راپۆرت

مەترسیەکانی حەشدی شەعبی لە داھتوودا


ھاوکار رەفیق

ئەمە بەشێک بوو لەو نوسینەی لە کۆتایی ٢٠١٦دا نوسیم، لەوکاتەدا لە پەرلەمانی عێراقەوە شەرعیەتی یاسایی درا بە حەشدی شەعبی، کە بەشێک لە ئەندام پەرلەمانە کوردییەکانیش بەشداربوون لەم دەنگدانەدا، ئەمەی ئێستا دەرئەنجامەکەیەتی:-
یەکەم: (حەشدی شەعبی) بە سەرجەم گروپ و دەستەکانی ناوییەوە، ئامانجی سەرەکی ڕەوایی دانە بە سیاسەت و ستراتیژی دەوڵەتی ئێران لە (عیراق)دا، کە ھەتا ئەم ساڵانەی دوایی و ھاتنە سەرکاری شیعەی عێراقی بۆسەر دەسەڵات، دەوڵەتی ئێران ڕۆڵێکی کارای نەبوو بەسەر سیاسەت و ئاراستە و بڕیاری عێراقەوە.
دووەم: مانەوەی (حەشدی شەعبی) یەکناگرێـتەوە لەگەڵ ویست و خواستی (سوننە)کانی عێراق، ئەوان جەنگی مێژووی و مەزھەبی توندیان ھەیە لەگەڵ (شیعە)دا، بۆیە ئەم باڵادەستبوون و پاڵپشتی کردنەی (حەشدی شەعبی) لە لایەن ئێران و عێراقەوە، دڵیان خۆش ناکەت، بگرە پێکدادان و بەریەکەوتنیان لەگەڵ یەکدی دوای کۆتایی ھاتنی (داعش) ڕووداوێکی نەکردەیە (موستەحیلە)، ئەمە وێڕای ئەوەی توندوتیژی (حەشدی شەعبی) بەرامبەر پێکھاتە سوونەکانی (فەلوجە، ئەنبار، رومادی، تکریت، ئامرلی، بێجی، بەشیر، سەقلاوییە) گەورەترین نیشانەی ئەم پێکدادانەیە.
سێھەم: دروستکردنی (حەشدی شەعبی) بۆ دژوەستانەوەی، کردەوە تیرۆرستیەکانی (داعش)دروستکرا لە خاکی عێراقدا، داواکردنی دەستکەوتی جەنگی دوای کۆتایی ھاتنی (داعش) لە لایەن (حەشدی شەعبی)یەوە، داوایەکی حەتمیە، ڕەنگە داواکارییەکانی لە لایەن زۆرێک لە پێکھاتەکانی عێراقەوە، بە ڕەوا نەبینرێـت و دیسانەوە ھۆکارێک بێت بۆ پێکدادان و خۆشکردنی ئاگری جەنگی ناوخۆ.
چوارەم: مانەوەی (حەشدی شەعبی) لە عێراقدا، پێش ھەر دەوڵەتێکی تر لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) توڕە دەکات، ئەمە وێڕای دەوڵەتانی ناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووبوونەی جەنگی داعش، دڵگرانن بە ڕۆڵی (حەشدی شەعبی) لە عێراقدا، چونکە ئەمان ئەم کارانەی ئەوان بە درێژکراوەی سیاسەتەکانی (ئێران) دەبینن لە عێراقدا، یەکەمین نیشانەی ناڕازیش لە ئێستادا ئەوەیە کە (فرۆکەکانی ھاوپەیمانان) یاریدەی ھێرشە زەمینیەکانی (حەشدی شەعبی)ناکەن، لە کاتی دژوەستانەوەیان لەگەڵ تیرۆرستانی داعش.
پێنجەم: (حەشدی شەعبی) لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکی ناباشی ھەبووە لەگەڵ (ھێزی پێشمەرگەی کوردستان) تا ئەم حاڵەتە گەیشتۆتە پێکدادانی نێوانیان و شەھیدکردنی (پێشمەرگەی کوردستان) بەدەستی چەکدارانی (حەشدی شەعبی)، بەم پێیە بێت دوای لەناوبردنی (داعش) سیناریۆی ھێرشکردنی (حەشدی شەعبی) بۆ سەر ئەو ناوچە کوردیانەی (ھێزی پێشمەرگە) کۆنترۆڵی کردوون و بە ناوچەی دابڕاوەکان لەقەڵەم دەدرێن، پێشبینیەکی واقیعیە کە تاڕادەیەکی زۆر نزیکە لە ڕوودانەوە، بە بیانووی ئەوەی ئەم خاکە بە شێکە لە عێراق و کورد مافی ئەوەی نیە کۆنترۆِلی ئەم ناوچانە بکات، پێکدادانی نێوان (حەشدی شەعبی) لە (دوزخوماتوو) و لەم ماوەیەشدا لە (شەنگال)، شایەتی مەترسی و ھێرشی ئەم گروپەن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لە داھاتوودا.
