مێژوو

یەکێتی و پارتی دوو هێزی هاوپەیمانی لێوانلێو لە ململانێ



بزاڤ پرێس/مەریوان ابراهیم
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو دوو هێزە ناکۆکەن کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەژێر چەتری هاوپەیمانێتیەکی ناچاریدا درێژە بە ڕکابەری و ململانێیەکی توند دەدەن، ململانێی ئەم دوو هێزە مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەتوانین بلێین دەگەڕێتەو بۆ سەرەتای ساڵی شەستەکان ئەوکاتەی سەرکردەکانی ئەم دوو هێزە لە ناو پارتی دیموکراتدا هاوخەبات بوون بەڵام لە ساڵی ١٩٦٤دا بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکانیانەوە زۆرینەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حیزبەکە جیابوونەوەو باڵێکی تریان ڕاگەیاند بەناوی (پارتی دیموکراتی کوردستان /باڵی مەکتەبی سیاسی )و دواتر ئەم دوو باڵەی پارتی لە ئەدەبیاتی سیاسی کورددا بە باڵی ( مەلایی و جەلالی) ناسران .

دوای ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ١/٦/١٩٧٥ و پاشان هەڵگیرسانەوەی شۆرشی گوڵان و دروستبوونەوەی  (قیادە مۆقەتە) و پاشتریش ڕاگەیاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیتر ئەم دووهێزە بە گوڕو تینێکی نوێوە و لەسەر بنەمای کۆنە قین دەستیان دایەوە ڕاکابەریکردنی یەکتری و کار گەیشتە ئەوەی  ململانێکان توند بوونەوە  تا گەیشتە ئاستی پێکادانی سەربازی و شەڕی براکوژی و کورد کوژی و هەریەک لەم دوو هێزە هەوڵی تواندنەوەو لەناوبردنی ئەوەی تری دەداو ،لەم پێناوەشدا  هەموو رێگاو شێوازێکی نامەشروعیان گرتە بەر و تاساڵی ١٩٨٥ قێزەونترین جۆری شەرو ململانێیان پیادە کرد لە کوردستاندا .

 دواتر بەهەوڵی خەمخۆران و دڵسۆزان و لەژێر فشاری ئێراندا لەو دۆخە سەربازی و سیاسیە ناهەموارەدا کە بەشێکی زۆری بەهۆی سیاسەتی ئەم دوو هێزەوە بەسەر کوردا هات،  لەساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ چەند حیزبێکی تری کوردیدا (بەرەی کوردستانی) یان پێک هێناوە وبەمەش ململانێکانیان تاڕادەیک بەرەو کزی و کپبوونەوە چوو، بەڵام ئەم بەرەیە تاساڵی ١٩٩٢ بڕی کرد و کاتێک مەسەلەى هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتەکایەوە ململانێکان دەستیان پێکردوە و ڕۆژ بەڕۆژ بەرو توند بونەوە دەچوو، بۆ ڕێگری لە دووبارە پێکدادانەوەی ئەم دوو هێزە ناچار فیفتی بەفیفتیان لە حکومەت و ئیدارەدانی کوردستان داهێنا کە بووە سیمایەکی زۆر ناشیرینی دەسەڵاتی کورد.

دواتر کە مەسەلەى دەسەڵات و پارەو بەرژەوەندی مادی و مەعنوی هاتە کایەوە ئیتر ململانێکانی  نێوان ئەم دوو هێزە پەرەیان سەندەوە و لەساڵی ١٩٩٤دا  شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساندەوەو لەماوەی چوار ساڵی شەری ناوخۆدا هەرچی ڕێگاو شێوازی قیزەون بوو بەرامبەر یەکتر ئەنجامیان دا و سەرباری شەڕ وکوشتن و داگیرکرد و کاولکاری و و سوتاندن کارگەیشتە خیانەت و پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆناو کوردستان و ئەتکردنی حەیاو ئابڕو ئەندام و لایەنگرانی یەکتر و هەرچی چین و توێژی کوردستانە بە حیزب و ریکخراوەکان و  (ژن و پیاو رۆشنبیر و کرێکار و مەلا دایکی شەهیدان و ...هتد) تکاو ڕجایان لێکردن بەڵام شەریان رانەگرت.

