راپۆرت

پشتگیریی ئیسرائیل بۆ ھەرێمی کوردستان؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی



ھاوکار ڕەفیق ڕەحمان/ توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان
 
پێشەکی
کارکردن لەگەڵ کوردەکان دەکرێت وەک بەشێک لە ستراتیجیەتی کەنارەکان (strategic periphery)، ئەوەی کە دەیڤد بنگۆریۆن، خستبویەڕوو تەماشابکرێت. بەمشیوەیە کوردەکان کرانە دۆست و ھاوپەیمانی ئیسرائیل لە پەنجاکانەوە ھەتا ئێستا، سەرباری ئەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کوردەکانی عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە دەمەزرابوو کە دەڵێت: دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە. " My enemy's enemy is my friend"  چونکە دوژمنی باوی ھەردوولا حکومەتی عێراق بوو، ئەمەش ھاریکاریکردن و پشتگیریکردنی کوردەکانی لێکەوتەوە لە ساڵی ١٩٦٥ەوە ھەتا ١٩٧٥ و دواتریش لە ١٩٩١دا گەشەی تەواوی بەخۆیەوە بینی ولە دوای پرۆسەی جەنگی عێراقیشەوە، پاڵپشتی و پەیوەندییەکانی بۆ کوردەکانی باشور لە ھەڵکشاندابوون، ئەمە بێجگە لەوەی لە وێستگە ھەستیارەکانی ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ و ٢٠١٤ و٢٠١٧،  یەکەمین  دەوڵەت بووە کە پشتگیری سەربەخۆیی ھەرێمی کودرستانی کردووە. لەمەوە زۆرینەی سیاسیەکانی کورد، ھەمیشە شانازی بەوە دەکەن، کە ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت دەبێت پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، تەنانەت ئیسرائیل خۆیشی لەسەر ئاستی فەرمی لە ڕابردوودا ئەمەی دەربڕییوە، بەڵام ئێمە لە توێژینەوەکەدا لێکەوتەکانی ئەو پشتگیرییە بە وردی دەخەینەڕوو، بەم شێویە توێژینەوەکە تەرخانکراوە بۆ وەڵامدانەوەی چەندین پرسیاربەم شێوەیە، یەکەمین دەستپێکی   مێژوویی و پشتگیریی ئیسرائیل بۆ کوردانی باشوری کوردستان کەی بوو؟ سیاسەتی پەراوێزی ستراتیژی چیە؟  کوردەکانی باشور لە کوێی ئەم سیاسیەتەدان؟ پەیوەندییە  نھێنیەکان و سەردانیکردنە دوولایەنەکانیان کامانەن؟ سنوری یارمەتی و پشتگیرییەکانی ئیسرائیل لە چ ئاستێکدابووە؟ و چۆنیەتی و جۆرێتیەکەی چۆن بوو؟ لەبەرامبەر یارمەتی کوردەکان، ئیسرائیل چی بەدەستدەھێنا؟  ڕۆڵی  جولەکە کوردەکانی ئیسرائیل لە پشتگیریکردنی  کوردانی باشور چی بوون؟ قۆناغەکانی پەیوەندی و ھاریکاری ئیسرائیل و کوردەکانی باشور لە ١٩٦٥ ھەتا ئێستا چەند قۆناغ بوو؟ گرنگترینیان کامە بوو بۆ کوردەکان؟ پەیوەندییەکانی ئێستایان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان چۆنبووە و چۆنە؟ ڕوانگەی عێراق بۆ پشتگیریکردنی کوردەکانی باشور چۆن بووە و چۆنە؟ پشتگیرییە ڕاگەیاندراوەکانی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان کامانەن؟ ئیسرائیل بۆچی پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟ بەرژەوەندییەکانی چین؟ نەوت و غازی کوردستان لە ستراتیژییەتی ئیسرائیلدا چ گرنگیەکی ھەیە؟ئایا ئیسرائیل پەراوێزخستنی ھەرێمی کوردستان لە لایەن(تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) دەقۆزێتەوە؟ لێکەوتەکانی پشتگیری ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان چین؟ لێکەوتە نەرێنییەکانی پشتگیریکردنی  ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی چین؟ یان بە پێچەوانەوە لێکەوتە ئەرێنیەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان چین؟ 
  دەستپێکی مێژوویی  یارمەتیەکانی ئیسرائیل بۆ کوردەکانی باشور
مێژوونوسی ناوداری ئیسڕائیلی شلومو نەکدیمون  نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش کتێبێکی لە ژێر ناونیشانی "ئەو ھیوایەی کە تێکشکا " بڵاوکردەوە، کە لە کتێبەکەیدا دەڵێت سەرکەوتنەکانی کورد سێ کەسی ئیسڕائیلی لە پشتەوەبوو، کە ئەوانێش (لیڤی ئاشکول) سەرۆکی حکومەت و وەزیری بەرگری پێشووی ئیسڕائیل بووە و (ئەسحەق ڕابین) سەرۆکی ئەرکانی پێشوو و (مائیر عەمیت) سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری ئیسڕائیل موساد. لەم سۆنگەیەوە دەگەڕێینەوە بۆ یەکەمین دەستپێکی ھاوکاری ئیسرائیل بۆ کوردەکانی باشوری کوردستان، پشتبەست بە لێدوانەکانی (ئۆری میلیشتاین)  مێژوونوسێکی دیکەی ئیسڕائیلی، لەم بارەیەوە لە چاوپێکەوتنێکدا، لە ئازاری ٢٠١٦ ڕایگەیاندووە، ڕەگی مێژوویی ھاوکاریکردنی کورد لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش ١٩٦٧، کە ئیسڕائیل بەشێوەیەکی ئاشکرا دەیویست سوپای عێراق بە کوردەکانەوە سەرقاڵبکات. تەنانەت  دەزگای ھەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتی  (مائیر عەمیت) و بە ھەماھەنگی کردن لەگەڵ دەزگا ھەواڵگریەکانی ئێران، مەشق و ڕاھێنانیان بە دەیان ئەفسەری کورد کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چەکداری لە ناوخۆی عێراقدا.  (٢-١)، کاتێک لە ئابی  ١٩٦١دا، بارزانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق تێکچوو و یاخیبوونی دژی عێراق ڕاگەیاند، دەستە و گروپی چەکداری دژی عێراق دامەزراند. بەکرداری ئیسرائیل پشتگیریی کوردەکانی کرد لە ڕاھێنان و پلان و تەکتیکی جەنگیدا.(٣) 

سیاسەتی پەراوێزی ستراتیژی و لەخۆگرتنی کوردەکانی باشور، لەلایەن ئیسرائیلەوە
 دیڤید بن گۆریون (کە بەباوکی رۆحی ئیسرائیل ناسراوە) لە ١٩٥٠دا سیاسەتی رۆخی ستراتیژی (strategic periphery) ھێنایە کایەوە. (٤)، کە پێی وابوو لە ناوچەکەدا، دەبێت بگەڕێت بەدوای ھاوپەیمانی نوێدا، ھاوپەیمانیەک لەدەرەوەو ناوەوەی دەوڵەتانی عەرەبی، بەم شێوەیە لەبەرامبەر بەرەی عەرەبیدا ھەوڵی دروستکردنی ھاوپەیمانی نوێی دەدا، لەگەڵ کەمینەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کەوتە پەیوەندی و ھەماھەنگی، کوردەکان لەوکاتەدا چەوسێنەری دەستی دوژمنەکانی ئیسرائیل بوون، بۆیە کەوتە ھەماھەنگی لەگەڵیاندا.(٥)، ئەم دیدەی (بن گۆریون) پێی دەگوترێت دۆکترین یان پرینسیپی پەراوێزی ستراتیژی، بە پێی ئەم مەبدەئەش گرنگە ئەو ھێزانەی کە لە رۆخ (پەراوێز)ی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدان و دەوڵەتانی ناعەرەبین و بە زەرورەت دۆستی عەرەب نین، وەک ھێزەکانی (تورکیا، ئێران و ئەسیوپیا)، دۆست و پشتگیری ئیسرائیل بن، کوردستان و کوردیش، وەک بونێکی نادەوڵەتی، بەشێکی زۆری یان ڕاسترە بڵێین بەشی ڕۆژھەڵات و باکوری کوردستان،  دەکەوێتە ئەو ڕۆخە ستراتیژییەی ئیسرائیلەوە.(٦)، بەم شێوەیە ھاوکاریکردنی کورد لە پلانی ستراتیژی (داڤید بن گوریۆن)دا بوونی ھەبووە، کە یەکەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە لە نێوان ساڵانی (١٩٥٥-١٩٦٣) و یەکێکیشە لە ١٠٠ کەسایەتیە کاریگەرەکەی جیھان، بەم چەشنە لە سیاسەتی (بن گۆریۆن)دا کوردەکان دۆستی کوردن، پێویستە بەھێزبکرێن و بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کاریگەری باشتریان ھەبێت(٧).

