راپۆرت

هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا


ئامادەکردنی: هەڵمەت محەمەد

کۆماری‌ ئەڵمانیای‌ فیدراڵ خاوەن گەورەترین توانای ئابوری نێو یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ هاوڵاتییەکانی دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نۆزدەهەمین خولی پەرلەمانی وڵات کە بە (بوندستاغ) ناسراوەو، دەبێت هەڵبژاردنی راوێژکار و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی بەدوادا بێت، لە ئێستادا بۆندستاغ لە (630) کورسی پێکهاتوە، بەپێی تۆماری دەنگدەران ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە خۆی دەدات لە (61) ملیۆن و (500) هەزار هاوڵاتی، وڵاتەکە بەسەر (299) بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە لە (16) ویلایەتدا.

سیستمی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا تاڕادەیەک لە هەندێ روەوە ئاڵۆزە، کۆکراوەیەکە لە سیستمی فەردی و لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی کە بەسیستمی (هاوڕێژەیی ئەندامێتی تێکەڵاو) ناسراوە. بەپێی دەستوری ئەڵمانیا کورسییەکانی پەرلەمان دیاری کراوە بە (589) کورسی لە هەر خولێکیشدا کورسییەکان زیادکراوە، ئەوەش بەهۆی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و رێژەی دەنگی بەدەستهاتوی پارتەکان لەسەر ئاستی ویلایەتەکان، بەپێی یاسا دەنگدەر دەبێت تەمەنی (18) ساڵی تەواو کردبێت و هەمو دەنگدەرێک مافی ئەوەی هەیە یەک دەنگ بە پاڵێوراوێک بدات بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە بازنەیەکی هەڵبژاردندا، هاوکات دەنگێکیش بدات بە پارتێکی سیاسی کە ناوی لە لیستەکەدا هاتوە لەسەر ئاستی ویلایەتێک.

لەبەرئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی فەردی لە بازنەیەکی هەڵبژاردندا نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت وەک چۆن بە نوێنەریەتی رێژەیی لەسەر ئاستی ویلایەتێک دەنگ بە لیستێک دەدات، بەمەش دەنگدەر نیوەی ئەندامەکانی پەرلەمان بەشیوەیەکی راستەوخۆ هەڵدەبژێرێت و نیوەی دیکەشی لە رێگەی دەنگدان بە لیستەکانەوە هەڵدەبژێرێت، بەم پێیەش هاوسەنگییەکی زۆر دروست دەبێت لە بوندستاغ یاخود پەرلەمانی ئەڵمانیا.

کۆماری‌ ئەڵمانیای‌ فیدراڵ
ئەڵمانیا یان دۆیتشلەند، کۆمارێکی یەکگرتوی دیموکراتیە و یەکێکە لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، ناوی تەواوی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیایەو دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەوروپاوە، لە باکورەوە سنوری ھەیە لەگەڵ دەریای باڵتیک، دانمارک، دەریای باکور، لە باشورەوە نەمسا و سویسرا، لە رۆژھەڵاتەوە پۆڵەندا و چیک، لە رۆژئاواشەوە: فەڕەنسا و لوکسەمبورگ، وھۆڵەندا.

روبەری ئەڵمانیا (357) هەزارو (21) کیلۆمەتر دوجایە، ژمارەی دانیشتوانی (82) ملیۆن و (218) هەزار کەسە و بە زۆرترین دانیشتوان و چڕترین وڵات لە وڵاتەکانی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێ و بە سێیەمین وڵاتیش دادەنرێت لە روی زۆری ژمارەی پەنابەرانەوە.

بەرلین وەک گەورەترین شار پایتەختەکەیەتی‌ و ناوەندی دەسەڵات لەوێدایە، سیستەمی سیاسییەکەی‌ یەکگرتوی فیدرالیە و بە شێوازی کۆماریی پەرلەمانی بەڕێوەدەبردرێت، لە روی بەڕێوەبردنەوە ئەڵمانیا (16) ھەرێمی یەکگرتو لە خۆ دەگرێ و ھەمو ھەرێمێک سەروەری تایبەتی خۆی ھەیە.

هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
هەمو چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی تۆماری دەنگدەران ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە خۆی دەدات لە (61) ملیۆن و (500) هەزار هاوڵاتی، وڵاتەکە بەسەر (299) بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە لە (16) ویلایەتدا، بۆ پێکهێنانی حکومەتیش پێویستە پارتە سیاسییەکان زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەست بهێنن، ئەگەر نا دەبێت هاوپەیمانی دروست بکەن، هەڵبژاردنی راوێژکاری ئەڵمانیاش لە رێگەی ئەندامانی پەرلەمانەوە بە زۆرینە هەڵدەبژێردرێت نەک لە ڕێگەی دەنگی هاوڵاتیانی ئەڵمانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ.

هەڵبژاردنی خولی (19)ی پەرلەمانی ئەڵمانیا کە لە (24)ی (9)ی (2017) بەڕێوەدەچێت، دوای‌ هەڵبژاردن دەبێت راوێژکاری‌ ئەڵمانیا بە زۆرینەی‌ رەها هەڵبژێرن کە لەدوای جەنگی دوەمی جیهانییەوە دەکاتە نۆیەمین راوێژکاری ئەڵمانیا ئەگەر بێت و خاتو مێرکڵ هەڵنەبژێرنەوە.

بوندستاغ یان پەرلەمانی ئەڵمانی لە خولی هەژدەیەمدا لە چوا گروپ یان فراکسیۆنی چوار پارتی سەرەکی دروست پێکهاتوە کە بریتین لە؛ پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی ئەڵمانیا و پارتی‌ سۆشیالیستی‌ دیموکراتی‌ و پارتی‌ چەپ و پارتی‌ سەوز و کۆمەڵێک پەرلەمانتاری‌ سەربەخۆ.

بەگوێرەی‌ دەرئەنجامی‌ دواهەمین هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ ئەڵمانیا کە لە ساڵی‌ (2013)دا ئەنجامدراوە رێژەی‌ کورسییەکانی‌ پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشبوە:
- پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی ئەڵمانیا (301) کورسی‌
- پارتی سۆشیالیستی دیموکراتی (193) کورسی‌ 
- پارتی چەپ (64) کورسی
- پارتی سەوز (63) کورسی
- پارتە بچوکەکانی دیکە (9) کورسی‌
- کۆی‌ گشتی‌ (630) کورسی‌

دیارترین پارتە رکابەرەکان لە هەڵبژاردنی‌ ئەمساڵدا
لە هەڵبژاردنی‌ (24/9/2017)دا، کۆمەڵێک پارتی‌ سیاسی‌ رکاربەری‌ لەسەر بەدەستهێنانی‌ (630) کورسی‌ خولی‌ نۆزدەهەمی‌ پەرلەمانی‌ ئەڵمانیا ئەکەن،بەپێی‌ پێشبینیەکان چاوەڕێدەکرێت پارتی‌ دیموکراتی‌ مەسیحی‌ ئەڵمانی‌ براوەی‌ هەڵبژاردنەکە بێت، بەڵام کێبکڕێی‌ گەرم لەسەر پۆستی‌ ڕاوێژکاری‌ ئەڵمانیا دەبێت کە ماوەی‌ (3) خولە لەلای‌ ئەنجێلا مێرکڵە، هاوکات ئەنجامدانی‌ هاوپەیمانییەتی‌ نوێ لە نێوان پارتە سیاسیەکانی‌ رکابەری‌ (یەکێتی‌ دیموکراتی‌ مەسیحی‌) بە دور نازانرێت بۆ کەوتنی‌ مێرکڵ لەم هەڵبژاردنەدا، دیاترین پارتە رکابەرەکانی‌ ئەم خولەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ ئەڵمانیا پێکدێن لە: 

