راپۆرت

ئایندەی پەیوەندییەکانی کورد و حکومەتی مەرکەزیی


بزاڤ پرێس:

ئایندەی پەیوەندییەکانی کورد و حکومەتی مەرکەزیی: ئایا دۆخەکە وەک خۆی لێ دێتەوە؟.


پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئەم دۆخە بۆ وای لێھات؟. لەڕاستیدا ھەڵەی کوشندە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە دەست پێ ناکات، لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٣) ەوە دەست پێ ئەکات، کە دروستکەرانی بڕیاری ئابوربی و سیاسیی دروشمی ئابوریی سەربەخۆیان بەرزکردەوە.


یەکەم: ئابوریی سەربەخۆ 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەساڵی (٢٠١٢) ەوە، مژدەی ئەوەیدا کە لە (٢٠١٥) دا ھێڵی ووزەی کوردستان لەتوانایدایە (١) یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، بەوەشەوە داوایان ئەکرد پشکی (١٧%) ی بودجە لە بەغدا بەدەست بھێنن!. پەلەکردن لەئابوریی سەربەخۆ لەبەرئەوە بو، ئەگەر بودجە لەبەغداوە بێت، بابەتێکی شەفافەو، دیارە ھەرێم چەندی دەست ئەکەوێت، بەرپرسانی ھەرێم بریاریاندا سەربەخۆ نەوت بفرۆشن، حکومەتی عێراقیش بودجەکەی بڕی، بڕینی بودجەکە لەکاتێکدا بو، داعش ھات و، نرخی نەوت یش دابەزی، ھەناردەکردنەو سیاسەتی ووزەی ھەرێم نیواو نیو کورتی ھێنا.
کورتھێنانی سیاسەتی ووزەی ھەرێم، بەجۆرێک بو، کە نەک لە (٢٠١٥) بەڵکو لە کۆتاییەکانی (٢٠١٧) شدا، حکومەتی ھەرێم نەک ھەر نەیتوانی لە یەدەگ و بەرھەمی نەوتی ھەرێم (١) ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا ھەناردە بکات، بەڵکو بە ھەناردەی ھەرسێ کێڵگەی (باباگوڕ گوڕ، ئاڤانا، بای حەسەن) یشەوە کە (٣٦٠٠٠٠) لەڕۆژێکدا، ئینجا توانی (٥٥٠٠٠٠بۆ ٦٠٠٠٠٠) ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ھەناردە بکات. جگە لەو نەوتەی کە بە کەشتی لە کەنارە ئاوییەکانی دەریای ناوەڕاست و کەنەداو ئەمریکاوە، ئەسوڕایەوەو، کرێی ڕۆژانەی زیاتر کەڵەگە ئەبو، چونکە کڕیارەکان شکاتیان لێ کرابو لە لایەن حکومەتی مەرکەزی عێراقەوە. 
بەرپرسانی ھەرێم، لە (١٤ی ٧ی ٢٠١٤) ەوە ھەموو ڕۆژێک (٢٦٠٠٠٠) دووسەت و شەست ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک یان لە (ئاڤاناو بای حەسەنەوە) فرۆشتووە، پارەکەش چۆتە سەر حیسابی چەند کەسێک، بەرپرسانی ھەرێم و بەغدا لەوەدا کۆک بوون کە داھاتی ئەو نەوتە ناچێتە سەر ھیچ حیسابێکی حکومی نە لەھەرێم نە لەبەغدا نە لەکەرکوک!. جگە لەوەی بەرپرسانی کورد لە کەرکوکا بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕای عەرەب و تورکمان و پێکھاتەکان بڕیاریانداوە، جگەلەوەی لەماوەی (١٦) ساڵ دا مومتەلەکات ی حکومەت و موڵکی دەوڵەت و زەوی و چاڵە نەوتیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبو، بە تەنکەر نەوتیان ئەفرۆشت و چەندین پاڵیوگەی سەر پێیی یان کردبوەوە.


