راپۆرت

كوردستان لەسەردەمی "پیاوە نەخۆشەكە"دا



حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا هەمان دەردی ( پیاوە نەخۆشەكە)ی دەوڵەتی عوسمانی گرتووە، كە بەدەست چەندین كێشەو قەیرانەوە دەناڵێنێت، كە بەپێی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان 42 قەیرانی گەورەی هەیە، بۆیە لەبری ( پیاوە نەخۆشەكە) دەبێت بە حكومەتی هەرێم بوترێت دەوڵەتی ( پیاوە مردووەكە) چونكە ناكرێت كەسێك جەستەی 42 نەخۆشی هەبێت و بە زیندوو ئەژمار بكرێت، بەو پێیەی دەوڵەتی عوسمانی كە لەلایەن نیكۆلای یەكەمی قەیسەری رۆسیا لە 1853 بە دەوڵەتی ( پیاوە نەخۆشەكە) ناوبرا، 24 قەیرانی هەبووەو لەو كاتەدا بە دەوڵەتێكی شكستخواردوو و نەخۆش دراوەتە قەڵەم و بۆیە هەڵوەشێنرایەوەو خاك و سنورو دەسەڵات و موڵكەكانی دابەشكرا.

،،

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان 42 قەیرانی گەورەی هەیە، لەكاتێكدا دەوڵەتی عوسمانی كە لەلایەن نیكۆلای یەكەمی قەیسەری رۆسیا لە 1853 بە دەوڵەتی ( پیاوە نەخۆشەكە) ناوبرا، 24 قەیرانی هەبووەو لەو كاتەدا


دواتر چەمكی پیاوە نەخۆشەكە گوازرایەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپاو دیارترین بەكارهێنانیشی بۆ وڵاتانی عەرەبی بوو كە لەلایەن بیرمەند و شارەزایی بواری ئابوری ( جۆرج قرم) چەمكی پیاوە نەخۆشەكە بۆ وڵاتانی عەرەبی بەكارهێنرا لە ساڵی 2006 ئەویش بەهۆی:.


1- شكستی دینامیكی عەرەبی بەهۆی كۆچڕەوی عەقڵ و بیری عەرەبی بەرەو رۆژئاوا.
2- نەبوونی سەقامگیری سیاسی
3- بڵاوبوونەوەی گەندەڵی زۆر
4- دابەزینی ئاستی فێركردن بەهۆی كلاسیكی و دواكەوتوویی پرۆگرامی فێركردنەوە 
5- هەزم نەكردنی شۆڕشی زانستی و تەكنەلۆجی 
6- پەراوێزخستنی رۆڵی هاوڵاتی بوون ، بەشداری پێنەكردنی لە پرۆسەی سیاسی 
7- كەمبوونەوەی فرسەتی كارو زیادبوونی رێژەی بێكاری 
8- پیاهەڵدان و شانازیكردن بە رابردووەو شكستهێنان لە چارەسەری ئێستاو داهاتووەوە


هەموو ئەو خاڵ و كێشەو قەیرانانەی كە روبەرووی وڵاتانی عەرەبی بۆتەوەو جۆرج قرم باسی كردوون لە 2006 دواتر خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی 2011ی بەدوای خۆیدا هێنا.


ئەمرۆش حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەرووی هەمان كێشەو قەیران بۆتەوە كە دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتانی عەرەبی روبەوی بۆنەتەوە، لە ( بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ، زیادبوونی بێكاری، لاوازبوونی دەسەڵات، قەیرانی ئابوری ، شكستی سەربازی ، لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی ژێر دەسەڵاتی...هتد..) و هەموو ئەو قەیرانانەش كە روبەرووی وڵاتانی عەرەبی بوەوەو دواتر خۆپیشاندان و شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستا بە زیادەوە لە كوردستاندا بوونی هەیە.

 


قەیرانەكانی حكومەتی هەرێم:
یەكەم/ قەیرانی ئابوری
هەرێمی كوردستان لەدوای 2014ەوەو دوای ئەوەی بانگەشەی سەربەخۆیی نەوتی كردو مەرجەكانی بەغداد قبوڵنەكرد، روبەرووی قەیرانی گەورەی دارایی بۆوە، كە مانگانە بڕی ( یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار) بۆ هەرێم دەهات لە چوارچێوەی پشكی 17%ی هەرێم بەڵام بەرپرسانی هەرێم رایان گەیاند، ئەگەر بەسەربەخۆ نەوت بفرۆشن زۆر لەو پارەیەی لەبەغداوە دێت بۆ هەرێم زیاتریان دەست دەكەوێت، بەڵام دواتر دەركەوت نێوەی ئەو پارەیەشیان دەست نەكەوت، هەرێمیان توشی قەیرانێكی ئابوری گەورەكردەوەو موچەیان پێنەدراو لە سەرەتای ساڵی 2015 دا موچەیان كردە چارەكە موچەو قەرزێكی 28 ملیار دۆلاریان خستە ئەستۆی هاولایانی كوردستان


دووەم/ لەدەستدانی خاك
بەهۆی بەردەوامی كێشەكانی نێوان هەولێر وبەغداو عینادی و سەركێشی بەرپرسانی هەرێمەوە 51%ی خاكی باشوری كوردستانیان لەدەستدا و چارەنووسی ئەو ناوچانەیان بەجۆرێك ئاڵۆزكردووە كە ئەستەمە بە ئاسانی بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەویش دوای قوربانیەكی زۆر تەنها لەشەری داعشدا كە زیاتر لە 1800 شەهید و 12 هەزار برینداری پێشمەرگەیان لە پێناو ئەو خاكەدا دا.

