راپۆرت

ھەرێمی کوردستانی بێ نەوشیروان مستەفا؛ تونس ھەڵدەبژێرێ یان سوریا و لیبیا و یەمەن؟


کەمال چۆمانی

لە مێژوی بزوتنەوەی کوردایەتیی لە ھەرێمی کوردستانی عێڕاق، ھیچ ناوێک ھێندەی نەوشیروان مستەفا لە خەباتی چەکدارییدا دیار نییە. لەناو ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پێشمەرگەکانی سەردەمی خەباتیشدا، تەنانەت ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕانیشی رانەگەیاندبو و ئەو کاتەش گۆڕانی راگەیاند، سەدان و ھەزاران کەس پشتیوانیی بون، بەتایبەت ئەوانەی بڕوایان بە ریفۆرمێکی ریشەیی بو. کەچی نەوشیروان مستەفا لە سەختترین کاتەکانی خەباتی دوای ٢٠٠٩دا، دانی بە خۆیدا گرت و بەردەوامیی بە خەباتی مەدەنیی دا. ئەو ئەگەر خەباتی چەکداریشی راگەیاندبوایە، ئەگەری سەرکەوتنی بەھێز بو چونکە کەسایەتییەکی خۆشەویست بو لەناو خەڵک، جەماوەری زۆری ھەبو، پێشمەرگە و بەرپرسی پێشمەرگەی زۆری لەگەڵ بو و خۆشی لە تەواوی بەرپرسانی کورد لە شەڕی چەکداریی شارەزاتر و لێھاتوتر بو. ئەو بە دوای گۆڕانێکی روت نەبو لە سیستەمی سیاسییدا، بەڵکو گۆڕانێکی دەویست لە کۆی کایەکانی جڤاک و حوکمڕانیی و قەزائیی و سەربازیی و ئابوریی و دارایی و سیاسیی. ئەگەر خەباتی چەکدارییش راگەیەنرابوایە دژ بە لۆردانی نەوت، ئەو ھێشتا دەیتوانی ئەو خەباتە چەکدارییە بەو ئاراستەیە نەبێت کە لە سوریا و لیبیا بینیمان و بەتەواوی جیاواز بێت بەو پێیەی ئەو دەیتوانی دۆخی فەوزا رێکبخات و ئاراستەی بکات. لە ھەبونی ئەویشدا، کەس نەیدەتوانی بەرەی جیاواز دروستبکات چونکە ھەر دەرچونێک لەو ھێڵەی ئەو دیاریدەکرد، ئاسان نەبو جەماوەر کۆبکاتەوە و ھێز دروستبکات.
ئێستا کە نەوشیروان مستەفا لەناومان نییە ھەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی شەڕی ناوخۆیە بەو پێیەی:
- کەسێک و ھێزێک نییە سەرکردایەتیی خۆپیشاندانەکان بکات، یان ئاراستەیان بکات. - ھەر ھێز و کەسێکیش بیەوێت رێبەرایەتیی خۆپیشاندانەکان بکات ھێز و کەس و گروپی دی ئاسان قبوڵیناکەن.
- ململانێ ناوخۆییەکانی ناو یەکێتیی ئەگەری ھەیە ئاراستەی توندوتیژ وەربگرن.
- ئارەزوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ناوخۆ بەو ئاراستەیە نییە یەکێتیی و پارتیی بپارێزن، تەنانەت عێڕاقیش پێکدادانێکی ماوە کورتی لا ئاساییە، لەوانەیە پێشیان خۆش بێت تا بەتەواوی دەستەڵاتدارێتیی یەکێتیی و پارتیی لاواز ببێت.
- ھێشتاش کۆمەڵگای کوردیی ئامادەیی سەرھەڵدانی گروپی سەلەفیی توندڕەویی ئیسلامیی تێدایە.
- ئەوەی زۆر زۆر وا دەکات ئەو شەڕە ناوخۆیییە ئاسان بێت و ئەگەری سەرھەڵدانی زیاتر بێت، وەڵامنەدانەوەی خۆپیشاندەران و داواکارییەکانیانە. ئەوەشی وای کردوە ھێشتا ئەو شەڕە ناوخۆیییە دروستنەبێت، بڕوابونی بەشێکی زۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، بەتایبەت گۆڕان، وانەوەرگرتنیشە لە بیری نەوشیروان مستەفا، کە خەباتی چەکداریی چارەسەریی بنەڕەتییی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ناکات، ئەگەر خەباتی چەکداریی چارەسەر بوایە، نەوشیروان مستەفا دەیکرد چونکە لە ھەموان بەھێزتر و کاریگەرتر بو. ئێستا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت گەنجان، پێیان وایە ئەوان و ھیچ گروپ و کەسێکی تر لە نەوشیروان مستەفا بەھێزتر نابێت بۆ سەرخستنی خەباتی مەدەنیی، بۆیە تەنھا رێگای چارەسەریی خەباتی چەکدارییە چونکە عەقڵییەتی یەکێتیی و پارتیی و سەرکردایەتییەکەیان زیاتر لە ھی بەشار ئەسەد و قەزافییی و عەلی عەبدوڵا ساڵح نزیکترە.
