راپۆرت

ڕیفراندۆم بۆچی کرا؟. ئەگەرەکانی دوای ڕیفراندۆم چیین؟. ھەڕەشەکان چیین؟.


 بەھرۆز جەعفەر


بەرە بەرە کوردستان وەک ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی ( Non state actor ) خەریکبو ئەچووە سەر نەخشەی ووزەی جیھانی، بە تایبەت لە ساڵی ( ۲۰۱۸ ) دا پرسی ھێڵەکانی غازی سروشتی و بە بازاڕیکردنیشی دەست پێ ئەکا، بەنیسبەت ھەرێمی کوردستانەوە ئەوەی ھەبو نەوت بو لەساڵی (۲۰۰۷) ەوە دەستیان بە گەڕان و دەرھێنان و فرۆشتنی ئەکرد، کاتێک ئاژانسی ووزەی جیھانی و ئیکسۆن مۆبێل ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان لە (۲۰۱٦) دا بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتبو ساڵانە پێداویستی جیھان بۆ غازی سروشتی بە بڕی (٪٦) زیادەکا، ئیتر ھەموو یەکە ناوچەییەکان بە خۆ کەوتن. 
لە لایەکی تر شەڕی داعش بەرەو کۆتایی ئەچوو سەرکردایەتی کورد بە بێ دەستکەوت و غەنیمە لەم شەڕە دەرئەچوون، تا ئەھات ناو ماڵی کوردیش پەرت پەرت ئەبو، لەگەڵیشیدا نفووسی پارتی و دەنگە دەنگە ناوخۆییەکانیان ببو بە خەمێک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان دا، بە جۆرێک سۆشیال میدیا بوبو بەکەرەستەی قسەکردنی خەڵکی ڕەشوڕووت و پەلاماردانی ھەر شتێک.
بۆیە بارزانی دەستی برد بۆ پرسی ڕیفراندۆم و مەلەفی سەربەخۆیی سیاسیی، کە لە ڕاستی دا کورد خاوەن دۆزێکی ڕەوایەو پرسی کوردیش پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتە، بۆیە کورد پێویستی بە ھەستانەوەیە لە چوارچێوەی سەربەخۆیی دا.....


* پلانەکە کورتی ھێنا !. 


ھەفتەیەک پێش دەنگدان بە ڕیفراندۆم بە تێکراو بە توندی ئەمریکاو ئەوروپاو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش و، بەدوایدا ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا و تورکیاو ئێران و عێراق دژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان وەستانەوە. 
بە پێی بە دواداچوونەکان بۆ ئەم نووسینە، لەگەڵ ئەو ناوەندانەی کە بۆ مەلەفی عێراق توێژینەوە پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان و پنتاگۆن ئەکەن، ئەو ڕۆژەی مەکگۆرک و سەفیری ئەمریکا لە عێراق ویستویانە بارزانی ببینن تا لە بڕیاری ڕیفراندۆم پاشگەزی بکەنەوە ، بارزانی لە کۆبونەوەیەکی وا شاردۆتەوە، لە (١٥ی ئەیلولی ٢٠١٧) مەکگۆرک تەلەفۆنی بۆ بارزانی کردووە، وتویەتی " ئەوە من لە دوا خاڵی بنکە سەربازیی و بەگژاچونەوەی دژ بە تیرۆرم، من تۆم ھێشتۆتەوەو تۆم کردۆتەوە بە سەرۆکی ھەرێم ھێشتا ئەمریکا بەمەش نازانن، بۆیە بە تەنھا یەک ئۆتۆمبیل و پاسەوانێکتان وەرن"..دیارە ئەنجامی کۆبونەوەکە نێگەتیڤ بووە، ئەو وێنەیەش گرتبویان بە کامێرای ستافەکەی مەکگۆرک بووەو دواتر داویانە بە ئامرازەکانی میدیا، ھەربۆیە بارزانیش ڕۆژی دوای ئەوە لە زاخۆ بە توندی و توڕەیی ووتارێک پێشکەش ئەکات، تیایدا بە حەماسەوە ئەڵێت "مادام ئێوە ھەمووتان دژن من ھەر دەیکەم چ حیساب بۆ ھیچ کەس نایەتە کرن.."



* ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم " پارتی ھیچ حیساب بۆ ئەمریکا ناکا؟.


پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای فشارەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەگژاچونەوەی تیرۆر و ویلایەتە یەکگرتوەکان، لەسەر میتۆدێکی داخراوی کلاسیک، کەوتنە قسە پێوتن و بچوککردنەوەی برێت مەکگورک -Brett McGurk.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدرا، ئەم ڕاپرسییە تەزویرێکی بێشوماری تیاکرا (بە ووتەی دکتۆرە ڕێزان ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن لە مێزگردی دەنگی ئەمریکا) ھەروەھا (۱٥۰۰۰۰) سەت و پەنجا ھەزار ئاوارەش دەنگیان دا، دەیان ئامرازی میدیاییش خرایە خزمەت ئەو پرۆسەیەوە، ئینجا نزیکەی (٤۰٪) ھاونیشتیمانیان بایکۆتی دەنگدانیان کردو زیاتر لە (۲۲٤) دوو سەت و بیستوچوار ھەزار دەنگدەریش بە (نەخێر) دەنگیان دا. دیارە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرچییەک بێت دیاردەو دەرئەنجامێکی تازەو سەرنج ڕاکێش بو، بۆ کوردستان بۆ ڕای گشتی جیھانی. 


٭ دوای ڕیفراندۆم: فشارەکانی بەغدا دەستورین و پاڵپشتی نێودەوڵەتیان ھەیە


دوای ڕیفراندۆم بەغدا بڕیاری کۆمەڵێ ئیجرائاتی داوە، بە پێی زانیاریەکان ئێوارەی (۲۷/۲۸ی ۹ی ۲۰۱۷) وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتوەکان تەلەفۆنی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق "حەیدەر عەبادی" کردووە پێی وتوە ھەر ئیجرائاتێکی سەربازیی ئەکەی بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق ویلایەتە یەکگرتوەکان پاڵپشتی تەواوت ئەکا...ئەمە ڕۆژانی ئایندە لە ئامزازەکان میدیا بڵاو ئەبێتەوە. 


٭ برنارد لیڤی کێیە؟. دیبلۆماسیەتی کوردیی شکستی خواردووە !. 


پارتی ھەندی دڵسۆزی وەک وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕەنسا "بێرنارد کۆشنەر "و کەسێکی وەک "برنارد ھنری لیڤی" ھێناوە کە لیڤی لە حەفتا ساڵی ڕابردودا وەک بیرمەندو نوسەرێک لەناو ھەموو ڕووداوەکاندا بووە لەو وڵاتانەی کە جیا ئەبنەوە وەکو جیابونەوەی بنگلادیش لە پاکستان لە ساڵی (١٩٧١)، کتێبێک یشی نووسی بەناونیشانی ( Bangla-Desh, Nationalism in the Revolution ) واتە ناسیۆنالیزمی بەنگلادیشی لە شۆڕشدا، لە پرسی یۆگسلاڤیا شدا لیڤی بانگی دا کە ناتۆ دەستێوەردان بکا، ھەروەھا لیڤی بەشداربووە لە مەسەلەی ئۆسیتای باشور ڕۆڵی گرنگی بینی لەگەڵ سەرۆکی جۆرجیا، جگەلەوەی لە کێشەی دارفۆر دا تێری خۆی ھەبو.... زۆر پرسی دیکەش.. بەگشتی کارەکانی برنارد لیڤی وەکو جولەکەیەکی ێەفاردیمی فەڕەنسی (ێەفاردیم ئەو جوولەکانەن کە لەدوای سەدەی پانزەوە لە بەر فشاری دادگاکانی تەفتیش لە پرتوگال و ئیسانیاوە بەرەو ئاسیای ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا ھاتن) دوو ئیشی ھەیە، یەکێکیان ئەوەیە لیڤی وەک تیۆرسێنێک ھەمیشە ئەڵێ دەستێوەردانی مرۆیی بریتی نییە لە فۆڕمێکی تری داگیرکاری و ئیمپریالیەتی نوێ لەلایەن خۆرئاواوە، ئەویتریش ھەمیشە برنارد لیڤی ئامادەیە لە ھەر شوێنێک بێت بۆ دژایەتی بیری سۆشیالیزم و چەپەکان لە جیھاندا، کە لە ئێستادا ڕووسیا لە ڕووی سیاسیەوە نمایندەی سۆشیالیزم ئەکات لە جیھاندا، وەک دیاریشە لە (شوباتی ۲۰۱۷)ەوە ڕووسیا بەرەبەرە بەرەو کوردستان دێ لە ڕووی ئابوریی و سیاسیەوە. لەھەردوو بارەکەدا "برنارد لیڤی" ئارگیومێنتەکانی تەواو نییەو، ویستی زاتی ھەیە، چونکە ئەو لەگەڵ ئەوەی تیۆرسێن و فەیلەسوفە، بزنسمان و خاوەن پرۆژەی داراییە، لەدوای جەنگی سارد کەباوکی مرد، برنارد کۆمپانیای (Becob) بۆ مایەوە، بو بە خاوەنی (٧٥٠) ملیۆن فرانک لەساڵی (١٩٩٧) دا.
ئینجا ئەوانەی لە دەوری بارزانین و شکستیان بە دیبلۆماسیەتی کوردیی ھێناوەو دوای حەز و گەڕانەکانی خۆیان کەوتوون، ئەیانەوێ وا لە بارزانی بگەیەنن کە ئەم جۆرە کاراکتەرە خانەنشینە بازرگانە نێودەوڵە تیانە ، بکاتە جۆرێک لە واجیھە تا لە ئەگەری پاشەکشەی خێرا لە مەلەفی سەربەخۆیی بەرپرسیارێتیان بخاتە ئەستۆ لای ئەمریکیەکان!. یان ھەر ھیچ نەبێ شکستە دیبلۆماسیەکەی پێ پەردە پۆش بکەن!. 


