راپۆرت

ساڵی بێ نەوشیروان


 محەمەد نوری

ئەوەی نابێتە موجامەلەو پێداھەڵدان نوسینە لەسەر نەوشیروان مستەفا، چونکە ئەم پیاوە خاوەنی ھیچ نەبێت، خاوەنی دروستکردنی رۆحێکی یاخیانەبو، نەخێرێکی گەورە بو بەروی دەسەڵاتی ستەمگەر. لەتەنیشت ئەم نەخێرەوە ئەم سەرکردەیە ئامادەبو بۆ باشکردنی ئایندە واز لەرابردو بھێنێت، ئەو دەیزانی کێشەی دونیای ئێمە ئەوەیە کۆمەڵێک دەموچاو بەناوی شۆڕش‌و رابردوو خەباتی شاخەوە ئەزمونی حکومڕانیی کوردییان کردە ئەزمونێکی رەش‌و بئ ئایندەو داڕماو. لای نەوشیروان سیاسەت بریتی بو لەفەلسەفەیەک بۆ مامەڵەکردن‌و پلاندانان، لای ئەو سیاسەتکردن کورتنەکرابووە لەگیرفان‌و داوین‌و قسەی زل، پێچەوانەی زۆربەی بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە، کە ئەوەی گرنگە لایان تێرو پڕبێت گیرفان‌و داوێنە. بەڵام بەپێچەوانەوە نەوشیروان سیاسەتکردنیی لەعەقڵەوە دەخوێندەوە ،نەک سیاسەت بکات بەپەیژەیەک بۆئەوە بگات بەدەسکەوتی تایبەت. لای ئەو سیاسەتکردن ھونەری چنینیی داھاتوە، نەک پرۆسەی خۆبەتاڵکردنەوەو خۆپڕکردن.

 

١
وەک زۆربەی ھەفتەکانی پێشو نیوەڕۆیەک لای کاک نەوشیروان بوم، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز، خۆیی‌و خۆم‌و چیا. لەکاتی قسەکردندا تەلەفونێکی بۆھات پاش کەمێک چاوەڕوانی وەڵامی دایەوە ووتی زۆرباشە لەوێ دەبم. تەلەفونەکە بارزانی بو. دیقەتی منیدا وتیی چییە پرسیارت لا دروستبووە؟ وتم بەڵێ، وتیی ھەرنەڵێت بۆ ئەوەندە دەچیت بۆ سەری رەش؟ وتم بەڵێ بۆ ئەوەندە دەچیت؟وتیی: ئێمە شەڕی گۆڕینی سیستەم دەکەین نەک شەڕی قین‌و مێژو. لای من گرنگە چۆن گۆڕانکاریی سیاسیی رووبدات‌و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بچەسپێت ،نەک بەبوغزەوە مامەڵە لەگەڵ یەک بکەین‌و لەسەر بنەمای قین ھەنگاوبنێن. وتم: کاک نەوشیروان خەڵک پێناسەیەکی تر دەکەن، دەڵین تەسلیم بەئەجندای پارتی بووە. بەزەردەخەنەیەکەوە وتیی: لەھەمو تەمەنمدا ھەرخۆم بوم، قەتیش نەک تەسلیمی ھیچ ئەجندایەک نابم بەڵکو ناشبم بەکەسی تر، من دەمەوێت ئەو بیرکردنەوەیە لای سەرکردەکانی ئەم دووحزبە بچەسپێنم کە دەکرێت لەدەرەوەی دەسەڵاتبن وببن بە موعارەزە خۆ کۆتایی دنیا نییە ،دەمەوێت کورسیی پێش ھەموشت نەخەن.

 

ئەو رۆی، مردنێک مرد گەورە وەک بیرکردنەوەکانی. بەڵام زۆربەی سەرکردەکانی ئەم دووحزبە تا ئێستاش ئامادەن لەپێناو مانەوەی خۆیاندا ئەم وڵاتە بکەن بەوڵاتێک لەسەر خوێن، لەکاتێکدا ھەموو شت بەزۆر بەردەوامبێت، مانەوە بەزۆر لەدەسەڵات تا زەمەنێک راتدەگرێت دوای وەک لۆکەیەک با دەتبا (کواسەدام‌و بن عەلی‌و عەلی عەبدوڵاو موعەمەر قەزافی ودەیان پاڵەوانی ستەمگەر کە لکاوبون بەکورسییەوە؟)

 