1.  یەکێتی دیموکراتی مەسیحی لە ئەڵمانیا (CDU)
2.  پارتی سۆشیالیستی دیموکراتی (SPD)
3.  پارتی چەپ (Die Linke)
4.  پارتی سەوز(Grüne)
5.  پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP)
6.  پارتی ئەڵتەرناتیڤ لە پێناو ئەڵمانیا (AFD)

لەگەڵ ئەوەشدا چەند پارتێکی دیکەی بچوک پێشبڕکێی دەکەن، لەسەروی هەمویانەوە پارتی پارێزەرانی ئاژەڵان، پارتی ژینگەی دیموکراتی، پارتی باڤاری، پارتی مارکس لینینی ئەڵمانی، پارتی پەرتوکی پیرۆزی مەسیحی و پارتی ناوەندی ئەڵمانی.

دروشمی پارتەکان لە هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ ئەڵمانیا (2017)
بەمەبەستی‌ کۆکردنەوەی‌ زۆترین دەنگدەر لە خۆیان، پارتە رکابەرەکانی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەم خولەی‌ پەرلەمانی‌ ئەڵمانیا کۆمەڵێک دروشمیان هەڵگرتوە کە گوزارشت لە خواستی‌ کۆمەڵگەی‌ ئەڵمانی‌ دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەر یەکە لە پارتە سەرەکییەکانی‌ بڕێکی‌ زۆر پارەیان خەرجکردوە، دیاترین ئەو دروشمانەش برتین لە:

نیشتیمانیبون
(22) هەزار پۆستەر و (20) ملیۆن یۆرۆ بودجەی تەرخانکراوی بانگەشەی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحیە، لە پۆستەرەکنیشیدا ڕەنگەکانی ئاڵای ئەڵمانیا بەکاردەهێنێت. ئەمینداری گشتی پارتەکە دەڵێت: "ئێمە وڵاتمان لە دۆخێکی باشدایە و دەبێت شانازی بەم وڵاتەوە بکەین"، لە بانگەشەکانیان تیشکیان لەسەر پرسەکانی وەکو ئاسایش و خێزان و کار کردوەتەوەو تا لەو رێگەیەوە زۆرترین دەنگدەر لەخۆیان کۆبکەنەوە.

هاوڵاتی لە لوتکەی گرنگیداندا
دەستکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی سۆشیالیستی ئەڵمانی بەو پۆستەرانەبو کە زیاتر تیشک و بایەخی لەسەر هاونیشتیمانی بو وەکو فێرکردن، خێزان، خانەنشینان، وەبەرهێنان و یەکسانی لە کرێ. تێچوی بانگەشەی ئەم پارتەش خۆی دەدات لە (٢٤) ملیۆن یۆرۆ.

سەرۆکی حیزب خۆی بە مەیدانی لە بانگەشەدایە
زیاتر لە (5) ملیۆن یۆرۆ تێچوی بانگەشەی پارتی دیموکراتی ئازاد (لیبراڵ)ە، سەرۆکی پارتەکە كریستیان لیندنر خۆی بە چڕی لە بانگەشەدایە. یەکەمجار لیندنر بە ڕیشێکی تەنک و کراسێکی سپییەوە دەرکەوت. ڕایگەیاند "بانگێشتی ئێمە شێوازی بیرکردنەوەیەکی نوێیە!" بەم دروشمەش ئەم پارتە هەوڵی گەیشتن بە پەرلەمان دەدات.

بژاردەی پارتی سەوز
پارتی سەوزی ئەڵمانی پێداگیرییەکی زۆر لەسەر کۆمەلێک بابەتی مێژوی و کلاسیکی دەکات، وەکو بابەتەکانی ژینگە و پێکەوە ژیان و کۆمەڵێک دروشمی دیکە کە جێی بایەخیانە.

