راپۆرت

دنیابینی مام جەلال


محەمەد سالار (پاشا)

ئەم تێکستە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی تالەبانیان وەک خۆی نەناسیوە

بەشێوەیەکی گشتی ئەم خاڵانەی خوارەوە گرنگترین ئەو باوەرانەن کەسیاسەتی مام جەلالی لەسەر بونیات نراوە:

یەکەم: پیاوی تاکتیک
لەیەکێک لەچاوپێکەوتنەکانی کۆتایی ھەشتاکان مام جەلال دەڵێت: من خاوەنی یەک ستراتیژم بەڵام لەرۆژێکدا چەند تاکتیکێک دەگۆرم.‌
بۆ ئەوەی رون بێت؛ ستراتیژ بریتیە لە گۆڵکردنەکە بەڵام تاکتیک بریتیە لەچۆنێتی گۆڵکردنەکە. ئەو خاوەنی ئامانجێکی نیشتیمانی بو لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجەکەی دەیان رێگا و دەیان ھۆکاری تاقی دەکردەوە، (٣٠) ساڵ لەشاخ خەباتی نیشتیمانی کرد بەڵام ئاسایی بوو لای سەردانی گۆری خومەینی و ئەتاتورک بکات بەمە دەوترێت تاکتیک!

دوەم: خۆ پەروەردە کردن
تالەبانی یەکەم سەرکردەی سیاسی کوردە لەسەدەی نۆزدە و بیستەمیش کەبەتەنھا و پاڵپشت بە خۆ پەروەردەکردن بوە بەمام جەلال.
شێخ عویەیدوڵای نەھری، شێخ سەعیدی پیران، سمکۆی شکاک، شێخ مەحمود، سەید رەزای دەرسیم، مەلا مستەفای بارزانی، ھەر یەک لەم سەرکردانە لەپاڵ توانا و لێھاتوی خۆیان نازناو و جاە و نەسەب و شوێن ھاوکاریان بوە بۆ خەبات کردن و ناو دەرکردن و خەڵک لەخۆ کۆکردنەوە، وەلێ تالەبانی لەیاخی بون لەباوکەوە دەستی پێکردوە بەروت و قوتی بێ ھاوکاری کەس دەستی بەخۆ پەروەردە کردن کردوە قۆناغ بەقۆناغی بریوە تا لەمنداڵێکی یاخی لەخێزان و کۆمەڵگە دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق.

سێیەم: ھیچ شتێک موستەحیل نیە
لەچەند قۆناغێک لەژیانی تالەبانی موستەحیلی کردوە بەکردار، بەپێچەوانەوە بەشێکی دیار لەسەرکردەکانی کورد تەسلیمی قەدەر بون. بۆ وێنە؛
- شێخ مەحمود تەسلیمی قەدەری خۆی بو و باقی تەمەنی لەداریکەلی بردە سەر.
- قازی محەمەد تەسلیمی قەدەری خۆی بو و لەسێدارە درا.
- مەلا مستەفا بەھەمان شێوە شۆرشی ھەڵوەشاندەوە.
وەلێ لای تالەبانی قەدەر پێناسە و دەلالەت ومانایەکی دی ھەیە، ئەو ھەرگیز تەسلیمی قەدەری دروستکراو نەبوە بەڵکو خۆی خولقێنەری روداوەکان بوە.
- ئەو کاتەی کورد نە ‌ناوە و نەژمارە، تالەبانی دەگات بە سەرۆکی چین و میسر و جەزائیر و وڵاتانی دی.
- ئەو کاتەی چرای ئەیلول دەکوژێتەوە ئەو مۆمی شۆرشی نوێ ھەڵدەکات.
- ئەو کاتەی ئەنفال دەکرێت لەقاسمە رەش و بەپلانی نەوشیروان مستەفا وەڵام دەداتەوە.
- ئەو کاتەی یەکێتی خاکی لەژێر نامێنێت (٣١ی ئابی ١٩٩٦) لەسەر سنورەوە بەگەردەلولی تۆڵە دێتەوە مەیدان.