 پەیوەندی نھێنی و  پاڵپشتیەکانی ئیسرائیل، بۆ کوردەکانی باشور  لە نێوان ساڵانی   ١٩٧٣-١٩٦٥
  عیسمەت شەریف ( Ismet Sherif Vanly)  لە یاداشتەکانیدا دانیبەوەداناوە کە لە ساڵی ١٩٦٤ لەو ساتەی شۆرشی کوردی لە قۆناغێکی ھەستیاردابووە، پێشنیاریکردووە بۆ (مستەفا بارزانی) کە ئیسرائیل یارمەتی کوردەکان دەدات، بەم پێیە بە  ڕەزامەندی بازرانی (عیسمەت شەریف) سەردانی ئیسرائیلی کردووە و سەرۆکوەزیران لیفی ئشکول ( Levi Eshkol) دیدەنی کردووە، لەدوای ئەم وێستگەیەش حکومەتی ئیسرائیلی نوێنەرێکی تایبەتی خۆی دەنێرێت بۆ کوردستانی  باشور، تەنانەت نوێنەرەکەی ئیسرائیل ھەوڵیداوە کۆبوونەوەی نێوان (عیسمەت شەریف) لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی ڕێکبخات، بەڵام ئەم ھەوڵە لە لایەن ئەمریکاوە ڕەتکرایەوە!، ھەر بە گوێرەی یاداشتنامەکە ئیبراھیم ئەحمەد (Ibrahim Ahmad) ئەوەی کە دواتر لە پارتەکەی بارزانی جیابۆوە، پێشتر بە نھێنی سەردانی ئیسرائیلی کردووە، دواتر جیابوونەوەی (ئیبراھیم ئەحمەد) و دەستەکەی، پرسێکی گرنگ بوو، چونکە لە ساڵانی دواتردا پەیوەندی نھێنی نێوان ئیسرائیل و بارزانی ئاشکراکرد. لەم دیدەوە لە نێوان سالانی ١٩٦٨  ھەتا ١٩٧٥ پەیوەندییەکانیان ھەڵکشانی باڵایان بەخۆیانەوە بینی، بەجۆرێک (مستەفا بارزانی) دووجار بە نھێنی سەردانی ئیسرائیلی کرد، ساڵی ١٩٦٨ جاری یەکەم و جاری دووەم ساڵی ١٩٧٣، ھەردووجارەکە لەگەڵ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل لەوانە سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە. (٨)، پێویستە ئەوە بوترێت کە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کوردەکانی عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە دەمەزرابوو کە دەڵێت: دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە. " My enemy's enemy is my friend"  چونکە دوژمنی باوی ھەردوولا حکومەتی عێراق بوو "پارتی بەعسی عێراقی"، کە مەترسیدارترین دوژمنی ھاوبەشبوو، کە بە درێژایی نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣ فەرمانڕەواییکرد.(٩)، ئیسرائیل ھاوشێوەی پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان لەسەر ھەمان بنەما، لەگەڵ ئازەرباینجان، ئسیوبیا و یۆنان مامەڵە دەکات. (١٠)
یارمەتییە راگەیانداروەکان بۆ کوردانی باشور، لە زمانی (مناحم بیجن)ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە 
  لە ٢٩ئەیلولی ١٩٨٠دا، کاتێک سەرۆکوەزیران (Menachem Begin) دەستبەکاربوو،ئەوەی ئاشکراکرد کە ئیسرائیل پشتگیری کوردەکانی کردووە، لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاینان دژ بە عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥_١٩٧٥، تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئاگاداری ئەم بابەتە بووە، بەڵام بە ئاگاییەوە ئەوەی ڕاگەیاندبوو، کە ئیسرائیل تەنیا ڕاھینەر و تیمی فێرکاری ناردووە بۆ کوردەکان نەک یەکەی سەربازی" Israel had sent instructors and arms but not military units" . (١١)
بەم شێوە دەتوانین ئەوە بڵێن کە یارمەتییەکانی ئیسرائیل بۆ کوردەکان لە سەرەتادا سنوراربووە، وەک یارمەتی مرۆیی و تەندروستی، بەڵام دواتر فراوانکرا بۆ دابینکردنی جبەخانە و چەک و تەقەمەنی بچوک، پاشان ئامرازی ئاڵۆزتری وەک دژە دەبابە و چەکی فرۆکە شکێن، ھەروەھا ڕاھێنانی سەربازی بەردەوامی لێکەوتەوە. (١٢)، یارمەتییەکان ھەتا ساتی ڕێکەوتنی جەزائیر لە ١٩٧٥ بەردەوم بوون، بەڵام دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، پەیوەندییەکان بۆماوەیەم وەستان، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ساتەدا وایاندەخواست.
 بەگشتی  ھاریکاری لە نێوان ئیسرائیل و کوردەکانی باشور، بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەردەمی ڕژێمی (سەدام حسێن) دابوو، لەنێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣، بۆ نمونە ئیسرائیل ڕاھێنانی سەربازی  بە چەکدارە کوردەکان (مەبەست پێشمەرگەیە) دەکرد دژ بە ڕژێمی سەدام، لە بەرامبەردا کوردەکان ھاریکاری ئەو جەولەکە عێراقیانەیان دەکرد بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان ، سەرباری ھاریکاری لە سیخوڕیکردن بەسەر ڕژێمەکەی سەدام حسێنەوە (١٣).
لە ئیسرائیلەوە جولەکە کوردەکان  ڕۆڵیان چی بوو، لە پشتگیریکردنی  کوردانی باشوردا؟
لە ھەمووی گرنگتر ئەو جولەکە کوردانەبوون، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٥٠ گەڕانەوە بۆ  ئیسرائیل، ئەوان سەرباری ئەوەی ھەمیشە ستایشی ئەو مامەڵە ئەرێنیەی کوردەکانیان دەکرد، بەرامبەر جولەکەکان، ھەر ئەمەش وایکرد لە کاتی گەڕانەوەدا وەک باڵوێزی نایاب " EXCELLENT  AMBASSADORS"  بەرگری لە مافی کوردەکانی عێراق بکەن،(١٤). بەم شێویە لە چەندین ڕووداودا پشتی کوردیان گرتووە، لە گرنگترینیان ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١بوو، لە دەرئەنجامی تێکشکانی (سەدام حسێن) لە جەنگی کوەیتدا، بە خۆپیشاندانی ناڕەزایی ھاوخەمیان بۆ کوردەکان دەربڕی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل (YITZHAK SHAMIR)داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، کە کوردەکانی لە ھەڕەشەی (سەدام حسێن) بپارێزن، بەم شێویە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (James Baker) ھانی ئیدارەکەیدا بۆ ئەوەی بەرگری لە کوردەکان بکەن (تەنانەت زۆرێک لە شارەزایان دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکوری عێراق بە فشاری ئیسرائیل تێدەگەن) (١٥). دوای ئەوە لەشاری قودس کۆمەڵەیەکی دۆستایەتی کوردی – ئیسرائیلی " Israeli-Kurdish friendship " دامەزارا، کە ئامانجەکەی بنیاتنان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئیسرائیل و کوردەکان بوو.(١٦)

پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ھەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٣ەوە ھەتا ئێستا
 لەدوای ڕووخانی (سەدام حسێن) و ڕژێمەکەی، ئیسرائیل و کوردستان دوژمنە ھاوبەشەکەیان لەناوچوو، ئەمەش دەرچەیەک بوو بۆ کرانەوەی زیاتر لە نێوان ئیسرائیل و کوردەکان، لە پەیوەندییەکی شاراوە و نھێنیەوە بۆ پەیوەندییەکی ئاشکرا و ڕاگەیەندراو، ھەرچەندە بە پێی میدیاکانی ئیسرائیل کۆبوونەوەی نھێنی لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە نێوان (ئیرل شارۆن، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بازرانی) ئەنجامدراوە، بە شێوەی ئاشکراش (مەسعود بارزانی) سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٥دا، ڕایگەیاند کە ئەو پەیوەندی دادەمەزرێنیت لە نێوان کوردەکان و ئیسرائیلدا، ئەمەش وەک تاوانێک نابینێت، چونکە زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبیش پەیوەندییان ھەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل(١٧)، ھەروەھا جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، لە پشکی پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،  لە نیسانی ٢٠٠٨دا، بە بێ دودڵی و  شڵەژان لەگەڵ ئەھود بارەک (Ehud Barak) وەزیری بەرگری ئیسرائیلی، لە لوبنان لە کۆنگرەیەک بەرامبەر یەکتر بوونەوە(١٨). دواتر لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانی عێراقی تاڵەبانی ڕوونکردنەوەی دا، کە ئەو کۆنگرەیە لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل، وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامیداوە، نەک  وەک سەرۆکۆماری عێراق. ھەر بە گوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لەم دواییانەشدا  کۆبوونەوەی نھێنی لە نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتەنیاھۆ) و سەرۆک وەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی)دا ھەبووە. 
بەپێی راپۆرتێکی (یەدیۆت ئارۆنۆت) چەندین شارەزاو ڕاوێژکاری سەربازی لە ھەرێمی کوردستان، یارمەتی کوردەکانیان داوە، لە دروستکردنی یەکەکانی دژ بە تیرۆر و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان، ھەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان گرێبەستیان لەگەڵ ھەرێمی کوردسان کردووە، لە بوارەکانی ئاسایش و ڕاھینانی سەربازی بە ھێزە کوردییەکان و ئاشناکردنیان بە ئامرازی مۆدێرن، ئەمە سەرباری ئەوەی کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان گرێبەستی دروستکردنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێریان دەستکەوتووە، کە لێیەوە قازانجێکی زۆریان بەدەستھێناوە (ھەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمی ئەمە رەتدەکاتەوە). (١٩)، لە سێپتەمبەری ٢٠١٤شدا کاتێک داعش ھێرشی سەربارزی کردە سەر ھەرێمی کوردستان، ئیسرائیل دژی ئەم ھێرشە وەستا و ئامادەیی ھاریکاری و پاڵپشتی مەسیحیی و یەزیدییەکانی دەربڕی. (٢٠)، ئەمە سەرباری ئەوەی پێداویستیەکانی ئیسرائیل بە نەوت وای کردووە، ھانا بھێنێت بۆ کوردستان، بە پێی ھەواڵێکی فایننشال تایمز، لە ئابی ٢٠١٥ ئەوەی خستەڕوو کە ئیسرائیل بە ڕێژەی ٧٧% نەوتی لە ھەرێمی کوردستانەوە ھاوردە کردووە، ھەر بە پێی ھەواڵی ئەو ڕۆژنامە بەریتانیە بێت، کۆمپانیاکانی ئیسرائیل لە مانگی ئایارەوە ھەتا  ١١ی نیسانی ٢٠١٥،  ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتیان، لە  کێلگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوردە کردووە. ھەر بە پێی ئەم ڕێژەیەش پێداویستی نەوتی ئیسرائیل بۆ کوردستان بە لە ٧٧% مەزەندەکراوە، کە تەنیا لە یەک ڕۆژدا ٢٤٤ ھەزار بەرمیل ھاوردەکراوە، بە پێی نرخی ڕۆژ بڕی ھەموو ئەو نەوتە دەگاتە ملیارەھا دۆلاری ئەمریکی. (٢١)

