راپۆرت

هەڕەشە سەربازییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان


بزاڤ پرێس:


ئەنجامدانی ریفراندۆم لەڕێکەوتی ٢٥/٩/٢٠١٧ی ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە ھیچ زەمینەسازیەکی ئەوتۆی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابوری، سەربازی بۆ نەکراوە، ئەمەش وا دەکات کێشەو تەنگژەی سەخت و جدی روبەڕوی ھەرێم و دانیشتوانەکەی ببێتەوە، ئەگەر زەمینەسازی سیاسی و ئابوری لێکەوتەی مرۆیی لێ بکەوێتەوە ئەوا نەبونی زەمینەسازی سەربازی ئەگەرچی کاریگەری لەسەر لێکەوتەی سیاسی و ئابوریش دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لێکەوتەی گەورەی سەختی مرۆیی و لە دەستدانی جوگرافی (زەمین) لێدەکەوێتەوە.

لەم راپۆرتەدا کە لەلایەن ئاریان رەئوف، لە ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئامادەکراوە، لە دو روانگەوە لێکەوتەی سەربازی ریفراندۆم خراوەتەڕو ئەوانیش؛ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لە سەر جوگرافیای کوردستان و لە روی ئامادەباشی و توانای سەربازی .

بەپێی دەرئەنجامەکانی راپۆرتەکە، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ کوردستان بەشێکی زۆری خاکەکەی لە دەست دەدات بە ھۆی نەبونی ھێزی پێشمەرگە لە بەشێکی شار و شارۆچکە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان، سەرئەنجام ھاونیشتمانی کوردی ئەو ناوچانە توشی ھەڕەشەڵێکردن و ئاوارەبون دەبنەوە.

دەقی راپۆرتەکە
ھەڕەشە سەربازییەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر ناوچە دابڕێندراوەکان
ئاریان رەوف
ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان

پێڕست
رێخۆشکردن    
لێکەوتە سەربازییەکانی ریفراندۆم    
یەکەم/ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لەسەر جوگرافیای کوردستان    
دوەم / لە روی ئامادەباشی وتوانای سەربازی    
دەرئەنجام    
سەرچاوەکان    

رێخۆشکردن
ئەنجامدانی ریفراندۆم لەڕێکەوتی ٢٥/٩/٢٠١٧ی ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە ھیچ زەمینە سازیەکی ئەوتۆی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابوری، سەربازی بۆ نەکراوە، ئەمەش وا دەکات کێشەو تەنگژەی سەخت و جدی روبەڕوی ھەرێم و دانیشتوانەکەی ببێەتەوە، ئەگەر زەمینەسازی سیاسی و ئابوری لێکەوتەی مرۆی لێ بکەوێتەوە ئەوا نەبونی زەمینەسازی سەربازی ئەگەرچی کاریگەری لەسەر لێکەوتەی سیاسی و ئابوریش دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا لێکەوتەی گەورەی سەختی مرۆیی و لە دەستدانی جوگرافی (زەمین) لێدەکەوێتەوە.
ئەم راپۆرتە ھەوڵ ئەدات لە دو روانگەوە لێکەوتەی سەربازی ریفراندۆم بخاتە رو ئەوانیش؛ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لە سەر جوگرافیای کوردستان و لە روی ئامادەباشی وتوانای سەربازی .

لێکەوتە سەربازییەکانی ریفراندۆم
یەکەم/ لەروی ئامادەیی پێشمەرگە لە سەر جوگرافیای کوردستان 
داگیرکردنی بەشێک شارەکانی عێراق لە لایەن داعشەوە لە حوزەیرانی ٢٠١٤، و شکستھێنانی سوپای عێراق و ھەڵھاتنی لە ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان، رێگەی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە خۆشکرد کە بتوانێت بەشێکی زۆر لەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات و بیانخاتە ژێر رکێفی خۆی، بەڵام  بەشێکی ئەم ناوچە کۆنتۆڵکراوانە دوای بە دەست ھێنانی ھەرێمی کوردستان رێگەی دا بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی بارەگا سەربازیەکانیان دابمەزرێنن، لە ئێستاشدا بونەتە مایەی نائارامی ناسەقامگیری لەو شارانە. لەھەمانکاتدا روبەرێکی زۆری ناوچە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان نەتوانرا لە لایەن ھێزەکانی پێمەرگە دەستی بەسەردا بگیرێت، بەھۆی نەبونی بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لە لایەن کاربەدەستانی پێشمەرگە. لەم بەشەدا ھەوڵ دەدەین باس لەم دو جۆرە ناوچەیە بکەین:

