هەواڵ

سبەینێ فیستیڤاڵی کەمکردنەوەی نرخ لەسلێمانی بەڕێوە دەچێت


سبەینێ فیستیڤاڵی کەمکردنەوەی نرخ لەسلێمانی بەڕێوە دەچێت

بزاڤ پرێس/بەشی ھەواڵ

سبەینێ دووشەممە لەکارگەی جگەرەکە لەشاری سلێمانی، فیستیڤاڵی کەمکردنەوەی نرخ بەڕێوە دەچێت.

بنار ھیدایەت وتەبێژی فیستیڤاڵەکە بە (بزاڤ پرێس)ی راگەیاند "سبەینێ کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی، بە بەشداری زیاتر لە سەد کۆمپانیا فیستیڤاڵی کەمکردنەوەی نرخ لەکارگەی جگەرەی شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت".

وتیشی " بەھۆی ئەو قەیرانە داراییەی لەسەر ھەر تاکێک و ھاوڵاتییەکەی ھەرێمی کوردستان بۆتە بار، بڕیار درا فیستیڤاڵێکی لەم جۆرە رێکبخرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ھاوڵاتیان پێداویستییەکانیان بەنرخێکی کەم لەبازاڕ دەست بکەوێت".

وتەبێژی فیستڤاڵی کەمکردنەوەی نرخ باسی لەوەشکرد "یەکێکی تر لەھۆکارەکان ساغکردنەوە و ناساندنی بەرھەمە خۆماڵییەکانە بەھاوڵاتیانی کوردستان، تا لەو رەوەوە پشت بە بەرھەمی خۆماڵی ببەسترێت".

بنار ھیدایەت لەکۆتاییشدا وتی "یەکێکی تر لەھۆکارەکانی سازکردنی فیستیڤاڵەکە بۆ ئەوەیە دەستی کار و ئەو خاتوونانەی خاوەنی کاری دەستن ھەم بناسرێن و ھەم کاڵاکانیان پێشکەش بەھاوڵاتیان بکەن".

راشیگەیاند "جگە لەمانە کۆمپانیاکانی پێداویستی خۆراک و پاککەرەوە و ئامێری کارەبایی و ناوەندەکانی کتێب فرۆشتن بەشداری لەم فیستیڤاڵە دەکەن و بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوامی دەبێت".


‌‌‌
12/31/2017 6:09:58 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