دیارترین ئەو دۆسییەیانەی‌ کاندیدەکان کاری‌ لەسەر دەکەن
پاڵێوراوەکان لە ڕکابەریدان و کۆمەڵێک دۆسیەیان خستوەتەڕوی بۆ ڕاکێشانی سەرنخی دەنگدەرە ئەڵمانییەکان، ئەو دۆسییەیانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بارودۆخی‌ ئەمڕۆی‌ ئەڵمانیاوە هەیە کە کۆمەڵێک ڕەهەندی‌ نیشتمانیان هەیەو زامنی‌ ئاسایشی‌ نەتەوەییی‌ ئەڵمانیان، دیارترین ئەو دۆسییەیانە بریتین لە: 

دۆسییەی پەنابەران
دۆسییەی تیرۆر و ئاسایش
ڕاستڕەوە توندڕەوەکان
دۆسییەی فێرکردن
بێکاری
یەکێتی ئەوروپا

هەڵبژاردنی راوێژکار
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بوندستاغ هەڵبژاردنی ڕاوێژکاری ئەڵمانیای فیدراڵە، پاڵێوراوێکی پێشنیارکراو هەڵدەبژێرێت وەکو سەرۆکی کوماری ئەڵمانیای فیدراڵ کە بە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ناودەبرێت، ئەمەش بەپێی دەقی یاسای بنچینەیی یاخود دەستوری‌ وڵات.
ڕاوێژکار پێویستە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، کە لەم خولەی ئێستادا کە خولی هەژدەهەمە زۆرینەی ڕەها (316) ئەندام دەبێت بەلایەنی کەمەوە.

دوای ئەوەی ڕاوێژکار هەڵدەبژێرێت لەبەردەم بوندستاغدا سوێندی یاسایی دەخوات، پێکهێنانی حکومەتی نوێی دەکەوێتە ئەستۆ و پێکهاتەی کابینە وزارییەکەی پێشکەش دەکات، هاوکات لەسەر کارلادانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش تەنها لە دەسەڵاتی پەرلەمانە، دیارترین کاندیدە بەهێزەکانی‌ ئەم خولەی‌ هەڵبژاردن بۆ پۆستی‌ ڕاوێژکاری‌ ئەڵمانیا هەر یەک لە: 

ئەنجێلا مێرکڵ
لە (17)ی تەموزی (1954) لە هامبۆرگ لەدایک بوە، لە ئێستادا راوێژکاری ئەڵمانیای فیدراڵە و یەکەمین ئافرەتە گەیشتبێتە ئەو پۆستە، لەساڵی (2011) گۆڤاری فۆربس وەک بەهێزترین ژنی جیهان دەستنیشانی کرد. ئێستاش یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ راوێژکاری‌ ئەڵمانیا لەسەر پشکی‌ پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی. ئەم خولە سەربکەوێت خولی چوارەمییەتی و لە ساڵی (2005)ەوە لەو پۆستەدایە. خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی کیمیا. لە ساڵی (1989) پەیوەندی بە پارتی نەهزەی دیموکراتییەوە کردوەو لەو سەردەمەدا کراوەتە وتەبێژی‌ حکومەت، هاوکات خاوەن کۆمەڵێک خەڵاتی‌ نێودەوڵەتییە لە بوارە جیاوازەکاندا.

مارتن شۆڵتز
مارتن شۆڵتز، جێ ئومێدی سۆشیالیستەکانی ئەڵمانیایە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەنجێلا مێرکڵ. شۆڵتز لە (20)ی کانونی یەکەمی (1955) هاتوەتە دنیاوە، لەئێستادا کاندیدی‌ پارتی سۆشیالیستی دیموکراتە بۆ پۆستی‌ راوێژکاری‌ ئەڵمانیا. لە ساڵی‌ (2012) وەک سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا هەڵژێردراو لەساڵی‌ (2014)شدا جارێکی‌ دیکە متمانەی‌ پێبەخشرایەوە. 