• ناوچە کۆنترۆڵ کراوەکان
کەرکوک 
"کەرکوک جگە لەوەی پێگەیەکی گرنگی سیاسی و ئابوری گەورەی ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زھنیەتی تاکی کورد بوتە بەشێک لە شکۆمەدنی"
ھەمیشە کەرکوک خاڵی ناکۆک و ململانێی نێوان کورد و رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بوە بە ئێشتاشەوە. لە دوای ‌ھێرشەکانی داعش بۆ سەر شارەکانی عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤ پێشمەرگە توانی بە تەواوەتی کەرکوک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە ھەڕەشەی داعش بیپاریزێت، بەم ھەنگاوەش خەونی کۆنترۆڵکردنی کەرکوک بو بە واقع.
ئەگەر چی عەرەب و تورکمانەکان ھەر ئەوکات نارەزای خۆیانیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن پێشمەرگەوە دەربری، بەڵام بە ھۆی سەرقاڵبونیان بە شەری داعش نەیانتوانی ھیچ ھەنگاوێک بنێن دژ بە پێشمەرگە، ھەر بۆیە چاوەروان دەکرا دوای کۆتایھێنان بە شەری داعش، ناوکۆکی لە نێوان کوردو عەرەب لە سەر کەرکوک سەرھەڵبدات.

بەرپرسانی کورد بە دواخستنی رزگارکردنی حەویجە گەورەترین ھەڵەی ستراتیژیان ئەنجامدا، بۆیە لە ئێستادا کەرکوکیان خستوەتە بەردەم گەورەترین ھەرەشەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی، بەھۆی ئەوەی وادەی کۆنترۆڵکردنی حەویجەو ئەنجامدانی ریفراندۆم لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ دەبێت، ئەمش ھەرەشەکە لە سەر کەرکوک زیاتر دەکات.  رەنگە بە سیناریۆیی جیاواز لە لایەن ھێزە ئیقلیمیەکان، یاخود لەلایەن ناوخۆی عێراقەوە دۆخێک بێتە ئاراوە کە سەر ئەنجام  کەرکوک تەنھا لە ژێر کۆنتۆڵی  ھێزی پێشمەرگەدا نەمێنێت.

لە بارەی ئەگەری سەرھەڵدانی ئەم شەرەوە، ئەمریکا ئاگادارکردنەوەی بە بارزانی وعەبادی داوە، لەو بارەوە (برێت ماکگۆرک) لە گفتۆگۆیەکی رۆژنامەوانی کە سایتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئابی ٢٠١٧ بڵاوی کردوتەوە بە ئاشکرا ئاماژەی کردوە، بۆ ئازادکردنی حەویجە پێویستیان بە ھەماھەنگی باش و تەواو لە نێوان پیشمەرگە و ھێزە ئەمنیەکانی عێراق ھەیە دژ بە داعش، بەبێ ئەمەش ئەگەری لێکەوتەی خراپ و کارەساتباری لێ دەکەویتەوە، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کردوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئابدا ئاگادارکردنەوەی بە بارزانی وعەبادی داوە.