دواتر لەژێر فشاری ئەمریکاو وڵاتانی زلهێزدا لەدوای زیاتر لە سەد کۆبوونەوە لەناوە و لەدەرەوەی وڵات سەرەنجام  ساڵی ١٩٩٨ ڕێکەوتنی ستراتیژیان ئیمزا کرد و خاکی کوردستان و پۆستەکانی دەسەڵات و داهات و سەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەرزەویان دابەشکرد لەنێوان خۆیاندا و بەمەش کۆتاییان بە ململانێی سەربازی هێنا، بەڵام ئەم شەراکەتی سیاسیە  کۆتایی بە ڕکابەری ئەم دوو هێزە نەهێنا بەڵکو ململانێ سیاسیەکانی بەکراوەیی هێشتەوە. 

لە ئێستاشدا سەرباری مانەوەی ڕەشنووسی ڕێکەوتننامەی ستراتیژی بەڵام دەیان جۆر ململانێی سیاسی و ئیدار و دیبلۆماسی و ئەمنی لە نێوان ئەم دوو هێزە دا هەیە و هەندێک جار ململانێکان بەڕادەیەک قوڵدەبنەوە خەریکە دەگاتە ئاستی پێکادانی سەربازی دروستکردنی دوو ئیدارەیی، بۆیە ئەم دوو هێزە نەئەوەتا بەیەکەوە هەڵبکەن و نەبەبێ یەکتریش دەتوانن درێژە بە ئیدارەى کوردستان و مانەوەی خۆیان بدەن،  ئەوەی کە لە ئێستادا بەڵانسی هاوپەیمانی نێوان ئەم دوو هێزەی ڕاگرتووە و  تەنها شتێکیشە کە ئەم دوو هێزەی بەیەکەوە هێشتۆتەوە بەرژەوەندیە مادیەکانە و قاسەی پڕ لەداتی کوردستانە ، کە هەردوولا  ژێربەژێر ڕێکەوتوون لەسەر مۆنۆپۆڵکردنی داهات و دەسەڵاتی کوردستان ناشەفافی و و شاردنەوەی هەموو زانیاریەکان و ڕاستیەکان سەبارەت بە داهات و دەسەڵات لە خەڵک ولەلایەنەکانی تر، ئەگەر نا لە هەموو ڕوویەکی ترەوە ناکۆک و نەکڵۆکن بەیەکەوەو، هەریەکەیان لەهەوڵی لاوازکردنی ئەوەی تردایە تا ئاستی لەناوبردن.

بۆ نمونە ناکۆکیان لەسەر پۆستەکانی بەڕێوەبردن لە شارێکی وەک هەڵەبجەدا بۆتەهۆی ئیفلیج بوونی ئیدارەی ئەو شارە و لە شارێکی گرنگی وەک کەرکوکیشدا بۆتە هۆی زاڵبوونی عەرەب و تورکمانی ئەو شارە بەسەر کوردا، ناکۆکیە سیاسیەکانی ئەم دوو هێزە  لەسەر بەرێوەبردنی کوردستان  وململانێیان لەسەر  قۆرخکردن و دەستگرتن بەسەر نەوت و داهاتەکانیدا بووە هۆی زاڵبوونەوەی حکومەتی عێراق و بەلاواز پیشاندانی هێزی پێشمەرگە و نەمانی هەیبەت و شکۆی کورد لە  ناوخۆ و عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەو جیهاندا . 

ئەم ناکۆکی و ململانێیانەی  نێوان ئەم دووهێزە لەهەموو ئاستەکانی ئیدارەدانی حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان و دارایی وداهاتەکان و لایەنی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی دا بەئاشکرا هەستی پێدەکرێت وهیچکامیان ناتوان بیشارنەوە و نکوڵی لێبکەن، ئەمەش کاری کردۆتە سەر جومگەکانی دەسەڵات و بەرەو داخوران پەکخستنی بردوە و، زیانی زۆری گەیاندوە بە دۆزی ڕەوای کورد و تەنانەت بوەتە هۆکاری هەموو شکستەکانی کورد لە ئێستاو رابردوودا و سەرجەم دەسەڵاتە ئیداری و کارگێڕی و یاسایی و دادوەری یەکانی پەک خستووە و هەستی نیشتیمان و ئینتیمای نەتەوایەتی لای تاکەکانی کورد بەتەواوی لاواز کردوە و دۆزی کوردیشی لە تەرازووی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا سوک و لاواز کردوە.




‌‌‌
1/3/2018 3:53:51 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