راپۆرت

ریفراندۆم.. شکست، پەراوێزخستن، گۆشەگیریی


ئامادەکردنی: لاوک ئەمجەد

تا رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن مەسعود بارزانی و ھاوئاوازەکانیانەوە، بە دەیان باڵیۆز و وەزیر و سەرۆکی وڵات و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیھان لەگەڵ ھەرێمدا لەسەر خەت بون، دواترینیان پێشنیازەکەی وەزیری ئەمەریکا بو بۆ ھەرێم، بەڵام پشتگوێخستنی بۆچون و پێشنیاری وڵاتانی دۆست لەلایەن بارزانی و ھاوئاوازەکانیانەوە، ھەرێمی کوردستانی خستە تەنگەژە  و پەراوێزخستنێکەوە کە رۆژ لە دوای رۆژ پاشەکشە لە ھەڵوێستەکانی دەکات و بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستور گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکاتەوە.

پێش (٢٥)ی ئەیلول چی رویدا؟

رۆژی (٧)ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بارزانی بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە حیزب و لایەنەکان، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریاندا رۆژی (٢٥)ی ئەیلول وەکو رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بکرێت.

ھەر لە سەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەشدارییان لەو لیژنە حیزبییەدا نەکرد کە دەستنیشان کرابو بۆ سەرپەرشتیکردنی ریفراندۆم و جەختیان لەوە دەکردەوە کە دەبێت دامەزراوە شەرعییەکان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، نەک حیزب و لایەنە سیاسییەکان.

دواتر ئەو ئەنجومەنە بڕیاریدا کە شاندێک بۆ گفتوگۆکردن دەرباری ئەنجامدانی ریفراندۆم رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێ و بەغدا بکات، بەڵام ھەر لە دەستپێکی سەردانەکەیاندا بە سەرۆکایەتی بارزانی لە رۆژی (١٠)ی مانگی تەمموزدا سەردانی برۆکسلی کرد، بەڵام وەفدەکە بە شکستێکی گەورەوە گەڕانەوە و نەیانتوانی ھیچ پشتیوانییەک بە دەست بھێنن.

بزوتنەوەی گۆڕان ھەمیشە لە کۆبونەوە و بەیاننامەکانیدا جەختی دەکردەوە لەسەر ئەوەی، راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی ھەمو خەڵکی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە و ریفراندۆم ئامرازێکە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام ریفراندۆمی (٢٥)ی ئەیلول لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و ھەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و کۆمەڵایەتی دراوە و پێویستە ئەو پرسە بۆ کات‌و ھەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.

ھەروەھا شکستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان یەکێکی دیکەبو لەو ھۆکارانەی ئێستا ھەرێمی کوردستانی پەراوێز خستوە، چونکە رۆژانە چەندین وەفدی باڵای وڵاتانی دەرەوە سەردانی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد و جەختیان دەکردەوە لەوەی کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم گونجاو نیە.

تەنانەت چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ھاوپەیمانێ نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە نوێنەرایەتی (٧٠) وڵاتی جیھان دەکات، لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەڵمانیا و ئەمەریکا، سەردانی مەسعود بارزانیان کرد و پێشنیازی بەدیلێکیان کرد بۆ دواخستنی ریفراندۆم کە تێیدا بەشێکی زۆر لە خواست و داواکارییەکانی کوردی تێدابو، بەڵام بارزانی ئەو بەدیلەی رەتکردەوە و سوربو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرجەم ھۆشداری و ھەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێ و جیھانی پشتگوێ خست.

تەنانەت بەھۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە، سەرکردایەتی سیاسی کورد زۆرێک لە دۆستەکانی دوێنێی ھەرێمیان کرد بە دوژمن و بە شێوازی جیاجیا ھەڕەشەیان لە ھەرێمی کوردستان دەکرد.

مانگێک لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە

رۆژێک دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەپێچەوانەی وتەکانی کاتی بانگەشە، کە جەختیان لەسەر سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دەکردەوە، بەرپرسانی باڵای ھەرێم داوای گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا دەکرد و باسیان لەوە دەکرد، ریفراندۆمەکە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و دیاریکردنی سنور و سەربەخۆیی نەبوە.

لەکاردانەوەی ریفراندۆمەکەشدا بەغدا و ئێران و تورکیا دەستیان کرد بە گەمارۆدانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لەرێگەی داخستنی سنوری وشکانی و ئاسمانی بەڕوی ھەرێمی کوردستاندا.