٭ کەواتە ئەگەر یان سیناریۆکانی دوای ڕیفراندۆم چین؟

یەکەمیان: بریتی یە لەتێکچوونی ڕەوشی ئەم ناوچەیە، بە ھۆی تەداخولاتی ئێران و پیلانی ھەواڵگریی تورکیاو بوون و نەبونی ئەمریکا. سەرەتای تێکچوونەکەش لە کەرکوکەوە دەست پێ ئەکات، پاشان سولەیمانی، ئینجا ناوچە تەماسیەکانی نێوان پارتی و پەکەکە بە ھۆی بوونی لۆجیستیکیانەی سوپای تورکیاوە. 
دووەھەمیشیان: ئەوەیە کە یوئێن، ئەمریکا، ئەوروپا، لە ھێزی سیاسی و بە دیلی تازە ئەگەڕێن لە باشوری کوردستان...
سێھەم: کۆنفیدراڵی، ئەمەش ڕەنگە پێویستی بە گۆڕینی دەستوری عێراق بێ، ئایا بەغدا پێشوازی لێ ئەکا؟
چوارەم: ڕێککەوتنی ئاشتی بە ئاگاداری یوئێن "واتە گەڕانەوە بۆ بەغدا"
پێنجەم: ھەرێم سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ و سوور بێ لەسەر داواکاریی خۆی، ئەوەش ڕووبەروبونەوەی سەربازیی بەدوای خۆیدا بێنێ و ھەرێم پەنا بۆ ئیسرائیل و نەتەوە یەکگرتوەکان ببات. بۆچی ئیسرائیل؟. 
ناوھێنانی ئیسڕائیل پەیوەندی بە مێدیتریانە ( واتە دەریای ناوەڕاست) ەوە ھەیە کە ھێلی ووزەی کوردستان لەگەل ئەو غازەی ئیسرائیل لە ناوەڕاستی دەریادا دەری ئەھێنێ بگەیەنن بەیەک. بەھێزترین ئەگەر بۆ ئەوەی ڕێگە بە ھێرشی سەربازی حکومەتی مەرکەزی "بەڕێبەرایەتی شیعەکان" بگیرێت، لاوازکردن و سەرقاڵکردنیەتی لەلایەن سعودییەو ئیسرائیل و ھەرێمی کوردستانەوە، ئەویش بەھێنانەوەی داعش بۆ عێراق و دەوروبەری بەغداو گرتنی چەند شارێکی تر.. ئینجا ئێرانیش لەناوچەی سولەیمانییەوە دەست بە دەستوەردانی سەربازی ئەکات و دوور نییە لەگەڵ ئەمریکیەکاندا بەریەک نەکەون!.
کۆتا سیناریۆ دووبارەبونەوەی مێژوو و دیسان توانەوەی قەزیەی کوردە وەک ساڵی (۱۹۷٤)، بەوەی عێراق مووسڵ بدات بە تورکیا تا لە بەرانبەردا دۆسیەی کورد کۆتایی پێ بھێنن.


‌‌‌
9/28/2017 10:25:18 PM
Print Friendly and PDF