دووەم: بڕیاری ڕیفراندۆم

بڕیاری ڕیفراندۆم، ھەرچۆن لێی بکۆڵیتەوە، بڕیاری خەڵکی کوردستان نە بووەو نییە، چونکە نە پەرلەمان ئەو بڕیارەی داوە، نە ھیچ دامەزراوەیەکی شەرعی، نە ھیچ شەرعیەتێکی نێودەوڵەتیشی وەرگرتووە، تەنانەت حزبێکی بڕیار بەدەستی وەک (ی،ن،ک) سەرکردایەتییەکەی بە پێی پەیڕەوو پرۆگرام شەرعیەتی لەدەستداوەو، بڕیارەکانی لە ناو جەماوەر و ناوەندی کادیرانییەوە ھەڵ نەقووڵا بوون، ئینجا نزیکەی (٤٠,٥%) واتە تەنھا لە سەتا چل ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بەو ڕیفراندۆمە داوە. ھەڵەیەکی دیکەی ڕیفراندۆم ئەوەبو، زەمینەی گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی کوشت، عێراق لەگەڵ ئەوەی حوکمی یاساو دەستوری تیادا نییەو، شەڕی تایەفی و بیری پاوانخوازی تیایدا زاڵەو ڕێژەی بێکاری تیایدا(٣٥%) ەو، نزیکەی (٦,٥) شەش ملیۆن و نیو منداڵی بێ باوکی تیادایە و (٢٣) بیستوسێ ملیار دۆلار قەرزارە، کەچی ھێشتا عێراق بە تەواوی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی ھەیە. ویلایەتە یەکگرتوەکان دەیان جار دووپاتی کردۆتەوە کە جگە لە عێراقێکی یەکگرتوو نایەوێ ھیچی تر ببینێت لەو قۆناغەدا.


سێھەم: قۆناغی دوای ڕیفراندۆم قۆناغی فەرمانڕەوایی حکومەتی مەرکەزییە

لە دوای ڕیفراندۆم، سەرکردایەتی سیاسیی کورد، جگە لە پەرش و بڵاوی و فرە قسەیی، ھەنگاوەکانیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی زۆر خاو بو، لەکاتێکدا "ئێران- عێراق" - "ئێران- تورکیا" " تورکیا- عێراق"، "ئێران- عێراق- تورکیا" لە جموجووڵ و بڕیار و تاوتوێی خێرادابوون. وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتوەکان لە تەلەفۆنێکیدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق "حەیدەر عەبادی" ھەموو پاڵپشتیەکی بۆ ئیجرائاتە یاسایی و دەستورییەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی بو. چەندین جار عێراق داوای گفتوگۆی لە ھەرێم کرد کە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە ھەڵبوەشێننەوە یاخود ھەڵپەسێرن، چەندین جار حکومەتی عَێراقی بێزاری خۆی لای ئەمریکییەکان و تورکیاو ئێران و دادگای نیۆرک دەربڕی بو، کە بەرپرسانی کورد (٣) ساڵە داھاتی نەوتی کەرکوک بۆ خۆیان ئەبەن، ئەبێت ئەم داھاتانە بێنەوە بۆ حکومەتی مەرکەزیی عێراق. کەچی بەرپرسانی ھەرێم و بەتایبەتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) گاڵتەو سوعبەتیان بەو لێدوانانە ئەکرد و، بە تەنزەوە وەڵامیان ئەدانەوە.


