هەواڵ

کۆمیتەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ھەرێم وەڵامی ھیومان رایتس وۆچ دەداتەوە


بزاڤ پرێس

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کەوێنەیەکی بۆ بزاڤ پرێس نێردراوە رایدەگەیەنێ کە ئەو دەستگیرکراوانەی ھیومان رایتس وۆچ باسیان دەکات، لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.

کۆمیتەکە ئاماژەی داوە رۆژی ٢١/١٢/٢٠١٧ ڕێکخراوی Human Rights Watch لە راپۆرتێکی بە ناوی ( ھەرێمی کوردستانی عێراق شاردنەوەی ٣٥٠ بەندکراو) باس لە ژمارەیەک لەو کەسانە دەکات کە پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووە و لە زیندانە فەرمی و نافەرمییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێم دەستگیر کرابوون لە شاری کەرکووک، بەڵام لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ھێرشی سوپای عێراق بۆ سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان چارەنووسیان دیار نییە، ھەروەھا باس لەوەش دەکات کە خانەوادەکانیان داوای دیاریکردنی چارەنووسی کەسوکاریان دەکەن.

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەکەیدا وەڵامی راپۆرتی رێکخراوی ناوبراوی داوەتەوە تیایدا ھاتووە "تا رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ ھیچ بەندکراوێک لە لای ئێمە لە ئاسایشی کەرکووک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دبس زیندانێکی کاتی ھەبوو بۆ وەرگرتنی راگوێزراوانی حەویجە کە پێش پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە دەھاتنە دبس و بەشێکیان کە ئەندامی داعش بوون یان ھاوکاری داعشیان کردووە خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرد و ھەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی ھەزار کەس بوو. دواتر ھەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی ھەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە ھیچ گرتووخانەیەک لە کەرکووک نەبووە و لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک ئەرکیان تەنیا ھاریکاریکردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەکە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری کەرکووک جێبەجێ کرا و ھێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیارییەتی پرۆسەی گواستنەوەکەیان لە ئەستۆ گرت".

ھەروەھا ئاماژەی داوە لە دوای شەڕی داعش لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنە بەر لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە لێدەکرێت و ئەوانەی کە دەستگیر دەکرێن ھەموو مافێکیان ھەیە وەک سەردانیکردن و بوونی پارێزەر ھەروەھا کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنیان ئاگادار دەکرێنەوە. لەگەڵ ھاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەکانی ھێزی پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن، بەڵام ئافرەت ناپشکێنرێن بەھۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە ئەو پشکنینەش زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا. دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی.

کۆمیتەکە ئاماژەی داوە "زۆر جار لە کاتی روودانی شەڕ ھەندێک کەس دەستگیر کراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئەوانەی کە بێتاوانن ئازاد دەکرێن و ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبێت بەپێی ماددە (٤)ی یاسای دژە تیرۆر کە پێشتر کاری پێدەکرا، و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرا بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر دواتر ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەکە دەکران. ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبا کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە ھەیە ڕەوانەی دادگای تایبەت دەکرا و ھەموو مافێکیان ھەبوو و کەسوکاریشیان لە دەستگیر کردنی ئەو تەمەتەی کە لەسەر دەستگیر کراوە ئاگادار دەکرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر ھیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد دەکرا".

ھەروەھا تیایدا ھاتووە "شێوازی دەستگیرکردنی ئەو (٣٥٠) کەسەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە ھەیە و راپۆرتەکەی ھیومان رایتس وۆچ باسیان دەکات جیاواز بوو، چونکە بە تۆمەت دەستگیر نەکراون واتە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵکو لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە و لە کاتی ھاتنیان لە حەویجەوە خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە وئیعتیرافیان کردبوو کە سەر بە داعشن و لە خێزانەکانیان دابڕا بوون، چونکە ئەوان خۆیان رادەستی سوپای عێراق نەکردوو، بەڵام لە ھەمان کاتدا خێزانەکانیان گواستراونەوە بۆ کەمپەکانی جعێدە یان جدعە کە دەکەونە ژێردەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە ھەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئەو یاسایە تا ١٦/٧/٢٠١٦ کاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموار کراو دەکرێت".

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر روونی کردووەتەوە کە "لە دوای ھێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان لایەنە ئەمنییەکان بە سەدان کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر کردووە دواتریش دادگایی کراون بەپێی یاسا کار پێکراوەکان لە ھەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرکووک دەستگیر کراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش و لە دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی کەرکووک لە سەرەتای شەڕی تیرۆرەوە دەستگیرکراون، ئاماژەی داوە کە ئامارەکان بەم شێوەیە بووە:

لە ساڵی (٢٠١٤) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١١٥) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١٨٢) کەس دەستگیرکراو بوون. 
لە ساڵی (٢٠١٦) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (٨٣) کەس دەستگیرکراو بوون. 
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠١٧): ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١٩) دەستگیرکراو بوون.
کەسانەی کە تاوەکو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان بەم شێوەیەیە:
لە ساڵی (٢٠١٤) ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (٣٣) کەس بوون.
لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (٧٨) کەس بوون.
لە ساڵی (٢٠١٦) ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (٢٠) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠١٧) ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (شەش) کەسن.
ئەو گیراوانەی کە سزایان بۆ دەرچووە:
لە ساڵی (٢٠١٤) ئەو گیراوانەی کە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) کەس بوون.
لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو گیراوانەی کە سزایان بۆ دەرچووە (٢٣) کەس بوون.
لە ساڵی (٢٠١٦) ئەو گیراوانەی کە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەم ساڵی (٢٠١٧) ھیچ کەسێک سزای بۆ دەرنەچووە.، بەڵام (٣٦) کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.

ھەروەھا سەبارەت بە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان بە کاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان دەستگیر دەکرێن و رادەستکردنیان بە حکومەتی فیدراڵی، بەیاننامەکە دەڵێ "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکات سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و لەم رووەوە لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و یۆنامی ھەماھەنگی بەردەوامە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون و لەم رووەوە کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی خولی بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی فەرمی رێکارە یاساییەکانی نەگرتۆتە بەر بۆ رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان دەستگیرکراون بۆ حکومەتی فیدڕاڵ".


‌‌‌
1/12/2018 11:03:09 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