سیناریۆکانی سەرھەڵدانی جەنگێکی نوێ لە حەویجەوە:
١. دزەکردنی داعش بۆ ناو شاری کەرکوک لە چەند قۆڵێکەوە بە پاڵپشتی ھێزێکی ئیقلیمی، ئەگەر ھەیە کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی شارەکەی لەدەست دەربچێت و لە دەرئەنجامی ئەوەش بە پاساوی پاراستنی کەرکوک ھێزی حەشدی شەعبی بێتە ناو کەرکوک و ئەمەش سەربکێشێت بۆ ھەڵگیرسانی شەر لە نێوان پیشمەرگە و حەشد، دواتر شەرەکە فراوانتر ببێتەوە، بۆ پاراستنی تورکمانەکان ھێزەکانی تورکیا لە سەر داوای تورکمانەکان داخلی کەرکوک ببن، سەرئەنجام ئێرانیش بەێتە جەنگەکەوە، ھەمو ئەمانەش وا بکات کەرکوک لە ژێر ھەژمونی پێشمەرگە دەربھێنرێت.
٢. بەھۆی پێداگری لە سەر بەشداریکردنی کەرکوک لە ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلول، تورکمان و عەرەبەکانی ( شیعە و سونە) دانیشتوی کەرکوک خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و پشێوی لە شاری کەرکوک بنێنەوە، ئەم چالاکیانەش ھاوکات بێت لەگەڵ دەستپیکردنی پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە، بەوەش ھێزە ئەمنیەکان توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان نەمێنێت و پشێویەکان لە سەر بنەمانی نەتەوەی و تایفی دژ بە کورد ئەنجام بدرێن، ھەربۆیە ھیزەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە ئیقلیمەکانیش دەستێوەردان لە کەرکوک بکەن، حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەک ھێرشەکانی دەست پی بکات و کەرکوک و دوز  بە تەواوەتی لە ژێر کۆنترۆلی کورد نەمێنێت.
٣. بە پاساوی دژایەتیکردنی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەرئەنجامەکەی لەلایەن ھێزە عێراقییە سونی و شیعە و تورکمانەکان، لە کاتی ئەنجامدانی لە رێگەی حەویجەوە بەو ھێزە زۆرەی بە پاساوی شەری رزگارکردنی حەویجە لە ئێستادا ھێنراون بۆ نزیکی کەرکوک ھێرش بکەنە سەر کەرکوک، لێرەوە جەنگ لە نێوان پێشمەرگەو ھێزە عێراقییەکان بە حەشدی شەعبیشەوە روبدات و سەر بکێشێی بۆ ناوچەکانی تر.

شایەنی ئاماژە بۆ کردنە ھەر ناکۆکیەک لە حەویجەوە سەرھەڵبدات کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانیە کیشە لەسەرەکانی باشوری کەرکوک تا خانەقین دروست دەکات. لە لایەکی ترەوە داعش لە دوای لاوازبونی لە موسڵ ولایەتی جەبەلی راگەیاندوەو لە ماوەی رابردودا چەند کردەوەی تیرۆریستیان لە ناوچەکانی زنجیرە چیاکانی حەمرین ئەنجامداوە، ئەمەش وەک خۆ سازدانێکە بۆ تێکچونی پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدا لە روی سەربازییەوە، ھەربۆیە لە ئێستادا گرنگترین کارێک کە دەبێت بکریت لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە پاراستنی کەرکوک و ناوچەکانی ترە نەک رزگارکردنی حەویجە.

دوز و داقوق وسلێمان بەگ
ناوچەی دوز و داقوق ئەگەرچی لە کاتی شکستی سوپای عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤  ھێزەکانی پێشمەرگە کۆنترۆڵیان کردو بە تەواوەتی کەوتنە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام بەھۆی شەڕی ئامرلی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بە رەزامەندی دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھێنرایە ئەم شارە، لەماوەی رابردودا بەشێکی فراوان لەو دو شارە کەوتوەتە ژێر کۆنترۆڵیان، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم دۆخی ئەمنی ئەم شارە خراپتر دەبێت، ئەگەری روبەروبونەوەی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لێدەکرێت، ئەمەش وادەکات ئەستەم بێت ئەم سێ شارە بیتەوە سەرھەرێمی کوردستان. کە روبەریان بریتیە لە ( دوز ١٢٥٣، داقوق ١١٧٢، سلیمان بەگ ٢٨٩).

