هەواڵ

حکومەتی ھەرێم: زانیاریەکانی عەبادی لە بارەی داھاتی نەوتی ھەرێم بەتەواوی ھەڵەن


بزاڤ پڕێس

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەزاری وتەبێژەکەیەوە،وەڵامی حەیدەر عەبادی دەداتەوە وەدەڵیت لەوەتای بەڕێز عەبادی لەبارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانەوە قسە دەکات، بە شێوەیەکی کردەیی تا ئێستا لە قسە زیاتر نەبووە و وێڕای ئەوەی کە لیستەکانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەشمان ناردووە، کەچی ھێشتا ھیچی کردەیی لێ نەکەوتۆتەوە!.


سەفین دزەیی ڕایگەیاند "لێدوانەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ئیتر بوونەتە مۆدەیەکی ھەفتانە و بەردەوام ھەمان شت دووبارە دەکاتەوە، نامانگەیەنێتە ھیچ ئەنجامێک!. تەنیا بە قسە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی و بەڵێنی جێبەجێنەکراو، ھیچ شتێک چارەسەر نابێت!. ئەگەر حکوومەتی عێراق بە ڕاستی نیازی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەیە، فەرموو با بێت لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی جددی بکات و بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەین و بگەینە ئەنجامێک لە بەرژوەندیی ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بێت. ھیوادارین ئیتر لە قۆناغی لێدوانی ڕۆژنامەوانی و قسەی دووبارە دەرباز ببین و ھەنگاوی کردەیی بنرێن!."

 دزەیی ھەروەھا گوتی: لەوەتای بەڕێز عەبادی لەبارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانەوە قسە دەکات، بە شێوەیەکی کردەیی تا ئێستا لە قسە زیاتر نەبووە و وێڕای ئەوەی کە لیستەکانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەشمان ناردووە، کەچی ھێشتا ھیچی کردەیی لێ نەکەوتۆتەوە!.

دزەیی ئاشکراشی کرد کە ئەوەی ئێستا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، لە سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کوردستان بترازێ، ھیچ ناو و پێناسەیەکی دیکە ھەڵناگرێت!. ھاووڵاتیانی کوردستان باش لەم ڕاستییە تێگەیشتوون و وایان لێھاتووە بەرلەوەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا قسە بکرێت، دەزانن چی دەگوترێت، چونکە ھەمان وشە و ھەمان ڕستەی دووبارەن و ھیچی تر!.

ئاماژەشی کرد بەوەی ئەو ژمارانەی بەڕێز عەبادی لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و داھاتەکانیەوە ڕایدەگەیەنێت، بە تەواوی زانیاری ھەڵەن و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا کاتێک کۆمپانیای جیھانیی دیلۆیت بۆ وردبینی، ژمارە ڕاستەکان بڵاو دەکاتەوە، ئەو ڕاستییە ڕوون دەبێتەوە کە بەڕێز عەبادی لەو لێدوانانەدا پشتی بە زانیاریی ڕاست نەبەستووە!. جگە لەوەی پێشتر بە ژمارە وەڵامی ئەو قسانەمان داوەتەوە و پێویست ناکات چیتری لەسەر بڵێین!


‌‌‌
1/10/2018 10:35:12 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