قۆناغەکانی پشتگیری و ھەماھەنگی ئیسرائیل بۆ  کوردەکانی باشور لە ١٩٦٥ەوە ھەتا ئێستا
قۆناغی یەکەم: لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥ بۆ ١٩٧٥: لەم قۆناغەدا بەرھەڵستکاری گەلی کورد دژ بە حکومەتی عێراقی فاشیزم ھەڵگیرسا، لەم کاتەدا ئیسرائیل چەک و پێداویستی سەربازی بەخشیە کوردانی عێراق، سەربای کردنەوەی خولی ڕاھێنانی ئیسرائیلی لە لایەن شارەزا و ڕاوێژکارانی مۆساد، و داڕشتنی پلانی سەربازی دژ بە عێراق، بە بێ ئەوەی ھێزی سەربازی بنێرێت، زیاتر لەوەش ئیسرائیل لەم قۆناغەدا  ڕەزامەندی ئێرانی ھاوپەیمانی بەدەستھێنا بۆ یارمەتیدانی کوردەکان دژ بە عێراق، ناکۆکی سنور لە نێوان ئێران و عێراق بووە ھۆکاری ئەم ڕەزامەندییە. (بەڵام ڕێکەوتنامەی جەزائیر و ڕێکەوتنی ئێران و عێراق، بۆ ماوەیەک کوردەکانی کردە دۆخی پەلەکوتەوە).
قۆناغی دووەم:  لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٨: ئەم قۆناغە جەنگی کەنداوی دووەمی بەدوادا ھات، لەم کاتەدا ئیسرائیل بەھەموو تواناوە  کەوتە بەرگری لە مافی  کوردەکانی باکوری عێراق، ئامادەیی پشتگیری سەربازی و ئاسایشی و ئابوری و کۆمەڵایەتی پیشاندا، بە ئامانجی دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ لە باکوری عێراق و دەربازبوون لە حکومەتی ناوەندی عێراق، بەڵام نەسازانی ژینگەی سیاسی کوردی و بەرھەڵستکاری توندی تورکیا ڕێگربوو لە ھەوڵێکی لەم شێویە. (٢٢)
قۆناغی سێھەم: ٢٠٠٣ ھەتا ئێستا:   پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ھەرێمی کوردستان   لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پەیوەندی ئابوری و بازرگانیان لە دۆخێ:ی باشدایە. سەربای مانەوەی پەیوەندییە سیاسیەکان لە دۆخێکی شاراوە و کۆبوونەوەی نھێنیدا، بەڵام زارەکیانەش   ھەماھەنگی و سازانی پەیوەندی گەرمی دوولایەنە دوپاتکراوەتەوە، گرنگترینیان ساڵی ٢٠١٤ بوو، کە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و سەرۆک وەزیران پاڵپشتی دەوڵەتی ئیسرائیلیان دەربڕی بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کودرستان، لە ئێستاشدا چەندین بەرپرسی ئیسرائیلی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بە ھەنگاوی ئەرێنی دەبینن.

 سروشتی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و  پارتی کرێکارانی کوردستان  (PKK)
لەم سۆنگەیەوە (Amikam Nachmani) نوسەر و وانەبێژی سیاسی لە زانکۆی بار_یلان(Bar-Ilan) ئیسرایل لەگەڵ کوردانی تورکیا (پەکەکە) دۆستایەتیەکی گەرمی نەبووە، ھاوشێوەی کوردانی باشور نەبووە، وەک باسمانکرد پەیوەندی کوردانی  باشور و ئیسرائیل لەسەر بنەمای " دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە" دامەزرابوو، بەڵام بە پێچەوانەوە پەیوەندی کوردانی باکور و ئیسرائیل، لەسەر بنەمای ئەو پەندەی کە دەڵێت " دوژمنەکەم دۆستی دوژمنەکەمە _My enemy's friend is my enemy.، کە ئەمەش مەبەستی ھاوڕییەتی پەکەکە و سوریایە، بەجۆرێک سوریا دژی ئیسرائیل بووە و جەنگی دژی بەرپاکردووە و لایەنگری فەلەستینیەکانە، کە پێی وایە لە دیمەشقەوە پەروەردە دەکرێن، بەم شێوە لەم کاتەدا ئیسرائیل و تورکیا دۆستی یەکتر بوون، بەڵام پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و سەرکردایەتی کوردی لە تورکیا لە دۆخێکی ئاڵۆزدابووە، سەرکردەی پەکەکە (عەبدولە ئۆجەلان) دژ بە ئیسرائیل و زایۆنیست لێدوانی داوە، پەیوەندییەکانیان لە شوباتی ١٩٩٩ بە تەواوی گەیشتە بنبەست، کاتێک مۆسادی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی سەرەکی ھەبووە لە گرتن و ڕادەستکردنەوەی سەرکردەی پەکەکە بە تورکیا،  (٢٣).
بەم شێوە چەندین ھۆکار ھەبوون کە وای لە ئیسرائیل کردبوو دژ بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)ی باکور بێت، لە دیاریترینیان ئەوەبوو کە ئەم پارتە لە خولگەی یەکێتی سۆڤییەتدا بوو ھەر ئەویش  پشتگیری دەکرد و یارمەتیدادە، لە لایەکترەوە (پارتی کرێکارانی کودرستان) لایەنگری دەولەتی سوریابووە و لە ھەمانکاتدا لەگەڵ ھەندێک لە ڕێکخراوە فەلەستینیەکان ھەماھەنگی ھەبووە و  دژ بە ئیسرائیل و تورکیا و ئەمریکا بووە، و پێی وابووە سەرچاوەی ھەڕەشەن بۆ ناوچەکە،  وەک کاردانەوەش ئیسرائیل و تورکیا ڕێکەوتن دژ بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)، جەنگی لوبنان لە ١٩٨٢دا دیاریترین بەریەککەوتنی پەکەکە و ئیسرائیل بوو، بەم شێوەیە ئیسرائیل بە پێدانی زانیاری نھێنی و ھەوڵگری و سەربارزی دەربارەی (پارتی کرێکارانی کوردستان) یارمەتی تورکیای دا، بێجگە لە پێدانی یارمەتی سەربازی و ئاسایشی و تەکنەلۆجی لەسەر ئاستی باڵا، بۆ چاودێریکردنی سنوری تورکیا، تا ئەوەی پشکداربووە لە دانانی مین و تەقەمەنی و سنور بەستندا، سەرباری ناردنی ڕاوێژکار و شارەزایی ئاسایشی بۆ یارمەتی حکومەتی تورکیا بە بەرەنگاربوونەوە ئۆپەراسیۆنی دژ بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)، ھەتا ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٨_بۆ ١٩٩٩، بەھاوکاری دەزگای ھەواڵگری توکیا و ئەمریکا لە کینیا (عبدوللە ئۆجەلان)یان دەستگیکرد و ڕادەستی تورکیا کرایەوە، ئەم بابەتەش لە کاتیخۆیدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لەبەردەم باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە بەرلین، لەلایەن کوردەکانەوە، خۆپیشاندانی فراوان سازکرا، ئەمە بێجگە لەوەی ئیسرائیل تۆمەتبارە بە کوشتنی زۆرینەی چالاکوانەکانی پارتی کریکارانی کوردستان لە ئەورپا. (٢٤)
 
پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و کوردەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان
بە پێی نوسنێکی دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست)، کە لە ١/ئابی/٢٠١٦دا بڵاوکراوەتەوە، پێی وایە ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکانی ئێران پێویستە بەرەو پێش بەرێت، چونکە ھەردوولا دوژمن و ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە، دوژمنەکەیان ئێرانە و ئامانجەکەشیان بەرەنگاربوونەوە و دژایەتی فراوانخوازی ئێرانە، بەم شێوەیە ئیسرائیل پشتگیری خەباتی چەکداری کوردەکانی ئێران دەکات، سەرباری ئەوەی لە ڕابردووشدا عێراق دوژمنە ھاوبەشەکەی ئیسرائیل و کوردەکان بوو، ئێستاش لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژھەڵای کوردستان ئێران دوژمنی ھاوبەشیانە، لە سوریاش بە ھەمان شێوە کوردەکان و ئیسرائیل دۆستن بەرامبەر ڕژێمی سوریایی نادۆست، ھاوشان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، پشتگیری کوردەکان دەکەن، لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سوریادا، تەنانەت لە رێگەی کوردە شەرفانەکانەوە توانیویانە بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوبن،  ھەر بە پێی نوسراوی ڕۆژنامەکە پێیان وایە کوردەکان لە سوریا بەشێکی ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان دابڕیوە و ئەگەرەکانی یەکگرتنەوەی سوریا وەک جاران ئێجگار کەمە.
بەم شێوەیە بەرژەوەندی ئیسرائیل لە سوریا، ئامانجێکی ستراتیژی بەرزی لە پشتەوەیە، سەرەتا ئەو ویستی یەکلاکردنەوەی دەوڵەتی تورکیایە، بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت، لەپاڵ سود وەرگرتن لە ھاوپەیمانی کورد و سوننەکانی سوریا، چونکە سوریا خاڵی دەرچونە بۆ گەیشتن بە قوڵایی ئیسرائیل و ھەڕەشەکردن لێی. بەڵام کوردەکانی باکوری کوردستان، نایانتوانی دۆستایەتی ئیسرائیل بەدەست بھێنن. ڕۆژنامەکە ئەوەش ناشارێتەوە کە مامەڵەکردن و بونی پەیوەندی لەگەڵ کوردا بۆ ئیسرائیل ھەم ئاڵۆزە و ھەمیش پێویستە نھێنی بێت، پەیوەندیەکە ئاڵۆزە لەبەر ئەوەی ئیسرائیل ناچارە مامەڵە لەگەڵ چوار پارچەی جیاوازی کورددا بکات لە عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و ھاوسەنگی لە نێوانیاندا بپارێزێت، لە کاتێکدا  “ھەر چواریان ئەجێندای سیاسیان زۆر لە یەک جیاوازە”پێویستیشە پەیوەندیەکە نھێنی بێت لەبەر ئەوەی کوردەکان ناتوانن بە ئاشکرا باسی بونی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن و سەرجەم وڵاتانی دەوروبەر لە خۆیان بکەن بە دوژمن.(٢٥)