شەشەم: (حەشدی شەعبی) و سەرجەم گروپ و پێکھاتەکانی ناوی، ھێزی چەکدارن ئەوان ھەموویان پێکەوە تینووی جەنگن، ھەر لە پێناو جەنگکردنیش دژی پێکھاتە نەیارەکانیان دروستکروان، ئەوان یەکەم میکانیزمی کێشەکان بە جەنگ دەبینن، بۆیە دور نیە ھەر پێکھاتە و ھێز و دەستەیەک بچێتە سەرنگەریانەوە یان (حەشدی شەعبی) بە نەیاری خۆی ناوزەندیان بکات، ئەوە پێشبینی جەنگ و پێکدادن دەبێتە ڕاستیەکی مەیدانی.
حەوتەم: حەشدی شەعبی لە ٢١/١١/٢٠١٦ لە پەرلەمانی عێراقەوە بەرگێکی یاسایی بۆ کرایەبەر، تا ئەم بەروارە بە ھێزی فەتوا دەچوو بەڕێوە، بەڵام ئێستا بە یاسا ڕاوایی بە ناڕەواییەکانی دەدات، مەرجەعیەتی شیعەکان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە حەشدی شەعبی لەگەڵ کۆتایی ھاتنی جەنگی موسڵ و لەناوبردنی داعش، لەسەر زەوی عێراق کۆتایی پێدێت، بەڵام بەم بە یاسا و لە چوارچێوەی پەرلەماندا تەمەنی مانەوەی بۆ ئەبەدی درێژکرایەوە و بانگەشەکانی مەرجەعەیەتی شیعەکانیش تەمەنی تەواوبوو، لە ھەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی فراکسیۆنە کوردییەکان، پشکدار بوون لە دورینی ئەم بەرگە یاساییە بۆ باڵای حەشدی شەعبی، کە دورنیە یەکەم ھەنگاوی خوێناوی حەشدی شەعبی دوای جەنگی موسڵ بەرەو کوردستان بچێت، شێواوی و لێکترزانی ماڵی کوردی و کڵپەی تەنگژەی جۆربەجۆی سیاسی و ئابوری، دەبنە خاڵی لاواز بۆ زیاتر ھێرشکردنی حەشدی شەعبی، ئەمە وێڕای دروستکردنی حەشدی شەعبی لە پێکھاتەی کورد کە ئێستا لە کەرکوک کاری لەسەر دەکرێت! .
ھەشتەم: حەشدی شەعبی ئێستا بووە بە بەشێک لە سوپای عێراق، دەکرێت بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق مەرامە سیاسی و ستراتیژی و مەزھەبیەکانی لە عێراقدا زیاتر تۆختر بکاتەوە، ئەو کاتە ھەم یاسا بەرگری لێدەکات، ھەم کەمتر نیاز و مەبەستە شاراوەکانی لە ناوسوپای عێراقدا دەردەکەون، کە پێش ھەموویان پراکتیزەکردنی ئەو تێزانەیە کە لە تارانی پایتەختی ئێرانی شیعە مەزھەبەوە بۆی دەنێردرێن.
نۆیەم: شەرعییەتدان بە حەشدی شەعبی، بە پاساوی یاسایی، دورنییە لە سەروبەندی ھەڵبژاردنی عێراقدا ببیتەوە بە لەمپەر، چونکە بەشداریککردنی لە ھەڵبژاردنەکان و پشتگیری کردنی ئێران و شیعەکان لەم داواییەی وادەکات، ناتەبایی و نادیموکراسی بوون باڵبکێشێت بەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن لە داھاتوودا.


‌‌‌
10/16/2017 9:20:56 AM
Print Friendly and PDF