گرنگی ئەم ناوچەیە 
بازرگانی: لە ئێستادا ناوچەیەکی بازرگانی گرنگە بۆ دانیشتوانەکەی بەھۆی ئەوەی رێگەی سەرەکی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان و شاری بەغدادی پێدا تێپەر دەبێت، کە توانای بەکارخستنی دانشتوانەکەی ھەیە.
کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ: ناوچەیەکی بەرفراوانی گرنگ کشتوکاڵی لە خۆ دەگرێت، بەھۆی بونی پرۆژەیەکی ئاودێری گرنگ، دەکرێت زەویە کشتوکاڵیەکانی بە باشی سودی ئابوریان ھەبێت، بەڵام لەئێستادا ئەو گوندانەی دانشتوانەکەی کوردن تەنھا خۆیان بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ کردوە.

سامانی سروشتی: یەکێکیە لە ناوچە گرنگەکان کە نەوتی تێدایە.
• ناوچە کۆنترۆڵ نەکراوەکان؛ 
نەوتخانە 
ناوچەیەکی ھەرە گرنگی خاکی کوردستانەو رێژەیەکی زۆر نەوتی تێدایە، لە رابردودا بەھۆی بونی کۆمپانیای نەوت لەو ناوچەیە ئاوادان بوە، بەڵام بەھۆی شەری ئێران- عێراقەوە چۆڵکرا لە دانیشتوانەکەی، بەھۆی ھاوسنوری لەگەڵ وڵاتی ئێران، لە ئێستادا ناوەندی نەوتخانە ھیچ ئاوەدانیەکی تێدا نیە، تەنھا ھەندێک لە گوندەکانی ئاوەدانکراوەتەوە.
لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزی پێشمەرگەدا نیە، بەڵام ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیەدا نین، ریفراندۆم دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ببێتە مایەی ململانێ و ئاڵۆزی لە نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی، بەھۆی نزیکی لە ئێرانیشەوە ھێزەکانی حەشدی شەعبی کۆنتۆڵی بکەن.

گرنگی 
پێگەی جیۆسیاسی: لە روی جیۆسیاسیەوە ناوچەیەکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە  ھاوسنوری وڵاتی ئێرانە. لەروەیەکی تریشەوە ھاوسنوری ناوچە عەرەب نشینەکانە.
بازرگانی: بەھۆی نەبونی ھیچ پرۆژەیەکی بازرگانی  تاکو ئێستا نەتوانراوە سودی بازرگانی ھەبێت، لە کاتێکدا پێگەیەکی گرنگی ھەیە لەم روەوە.
کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ: لە روی کشتوکاڵیەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی گرنگ لە خۆ دەگرێت، بەڵام لە ئێستادا بەھۆی نەبونی پرۆژەی ئاودێری سودێکی کەمی لێ دەبینرێت. گوندەکانی ئەم ناحیەیە زیاتر لەسەر سامانی ئاژەڵداری گوزەران دەکەن.
سامانی سروشتی: لەروی سامانی سروشتیەوە ناوچەیەکی ھەرە گرنگەو دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و گازی سروشتی .

ناحیەی قزلرەبات 
ناوچەی قزلرەبات کە روبەرەکەی ٦١٠ کم٢، ناوچەیەکی کوردستانیە، ھێزەکانی پێشمەرگە نەیانتوانی کۆنتۆڵی بکەن لە دوای شکستەکانی سوپای عێراق پێشرەوییەکانی داعش ئەم ناحیەیە کەوتە دەست داعش، لە ئێستاشدا لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیە، ھەربۆیە ناتوانرێت ریفراندۆمی تێدا ئەنجام بدرێت بەمەش ناکەوێتە چوارچێوەی کوردستان، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەم ناوچە گرنگە لە دەست دەدرێت کە بەربەستی حەمرینیشی لەگەڵدا دەبێت. 
قزڵرەبات ناوچەیەکی کشتوکاڵێ فراوانە بەھۆی نزیکی لە بەربەستی حەمرین و لە ھەمان کات پێگەیەگی گرنگی ھەیە بەھۆی ئەو رێرەوەی پێدا تێدەپەرێت بۆ شاری بەغدا. ئەمە جگە لەوەی رەنگە خاوەنی کانزای جۆر بەجۆربێت.

