راپۆرت

ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم لەنێوان ئینتیمای حیزبی و نیشتمانیدا


ئا. ھەڵمەت محەمەد


ساڵانێکە قسەی زۆر لەبارەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەکرێت و وەک گروپی جیاوازی ناڕێکخراو وێنا دەکرێن، ئەوەش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە ھێزی ناڕێکخراوی پێدەناسرێتەوە وەک، (پەیوەندییە سەربازییەکان لەژێر کۆنتڕۆڵدا نین و چاودێریی پێویستیان لەسەر نییە، پێداویستیان لە ئاستێکی لاوازدایەو زۆربەی کات پۆشاکیان جیاوازە، سزاو پاداشت لە جێی خۆیدا نییەو بنەمای ھاوڕێیەتی و خزمایەتی بە پێوەر وەرگیراوە، ئینتیمای حزبی جێگەی ئینتیمای نیشتمانی گرتۆتەوەو ھەر بۆیە زۆرجار لێدوان و ھەڵسوکەوتی جیاواز لە بڕیارو راسپاردەکانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان دەبینرێت).

 

لە ھەرێمی کوردستاندا ھێزی حیزب و گروپ و لایەنی سیاسی جێگەی بە ھێزی نیشتیمانی لێژ کردوە، عەقیدەی سەربازی بەسترابێت لە ئینتیمابون بۆ نیشتیمانەوە گواستراوەتەوە بۆ عەقیدەیەکی حیزبی و شەخسی و بنەماڵەیی تایبەتەوە.

 

بونی ئەم تایبەتمەندییانە لە ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمدا ھەمیشە جێگەی رەخنەو نیگەرانی کەسانی دڵسۆز و گروپ و ھێزە مەدەنییەکانی بوە، بەڵام ململانێی نادروستی حزبایەتی بەدرێژایی تەمەنی حکومڕانی ھەرێم فاکتەری سەرەکی ناڕێکخراوی ئەم ھێزانە بوە، بە بەراوردکارییەکی ژمارەی راستەقینەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم لەگەڵ ئەو داتایانەی بەشێوەیەکی فەرمی خراونەتە ڕو، جیاوازی گەورە بەدیدەکرێت و ئاماژەی ئاشکرایە بۆ بونی گەندەڵییەکی بەرفراوان لەو ھێزانەدا.

 

بەپێی ستانداردە جیھانییەکان، لە حاڵەتی ئاسایی و ئاشتیدا، پێویستە رێژەی سەرباز ٢.٥% تێپەڕ نەکات و لە حاڵەتی جەنگیشدا ئاساییە ئەو ڕێژەیە بەرزبێتەوە بۆ ٣%، بەم پێیەش ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم بە پێنج ملیۆن کەس بخەمڵێنین ئەوا پێویستە لە حاڵەتی ئاشتیدا ھەرێمی کوردستان خاوەن (١٢٥) ھەزار ھێزی چەکدار بێت، لە حاڵەتی ھەڕەشەو نائارامی ئەو ژمارەیە بەرزبێتەوە بۆ (١٥٠) ھەزار ھێزی چەکدار.

 

بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا (٤٢٢) ھەزار کەس بەناوی پێشمەرگە موچە وەردەگرن، بەڵام بەپێی سەرچاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تەنھا (٢٠٠) ھەزار پێشمەرگە لە ژێر فەرمانی ئەواندان، بە گوێرەی زانیاریەکیش تەنھا (١٢٠) ھەزار پێشمەرگە ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی جێبەجێ ئەکەن.

 

بەپێ یاسای بودجەی وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (٢٠١٣)، بودجەی تەرخانکراوی وەزارەتی ناوخۆ، بریتی بوە لە  ترلیۆنێک و ٣٧٥ ملیار و ٩٧٠ ملیۆن دینار، ئەوەش دەکاتە (١١.٧%) بودجەی گشتی ھەرێم لەو ساڵەدا، ھەر بەپێی ھەمان یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٣)، ژمارەی میلاکاتی وەزارەتی ناوخۆ بریتیە لە (١٢١) ھەزار و (٨٤١) کەس.

 

بەگوێرەی ھەمان یاسا، بودجەی تەرخان کراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەساڵی ٢٠١٣، بریتی بوە لە ترلیۆنێک و ٣٣٣ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار، کە ئەوەش دەکاتە ١١.٤٩% بودجەی گشتی ھەرێم لەو ساڵەدا، ھەر بەپێی ھەمان یاسا ژمارەی میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە بریتیە لە ١١٨ ھەزار و ٦٤٢ کەسە و بەم شێوەیە دابەش بون:

– ھێزەکانی (٨٠)ی پارتی ٣٥ ھەزار کەس

– ھێزەکانی (٧٠) ی یەکێتی ٢٠ ھەزار کەس

– ھێزی پشتیوانی (١)ی پارتی ٥ ھەزار کەس

– ھێزی پشتیوانی (٢)ی یەکێتی ٧ ھەزار کەس

– زێرەڤانی پارتی ٤٤ ھەزار کەس

– بەرگری و فریاکەوتنی یەکێتی ٢٢ ھەزار کەس

– لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە ٤٠ ھەزار کەس

 

سەرەڕای ئەوەش بەشێک لەم ھێزانە بەتایبەت ھێزەکانی (٧٠ و ٨٠) فەوج و ھێزیان لێ جیاکراوەتەوە بۆ ئەشخاس و بەرپرسەکانی بەشێک لە ھێز و حیزبە سیاسییەکان.

