راپۆرت

بۆچی یەكگرتوو لە حكومەت نەكشایەوە؟



بە بڕیاری نەكشانەوەیان لە حكومەت‌و دانانی مەرج‌و وادە بۆ نواندنی هەڵوێستیان بۆ كشانەوە، یەكگرتووی ئیسلامی جارێكیتر گوزارشتی لە سروشت‌و ئەدەبیاتی سیاسی خۆی كردەوەو خۆیان واتەنی هاوسەنگانە مامەڵەیان كردەوە.

بەپێی راپرسیەكی ناوخۆیی یەكگرتوو 53% ی یەكگرتوەكان لەگەڵ كشانەوەبون لە حكومەت، بەڵام یەكگرتوو نەیتوانی بڕیاری كشانەوەی یەكلایی بكاتەوە و لەبەرامبەردا وادەیەكی 20 ڕۆژی دانا بۆ كشانەوە له حكومەت بۆ جێبەجێكردنی مەرج و داواكاریەكانی و بەپێچەوانەوە لە حكومەت دەكشێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی لەناو یەكگرتوودا لە جەماوەرو ڕێكخستنەكانیانەوە تا ئاستی باڵا مەیلێكی زۆر هەبوو بۆ كشانەوەیان لە حكومەت، بەڵام پاش دوو ڕۆژ لە تاوتوێكردنی پرسەكە، یەكگرتوو مەرج‌و دواكاری ئاڕاستەی حكومەت كردو ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتووی بۆ هەڵوێستوەرگرتن‌و كشانە لە حكومەت دیاریكرد.

 

ساتەوەختی نوسینەوەی راگەیەندراوەكەی یەكگرتوو                                                          فوتو: تايبەت
،،

بەپێی راپرسیەكی ناوخۆیی یەكگرتوو 53% ی یەكگرتوەكان لەگەڵ كشانەوەبون لە حكومەت، بەڵام یەكگرتوو نەیتوانی بڕیاری كشانەوەی یەكلایی بكاتەوە و لەبەرامبەردا وادەیەكی 20 ڕۆژی دانا بۆ كشانەوە له حكومەت


بەڕوانین لە دۆخی هەنووكەیی حكومەت‌و هەڵوێستەكانی ڕابردوویی‌و ئەو تێكشان‌و شكستە ئابوری‌و سیاسییەی بەسەریدا هاتووە، بەو ڕاستییە دەگەین ئەو مەرجانەی یەكگرتوو داویەتیە حكومەت، هیچیان جێبەجێ نابن، بەتایبەت مەرجی چاككردنی بژێوی خەڵك‌و پێدانی مووچە‌و جێبەجێكردنی داواكانی خۆپیشاندەران، ئەوەیشی پەیوەندی بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سلێمانی‌و شارو شارۆچكەكانی دەوروبەرییەوە هەیە، لە دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانیدایەو حكومەت ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات.

مەنتیق نییەو جێگەی باوەڕ نییە كە سەركردایەتی یەكگرتوو بە هەمان ئەو ڕاستییانە نەگەشتبێت، كە حكومەت كەڵكی ئەوەی پێوە نەماوە كە داواكاری ئاڕاستە بكرێت‌و بواری بدرێت بۆ چاككردنی بژێوی خەڵك‌و مووچەو جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.

بە سەرنجدان لە ئەدەبیاتی سیاسی‌و دۆخی ناوخۆیی یەكگرتووی ئیسلامی‌و ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەدا دەكرێت ئەم هەڵووێستەی یەكگرتوو بەمجۆرە گوزارشت لێبكەین.


یەك

بڕیارەكەو دانانی وادەو مەرج بۆ حكومەت، كت‌و مت گوزارشتە لەو سیاسەتەی كە یەكگرتووی ئیسلامی پێناسراوەو بەپێی ئەدەبیات‌و سیاسەتی خۆیان بڕیاری مامناوەندو هاوسەنگیان داوەو نەچوونەتە ژێرباری پرۆژەو بیركردنەوەو هەڵوێستی لایەنی دیكەوە.
بەڵام لەڕوانگەی شەقام‌و ئەو بارودۆخە سەخت‌و دژوارەی كە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی تێدایە، بڕیارەكەی یەكگرتوو دەرئەنجامی نەبوونی جورئەت‌و ئیرادەی سیاسییەو هیچ پاساوێك بۆ نەكشانەوەیان لە حكومەتدا نەماوەو زۆریشن ئەوانەی كە پێیانوایە یەكگرتوو بەم بڕیارەی خزمەتێكی گەورەی بە دەسەڵات كرد.

دوو

بڕیارەكەی یەكگرتوو بەشی هەردوو لای تێدایە، ئەوانەی داوای كشانەوەیان دەكردو ئەوانەشی كە بە نەكشانەوەی یەكگرتوو ڕازینەبوون‌و پێیان باش نەبووە.
بەپێوەرو لێكدانەوەی خۆیان، هەڵوێست‌و بڕیارەكەیان بەشی سلێمانی تێدایەو بە دانانی مەرج‌و وادە بۆ كشانەوە لە حكومەت، واتە سەركردایەتی یەكگرتوو مەیلی سلێمانی لەبەرچاو گرتووەو لە ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتوودا لە حكومەت دەكشێتەوە.
لەبەرانبەریشدا ڕەچاوی دۆخی ئەندام‌و ڕێكخستنەكانی خۆی لە بادینان‌و ئەو دەڤەرە كردووە كە پارتی تێیدا باڵادەستە، بەوەی كە ئەوان نەكەونە بەر توڕەیی پارتی‌و بەم بڕیارەشی دۆخی ئەندامانی خۆی لەبادینان ڕەچاو كردووە.

