راپۆرت

خەباتی پەرلەمانی کورد لە تورکیا


ئا: گەیلان عەباس

(خەباتی پەرلەمانی کورد لە تورکیا) نوێترین راپۆرتی شیکاری ژوری توێژینەوەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە “لەپاش کودەتا سەربازییەکەی ساڵی (١٩٨٠)ی تورکیا، خەباتی سیاسی کورد لە ‌باکوری کوردستان و تورکیا بەرەوپێشچونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لێرەو لەوێ چەندین پارت و بزوتنەوەو کۆمەڵەو سەندیکاو رێکخراوی کوردی بە ئەنجامدانی کارو چالاکی سیاسی و مەدەنی بونی خۆیان سەلماند. ھەندێکیان بروایان بە میکانیزمی شۆرش و خەباتی چەکداری ھەبو لە نمونەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ھەندێکی دیکەشیان رێکاری خەباتی مەدەنیان ھەڵبژاردو دەستیاندایە ئەنجامدانی کارو چالاکی سیاسی، لەنمونەی پارتەکانی وەک (ھەپ، دەپ، ھادەپ … ھتد)”.

ھەروەھا ھاتوە “ھەمیشە خاڵی ھاوبەشی سەرجەم پارتە سیاسییە کوردییەکانی تورکیابوە، بریتی بوە لە تێکۆشان و خەبات لە پێناو دۆزی نەتەوەیی کورد، بە ئامانجی بەروپێشوەچونی پرسی کورد لە تورکیا و روبەروبونەوەی سەرجەم پارتە سیاسییە کوردییەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئەوەش لە رێگای دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی ئەو وڵاتەو پەنابردن بۆ یاساغکردنی کاری سیاسی لە چالاکەوانان و سیاسەتمەدارانی کورد، تا داخستن و قەدەغەکردنی پارتە سیاسییەکان و کۆڵنەدان لە خەباتی سیاسی و شۆرگێری و بەردەوامیدان بە خەبات و ھێنانە ئارای ئەلتەرناتیڤی جیاواز، بە پێی جیاوازی قۆناغەکان، بە نمونە لە ساڵی (١٩٩٠ تا ٢٠١٢) نزیکەی (١٠) پارتی سیاسی کوردی لە تورکیادا داخراون وپەرلەمانتاران و ئەندام و لا‌یەنگرانیان زیندانیکراون. بەڵام لەگەل ئەوەشدا بەردەوام دەبن و سەرەڕای توندکردنەوەی فشارەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەسەریان”.

لەو راپۆرتە شیکارییەدا ژوری توێژینەوەی سیاسی تیشکی خستوەتە سەر خەباتی سیاسی کورد لە تورکیا، بە دیاد‌یکراویش خەباتی پەرلەمانی لەدوای ساڵی (١٩٩٠)، لەو نێوانەدا باس لە ئەزمونی پارتە سیاسییە کوردییەکان دەکات بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی تورکیا لە ھەپەوە بۆ ھەدەپە.

وەک لە راپۆرتەکەدا ھاتوە “کوردانی تورکیا پاش تاقیکردنەوەی ئەزمونی ھەشت پارتی سیاسی و دوای (٢٥) ساڵ، سەرئەنجام توانیان بۆ یەکەمجار لەمێژوی تورکیادا لەرێگەی پارتێکی سیاسییەوە بگەنە پەرلەمانی تورکیاو بەربەستی (١٠%) پەرلەمانی لە دو ھەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٥) تورکیادا لەرێگەی پارتی دیموکراتی گەلانەوە تێپەربکەن وئەوەش ھۆشداری دایە دەسەلاتدارانی تورکیا، ھەروەھا ئاماژەیەکیش بو لەبەردەم بەھێزبونی کورد لە تورکیاو ئاراستەکردنی دۆزی کورد لە تورکیا بۆ دۆزێکی فەرمی و کارکردن لە پێناو سەربەخۆکردنی کوردەکان لە تورکیا لەروی ئەرک و ماف و دەسەڵاتی سیاسییەوە”.

لە ئێستاشدا، پاش چڕکردنەوەی فشارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر ھەردو پارتی (دەبەپە و ھەدەپە)و دەستگیرکردنی لەشکرێک لە سیاسەتمەدارو چالاکوانی سیاسی و رۆژنامەنوسانی کورد لە تورکیا، بەتایبەت دوای ھەوڵی کودەتاکەی (١٥ تەموزی ٢٠١٥)، ئەگەر ھەیە ئەم پارتە کوردیانەش ھاوشێوەی پارتە کوردییەکانی رابردو، ھەمان چارەنوس چاوەروانیان بکات و یاساغکردن و داخستنی پارتەکەیان ببێتە کارتی ئایندەی حکومڕانانی تورک لەبەرامبەر چالاکانی کورد. لەبەرامبەردا کوردانی تورکیا دەکەونە بەردەم دۆخێکی نوێ و دەستبردن بۆ تاقیکردنەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی نوێ،‌ لە پێناو بەردەوامیدان بە تێکۆشان و ‌خەباتی پەرلەمانی بۆ زیاتر داکۆکیکردن لە دۆزی رەوای نیشتیمان و نەتەوەکەیان لە تورکیادا.



‌‌‌
12/22/2017 10:06:50 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