لەدوای ریفراندۆم ھەرێمی کوردستان لەڕوی نێودەوڵەتییەوە پەراوێزخرا، بەجۆرێک پێش ریفراندۆم کەم کات ھەبو بەرپرسێکی باڵای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا کە سەردانی بەغدای دەکرد، دواتر سەردانی ھەولێری نەکردایە، بەڵام لەدوای ریفراندۆمەوە ھەرێم توشی جۆرێک لە گۆشەگیری کرا.

لە کۆبونەوەیەکی “مێژوییدا” نیوەی خاکی ھەرێم لەدەستدرا

رۆژی (١٥)ی ئۆکتۆبەر، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھاوینە ھەواری دوکان کۆبونەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای کۆبونەوەکە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی” کۆبونەوەیەکی مێژوییمان کرد”، بەڵام (٤٨) سەعات بەسەر ئەو کۆبونەوە “مێژوییە”دا تێنەپەڕی، کاتێک سوپای عێراق بە مەبەستی گرتنەوەی بەشێک لە شوێنەکانی خۆی کە پێش ھاتنی داعش بەدەستییەوە بو، ھێرشی کردە سەر کەرکوک و دوزخورماتو، کە بەھۆیەوە بەشێکی زۆر لە ھێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد و تەواوی کەرکوک و دوزخورماتو و چەندین ناوچەی دیکە چۆڵکران و بە ھەزاران کەسیش ئاوارەبون.

پاشان لە ناوچەکانی دیکەی مەخمور و شەنگال و رەبیعەش ھێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد و بەو جۆرە نیوەی خاکی ھەرێمی کوردستان لەدەستدرا و ھەرێم گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە ساڵی (٢٠٠٣) کە بە ھێڵی سەوز ناسراوە، بەبێ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیھان ھیچ ھەڵوێستێکیان ھەبێت، جگە لە پشتیوانی کردن لە عێراق بۆ جێگیرکردن و سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی خۆی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم.

بارزانی بایکۆت کراوە

ھاوکات لە چەند رۆژی رابردودا، ریکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانکرابو، پێچەوانەی جارەکانی پێشو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ھەرێمی کوردستانی نەکرد، کە پێدەچێت یەکەم بەرپرسی باڵا نەبێت کە بۆ لەمەودوا سەردانی بەغدا بکات و دواتر راستەوخۆ بگەڕێتەوە و ئامادە نەبێت بێتە ھەولێر.

بەپێ زۆربەی سەرچاوەکانی ھەواڵ، لەدوای بەڕێوەچونی ریفراندۆمەوە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا و ئەمەریکا و تاران و بەغدا بایکۆتی ھەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش مەسعود بارزانیان کردوە، تەنانەت رۆژی سێشەممە رۆژنامەی شەرقولئەوستی چاپی لەندەن بڵاوی کردەوە، کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق ، دەستپێشخەرییەکی پاشای ئوردنی رەتکردوەتەوە، ئامادەنەبوە چاوی بە مەسعود بارزانی بکەوێت، لەکاتێکدا عەبادی لەدوای ریفراندۆمەوە سەردانی سعودیە و میسر و ئوردن و تورکیای کردوە و بەمنزیکانە دەچێتە تارانیش.

توندکردنەوەی فشارەکانی سەر ھەرێم وایکرد، کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان درەنگانێکی شەوی چوارشەممە بەیاننامەیەک دەربکات و تێیدا سڕکردنی ئەنجامدانی ریفراندۆم رابگەیەنێت و ھەروەھا دوای دەستکردنەوە بەگفتوگۆ دەکات لەگەڵ بەغدا.

کارتی بەھێزی ریفرامدۆم سوتێنرا

بەرای چاودێرانی سیاسی، کارتی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردی، بەبێ ئەوەی ھیچ زەمینەسازییەکی ناوخۆیی دەرەکی و ئابوری و ئەمنی بۆ بکرێت، بۆ دەیان ساڵی دیکە پرسی دەوڵەتی کوردستانی بردەوە دواوە، ھەربۆیە بەپێویستی دەزانن ئەو سەرکردایەتییە سیاسییەی کە بارزانی سەرکردایەتی دەکردن و ئەوانی دیکەش پشتیوانیان دەکرد، دەستبەجێ دەستلەکاربکێشنەوە.

تەنانەت بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەسەر سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆمی ھەرێم روی دەمی کردە بەرپرسانی کوردستان و وتی: مادام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامە، بۆچی سوربون لەسەرکردنی ئەو ھەڵەیە؟.



‌‌‌
10/29/2017 4:27:10 PM
Print Friendly and PDF