چوارەم: حکومەتی عێراقی بە ڕێککەوتن ھەموو خاڵە سنورییەکان وەر ئەگرێتەوە


حەشدی شەعبی بە چوار قۆناغ گەشەی کردووە، سەرەتا دروستیان کرد، قۆناغی دووەم بە یاسا لەپەرلەمانەوە کرا بە بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق، قۆناغی سێیەم پڕ چەک کران، قۆناغی چوارەم شەڕی دەستکەوتە سیاسییەکانی خۆیانی پێ ئەکەن.
ڕۆژی (١٤/١٠/٢٠١٧) فەرماندەی سوپای قودسی ئێران "قاسمی سولەیمانی" سەردانی مەزاری تاڵەبانی ئەکات، ڕۆژی (١٥/١٠/٢٠١٧) سەرۆک کۆماری عێراق " دکتۆر فواد مەعسوم" کە لەپشکی کوردە، نامەیەکی حکومەتی عێراقی ئەگەیەنێتە سەرکردایەتی کورد کە " پدک و ینک" ن، لە نامەکەدا ئەوە ھەیە کە حکومەتی عێراقی سەرجەم بیرە نەوتییەکانی کەرکوک ئەخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، ھەموو ئەو ناوچانەی کە پێش شەڕی داعش لە (٢٠١٤) بەدەست حکومەتی عێراقەوە بوون و، بەھۆی شەڕی داعشەوە کەوتونەتە دەست پێشمەرگە، ئەوا ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کۆنترۆڵیان ئەکاتەوەو، پێویستە پێشمەرگە چۆڵی بکات، خاڵی سێھەمیش ئەوەیە حکومەتی عێراقی ھەموو مەرزە سنورییەکانی پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران، برایم خەلیل ئەخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی و، ڕاستەوخۆ خۆی بەڕێوەی ئەبات. بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەمانەش تەنھا مەرزی حاجی ئۆمەران نەبێت کە سوپای حەشدی شەعبی لەناو خاکی ئێرانەوەو لە ناوچەی پیران شار ەوە ئەچێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی، ھەموو ئەوانی تر لە خاکی عێراقەوە بە ھێز وەرئەگرێتەوە.
کۆی ئەو پرۆسەیەش، لە بەرە بەیانی ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ١٠ی ٢٠١٧) ەوە لە خوارووی کەرکوکەوە دەستی پێکردو، نزیکەی (٧٠) پێشمەرگە شەھیدبوون و (١٢١) کەسی دیکەش بریندار بوون جگە لە (١٧) کەسی بێسەروشوێنکراو و، ھەزاران ماڵی کورد لەشاری کەرکوک و دووز خورماتوو ھەڵاتن و ئاوارە بوون.


پێنجەم: ئەوەی پێویست بو کورد بیکات نەیکرد

سیاسەت و ئابوریی لە لای کورد تێکەڵ بەمەسەلەی کوردایەتی و ئایدۆلۆژیا کراون، بۆیە لەبری (ھاریکاری ھەرێمایەتی- International Cooperation) ھەمیشە (ململانێی ناوخۆیی و ھەرێمی) بەدوای خۆیدا ھێناون، ئەوەی پێویستە بووە ئەوەبووە کە حوکمڕانی کوردی باکگراوەندێکی مۆدێرن ئاڕاستەی بکات. بۆ ئەوەی دەرچوو (Out Put) ەکانی بریتی بن لە ڕیسێرچ بە شێوەیەکی ئاکادیمی، دیبلۆماسییەتێکی کاریگەر، ھێزێکی سەربازیی بە یاسا ڕێکخراو، گەشەیەکی مرۆیی بۆ ئامادەگییەکی کۆمەڵایەتی. مەسەلەن: کورد و ئەو پیاوانەی لەسێبەری نەوت دا دەوڵەمەند بوون، نەیانتوانی تەنھا پاڵپشت بن لە دروستکردنی چەند ناوەندێکی توێژینەوەو دیبەیتخواز کە کاریگەرییان ھەبێت لەسەر ڕای گشتی جیھانی، لەناوەندە گرنگەکاندا ئارگیومێنسازیی بکەن. بۆیە ئەبینی کە ھەڕەشەکان نزیک ئەبنەوە داوا ئەکەن کوردانی ھەندەران بێنە سەر شەقامەکان و، داوا ئەکەن خەڵک چەک ھەڵبگرێت و ئیشەکە لەدەست دەرچووە.