ژیانی گەنجی شۆڵتز لە شاری ئاخن بوە و لە سەردەمی لاوێتیدا کەسێکی‌ ئاڵودە بوە بە ماددە هۆشبەرەکان و ماوەیەکی‌ زۆر بەسەختی‌ نەخۆش کەوتوە و لە لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە. دوای چوار ساڵ لە قۆناغی خوێندنی‌ سەرەتایی، شۆڵتز گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەیەکی کاسۆلیکی لە فەرەنسا، بەڵام هیچ بڕوانامەیەکی‌ تایبەتەمەندی‌ بەدەستنەهنێناوە، ئەمەش بە خاڵی لاوازی ئەو دادەنرێت لەلایەن رەخنەگرانییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە (6) زمانی ئەڵمانی، ئینگلیزی، ئیسپانی، ئیتاڵی، فەرەنسی و هۆڵەندی قسە دەکات. لە ساڵی (1994) بوە بە ئەندامی ئەنجومەنی شاری فورزلین لەسەر پشکی پارتی سۆشیالیستی دیموکراتی، بۆ دو خول بەردەوام بو، لە (1987) بە راگری هەمان شار هەڵبژێردراوە، لە ساڵی‌ (1994) بوە بە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و تا ساڵی‌ (2000) سەرۆکی لیستی پارتی سۆشیالیستی دیموکراتی بوە، خاوەنی کۆمەڵێک خەڵاتی دەگمەنە لە ئەڵمانیاو نەمساو سویسرا. لە ساڵی (2013) کتێبێکی بڵاوکردەوە لەژێر ناوی‌ (زەبەلاحێکی‌ کۆتکراو ... ئەورپاو کۆتا دەرفەت).

ئەنجامی هەڵبژاردن
ئەنجامی فەرمی و کۆتایی راستاندراو لە ٩ی ١٠/2017 و دوای تێپەڕبونی (١٧) رۆژ لە کۆتایی هاتنی دەنگدان رادەگەیەنرێت، پاش دەستبەکاربونی‌ ئەندامانی‌ خولی‌ نوێی‌ پەرلەمانی‌ ئەڵمانیا، راستەوخۆو بەشێوەیەکی‌ نهێنی‌ متمانە بە راوێژکاری‌ ئەڵمانیا دەبەخشرێت و کابینەی‌ نوێی‌ حکومەت لەسەر دەستی‌ راوێژکار پێکدەهێنریت، بەپێی‌ دەستوری‌ ئەڵمانیا پەرلەمان رۆڵی‌ چاودێریکردن و لێپرسینەوەی‌ لە راوێژکارو تەواوی‌ وەزیرانی‌ حکومەتەکە هەیە، بۆی‌ هەیە لەکاتی‌ لادان لە پرەنسیپ و بەها جێگیرکراوەکانی‌ دەستور متمانەیان لێوەربگرێتەوە.

ئامادەکردنی: هەڵمەت محەمەد
سەرچاوەکان

1. توقعات بتصدر حزب میركل الانتخابات اڵ‌لمانیه‌، علی الموقع الالیکترونی؛
http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2017/9/15/%D8%AA%D9%88%D9%82%D8%B9%D8%A7%D8%AA-%D8%A8%D8%AA%D8%B5%D8%AF%D8%B1-%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D9%85%D9%8A%D8%B1%D9%83%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9

2. كل ما یجب أن تعرفه عن الانتخابات اڵ‌لمانیه‌، علی الموقع الالیکترونی؛
http://www.aljazeera.net/encyclopedia/events/2017/8/29/%D9%83%D9%84-%D9%85%D8%A7-%D9%8A%D8%AC%D8%A8-%D8%A3%D9%86-%D8%AA%D8%B9%D8%B1%D9%81%D9%87-%D8%B9%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9 

3. أنجیلا میركل، علی الموقع الالیکترونی؛
http://www.aljazeera.net/encyclopedia/icons/2014/12/13/%D8%A3%D9%86%D8%AC%D9%8A%D9%84%D8%A7-%D9%85%D9%8A%D8%B1%D9%83%D9%84 

4. شولتس.. أمل الاشتراكیین لهزیمه‌ میركل علی الموقع الالیکترونی؛
http://www.aljazeera.net/encyclopedia/icons/2014/12/16/%D9%85%D8%A7%D8%B1%D8%AA%D9%8A%D9%86-%D8%B4%D9%88%D9%84%D8%AA%D8%B3


‌‌‌
9/24/2017 11:57:33 AM
Print Friendly and PDF