ناوچەکانی کوردانی فەیلی 
ناوچەکانی کوردانی فەیلی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان پێکدەھێنیت کە شارەکانی (مەندەلی ١١٩٢کم، بەدرە١٧٩٤ کم،  جەسان  ١٨٥٦ کم، زرباتیە ١٧٠ کم، قازانیە ٣٢٤٨) لەخۆ دەگرێت، ئەم ناوچەیە بەھۆی ئەوەی کوردن و لە ھەمان کاتدا شیعە مەزھەبن، لە لایەن رژێمی بەعسەوە توشی وێرانکاری تەواو بویەوە، بەشێک لە دانیشتوانەکەی گواستراونەتەوە بۆ وڵاتی ئێران، ئەوانی تریشی رەوانەی شارەکانی تری عێراق کران.
بەھۆی ئەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆنترۆڵی ئەم ناوچە فراوانەی نەکردوە، لە ئێستا لە ژێرکۆنترۆڵی ھێزەکانی حەشدی شەعبی وسوپای عێراقدایە، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەم ناوچەیە بەبێ ھیچ بەربەستێک دەبێتە بەشێک لە دەسەڵاتی عەرەب لە عێراق، بە تەواوەتی دانیشتوانە کوردەکەی ناچاری چۆڵکردنی شارەکانیان دەکرێن و دەیاننێرن بۆ ھەرێم، بەمەش سەرەرای ئەوەی خاکەکەیان لە دەست دەدەن کارو گوزەرانیشیان لە دەست دەدەن، لە کاتێکدا کوردانی فەیلی لە شارەکانی عێراق خاوەنی بەرژەوەندی بازرگانی گەورەن.

گرنگی ئەم ناوچەیە 
لە روی بازرگانی: بە ھۆی ھاوسنوریان لەگەڵ وڵاتی ئێران لە ئێستادا یەکێکە لە رێرەوە بازرگانیە گرنگەکانی عێراق لە شارۆچکەی زرباتیە، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە پەیرەوکەرانی شیعە مەزھەب لەم رێرەوەوە سەردانی شارە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن.
کشتوکاڵ: جگە لەوەی ناوچەیەکی فراوانی کشتوکاڵی بەھۆی بەنداوی مەندەلی لە ئێستادا دەتوانرێت سودی زۆری بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریە لیوەربگیرێت، ھەروەھا خاوەنی ژمارەیەکی زۆر باخی دارخورمان کە بەرھەمی باشیان ھەیە.

دوەم/ لە روی ئامادەباشی وتوانای سەربازی 
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەھۆی رۆڵی لە شەری دژ بە داعش، شکۆمەندی گەورەی بۆ خۆی لە ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی تۆمارکرد. بەڵام نابێت ئەو مەترسیانە بە ھەند وەرنەگیرێت کە پیشمەرگە لە ماوەی رابردودا روبەروی بوەتەوە، کە کاریگەریان لە سەر رۆڵی دەبێت لە ئەگەری سەرھەڵدانی پێکادانی سەربازی لەگەڵ ھێزەکانی حەشدی شەعبی وسوپایی عێراق ، لەخوارەوە بە کورتی ئامژە بۆ ھەندێک لە ئەو مەترسی و لەمپەرانە دەکەین:
١. نانیشتیمانی ھێزی پێشمەرگە 
 دەرئەنجامی کۆنترۆڵکردنی ‌سەرکردایەتی ھێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن حیزبە سیاسیەکان، مۆرکی نانیشتمانی داوە بەم ھێزانە، کە تەنانەت لە شەری دژ بە داعشدا ئەم مۆرکە بە دەرکەوتوە، لەم بارەیەوە ناوەندە گەورەکانی لێکۆڵینەوە لە ئاستی جیھان لەوانەش (سەنتەری کارنیگی و کرایسس گروپ) ئاماژەیان بەمۆرکی نانیشتمانی ھێزەکانی پێشمەرگە داوە بە مەترسی ھۆکاری و لاوازکردنی رۆڵی پێشمەرگە داوە لە ئایندەدا،  ھەروەھا ئاماژەیان داوە بەوەی کە تا چەند کاریگەری دەبێت لە ئاستی توانای بەرگری ھێزەکانی پیشمەرگە، چونکە ئەم ھێزانە دابەش بون بە سەر گروپی سیاسی جیاواز کە بەرژەوەندیەکانیان بە وڵاتە ئیقلیمیەکانەوە بەستراوەتەوە.