شەشەم: چۆن کەرکوک لە بەیەکداکێشانی ھێزەکان بپارێزرێت؟. " بە پێی تێزەکانی مایکڵ نایت".

مایکڵ نایت -Michael Knight، تایبەتمەندی لەبواری سەربازیی و ئاسایش دا ھەیە لە عێراق و ئێران و کەنداوی عەرەبی. لەو توێژەرانەیە کە وەزارەتی بەرگریی و دەرەوەی ئەمریکاڕاپۆرتەکانی ئەبیننیان ھەر ڕاپۆرت بۆ ئەوان ئامادەئەکات، توێژەرە لە واشینگتۆن ئینستیوت و، دکتۆرای لە کۆلێژی شاھانەی لەندەن لە دیراساتی جەنگی ھەیە، خولیای قسەکردنە سەبارەت بە کۆنێکشنی نێوان ئاسایش و کۆمپانیا نەوتییەکان.  لەمیانەی وتارێکیدا لە " پەیمانگەی واشینگتۆن بۆڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست" ئەنوسێت، کە حکومەتی عێراق ھاتە ناو کەرکوکەوە ئەمریکا ھیچی نەووت، تەنھا سەرۆک ترامپ نەبێت وتویەتی: ھەردوولایان وەک یەکن بۆ ویلایەتەیەکگرتوەکان و ئێمە تەرەف نیین لەم ناکۆکییەدا "would not be "taking sides" in the dispute". نایت، لایوایە حکومەتی عێراق ھاتۆتە ناوەوەو ئیتر لەمەولا ئەبێت واشنتۆن بەپەلە ڕێگیریی بکات و نەھێڵێت توندوتیژیی پەرەبسێنێت، ناو شار ئەبێت بەدەست پۆلیسەوە بێت نەک پێشمەرگەو سوپا، کێڵگە نەوتییەکانیش ئەبێت پۆلیسی تایبەتیان ھەبێت نەک حەشدو سوپا و پێشمەرگە، بۆیە مایکل نایت چوار ھەنگاوی دەستوبرد بۆ ئیدارەی ئەمریکا دەست نیشان ئەکات:
یەکەم: گەڕانەوە بۆ پێکھێنانی میکانیزمێکی وا کە ھێزێکی ھاوبەشی ئەمنی دروست بکرێت لە ھێزەکانی خزمەتگوزاری پۆلیس و دژە تیرۆر (بەھەماھەنگی ھەرێم و بەغدا) و فریاکەوتنی خێرا.
دووەم: ئەمریکا ئەبێت ئاماژەرەیەکی وا بدا کە حەز بە پێکدادانی ھێزەکان ناکات. بۆ ئەمەش تیمێکی سەربازیی- ئەمنی- ڕاوێژکاری لە ناو کەرکوک دابنات. ئەمەش بۆ دابەزاندنی ئەوانەی ئارەزووی پێکدادان ئەکەن ھەروەکو ئەوەی ئەمریکا لە شنگال کردی.
سێھەم: دانانی حاکمێکی کاتی لە کەرکوک، ئەگەر نەگونجاو بو بە پەلە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێکی کورد دەستنیشان بکەن. تیایدا پارێزگاری لەو ڕێککەوتنە بکرێت کە کەرکوکیەکان لەساڵی (٢٠٠٧) کردویانە لە مەڕ دابەشبونی دەستەڵاتەکان.
چوارەم: ئەبێت ئەمریکا وا بکات بەشدارییە نەوتییەکان بەردەوام بن، لەنێوان (بەغدا- کەرکوک- ھەرێم) دا، ئەم ھاوکێشەیە وا ڕێک بکاتەوە کە لەسەر بنەمای "قازانج - قازانج ( win- win situation ) بێت و ھەر سێ شوێنەکە لێی سودمەند بن، بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە دەروازەیەک ھەرێم و بەغدا لێوەی دەست بکەن بە دانوستاندن. نایت ئەڵێڕاستە ئێستا سەرجەم کێڵگە نەوتیەکان لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵییە، بەڵام حکومەتی ھەرێمیەک ھێڵی ھەناردەکردنی ھەیەو، پاڵیوگەکانی توانای پاڵاوتنی نەوتی زیاتریان ھەیە، ئەکرێ کارێکی وابکرێتکە ئەم پاڵیوگانەی ھەرێم نەوت بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکانی وەک نەینەواو سەڵاحەدین و دیالە بپاڵێوێت. ئەمەش وا ئەکات کاری پێکەوەیی ھەرێم و بەغدا زیاتر بێت و، لە گفتۆگردا بن. 