٢
لاوتسیی فەیلەسوفی کۆنی چین لەبارەی ھونەری سەرکردایەتییەوە دەڵێت: ئەگەر ویستت سەرکردایەتی خەڵک بکەیت لەتەنیشتیانەوە بڕۆ.ئەوەی لەدوای راپەڕینەوە ئێمە دیمان ئەوانەی سەرکردایەتی ئەم ھەرێمەیان کرد، ھەم لەناو گروپە حزبییەکەو ھەمیش لەناو حکومەت، ھەمیشە واخۆیان نمایش کردوە کە لەسەروو ھەموو ھاوڵاتییەکەوەن، ھیچ کاتیش نەیانویستوە وەک کەسانی ئاسایی بژین. لەدوای راپەرینەوە تەنانەت ئەندامانی ئاسایی سەرکردایەتی یەکێتی‌و پارتیمان بینی بە قافڵە بەلاماندا تێپەڕدەبن. لەشوێنە گشتییەکاندا کاتی تەشریف دەھێنن پڕی دەکەن لەپاسەوان، تەنانەت لەبۆنە حزبییەکانی خۆیاندا بۆ خۆنواندن ئەوندەی پاسەوانی بەرپرسەکانی لێیە، ئەوەندە بانگێشتکراو ئامادەنابێت.

 

دونیای دوای راپەرین دونیای کەوتنی سادەیی بو. دونیای خۆنمایش‌و کەشو فشی بەرپرسەکان بو، دونیای دابەشکردنی کۆمەڵگا بوو بەسەر دو دەستە: دەستەی بەرپرسەکان‌و دەستەی ھەموان. ئەوان بەتەواوەتی خۆیان جیاکردەوە لەخەڵک. ھەندێکیان وا دورکەتنەوە لەخەڵک چون لەسەر شاخەکان کۆشکیان دروستکرد (بارزانی بەنمونە)، ھەندێکیشیان چەندین پرسگەو ئوفیسی تایبەتیان دانا(مەکتەب سیاسیەکانی یەکێتی‌و پارتی). ئەم بەرپرسانە بەپارەی میللەت دەیان کۆشک‌و دەیان ئۆتۆمبێلی دەرع‌و تایبەتیان کڕی، یان بەدرۆوە دەیانوت ھەڕەشمان لەسەرە(بەرپرسێکی یەکێتی کەوتووبوە وەھمێکەوە گوایە ئوسامە بن لادن وتوویەتی تا ئەو نەکوژێت خەوی لێناکەوێت). نەوشیروان سیفەتی ئەم بیرکردنەوە بێ مانایانەی گۆڕی. ھەمو کەسێکی دەبینی‌و ھەمو کەسیش لەگەڵیدا دادەنیشت. ئەو پیاوی ئۆفیسە تایبەت‌و داخراو ودەیان دەرگاکان نەبوو.ئەو سەرکردەیەک بو سادە دەژیا بەڵام ورد بیری دەکردەوە. پێچەوانەی ئەوانی تر کە قورس دەژین بەڵام سادە وھاوشێوەی نەزانێک بیردەکەنەوە.

 

نەوشیروان مستەفا ئەو پیاوە بو لەسەردەمی پۆزو غروریی بێ مانای بەرپرسەکان سادەیی خولقاند. لەسەردەمی نەخوێندەواریی لەشکرێک لەسەرکردە ئەو لەناو کتێبەوە دونیای دەبینی. پیاوێک نەخێرێکی گەورەی بەرووی دەسەڵاتی ستەمگەردا بەرزکردەوە، ئامادەشبوو بۆ ئایندە پشت بکاتە رابردو کە دادەنیشتی لەگەڵیدا درکت بەوەدەکرد ئەم پیاوە خۆی بەتەنھا ھێزێکە..

٣
لەدوای مردنی ئەو درکمان بەوە کرد بونی نەوشیروان چەند پێویستە، ھەنگاوەکانی ئەو چەندە گرنگە. ئەگەر نەخۆشیی‌و پاشان مردنەکەی نەبوایە رەنگە چیرۆکێکی تری بەرەنگاربونەوەی نەوشیروانمان بەرامبەر دەسەڵاتێک ببینایە کە ئەوەندەی بووەتە دەسەڵاتی ستەمگەرو قامچی بەدەست‌و وێرانکەر، ئەوەندە جێی ھیچ ئومێدێک نییە.
بۆیە نەوشیروان لەسەردەمێکدا جێیھێشتین کەدەبو لێربوایە.


‌‌‌
12/31/2017 8:15:47 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