٢. پێداویستی سەربازی 
ئەگەر چی لە ماوەی شەری داعش ھێزەکانی پیشمەرگە ژمارەیەکی باش لە چەکی نوێیان لە وڵاتانی رۆژئاوا بەدەست ھێنا، بەڵام بەراورد بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق جیاوازیەکان زۆرن، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزەکانی سوپای عێراق خاوەنی فرۆکەی جەنگین، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە فرۆکەی شەرکەری نیە. ئەمەش نابەرابەری نێوان ھیزەکانی پێشمەرگەوە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەرئەخات  لە روی پێداویستی سەربازی. 

٣. پاڵپشتی دەرەکی 
ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق خاوەن پاڵپشتی ھێزێکی ئیقلیمی خاوەن بریارن لە ناوچەکە، کە بە ھەمو شێوازێک پاڵپشتیان دەکات، بە پێچەوانەوە ھێزەکانی پێشمەرگە ھیچ پاڵپشتیەکی دەرەکی ئەوتۆی نیە لە ئێستادا، ئەگەر چی ھەمیشە وڵاتانی رۆژئاوا لەکاتی تەنگەژە و ھەرەشەی سەربازی دژ بە کوردستان ھاوکاری ھەرێمی کوردستانیان کردوە، پاراستویانە لە ئەگەری ھەرەشەی سەربازی گەورە، بەڵام لە ئەگەری روبەروبونەوەی سەربازی لە نێوان پێشمەرگەو ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئەگەری ئەوە ھەیە ئەمجارە ئەم وڵاتانە نەبنە پارێزەری ھەرێم، چونکە وڵاتانی رۆژئاوا داوایان لە ھەرێم کردوە ریفراندۆم دوابخات چونکە زەمینە سازی نیە بۆ ئەنجامدانی لەم بارەشەوە ھۆشیاریان بە بارزانی داوە، بەڵام بارزانی بە پێچەوانەوە خواستی  رۆژئاوا بریاریداوە کە ریفراندۆم لە ٢٥ن ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجام ئەدات.