سەرئەنجام:

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکیدا لە ڕێگەی "بی بی سی نیوز" ەوە بڵاوکرایەوە، داوا ئەکات لەوە زیاتر نا ئارامی نێوان ھەرێم و حکومەتی مەرکەزیی پەرە نەسێنێت، ئەو ھێرشانەی حەشدی شەعدی و سوپای عێراقیشی بە " جووڵەی سەربازی" ناوبردووە.
بە پێچەوانەی ئەوەی، لەسەر تەلەفزیۆنەکان چەند ڕاوێژکارێکی بارزانی ئەیانگوت، کارتەکانی دەستی ھەرێم ئەوەندە زۆرن، حکومەتی عێراق پەی پێ نابات و، گەمەیان بە سوپای عێراقی ئەکرد، کە ھەڵدێن و، ڕایانکردووە بۆ ھەندەران. ئێستا ھیچ کارتێکی سەربازیی و سیاسیی و ئابوریی لەدەست سەرکردایەتی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا نییە، ئەوەی ھەیە سەپاندنی ئاسایش و سوپای عێراقییە بەسەر ئەو ناوچانەی باسکران. بۆیە سیناریۆکان ئەمانەی لای خوارەوە ئەبن:
یەکەم: بە فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حکومەتی مەرکەزی لەگەڵ نوێنەرانی ھەرێمی کوردستاندا دابنیشێت، ئەویش دوای تەواو بونی ئەو پرۆسەیەی لەسەرەوە باسکرا، ئەوکات داواو مافەکانی ھەرێمی کوردستان جارێکی تر لە بەغدادەوە دیاری بکرێن، لیژنەیەکیش بۆ شەفافیەت بەسەر بەرپرسانی کوردەوە دابنرێن، ھەرچی ناوچە دابڕاوەکانە بە ھاوبەشی بەڕێوەببرێن و ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ بەغدا بکەن.
سیناریۆی دووەم: دەستێوەردانی ڕووسیاو تورکیا، بە بیانووی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ ڕووس نەفت کراون، ھەرچەندە لەگرێبەستەکەدا باسی (٧) کێڵگەکراوە ناوی کێڵگەکان نەھێنراون. ئەمەش جارێکی تر حکومەتی ھەرێم ئەخاتەوە ململانێ لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ناوچە دابڕینراوەکان دژوارتر ئەکات.
سیناریۆی سێھەم: دروستبونی دوو ئیدارەیی، ئێران پاڵپشتی تەواوی ھێزەکانی (ی،ن،ک) بکات لەکەرکوک و، چاوپۆشی لە نفووسیان بکات لە بەغداد و، لەھەڵبژاردنیش جارێکی تر فریای (ی،ن،ک) بکەوێت و نەھێڵێت بکەون. بەمەش (پ،د،ک) ھەم بیرە نەوتەکانی کەرکوک لەدەست ئەدا، ھەم داھاتی خاڵە سنورییەکان، ھەم ئەکەوێتە بەر پەلاماری گازندەی کۆمەڵانی خەڵک کە ئەندازیاری لەدەستدان و شکاندنی شکۆی گەلی کوردستان بووە بە ھۆی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە.


"بەھرۆز جەعفەر: خوێندکاری دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان،سەرۆکی ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی ھەرێمایەتی"



‌‌‌
10/18/2017 10:52:11 AM
Print Friendly and PDF