ڕوانگەی عێراق لە بەرامبەر پشتگیرییەکانی ئیسرایل،  بۆ سەربەخۆیی کوردستان
وەزیری بەرگری عێراق (عبدولعەزیز ئەلوقایلی) لە ١٩٦٦دا، سەرزەنشتی کوردەکانی بەوەدەکرد، کە ھەوڵی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەم (a second Israel) دەدەن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕۆژئاواو ڕۆژھەڵات پشتگیری دروستکرنی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل دەدەن، لە باکوری عێراق، ھاوشێوەی ئەوەی ساڵی  ١٩٤٨ دروستیانکرد، کە ئەمەش ھیچ نیە بێجگە لە دووبارەکردنەوەی مێژوو " It is as if history is repeating itself.". عەرەبەکان لەوکاتەدا ھۆشداریاندا لە دژوەستانەوەی ئەم بابەتە، چونکە ئەوان پێیان وابوو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، لە چوار دەیەی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا، گەورەترین ھەڕەشە ومەترسییە بۆ عێراق. بەم چەشنە لە لایەن عەرەبەکانەوە ھەمیشە کوردەکان بە شوێنکەوتەی پلان و ھەنگاوەکانی ئیسرائیل تۆمەتبادەکران.(٢٦)
سەرکردە و سیاسیەکانی عێراق ھەر لە ساتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، نەیانھێشتووە  دەنگ و ڕەنگی جودا لە ھەناوی عێراقەوە دروستببێت، ھەرچەندە بنەڕەتی دروستبوونی عێراق وەک  دەوڵەتێکی داھێنراو و دروستکراوە، بە بێ لەخۆگرتنی جیاوازی قبوڵکردنی ئەویتر،  کۆکردنەوەی چەند  نەتەوە و نەژاد و مەزھەبێکە لەسەر سنورێکی دیاریکراو، بەڵام ھەرگیز پەیوەندی ئەم پێکھاتە و گروپە جیاوازانە لە کەشێکی لەباردا نەسازاوە، بەڵکو ھەوڵدراوە بەزۆر ھەموویان بکەنە یەک ڕەنگ و یەک نەتەوە و یەک مەزھەب، چونکە پێان وایە عێراق پێکھاتووە لەیەک گەل،   کورد پێکھاتەیەک بووە لەبری ئەوەی وەک نەتەوەیەکی جیاوازتر لە عێراق لێبڕوانرێت، بە زەبری ئاگر و ئاسن ھەڕەشەیان لە ناسنامە و نەژادی ڕەسەنی کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەژادی عەرەبی بیکەن بەیەک، ئێستاکەش لە میراتی ئەم عەقڵیەتەوە، بیردەکەنەوە و ھەڵوێست وەردەگرن.
لەم دواییانەشدا عەممار حەکیم وەک ئاماژەیەک بۆ ھەڵویستی حکومەتی عێراقی، دەربارەی ڕیفراندۆمی  ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، لەئێستادا عێراق ئامادەنیە ھەنگاوێکی لەوجۆرە قبوڵبکات و ئەگەر ھەرێم بیەوێت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا ببێتە دەوڵەت ئەوا ڕوبەڕووی شەرعیەتی دانپێدانان دەبێتەوە، چونکە   ئێستادا   ئەگەر دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندرێت تەنھا ئیسرائیل دانیپێدادەنێت. (٢٧)، لە ساڵی ٢٠١٤شدا کاتێک ناتانیاھۆ پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانی کرد، کاردانەوەی توندی (نوری مالکی) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراقی بەدواوەبوو، چەندینجاریش بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، ھەوڵ ھەیە کوردستان بکرێتە (ئیسرائیلی دووەم). (٢٨)، ئەمەش   دوبارەکردنەوەی ھەمان دەربڕینی ساڵی ١٩٦٦ی وەزیری بەرگری عێراق بوو لە ٢٠١٤ و ئێستادا، واتە عێراق لە ساتی دروسبوونیەوە بەم شێوە بیر دەکاتەوە.

 

 پشتگیرییە ڕاگەیاندراوەکانی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا 
 ھیچ گومانی تێدا نییە کە ئۆرشەلیم پشتیوانی لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکات.(٢٩)، سێ ساڵ لەمەوبەر، سەرۆکوەزیران (ناتانیاھۆ) رایگەیاند، ئیسرائیل پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات، لەو بەشەی عێراقدا کە ئێستا کورد ئۆتۆنۆمییان تێیدا ھەیە. ووتی "ئێمە پێویستە پشتیوانی لە ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆیی بکەین. ئەوان شایانی سەربەخۆیین". ئەمانە قسەی (ناتانیاھۆ) بوون لە گوتارێکیدا کە لە ئەنیستیتیوتی ئاسایشی نیشتمانی لە  تەلئەبیب پێشکەشی کرد.(٣٠)، بە ھەمان شێوە، پێش ڕیفراندۆم لە ١٢/ئەیلولدا، لە وتارێکدا لە پەیمانگایەکی لێکۆڵینەوەی سەر بەزانکۆی تەلئەبیب، لەبەردەم ٣٥ کۆنگرێسمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە عێراق و ھەندێ وڵاتانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست بەرەو رووخان دەچن، لە ئەنجامی ململانێی سونەو شێعە. ھەروەھا بە ئاشکرا ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەکەی پشتیوانی ھەوڵی رەوای، گەلی کورد دەکات، بۆ دروستکردنی دەوڵەت. ھەروەھا لە مارسی ٢٠١٦شدا (رون درمر)باڵوێزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ خەباتی سەربەخۆیی کوردەکانی باشور، ئەو ڕایگەیاند کوردەکان ڕۆحێکی جەنگاوەری بەرزیان ھەیە، دژ بە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش،(٣١)، لە نۆیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵانەی ئینستیوتی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بۆ ئاسایشی نیشتمانیش (INSS) ئایلێت شاکید وەزیری دادی ئیسرائیل داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کرد.(٣٢)، نۆ جاری دووەمیش لە ١١ی ئەیلولدا و لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرژەوەندی زۆریان لەگەڵ بنیادنانی دەوڵەتی کوردستاندا ھەیە. ھەروەھا سەرۆکی پێشوی ئیسرائیل (شامۆن پرس) پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردەکان دەربڕیوە. Avigdor Liberman  وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ٢٠١٤دا، وتی " پێدەچێت دەوڵەتی ئیسرائیل یەکەمین دەوڵەت بێت، کە داندەنێت بە دەوڵەتی کوردستاندا (٣٤)، پشتگیرییەکانی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ھەڵقوڵاوی ساتی ئێستا و چەند ساڵی ڕابردوو نین، بەڵکو ساڵی ١٩٩١ ساڵی ٢٠٠٣ پێش ئەم وادەیەش سەرکردە سیاسی و نوسەر و ڕۆشنبیرانی ئیسرائیل، پشتگیری خۆیانیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دوپاتکردۆتەوە، بە بێ ئەوەی لە ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکی و پێشمەرجە بابەتییەکانی سەربەخۆیی کوردستان تێبگەن.
زۆریک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن، کە لۆبی ئیسرائیل ھەوڵی کاریگەری داوەدە، بەسەر ناوەندی بڕیاری ئەمرکییەوە بۆ ئەوەی قەناعەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بھێنن، بۆ ئەوەی ڕەزامەند بێت بە گۆڕینی کوردستان، لە ھەرێمێکەوە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ، لەم چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی پێشوو  ئیسرائیل (افیغدور لیبرمان) لە ٢٢ حوزەیرانی ٢٠١٤ داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (جۆن کیری) کردبوو بۆ گۆڕینی ھەڵوێستی دەوڵەتەکەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ھەر بە پێی سەرچاوە ئیسرائیلیەکان، (ناتانیاھۆ) و دوای کردووە لە سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل (شەمعون بیریز) بۆ ئەوەی ھەوڵبدات کاریگەری لەسەر ئیردارەی ئەمریکا دابنێت، بۆ ئەوەی قەناعەت بە ڕاگەیاندن و پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق بکەن. (٣٥)، لە ئێستاشدا کە بارزانی ڕێکەوتی ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ دیاریکردووە بۆ ڕیفراندرمی سەربەخۆیی، ھەرێمی کودرستان.(٣٦)، ھەرچەندە گومانەکانی پشتی ئەم کردەیە یەکجار زۆرن، بۆچوونی باویش پێی وایە ئەم ھەنگاوە زیاتر وەک کارتێکی فشار و بانگەشەی ھەڵبژاردنی بەکار دێت، چونکە پێشمەرجی یاسایی، سیاسی، ئابوری، سنور، سەربازی، ناسنامە،  ھەرێمی و نێودەوڵەیتەکان، لەگەڵ ئەم بابەتە نەگونجێنراون، سەرباری ئەوەی سەرجەمی ھێزە سیاسیەکانی ناوخۆ دەربارەی ئەم پرسە نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی و یەکڕایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی نوسەر و ڕۆژنامەنوس  توێژر و ئەکادییمیە ئیسرائیلییەکان پشتگیری ئەم کردەیە دەکەن، بە بێ ئەوەی لە ئامادەسازی و ھەلومەجە ناوخۆیی و بابەتیەکانی ئەم پرسە تێبەگەن، بەڵکو ئەوان بە چاویلکەیەکی دیکەوە دەڕوانن و زیاتر لە سۆنگەی بەرژەوەندی دەوڵەتەکەیانەوە، شیکاری و ھەڵسەنگاندن دەکەن.