 

ھاوکات بەپێی ھەمان یاسای ساڵی ٢٠١٣، بودجەی تەرخان کراوی دەزگای ئاساییشی ھەرێم بریتی بوە لە ٤٨٧ ملیار و ٤٤٣ ملیۆن دینار، کە ئەوەش دەکاتە ٤.٢% بودجەی گشتی ھەرێم لەو ساڵەدا، ھەر بەپێی ھەمان یاسا ژمارەی میلاکاتی دەزگای ئاسایشی ھەرێم بریتیە لە ٣١ ھەزار و ٤٢١ کەس. بودجەی تەرخانکراوی ئەنجومەی ئاسایشی ھەرێمیش بریتی بوە لە ٣٤٤ ملیار و ٦٣٠ ملیۆن دینار، کە ئەوەش دەکاتە ٢.٩٧% بودجەی گشتی ھەرێم لەو ساڵەدا، ھەر بەپێی ھەمان یاسا ژمارەی میلاکاتی ئەنجومەنی ئاساییشی ھەرێم بریتیە لە ٦ ھەزار و ٤٧٦ کەس.

 

ھاوکات لەگەڵ ھەڵگیرسانی شەڕی داعشدا، ھاوکاری ماددی مەعنەوی زۆری ھێزەکانی پێشمەرگە کراوە،  ئەوە جگە لە ٢ لیوای ھاوبەش کە بە ھاو کاری ھاوپەیمانان بونیادنراون، کۆی ھێزە چەکدارەکانی دیکەی ھەرێم دابەشبون بەسەر یەکێتی و پارتیدا، تەنھا لەو دو لیوایەدا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بڕیاری دا بە بڕی ٤١٥ ملیۆن دۆلار ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە بکات، لەو بڕەش ٢٢٥ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ مەشقپێکردنی ئەو ٢ لیوایە، لەسەر و ئەوەشەوە بڕی ٦٥ ملیۆن دۆلاری ھاوکاری ھاوپەیمانیان وەرگرت بۆ ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە، ھەر لە چوارچێوەی بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ پڕ چەککردنی ئەو ٢ لیوا ھاوبەشە، ئەمریکا بڕیاری دابو لەماوەی ساڵانی (٢٠١٦-٢٠١٨) ناوبەناو ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بکات بە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە لەبەردەستدان، ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان بەم جۆرە دابەش بون بەسەر پارتی و یەکێتیدا:

– وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبوە بەسەر (ھێزەکانی ٧٠ و ھێزی پشتیوانی ٢)ی یەکێتی و (ھێزەکانی ٨٠ و ھێزی پشتیوانی ١ )ی پارتی.

– وەزارەتی ناوخۆ دابەشبوە بەسەر (بەرگری و فریاکەوتن)ی یەکێتی و (زێرەڤانی)ی پارتی.

– ئەنجومەنی ئاسایش دابەشبوە بەسەر (ئاسایش و دژە تیرۆر)ی یەکێتی و (ئاسایش و دژە تیرۆر)ی پارتی.

– سامانە سروشتییەکان دابەشبوە بەسەر (لیوای نەوت و گاز)ی یەکێتی و (لیوای نەوت و گاز)ی پارتی.

– ھێزە تایبەتەکان دابەشبوە بەسەر (لیوای سکرتارییەت)ی یەکێتی و (لیوای سەرۆکایەتی ھەرێم)ی پارتی.

 

لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئێستا کاتی ئەوە نەھاتوە ئەم ھێزە حیزبیانە لە سوپایەکی نیشتیمانیدا ڕێکبخرێنەوە؟، بە تایبەت لە دوای ئەو ھاوکارییە زۆرەی پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگە کراوە لەلایەن ھاوپەیمانانەوە، کەچی لەماوەیەکی کورتدا توشی کارەسات و شکست و سەرەنجام بەدەستەوەدانی کەرکوک و سەجەم ناوچە جێناکۆکەکانی لێکەوتەوە.

 

بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ھێزێکی نیشتیمانی خاوەن عەقیدە و بیرو باوەڕێکی سەربازی پتەو لەبری ئینتیما بۆ حیزب و تاکەکەس و لایەنی دیاریکراو ببێتە بەرگریکاری خەڵک و خاک و نیشتیمان بێ جیاوازی.

سەرچاوەکان:

– یاسای بودجەی وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٣

– پڕۆژە یاسا بۆ ڕێکخستنی ھێزە چەکدارەکان (بڵاو نەکراوەتەوە).

– بەرنامەی شیکاری ڕۆژنامەنوس (محمد رەوف) سەربەخۆیی کوردستان لەنێوان دروشم و پراکتیکدا.


‌‌‌
10/25/2017 10:56:14 AM
Print Friendly and PDF