چوارەم: پرۆژەی نیشتیمانی نەک نەتەوەیی
جیاوازی لەنێوان پرۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەوەیە، لەیەکەمیان ھاوڵاتی بەئامانج وەردەگیرێت وەلی لەدوەمیان خاک.
بارزانی ھەڵگری پرۆژەی نەتەوەییە ھەر لەبەرئەوەیە نە لەدەمی مەلا مستەفا نەلەسەردەمی مەسعود بارزانی ئامادە نین پۆست وەربگرن لەبەغدا. 
تالەبانی بەپێچەوانەی بارزانی لەکوردستان و لەعێراقیش ھەڵگری پرۆژەی نیشتیمانی بوو ئەو پێی وا بوو ئامانجی نیشتیمانی کەبەدیھات ئیدی ئامانجە نەتەوەییەکان ئاسان دەبێت وە تا ئامانجی نیشتیمانی بەدی نەیەت باسکردن لەپرۆژەی نەتەوەیی بێ کەڵکە. بێگومان دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کەژیانی سیاسی تالەبانی لەقۆناغێک بۆ قۆناغێکی دی جیاوازی ھەیە. 

پێنجەم: فیکر وەک خزمەتکار نەک خزمەتکراو
ھەموو حیزبە ئایدۆلۆژییەکان بەچەپ و راستەوە خۆیان دەکەن بەخزمەتکاری فیکر، بەپێچەوانەوەی تالەبانی ھەردەم فیکری کردوەتە خزمەتکاری ئامانجەکانی.
- لەسەرەتای تەمەنی ھەڵگری فیکری ناسیۆنالیتی بوە.
- لەشەستەکان لەرێگەی ماویزمەوە خزمەت بەئامانجەکانی دەکات.
- لەحەفتەکان لەرێگەی مارکسی لینینی.
- لەکۆتایی ھەشتاکان لەرێگەی سۆسیال دیموکراتەوە.
خالی ھاوبەش لەتەواوی فیکری تالەبانی بریتیە لە (چەپ) بەڵام لەگەل ئەوەش ھەرگیز چەپ بونی وەک ھاودژ لەگەل ئاین تەماشا نەکردوە، پەیوەندی توند و بەردەوامی مام جەلال لەگەل شێخانی تەریقەت و مەلا و زانایانی وەک (مەلا کەریمی بیارە و شێخی خاڵ و مستەفا زەڵمی ... ھتد) دەلیلی ئاشکران کەفیکر لای تالەبانی خزمەتکار بوە نەک خزمەتکراو.

شەشەم: زات پەرستی
لەقۆناغی پارتی بونی تالەبانی (١٩٤٧ – ١٩٧٤) تالەبانی پرۆژەکان بەچەق وەردەگرت و خۆی وەک وەسیلەی ھەڵسوراندنی پرۆژەکان کاری دەکرد.
دوای دامەزراندنی یەکێتی ئیدی تالەبانی خۆی کردە ناوەند، لەگەل ئەوەی ئەندامانی خەتی گشتی لەھەر یەک لەبزوتنەوەی سۆسیالست و کۆمەڵەی رەنجدەرانیش کەمتر بوون وەلێ تەواوی سەرکردایەتی ھەر سێ رێکخراوەکە لەئەستۆی تالەبانی بوو.
لەکۆنگرەی یەکەمیش لە ساڵی (١٩٩٢) یەکێتی لەرێکخراوێکی نیمچە بەرەیی کردە حیزب، لە کۆنگرەی دووەم لەساڵی (٢٠٠١) دەسەڵاتەکانی خۆی وەک سکرتێری گشتی زیاد کرد، لەکۆنگرەی سێیەم لەساڵی (٢٠١٠) دەسەڵاتەکانی کردە (٢٤) دەسەڵات ئەمە لەکاتێکدا لەکۆنگرەی پێشوتر تەنھا (١٤) دەسەڵات بوون.
بون بەسەرۆک کۆماریش ئەلقەیەکی دیکە بوو لەھەمان پرۆژەی تالەبانی.

بێگومان خاڵی دیکەش ھەیە لەوانە (ئیدارەدانی ململانێ و نەدوژمنی ھاوبەش و نەدۆستی ھاوبەش و دەیانی دیکە بەڵام بەشێوەیەکی ‌گشتی ئەم خاڵانە گرنگترین دیدی و کاری تالەبانی بوە بۆ سیاسەت.


‌‌‌
10/6/2017 2:04:05 PM
Print Friendly and PDF