ئیسرائیل بۆچی پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟ بەرژەوەندییەکانی چین؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پشت بە نوسینێکی (Ido Rabin)ی دەبەستم،  ناوبراو نوسەرێکی ئیسرائیلی ناسراوە  و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی سیاسیدا، ئەو بە ھەمیشە بەرگری لەوە دەکات، کوردەکانی ھەرێمی کودرستان، ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ھۆکارەکانی پشتگیری ئیسرائیلیش بۆ دەوڵەتی کوردی بە ٥ خاڵ دەخاتەڕوو، ئێمە لێرەدا سێ خاڵی  سەرەکی دەخەینەڕوو:
یەکەم: سەرەکیترین مەبەستی ئیسرائیل، لە پشتگیریکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردی، بەردەستخستنی سامانی سروشتی (نەوت و غاز)ی ھەرێمی کوردستانە، بە نرخێکی ھەرزان و تێچوونێکی کەم و مەودایەکی کەمی گواستنەوە، ئیسرائیل بە نافەرمیش نەوتی ھەرێمی کوردستانی کڕیووە و بەھۆی ئەوەی کوردستان ھەرێمێکە لە عێراقدا، بە پێی دەستوری عێراق ئەم مافەی نیە، لەڕابردوودا ئیسرائیل توشی ڕەخنەگری ھات، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان سنورداری  لە فرۆشتنی نەوتەکەی ناھێڵێت، ئیسرائیلیش سودمەندی یەکەم دەبێت.
دووەم: ئیسرائیل وای دەبینێت کە پێوستە ھەر لە یەکەم ھەنگاوەوە، کوردەکان بکاتە ھاوپەیمانی سەرەکی خۆی، لە ڕۆژھەڵاـی ناوەڕاستدا. چونکە بڕوای وایە ئەگەر بێت و لەسەرەتاوە ھاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکان نەبەستێت، ئەوە پێدەچێت کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە یەکبگرن و لە خولگەی دژوەستانەوەی ئیسرائیلدا  سیاسەت بکەن.
سێھەم: ھۆکارێکی دیکە پەیوەندی بە ھەڵکەوتەی جوگرافی (Geographically) کوردستانەوە ھەیە، ئیسرائیل سود وەردەگرێت لەم  پێگەیە بۆ  ئاستەنگدانان لە نێوان ئێران و عێراق لە لایەک و ئێران و سوریا لە لایەکی ترەوە، ئێران لە ئێستادا بە پاساوی جەنگی داعش بە تەواوی خزاوتە ناو عێراقەوە، بەڵام ئێران لە ھەوڵدایە ڕیزبەندێک لە  دەوڵەتی تەوەر (میحوەر) لە شێوەی سنورێک دروستبکات،  کە ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان، ھەتا سنوری ئیسرائیل دەگرێتەخۆ، بەم شێوەیە ئیسرائیل زۆر ئارەزوومەندە ئەم زنجیرەیە بپچڕێنت، لە ڕێگەی ھاوپەیمانی کوردستانەوە، چونکە سنوری کوردستان دەبێتە  پچڕانی زەمینی ئەم ھێڵە زنجیرییەی ئێران.  (٣٧)
  دیدی ھەریەکە لە  (ڕافی شانکار، د.ئیدی کوھین، راچڵ ئەفراھامی)، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە
" Ravi Shankar "  لە چەندن نوسینیدا پێی وایە ئیسرائیل ٧٥%ی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە دەکڕیت، بۆیە پشتگیرکردنی لە پێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی وزەدایە بە پلەی یەکەم، سەربای ئەوەی ئیسرائیلیەکان موسوڵمانی ھاوچەرخ و لیبڕال و کراوەیان دەوێت لە ناوچەکە، تا ئەوەی بیانکەنە دۆست و ھاوپەیمانی بەھێزی خۆیان، چونکە ئەوان تا ئێستا لە ناوچەکە دۆستێکی وەک کوردیان نیە، کە بەو شێوەیە لە ئیسرائیلیەکان تێبگەن و ھاوسۆزیانبن، ئیسرائیلییەکانیش ویستیانە ھەمان شێوە لەگەڵ کوردەکان مامەڵە بکەن، تەنانەت بۆچونەکانی  (Ravi Shankar)بەرەو ئەوە دەڕوات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگی داعش بە نھێنی وەک بەھانەیەک بەکار دەھێنێت بۆ ئەوەی کوردەکان بگەیەنێت بە سەربەخۆیی و   دەوڵەتی  ئازاد. (٣٨)، ھەروەک لەم دواییەدا ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت بوو، کە بە بێ گەڕانەوە بۆ عێراق نەوتی ھەرێمی کوردستانی دەکڕی، بە شێوەک زارەکیانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دژی ئەم ھەڵوێستەی ئیسرائیل بوو. (٣٩).
 د. ئێدی کۆھێن،(Dr. Edy Cohen)   توێژەرێکی ناسراوە لە (سەنتەری بنگۆریۆن- سادات)ی ئیسرائیلی.  نوسەری پەرتوکێکە بەناونیشانی ھۆلۆکۆست لە روانگەی مەحموود عەباسەوە (Holocaust in the Eyes of Mahmoud Abbas)، پێی وایە جولەکە و کوردەکان لە زۆر ڕووەوە مێژووی ھاوبەشیان ھەیە، پەیوەندییان ھەمیشە لە باشیدابووە،   ئەمە بێ لەوەی ئیسرائیل ھەم لەڕووی ئابوورییەوە و ھەم لەڕووی ئاسایشیشەوە، دەوڵەتی کوردستان سودی پیدەگەیەنێت.( Israel has an economic and security interest in supporting a Kurdish state)،  بۆ  ئاستەنگدانان بۆ جووڵەی میلیشیا جیھادییەکان (مەبەست چەکدارە شیعەکانە) لە سووریا و عێراق، پێویستە  ئیسرائیل رۆڵی ھەبێت، لە گۆڕانکارییەکانی نێو کوردستان. دەکرێ لەوەش  زیاتر بنکەیەکی سەربازی لە کوردستان بکەنەوە، بۆئەوەی بەھۆیەوە دەوڵەتی کوردستان بپارێزن. ھەروەھا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەتوانێ رێگە خۆش بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو جووانەی کاتی خۆی لەوێوە ھاتوونەتە ئیسرائیل و کاتی خۆی دەوڵەتی عێراق دەریکردوون و ماڵ و موڵکیانی تاڵان کردووە. ئەمە پێگەی ئیسرائیل لە رێککەوتنەکانی داھاتووی ئاشتیدا لەگەڵ عەرەب بەھێزتر دەکات. (٤٠)، ئەمە بێجگە لەوەی (Dr. Edy Cohen)  پێی وایە ئیسرائیل  لە ھەوڵی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ کورەکاندا، تەنانەت پێشبینی ئەوە دەرێت لە داھاتوودا ئیسرائیل یارمەتیدەری کارای کوردەکان بێت لە مەشقی سەربازی و ڕاھێنان و تەکتیکدا بە ھێزی پێشمەرگە. (٤١)
ھەر پەیوەند بەم پرسە (راچڵ ئەڤراھامی)  ژنە نوسەرو  لێکۆڵەری ئیسرائیلی، لە ناوەندی لێکۆڵینەوە بۆ سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی نزیک، زۆر بە توندی پشتگیری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە نوسینەکانیشیدا وتەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەڵگە دەخاتەڕوو، ئەو وای دەبینێت بودجەی ھەرێم بێ مەبەست لە حکومەتی عێراقەوە بڕاوە، ئەو بەھەمان شێوە بابەتی تیرۆر و پەنابەر و جەنگی داعش دەکاتە بیانویی قەیرانی سیاسی و ئابوری کوردستان، ئەمەش ناوردی وناشارەزایی ئەو دەخاتەڕوو(یان بە مەبەست و لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا، لەژێر ئەم چاویلکە تاریکەوە دەڕوانێت) دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابوری ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی لای من مەبەستە پشتگیریی ئەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو پێی وایە کوردەکان گروپێکی نەژادی جیاوازن لە عێراقدا، ھەروەھا زمان و کلتور و مێژوو جیاوازیان ھەیە، تەنانەت لەژێر سەرکردایەتی سوننەکانی عێراق کۆمەڵکوژ و ئەنفال  و کیمیاباران کراون، کە ئەمەیان تێگەیشتنێکی وردە بۆ مێژووی پڕ نەھامەتی کورد. کاریگەرترین نوسینی (راچڵ ئەڤراھامی) لە ٢٠/٦/٢٠١٧  بڵاوکرایەوە، کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمزدا   ئەوەی خستەڕوو، کە  پێویستە ئەمریکا پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ سەربەخۆیی. بەبۆچوونی ئەو پشتیوانیکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ھۆکارێک دەبێت بۆ ڕێگری کردن لە دروستکردنی ناوچەیەکی فراوانی ھەژموونی شیعە کە بە مانگیی شیعە ناوزەد دەکرێت. ئەو لێکۆڵەرە ئیسرائیلییە لەوباوەڕەدایە پێویستە ئەمریکا پشتیوانی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد بکات، چونکە ھاوشێوەی بەعسییەکان، لەدوای ٢٠٠٣ شیعەکانیش کوردیان چەوساندووەتەوە. ئەڤراھام ڕاشیگەیاندووە کورد زمان و کلتور و مێژوویەکی نیشتمانی تایبەتیان ھەیە و ھیچ ھۆکارێک نیە کە ئەوان دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان نەبێت. (٤٢-٤٤).
لە ئاستی ناوخۆ ھانی ئیسرائیل دەدرێت، بۆ پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان 
لە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئیسرائیل، چەندین نوسەر و ڕۆژنامەنوس و توێژەری ناودار، بە توندی لەگەل پشتگیری دەوڵەتەکەیاندان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەسەرەوە ناوی گرنگترین ئەو کەسانەم خستەڕوو، کە ھەمیشە بە نوسینەکانیان فشار دەکەن لە ئیسرائیل، تەنانەت ھەوڵی قەناعەتپێکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەکەن بۆ ئەم پرسە، لە ھەموویان گرنگتر ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئیسرائیلییە، بە ناوی (جۆرشەلیم بۆست)، کە گرنگترین ئەو ھۆکارانەیان خستۆتەڕوو کە پێویستە ئیسرائیل لەبەر چاویبگرێت بۆ پشتگیری سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، گرنگییەکەشی لەوەدایە ئەم بابەتە بەناوی ڕۆژنامەکەوە نوسراوە نەک تەنیا نوسەر و ڕۆژنامەنوسَیک، ئەمە بێجگە لەوەی ئەم ھۆکارانە ھەمان ئەو ھۆکارانەن کە   سیاسیەکانی ئیسرائیل (بەتایبەت ئیسرائیلیە توندڕەوەکان) بۆ پشتگیری کردنی کوردستان لەبەرچاوی دەگرن، بەم شێوەیە ڕۆژنامەکە بە نزیکەی ١٨ خاڵ ھۆکاراەکانی پشتگیریکردنی کورد دەخاتە ڕوو، ھانی حکومەتی ئیسرائیل دەدات بێ دودڵی پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکات، لێرەدا من گرنگترینیان پیشاندەدەم،  یەکێک لەو ھۆکارانە بونی دوژمنی ھاوبەشە، بەو پێیەی ئێستا پێشمەرگە شەڕی گروپی تیرۆریستی داعش دەکەن، کە دوژمنێکی سەرەکی ئیسرائیل و کوردن، ھەروەھا  شەڕی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران  دژ بە سوپای ئێران،  دیسانەوە جەنگی خەباتگێرە کوردەکانە، دژ بە دوژمنی ھاوبەشییان ھەردوولا کە ئێرانە، بۆیە داوایان کردووە ئیسرائیل بێ دودڵی پشتگیری کوردەکانی عێراق و ئێران بکەن، چونکە ھەریەکێک لەمانە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەپارێزن و ھەڕەشەنابن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل لە حاڵەتی بەھێز بوننیشیاندا. چونکە ھەردوولا بەرژەوەندی ھاوبەشیان ھەیە، ئەمە بۆ کوردەکانی ڕۆژئاواش ھەر ڕاستە.  یەکێکی دیکە لەو ھۆکارانەی کە وا دەکات ئیسرائیل پشتگیری کورد بکات دروستبونی دەوڵەتی کەمە نەتەوەیەکی دیکەیە لە ناوچەکە جگە لە عەرەب، چونکە ئەمە ھۆکارە بۆ ئەوەی مافی کەمە نەتەوایەتییەکان باشر پارێزراوبن لە ناوچەکە، کە ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئیسرائیل وەک تاقە دەوڵەتی (نا عەرەب) و شاز  لە ناوچەکەدا نەمێنێتەوە، ھەر بەھۆی ئەوەشەوەیە کە زۆرجار ھەرێمی کوردستان وەک (ئیسرائیلی دووەم) ناودەبرێت، ھۆکارێکی دیکە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە بە ئیسرائیل، لە کاتێکدا زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە نایانەوێت نەوت بە ئیسرائیل بفرۆشن، بۆیە کورد بێ دودڵی پێداویستییەکانی وزەی ئیسرائیل دابین دەکات، بۆیە پێیان وایە پێویستە ھەمیشە کارکردن لەگەڵ کوردەکان وەک بەشێک لە (ستراتیژییەتی کەنارەکان)، ئەوەی(دەیڤید بنگۆریۆن)سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خستبوویەڕوو(٤٥)


