خەڵکی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ کراو زۆرینەی پرسە سیاسیەکان لەوێوە یەکلا دەکرایەوە، بەڵام لەدوای درووست بوونی ناکۆکیەکان و درووست بوونی شەڕی ناخۆوە ئیتر پەرلەمان بووە شوێنی ململانێی سەخت و ھەر ھێزەو لە ھەوڵی مۆنۆپۆڵکردنیدا بوو، تا ئەمرۆش بۆتە جێگەیەک بۆ بۆڕبۆڕینی ھێزەکان، لەناو ئەو ململانێیانەدا زۆرترین دەستکەوت بۆ پارتی بووە، کە لەدوای ھەموو ململانێیەکی توند دواجار پەرلەمانی بەلای خۆیدا راکێشاوەو ھێزەکانی دیکەی لە پارلەمانەوە خستۆتە ژێر باڵیەوە، سەرەرای ئەوەش پارلەمان دوا سەنگەر بوو کە تەسلیمی پارتی نابوو، لە ١٦/٩/٢٠١٧ وە ئیتر پەرلەمانیشی خستە ژێر ھەژمونی خۆیەوە.


‌‌‌
9/19/2017 7:48:43 PM
Print Friendly and PDF