دەرئەنجام
١. بەھۆی بێباکی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەشێک لەو شارانەی کە پێشمەرگە لە دوای شکستی سوپای عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤  کۆنترۆڵی کردبون، ھێزەکانی حەشدی شەعبی بون بە ھاوبەشی پیشمەرگە لە دەسەڵاتداریان بەسەر ئەو شارانە.
٢. ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥/٩/٢٠١٧ لە ناوچە کوردستانیە کێشە لە سەرە کۆنترۆڵکراوەکان لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگە، وادەکات کە پشێوی سیاسی ئەمنی لە ناو ئەو شارانەدا سەر ھەڵبدات کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی تێدایە.
٣. بەھۆی نەبونی رێکەوتنی پێشوەختەی نێوان ھەرێم بەغدا بۆ کۆنترۆڵکرندنەوەی حەویجە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی حەویجە لە مانگی ئەیلول، دەبێتە مایەی ھەرەشە لە سەر شاری کەرکوک، ئەگەری  سەرھەڵدانی شەر لە نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی بەھێز دەکات، سەرئەنجام کۆنترۆڵکردنی کەرکوک تەنھا لە دەسەڵاتی پێشمەرگە نەمێنیتەوە.
٤. بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ کوردستان بەشێکی زۆری خاکەکەی لە دەست دەدات بە ھۆی نەبونی ھێزی پێشمەرگە لە بەشێکی شار و شارۆچکە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان، سەرئەنجام ھاونیشتمانی کوردی ئەو ناوچانە توشی ھەڕەشەڵێکردن و ئاوارەبون دەبنەوە.
٥. بە ھۆی نەبونی سوپایەکی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی جوڵەی ھێزەکانی پێسمەرگە لە لایەن  حیزبی سیاسی  وکاریگەری ھێزە ئیقلیمیەکان بەسەر حیزبە سیاسیەکان، کاریگەری لەسەر رۆڵ پێگەی ھێزی پێشمەرگە دروست دەکەن لە ئەگەری روبەروبونەوەی لە گەڵ سوپای عێراق وحەشدی شەعبی.
٦. نا بەرابەری پێداویستیە سەربازی و بەرگریەکانی ھێزی پێشمەرگە بەراورد بە سوپای عێراق وحەشدی شەعبی، کاریگەریان لە سەر توانای  سەربازی و بەرگری ھێزەکانی پێشمەرگە دروست دەکات لە بەرگریکردن لە ناوچە کوردستانیە کیشە لەسەرە کۆنترۆڵکراوەکان.
٧. پشتگوێ خستنی ھۆشیاریدانەکانی ولاتانی رۆژئاوا، لە نە بونی زەمینەیەکی گونجاو  بۆئەنجام نەدانی ریفراندۆم لە ٢٥ ئەیلول، گریمانەی بەھێز ئەوەیە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی و پارێزگاری ئەو وڵاتانە لە دەست ئەدات لەئەگەری سەرھەڵدانی شەڕ و ھەرەشە و روبەروبونەوەی سەربازی لە نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە. 

سەرچاوەکان 
١- کاوە حسن، کۆمەڵگەی بەسیاسیکراوی ھەرێمی کوردستان، لەبەرەنگاربونەوەی سیستەمی سوڵتانیدا، وەرگیرانی ھەڵمەت محەمەد، لە بڵاوکراوەکانی توێژینەوەی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران، تشرینی یەکەمی ٢٠١٥. 
٢- ئاریان رەئوف، کلیپتۆکراسی ( فەرمانرەوایی چەتەکان) ھەرێمی کوردستان بە نمونە، توێژینەوەی  ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران، شوباتی ٢٠١٧.
٣- بالڕرقام.. ڕعداد الگائرات العراقیە , سکتی بریس:
 http://www.skypressiq.net/٢٠١٥/١٢/١٢
٤-    الوحدات الإداریە ومساحتھا، الجھاز المرکزی للإحێاء
http://cosit.gov.iq/AAS/AAS٢٠١٢/section_١٠/١.htm
٥-    Brett McGurk Update: Global Coalition to Defeat ISIS,
https://www.state.gov/r/pa/prs/ps/٢٠١٧/٠٨/٢٧٣١٩٨.htm
٦-    Joost hilterman Iraq: The Battle to Come,
https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iraq/iraq-battle-come
٧-    Arming Iraq’s Kurds: Fighting IS, Inviting Conflict, criss group, report N ١٥٨ / MIDDLE EAST & NORTH AFRICA ١٢ MAY ٢٠١٥,
https://d٢٠٧١andvip٠wj.cloudfront.net/١٥٨-arming-iraq-s-kurds-fighting-is-inviting-conflict.pdf
٨-    Michael Young, An Unpopular Referendum,
 http://carnegie-mec.org/diwan/٧٢٨٧٦


‌‌‌
9/19/2017 8:16:03 PM
Print Friendly and PDF