ئیسرائیل پەراوێزخستنی ھەرێمی کوردستان لە لایەن (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا)ەوە دەقۆزێتەوە 
بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکان دەکات، لە ھەرچوار دەوڵەتی (ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق) (ھەرچەندە لە ڕابردوودا تورکیا و ئیسرائیل ھاوڕابوون لە دژوەستانەوەی پەکەکەدا بۆە پێدەچێت پشتگیری ئیسرائیل بۆ کوردەکانی توکیا لە ئاستی پێوستدا نەبێت)، بەڵام بە تەواوی سیاسەت و ستراتیژییەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی کارتی کوردەوە ئامانج لاوازکرن و بێھێزکردنی (ئێران، عێراق وسوریا)یە، بۆ ئەم مەبەستەش سود لە سەربەخۆیی و جیابوونەوەی کوردەکان وەردەگرێت،  دواتر ویستی ئەوەیە ڕێگە بگرێت لە لەشکرکێشی شیعەکان لە عێراق و سەرجەمی ئەو گروپ و دەستانەی لەژێر سەرکردایەی ئێراندان.(٤٦)  ھەر تایبەت بەم بابەتە (Dr. Edy Cohen) پێی وایە ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی قەت دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا نانێن. بەڵام کورد نابێ  ئەمانە لەبەرچاوبگرێت و پێویستە دەستبەجێ دوای  ڕیفراندۆم سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق رابگەیەنن. ھەر بە بڕاوای (کوھین) ئەگەری زۆر بەھێز ھەیە کە دەوڵەتی کوردستان ببێتە دوورگەی سەقامگیری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. ئەوەش وای لێدەکات زۆر جیاواز بێت لە وڵاتانی دەوروبەری. بۆیە دەبێ ئیدارەی ترەمپیش پشتیوانی لە  ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق بکات. چونکە ئەم گۆڕانکارییە لەبەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەدایە. (٤٧)
بۆیە ئیسرائیل سو دەبینێت لەم ھەلە و قۆستنەوەی ئەو پەراوێزخستنە لە لایەن (تورکیا، ئیران و عێراق) دژ بە کوردەکان، بە لەبەرچاوگرتنی زانیاری و ھەڵوێستەکانی سەرەوە، ئەگەرێکی زۆرە کە ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت بێت لە پشتگیریکردی سەربەخۆیی کوردستان، لەم سۆنگەیەوە ھەر لە کۆنەوە کوردەکانی  باشوری کوردستانی گرتۆتەخۆ و یارمەتی و ھاریکاری و ڕاھێنانی سەربازی چەکی بۆدابینکردوون، لە ئێستاشدا بەھەمان ستراتیژی پێشوو ویستی ئەوەیە دۆستە تەقلیدییەکەی جارانی، لە چوارچێوەیەکی فراوان و لە کیانێکی سەربەخۆدا ببینێت، بۆئەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و ستراتیژییەکانی خۆی باشتر و بێ بەربەستتر پەرەپێبدات، ھەروەھا پشتگیری کوردەکانی ڕۆژئاوا دەکات دژ بە دوژمنە کۆنەکەی (مەبەست سوریایە) کە لە ڕابردوودا لە گەڵیدا جەنگاوە، لە لایەکی دیکەشەوە دێت کوردەکانی ڕۆژھەڵات دەگرێتە خۆی بۆ ئەوەی ببنە بەربەست لەبەردەم دەوڵەتی ئێراندا، بەم شێیوە ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئیسرائیل دامەزراون، بێ گومان کوردەکانیش خاوەن بەرژوەندین لەم سیاسیەتەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار باکارھێنەربوون و دەبن، بەدەست  ئیسرائیلەوە. 