،،

رێژەی هەژاری لە ئێستادا بۆ سەرو 20% بەرزبۆتەوەو رێژەی بێكاری 6% بووە بۆ سەرو 30% بەرزبۆتەوە


سێیەم/ هەژاری بێكاری 
لەدوای درووست بوونی قەیرانەكانەوەو بەتایبەتیش قەیرانی ئابوری لە هەرێمی كوردستان رێژەی بێكاری و هەژاری بەرێژەیەكی زۆر بەرزبۆتەوە، بەجۆرێك كە رێژەی هەژاری پێش درووست بوونی قەیرانەكان 3% بووە بەڵام لە ئێستادا بۆ سەرو 20% بەرزبۆتەوەو رێژەی بێكاری 6% بووە بۆ سەرو 30% بەرزبۆتەوە، ئەوەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و دیاردە كۆمەڵایەتیەكان لە دزی و كوشتن و خۆكوشتن و توندووتیژی زۆربووە.


پێنجەم/ گەندەڵی
لە هەرێمی كوردستان كە وەك بەشێك لە هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، بەپێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەسەرو 160 و لە دە دەوڵەتە هەرە گەندەڵەكانی جیهانە. گەندەڵی تەواوی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە بەتایبەتیش لەدوای هاتنی پارەیەكی زۆر لەبەغداوەو دەستكەوتنی پارەیەكی زۆر لەرێگەی نەوتەوە، مەترسی گەندەڵیەكانی هەرێم لەوەدایە كە گەندەڵی فراوان لەسەرەوە هاتۆتە خوارەوەو بەرپرسانی حیزبی تەواوی كایەكانی بازرگانی و بازاڕو وەبەرهێناو پرۆژە خزمەتگوزاریەكان، بۆیە لە ئێستادا هەرێم بە حوكمی چەتە گەرایی ( كلیپتۆكراسی ) ناودەبرێت.

شەشەم/ قۆرخكردنی دەسەڵات
دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بەتەواوی لەلایەن ژمارەیەك بەرپرس و دەم و چاوەوە قۆرخكراوە، بەجۆرێك لە ساڵی 1992 و لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دام و دەزگاكانیەوە دەسەڵات بەدەست یەك تایبپ لە دەموچاووەوە كە هەر ئەوانە قۆرخی بازارو بازرگانیشیان كردووە، بە نمونە مەسعود بارزانی سەرەای ئەوەی لە ساڵی 1992 ەوە دەسەڵاتی لابووە .. بەڵام لە ساڵی 2005 تا 2017 بەشەرعی و ناشەرعیەوە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی لابووە.. كە 12 ساڵ دەكات، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 1996 جێگری سەرۆكی حكومەت بووە و لە 1999 بۆتە سەرۆكی حكومەت تا ئێستا جگە لە 2 ساڵی د. بەرهەم ساڵح كە دەكاتە نزیكەی 20 ساڵ، ئاشتی هەورامی كە زۆرینەی قەیرانە ئابوریەكانی هەرێمی لە ئەستۆدایە لە ساڵی 2005 ەوە تا ئێستا وەزیری سامانە سروشتیەكانەو داهاتو ئابوری لەلای ئەو كۆبۆتەوە كە 13 ساڵە لەو پۆستەدایە.

 

،،

نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 1996 جێگری سەرۆكی حكومەت بووە و لە 1999 بۆتە سەرۆكی حكومەت تا ئێستا جگە لە 2 ساڵی د. بەرهەم ساڵح كە دەكاتە نزیكەی 20 ساڵ


حەوتەم/ كێشە لەگەڵ ناوەند
لە ساڵی 2003 ەوە كورد چوە بەغدادو دواتر لە دەستوری عێراقیدا مافەكانی دیاری كرا، بەڵام تا ئێستا زۆرێك لە كێشەو ناكۆكیەكانی نێوان هەردوولاو بەردەوامی كێشەكانیش قەیرانێكی گەورەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان درووست كردووە.


هەشتەم/ هێزی ئەمنی و سەربازی
كێشەی گەورەی هەرێم لەرووی هێزی سەربازی و ئەمنی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە هێزەكان لەدەستی حیزبەكانن و لەناو حیزبەكانیش، لەدەستی چەند كەس و گروپێكدان، ئەمە سەرەرای ئەوەی هێزەكان بەسەر چەند بەشێكدا دابەش بوون، ئەوانیش ( هێزی پێشمەرگە، هێزیەزكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی و پشتیوانی 1 پارتی پشتیوانی 2 یەكێتی، هێزی ئاساییشی پارتی، هێزی ئاساییشی یەكێتی، پاراستن و زانیاری، دژە تیرۆر پارتی یەكێتی، زێرەڤانی پارتی ، بەرگری و فریاكەوتنی یەكێتی) جیاوازی هێزەكانی كاریگەری لەسەر بارودۆخی هەرێم و دابەشبوونی روانینی و بەرەكان درووستكردووە.


هەموو ئەو قەیران و كێشانەی كە بەشی زۆری حكومەتی هەرێم بەهۆی هەڵە ستراتیژی سیاسی و ئابوریەوە بۆ خۆی درووست كردووە، كاریگەری لەسەر شەكەتی جەستەی هەرێم درووست كردووە، بەجۆرێك حكومەتی هەرێم ئێستا لە بری ( پیاوە نەخۆشەكە) بۆتە جەستەیەكی لەكاركەتوو ( پیاوە مردووەكە) .



‌‌‌
12/30/2017 3:09:39 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