زۆرن ئەوانەی كە پێیانوایە پرسی ئەندامانیان لە بادینان، یەكگرتووی ئیسلامی والێكردووە كە جورئەتی بڕیاردانی نەبێت‌و لە بەرانبەر پاراستنی ئەندامانیدا لەو دەڤەرە، هەمیشە موراعاتی پارتی كردووە.

سێ

دەكرێت لە دانانی مەرج‌و وادەو لە بڕیاری مانەوەیان تا ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتوو ئەوە لە بڕیارەكەی یەكگرتوو بخوێنرێتەوە كە سەركردایەتی یەكگرتوو پێی وابێت تا ئەو بەروارە گۆڕانكاری سیاسی گەورە ڕوو دەدات‌و بەمەش ئەمان توانیویانە هاوسەنگانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن‌و خۆیان واتەنی بڕیارەكەیان حەكیمانەو هاو سەنگانەیە‌و ڕەچاوی بارودۆخەكە كراوە، بەڵام دیسان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەكەو خراپی گوزەرانی هاوڵاتییان، ئەمە پاساوێكی شفاعەتكەر نییە‌و پاساوێكی درووست نییە بۆ مانەوەیان لە حكومەتدا.

ووتەکان

كادێرێكی یەكگرتوو دەڵێت" دوو ساڵە چاوەڕێی گۆڕان و كۆمەڵ دەكەن بۆ كشانەوە لە حكومەت 20 ڕۆژیش چاوەڕێی یەكگرتوو بكەن"


چوار

دۆخ‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و بڕیاری كشانەوەی ئەو دوو هێزە لە هەفتەی پێشوودا لە حكومەت، یاریدەی ئەوەمان دەدات كە بڵێین بڕیارەكەی یەكگرتووی ئیسلامی‌و مانەوەی لە حكومەتدا، جۆرێك لە ئیحراجبوونی پێوە دیارەو، سەرباری بوونی مەیلی بەهێز بۆ كشانەوە، یەكگرتوو نەیوویستووە بە هەمان ڕێگەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامیدا بڕوات‌و خۆی وانیشاندا كە لەو هێزانە جیاوازەو خاوەنی دونیابینی‌و ستراتیژی تایبەت بەخۆیەتی.


لە هەمانكاتدا ئەوەش بۆچوونێكی دروستە كە بەهۆی ئەو ململانێیەی بەتایبەت لە سەر پرسی ڕیفراندۆم لە نێوان یەكگرتووی ئیسلامی‌و هەردوو بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامیدا دروستبوو، یەكگرتوو نەیوویستبێت بەرەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ بەهێزو فراوانتر بكات.

 

بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوە هەبووە ،ویستویانە لانیكەم ڕێك بەجێ پێی گۆران و كۆمەڵدا نەڕۆنەوە،ویستویانە وایدەربخەن كە ئێمە جیاوازین و بڕیاری خۆمان هەیە.هەروەها بەشێكی تریشی ئەوەیە تا ئەو مۆڵەتەی یەكگرتو دیاریكردوە،پێشبینی گۆڕانكاری ئەكرێت

پێنج

ئەوانەی لەگەڵ بڕیارەكەی یەكگرتووی ئیسلامیدا نین‌و پێیانوایە دانان‌و مەرجەكانی یەكگرتوو هیچ بەهایەكی نییەو خۆدزینەوەیە لە هەڵوێستێكی ڕاستەقینە بۆ كشانەوە لە حكومەت، پێیانوایە یەكگرتووی ئیسلامی دەبوو ئەوەی لەبەرچاو بوایە كە بەمەرجی چاككردنی باروگوزەرانی خەڵك‌و دابینكردنی مووچە بەشداری ڕیفراندۆمیان كردو، بۆ بەشداریكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەمانیشدا هەمان شتیان وت‌و بەڵام دۆخەكە نەك باشنەكرا، بەڵكو خراپتریش بوو، بۆیە دیسان هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوەو یەكگرتووش لەڕووی سیاسییەوە ئیحراجبوونێكی سیاسی دیكەی بۆ دەسازێت.

شەش

بەسەرنجدان لە راگەیەندراوەكەی یەكگرتوو، وێڕای ئەوەی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، بەڵام بەپێی راگەیەندراوەكە بێت هێشتا مەیلی كشانەوە تێدا بەهێزترە لە مانەوە. 
وەك كادێرێكی یەكگرتوو دەڵێت" دوو ساڵە چاوەڕێی گۆڕان و كۆمەڵ دەكەن بۆ كشانەوە لە حكومەت 20 ڕۆژیش چاوەڕێی یەكگرتوو بكەن"

 


سالار مەحمود . ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیکۆمێنتەری سیاسی و مێژویی

سەرچاوە: diplomaticmagazine



‌‌‌
12/25/2017 6:14:04 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