  بۆچی کوردەکان پێویستیان بە پشتگیری دەوڵەتی ئیسڕائیلە؟
بە ھۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەوڵەتی ئیسرائیلە، بە واتایەکی تر بۆچی کوردەکان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لە ئیسرائیل ھەبێت و پشتگیری ئەو وڵاتە بەدەست بھێنن؟
 ١- لەڕووی سیاسی دبلۆماسیەوە: لەبەر ئەوەی سەرکردە کوردەکان لەو بڕوایەدان کە ئیسرائیل دەتوانیت باشترین لۆبی بێت بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوا، بۆ پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی، بەڵگەش بۆ ئەمە کە سەرۆکی ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا، کاتێک چاوی کەوت بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بارەک ئۆباما)، باسی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کرد، سەرەڕای نەترسی وڕیسکی بۆ ھەردولا، دەشێت ئەم پەیوەندیانە لە بواری ھەوڵگری و ئەمنی لە داھاتوشدا بەردەوام دەبێت. 
 ٢- لەڕووی سەربازییەوە: پاڵنەری دووەم ئەوەیە کە کوردەکان چاوەڕوانی بەدەستھێنانی چەک و ھاوکاری لۆجیستین لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە، کە ئەم ھاوکارییانە ھەرزوو پێشھاتنی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ عێراق لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ حکومەتی ھەرێم دابینکراوە.
٣- لەڕووی ئابورییەوە: لەم ڕەھەندەوە حکومەتی ئیسرائیل ئۆڤەرێکی باش بوو بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ کڕینی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە کاتێکدا ھیچ وڵاتێکی تر ئامادەیی نەبوو بۆ کڕینی ئەو نەوتە بە ھۆی ھەڕەشەکانی حکومەتی بەغداد، تۆمارکردنی سکاڵا دژی دەوڵەتی کڕیار. ئەوەبوو وەزیری سامانە سروشتییەکان (ئاشتی ھەورامی)، دانی بەوادا نا لە پێناو ڕێگرتن لە ئاشکرابوونی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم ڕێوشوێنی باشیان گرتۆتەبەر بۆ بردنە دەرەوەی ئەو نەوتە لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە. (٤٨)
لێکەوتەکانی پشتگیری ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان
ئیسرائیل بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان، وڵاتێکی کاریگەرە بەڵام لە ھەمانکاتدا وڵاتێکی زیانبەخشیشە ، ئیسرائیل وەک بونێکی جیۆسیاسی لە دۆخێکی تایبەتدایە، بەشی زۆری ئەو دۆخە تایبەتە بریتیە لە گۆشەگیری و دوژمنایەتی لە گەڵ زۆربەی درواسێکان، بە گشتیش لەگەڵ جیھانی ئیسلامیدا. (٤٩)، بۆیە لێرەدا پێویستە لە دوو  ڕەھەندەوە لێکەوتەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی  سەربەخۆیی کوردستان بخیەنەڕوو، لە لایەکەوە لێکەوتە زیانبەخشەکان پیشاندەدەین، لە لایەکی تریشەوە لێکەوتە ئەرێنیەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی دەخەینەڕوو:
 لێکەوتە نەرێنیەکانی پشتگیریکردنی  ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی (٥٠-٥٩)
یەکەم: ھەریمی کوردستان ھەڵکەوتە جیۆستراتیژییەکەی، وایلێکردووە ببێتە ناوچەیەکی ھەستیار، عێراق وەک دڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنرێت، ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ھەڵکەوتە گرنگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەربای ئەوەی دراوسێکانی (عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا) سەرجەمیان نەیاری ئیسرائیلن، (بەلەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی لاوازی سوریا لە ئێستادا)، لەحاڵەتی یەکلابوونەوەی کوردەکان لەگەڵ ئیسرائیل بچوکترین کارت بەدەست ئەم دەوڵەتانەوە، گەمارۆدانی ئاویی ھەرێمی کوردستانە، تادەگات بە داخستنی سنور و ھێرشی سەربازی، چونکە جیابوونەوەی کوردانی باشور، کارتی سورە بە نیسبەت ئەم دەوڵەتانەوە،  ھەریەکەیان بە قەبارەی جیاواز نەیار و دوژمنی ئیسرائیلن، لە ئیستا و ڕابردوودا. بۆیە ئەم ھەڵوێستەی ئیسرائیل بە لێدان لە ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتەکانیان تێدەگەن.
دووەم: گەر بێت و ئیسرائیل سوربێت لەسەر پشتگیرییەکانی، دورنیە عێراق سود ببینیت لە دروستکردنی بەرەیەکی عەرەبی فراوان دژ بە سەربەخۆیی، کە تێیدا دەوڵەتانی عەرەبی و جیھانی ئیسلامی بگرێتەخۆ،  یەکبوونی عەرەب دژ بە مافەکانی کورد ئاسانترین کۆدەنگیە لەرابروو و ئێستاو داھاتوشدا،  دوژمنایەتی لە مێژیینەی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل دروستبوونی بەرەیەکی لەم شێوەیە ئاسانتر دەکات، ھەرچەندە سعودییە یەکێکە لە دەوڵەتانی عەرەبی کە پێدەچێت نەرمنوێنبێت بەرامبەر سەربەخۆیی کوردەکان، بەڵام ئەمەش زیانبەخشە بۆ کوردەکانی باشور، چونکە سعودییە ویستی ئەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دژ بە ئێران و فراوانخوازی شیعە، بخاتە بەرەی خۆیەوە، کە ئەمەش دەر ئەنجامەکەی کەمتر نیە لە پشتگیرییەکانی ئیسرائیل.
سێھەم: ئەگەر ئیسرائیل بەو مەرجە پشتگیری کورد بکات، کە ھاوشانی ئیسرائیل ببێتە جەمسەرێک دژ بە ئێران و شیعەکان، ئەمە دەبێتە خوڵقاندنی کارەساتی نەتەوەیی و ھەر لە دەستپێکەوە دەبێتە  دروستبوونی کاردانەوەی توند بۆ ھەوڵی سەربەخۆیی، ئەمە بێجگە لەوەی کوردەکان لە سوریا و عێراق دەکاتە قەلغان، لەبەردەم لەشکرکێشی و فراوانخوازی شیعەی ئیرانیدا.
چوارەم: زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئێرانیش لە ئیستادا بوونەتە ھەڕەشە  بۆسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل،  دوور نیە ئیسرائیل بەم ھەڵوێستە مەیدانی ڕەخنە و ھەڕەشەکان لە ئیسرائیلەوە بەرەو ئاراستەی کوردستان بەرێت و  بە پێی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی، خۆی سەرقالبکات بەم پرسەوە، لە ھەمووی گرنگتر نامۆیی ئیسرائیلە بە شەقامی عەرەبی و ئیسلامی، ڕەنگە بەھەمان دید لە مافی کورد تێبگات، زۆرجار کوردەکان بەوە دەناسێنن کە شوێنکەوتەو برواداری کوێرانەی ئیسلام نین (blind believers of Islam) و بیرکردنەوەیەکی مۆدێرنانەیان ھەیە  بۆ دین، ئەمەش واتای دابڕانی کوردە لە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی، ئەمەش واتای دروستکردنی ھەمان دەوڵەتە لە جۆری ئیسرائیل، کە نامۆ و نەخوازراوە بە ناوچەکە. بەمەش لەیەکەم دەستپێکەوە دەوڵەتانی ئیسلامی، پێش دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەوەستنەوە، بەمەش دەوڵەتانی رۆژئاوا تاوانی بەرھەڵستکاری ناکەوێـتە ئەستۆیان و ئامانجیش بەدەست دەھێنن.
پێنجەم: نزیکبوونەوەی ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ئەمەش لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوانیان بەرجەستەبوو، بەم پێیە  ئێران وەک یەکەکی فەرمی نێودەوڵەوتی و دەوڵەتێکی بەھێزی ھەرێمی، گرنگترە لە دەوڵەتێکی نوێی  خۆنەگرتوو، بۆیە دەگونجێت زۆربەی دەوڵەتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەلای ئێراندا بکشێنەوە، ئەمە بۆ تورکیا و عێراقیش ڕاستە، لەھەمووی گرنگتر بەرژەوەندییە ئابورییەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکایە لە ھەرێمی کوردستان، لە زۆرباردا ئەو دەستکەوتانەی ئیستا ھەیانە لە حاڵەتی دروستبوونی دەوڵەتدا زیاد ناکەن، بەڵام ئەمە بۆ ئیسرائیل بە تەواوی ڕاست نیە.  
شەشەم: دەوڵەتی ئیسرائیل دەوڵەتێکی عەقلانی و دوربینە، بەو واتایەی پشتگیریکردن ھەروا بەئاسانی ناکات، چونکە عەقلانیە بە واتای ئەوەی بەرژەوەندی و ستراتیژییەتی خۆی ڕێبەری دەکات، نەک باوەڕ یان سۆز یان ئایدۆلۆژیا، ئەمەش واتای ئەوەیە ئیسرائیل لە خەمی ئەوەدا نیە بەرژەوەندی یان چارەنوسی دەوڵەتی نوێی کوردستان چی لێبەسەر دێت،  چونکە ئەو لە گۆشەی بەرژەوەندی خۆیەوە دەڕوانێتە ڕووداو پێشھاتەکان.
حەوتەم: ئەو کێشەیەی کە لە پشتگیری ئیسرائیلەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دروست دەبێت، بریتیە لەوەی مۆری ئیسرائیل دەخاتە سەر ئەم دەوڵەتە سەربەخۆییە، ھەرچەندە زۆرینەی دەوڵەتانی ناوچەکە پەیوەندی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە، بەڵام عەرەب و موسوڵمانێکی زۆر ئەم پەیوەندییە بەکورد ڕەوانابینن، بەڵکو کورد تۆمەتباردەکەن بەوەی دەیەوێت ببێتە (ئیسرائیلی دووەم). 
ھەشتەم: ئیسرائیل بە سروشت لە ناوچەکەدا، بێ دۆستە یان ڕاسترە بڵێن بە دراوسێی دوژمن دەورە دراوە (کە لەمەدا ھاوشێوەی کوردستانە)، لەم سۆنگەوە گەڕانی ئیسرائیل بەدوای دۆستدا بەردەوام تەبا بووە لەگەڵ ململانێی لەگەڵ نەیارەکانیدا، بەم پێیە ئیسرائیل ھەوڵدەدات ئەو ئابڵوقەیەی لەسەریەتی لە کۆمەڵێک ڕێگاوە تێپەڕێنێت، لاوازی بکات، درزی تێبخات و لەدەرەوەڕا فشاری بخاتە سەر، لە ڕێگەی ئاشتی، یان شەڕ، یان پەیوەندی ئابوری و ھەروەھا لە ڕێگەی دروستکردنی لایەنگر لە ناو وڵاتانی درواسێ (تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش)، وەک ئەوەی لە لوبنان لە ھەشتاکان ڕوویدا و ئەمرۆ لە سوریا ڕوودەدات، بەدۆستکردن و بەھاوپەیمانیکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستانیش لەژێر ھەمان ستراتیژی ئیسرائیلدایە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە دۆستایەتی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی کوردستان دەبێتە دروستبوونی چەند دوژمنی نوێ لە ناوچەکە؟