بەڵام ئەو بڕوایە تا سەر بەھێز نەبێت. گۆشبون بە بیری نەوشیروان مستەفاش تا سەر نابێت. ئەگەر داواکارییەکانی خۆپیشاندەران وەڵامنەدرێنەوە، بەدڵنیایی ھەرێمی کوردستان لەبەردەم پێکدادانێکی سەخت دەبێت. حکومەتی یەکێتیی و پارتیی شکستخواردوە، ھیچ چارەسەرییەکی پێ نییە. روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران بە چەکی ھاوپەیمانان و بەو شێوەیە دڕندانەیە و بێئەخلاقانە، بژاردەیەکی لەبەردەم خەباتی مەدەنیی نەھێشتۆتەوە. ئەوانەشی بڕوایان بە خەباتی مەدەنیی ھەیە دەنگیان لاواز دەبێت و دەنگی ئەوان زیاتر دەبیسترێت کە بڕوایان بە خەباتی چەکداریی ھەیە. 
بۆیە، باشترین چارەسەریی تا ئەو دۆخە بەتەواوی نەتەقێتەوە:
- ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی کابینەیەکی کاتیی کە ئامادەکاریی بکات بۆ ھەڵبژاردن، مەرجە دەستورییەکانی بەغداد جێبەجێبکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ، بێلایەنکردنی ھێزی پێشمەرگە و ئاساییش و دورخستنەوەیان لە ململانێکان و ھەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتیی ھەرێم بە ئاراستەی سیستەمێکی پارلەمانیی.
چارەسەرییەکانی تر دەبێت لە چوارچێوەی پاکێجێکی گشتگیر و ورد بن، ئەوەی من گوتومە تەنھا بۆ ئەوەیە ئەو دۆخە نەتەقێتەوە و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە تا بتوانین لەسەر ئەو پاکێجە گشتگیر و چارەسەرییە گشتییە رێکبکەوین، ئەگەرنا رونە کێشە و قەیرانەکانی ھەرێم زۆر قوڵترن لەوەی کە باسمکردوە. یەکێتیی و پارتیی ھیچ دەرفەتێکیان لەبەردەم نەماوە؛ یان دەبێت داواکانی خۆپیشاندەران و خەڵکی کوردستان جێبەجێبکەن، یان بەردەوامیی بدەن بە بەسەربازگەکردنی شار و شارۆچکەکان و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان تا ھەرێمی کوردستان وەک لیبیا، یەمەن، سوریای بەسەردێت. لە بەردەوامیی سیاسەتی یەکێتیی و پارتیی و حکومەتی ھەرێم دو ئەنجام ھەن؛ یان وەک بەشار ئەسەد دەمێننەوە، یان وەک قەزافیی دەمرن. ھەردوکیان لە یەکتر خراپترن.
ھەرێمی کوردستانی بێ نەوشیروان مستەفا، یان دەبێتە تونس کە وردە وردە چاکسازیی و گۆڕانکارییەکان بچنە پێش سەڕەرای ھەبونی زۆر کێشە و ئاڵنگاریی کە تێیدا دەستاودەستکردنی دەستەڵات دروستببێت و لە شەڕ دوربخرێتەوە، یان دەبێتە یەمەن و لیبیا و سوریا کە کاریگەرییەکانی شەڕی ناوخۆ و کوشتن و بڕین بۆ دەیان ساڵی تریش کۆتایی نایەت. کاتێک بزوتنەوەی سەوز لە ئێران دامرکێنرایەوە، بەرەی ئیسلاحخوازان بە شێوەی تر خۆیان رێکخست چونکە ھەر تەقینەوەیەکی ناوەکیی لە ئێراندا، وای دەکرد وڵاتانی دەرەکیی بەخراپیی دەستبخەنە ناو کاروباری ئێران کە لە بەرژەوەندیی خۆیان نەدەبو، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو تەقینەوەیە ناوەکییە دروستببێت، زۆرێک پێیان وایە لە بەرژەوەندیی یەکێتیی و پارتیی نابێت بەتایبەت کە لە ئەمڕۆدا لە ھەر رۆژێک زیاتر پەراوێزخراون و ئەمریکا و عێڕاق و ئێران و تورکیا دژیانن.


‌‌‌
12/25/2017 4:25:23 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