لێکەوتە ئەرێنیەکانی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان
یەکەم: ئیسرائیل ھەڵگری سیاسەتی نەھێشتنی ھەژموونی یە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەم پێیە ئەگەر دەوڵەتانی وەک تورکیا، ئێران و سعودییە، لە ھەوڵی ئەوەدابن کە چۆن پانتاییەک یەکبخەن لە ژێر ڕکێفیاندا، لە پێناو دروستکردنی ھەژموندا، ئەوا ئیسرائیل دژی ئەم جۆرە ھەژموونیە تەقلیدییە دەوەستێتەوە، بەم پێیەش خواستی بچوککردنەوەی زلھێزە ھەرێمیەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە لە سوودی کوردە، ( ئەمە ئەگەر لەسەر حسابی کورد نەبێت، یان بێ بەشداریکردنی کورد بێت، سودەکە زیاتر دەبێت).
دووەم: ئێمە لەرۆژگاری  وەچەرخانێکی چاوەڕواننەکراوداین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ئێران یان شیعە بتوانن بە تەواوی زاڵبن بەسەر ناوچەکەدا، ئەوا پێدەچێت ئیسرائیل ببیتە دۆستی ھەندیک لە دەوڵەتانی سوونە، بە ئاشکرا یان بە نێھنی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ھەژموونی شیعیدا، بەم شێوە بە پشتبەستن بە ھەردوو لۆجیکی گۆڕانی ھاوسەنگی ھێز و نەبوونی تابو (ممنوع) لە سیاسەتدا، ئەوا لەم کاتەدا دۆستایەتی یان پشتگیری ئیسرائیل بۆ کورد سودی زیاتری دەبێت.(٦٠)
سێھەم: سعودییە و ئیسرائیل لە ئیستادا زیاتر لە ھەر قۆناغێک پەوەندییەکانیان لە دۆخێکی ئاساییدایە و بە فشاری ئەمریکا لەیەکتر نزیبوونەتەوە، بێگومان ھەرێمی کوردستان پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتە ھەیە، پێدەچێت سعودییەش بێتە ڕیزی پشتگیری دەولەتی کوردییەوە، ئەگەرھەیە ئەمەش ڕازیکردنی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبیشی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداو، ئەوانەی لە گەڵ عێراق لە پەیوەندی گەرمدا نین، سەرکردایەتی بەرەی ئیسلامی سوننی لە لایەن سعودییەوە ڕەنگە ببیتە ھۆکاری ڕەزامەندی دەوڵەتانی دیکەش، بەڵام پێدەچێت سعودییە زیاتر پرسی دەوڵەتی کوردی دژی عێراق و ئێران وەک کارتێک بەکاربھێنتت، وەک چۆن لە بەرامبەر یارمەتیەکانی تورکیا بۆ قەتەر یارمەتیدانی پارتی کرێکارانی کودرستانی بۆ سەربەخۆیی، وەک کارتێکی فشار بەرامبەر تورکیا بەرزکردەوە.
چوارەم: بێگومان ئیسرائیل گەر بەتەواوی خۆی یەکلاکردبێتەوە، دەربارەی پشتگیری دەوڵەتی کوردی لە ئێستادا، ئەوا سودی دەبێت لە شکاندنی گەمارۆیی سەر دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان و پێدانی یارمەتی مرۆیی و ئابوری و تەندروستی، سەرباری یارمەتی سەربازی و ئاسایشی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین بە پشتگیرییە ڕەھاکانی زۆر دۆخی نەخوازراو ڕوودەدەن ، پێدەچێت ھاریکارییەکانیشی بێ مەرج و بێ چاوەڕاوانی دەستکەوتیش نەبن. (دیارە  ئەمەش واقیعی ھەبوو (دۆخی ڕانەبردوو) بڕیاری لەسەر دەدات، پێدەچێت ئەم جۆرە پشتگیرییە بە زیانێکی گەورەش بشکێتەوە).
پێنجەم: پشتگیریکردنی ئیسرائیل لەوەدا سود بەخشە کە کارتی فشاربێت بۆسەر ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەی پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکەن، ئگەر بێت و ئیسرائیل لۆبی خۆی بەم ئاراستەیە بجوڵێنت نەوەک تەنیا بەرژەوەندی خۆی بکاتە پێوەر، ئەوە سودی زۆری ھەیە، بەڵام پێناچێت ئیسرائیل ئەو کاریگەرییەی ھەبێت، بە ئاشکرا بەکارھێنانی ئەم پرسە ڕەنگە وەک کارتێکی فشار بێت دژ بە نەیارە ھەرێمیەکانی، چونکە ھەتا ئێستا ئەمریکا نەکەوتۆتە ژێر فشارەکانی ئیسرائیلەوە، بۆ بڕوابوونی بە سەربەخۆیی کوردستان.
شەشەم: وەک گریمانەیەک ئەگەر بێت و ئیسرائیل پشتگیری ھەرێمی کوردستان بکات و داکۆکیکاری مافی سەربەخۆییان بێت، ئەوە لەم حاڵەتەدا بۆشایی ھێز دروست دەبێت،لەبەر پێگەی جوگرافی چەندین بەرژەوەندی تری سیاسی و ئابوری، درواسێیەکانی ھەریەکە لە ئێران و تورکیا بەرژەوەندییان لەوەدایە، پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بمێنیتەوە، بەمەش پێدەچێن بەناچاری نەرمنوێنبن بەرابمەر بە ھەرێمی کوردستان، چونکە لە حاڵەتی دەستوەردانی سەربازیدا، کەس نیە گرەنتی ئەوە بکات کە  ھاوشێوەی یەمەن و سوریا کوردستانیش دەبێتە مەیدانی جەنگی بەوەکالەتی ھێزە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان.(٦١-٦٢)
 



دەرئەنجامەکان 
   یەکەم: ئیسرائیل لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە، کوردەکانی  باشوری کوردستانی، وەک دۆستی ستراتیژی خۆی لێکدایەوە، ھەتا ئەوەی لە ساڵی ١٩٦١ەوە ھەتا ١٩٧٥ ئیسرائیل، چەک و پێداویستی سەربازی بەخشی یە کوردانی عێراق، سەرباری کردنەوەی خولی ڕاھێنانی ئیسرائیلی، لە لایەن شارەزا و ڕاوێژکارانی مۆساد، و داڕشتنی پلانی سەربازی دژ بە عێراق، تەنانەت ئیسرائیل قەناعەتی بە ئێرانیش کرد بۆ ئەوەی یارمەتی کوردەکان بدا دژ بە عێراق.
دووەم: سەرباری ئەوەی پشتگیرییەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩١دا بەتەواوی بەدەرکەوتن، بەجۆرێک فشارەکانی ئیسرائیل بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بۆ دانانی ناوچەیەکی دژە فڕین بۆ کوردەکان گرنگترین پشتگیریکردن بوو. ھەتا ئەوەی لە ٢٠٠٣ەوە، ئیسرائیل و ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییە نھێنی و ئاشکراکانیان زیاتر بەرەوپێشچوو.
سێھەم: دەوڵەتی ئیسرائیل لە زۆر بارودۆخدا پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانی کردووە، لە ساڵی ١٩٩١دوای شکستی عێراق لە جەنگی کەنداوی دووەم، دووەمجاریش لە ٢٠٠٣ دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی (سەدام حسێن) لە جەنگی کەنداوی سێھەم، لە ئێستاشدا پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٥ ئەیلول دەکات، کە گوایە دەگاتە ئەنجام!، بەڵام ھەر سێ قۆناغەکە چەند  سیفەتێکی لە یەکچووی ھەیە کە ڕێگرە لە  پشتگیریەکانی ئیسرائیل  کاریگەری دابنێت، لەوانەش ڕازینەبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بەم بابەتە، لەھەر سێ قۆناغەکەدا،  دواتر کۆدەنگنەبوون  و یەکڕانەبوونی ھێزە سیاسیەکانی ناوخۆیە دەربارەی سەربەخۆیی کوردستان.
چوارەم: یەکبوونی ھەڵوێستی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەر یەکیشبگرێت، دەربارەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان، پێدەچێت توکیا وەک ھاوپەیمان و ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆ، دژی بەژەوەندییەکانی ئەمریکا کاردانەوە بنوێنێت، وەک ئەوەی کە ئێستا بەرامبەر چەکدارکردنی کوردەکانی ڕۆژئاوا گازندە و ھەڕەشەی توند دەکات، لە لایەکی تریشەوە ئێران لە ڕێگەی کارتی شیعە و میلیشاکانیەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەخاتە ژێر ھەڕەشەوە.
پێنجەم: بەبێ ئەوەی ئیسرائیل پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانیش بکات، دەوڵەتانی دراوسێ وەک (ئێران، تورکیا، عێراق) تەنانەت سوریا بەم دۆخەی ئێستاشیەوە، ھەڵوێستی توند وەردەگرن بەرابمەر ئەم پرسە، ئەم چوار دەوڵەتە دەربارەی ھەموو شتێک ناکۆکبن ئەوا دەربارەی تەوقدان و بێ ڕۆلکردنی کوردەکان یەکدەنگ و یەکھەڵوێستن، ئەگەر پشتگیریی ئیسرائیلیش ببێتە ئەمری واقع، ئەوا ئەوان زیاتر و زیاتر بەرەنگاری سەربەخۆیی کوردستان دەبنەوە. 
شەشەم: ھەڵکەوتەی جوگرافی و بەرژەوەندی نەتەوەییمان وادەخوازێت نەرم بین لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێمان، قەناعەتکردن و دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتانی (تورکیا ، ئێران، عێراق و سوریا) لە دژوەستانەوە و جەنگ باشترە، چونکە ئەوان سەربەخۆیی کوردستان  وەک ھەڕەشە دەبینن بۆ سەر دەوڵەتەکانیان، چونکە ھەر یەکێک لەم چوار دەوڵەتە پێکھاتەی کوردیان گرتۆتەخۆیان، بەم شێوەیە توانای چوار دەوڵەت بۆ وەستاندن، زۆر بەھێزترە لە پشتگیری یەک دەوڵەت، لە کاتێکدا لە ڕووی ھێز و توانای سەربازیشەوە توانای بەرەنگابوونەوەی دەوڵەتێکی وەک ئێرانمان نیە کە خاوەن چەکی ئەتۆمیە.
حەوتەم: ئیسرائیل لە سۆنگەی بەرژەوەندی و ئامانجی خۆیەوە لە پرسی کورد تێدەگات، بەشێوەیەک کورد دژی دوژمنە دێرینەکەی لە سوریا ھاندەدا، لە عێراق بەھەمان شێوە، لە ڕابردوودا دژی ( سەدام حسێن) و لەئێستاشدا دژی شیعەی لایەنگری ئێران ھاندەدا، پشتگیری کوردەکانی ڕۆھەڵاتیش دەکات  بە بیانووی بەرژەوەندی ھاوبەش و ئامانجی بەرەنگابوونەوەی ئێران، بەڵام کاتێک کوردەکانی باکور نەھاتنە ژێر باری ئیسرائیلەوە، لەبەرامبەر دا ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا یەکی گرت دژ بە کوردەکانی تورکیا. جەنگی ١٩٨٢ لە لوبنان و گرتن و بەدەستەوەدانی (عەبدولا ئۆجەلان) نیشانەی ئەو دژوەستانەوەیەن، بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستانیش لە سۆنگەی بەرژەوەندی خۆیەوە لە پشتگیری و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل تێبگات، کە نەوتی ھەرێمی کودستان و پێکە جیۆپۆلەتیکەکەی سەرەکیترین ھۆکارن، کە وا لە ئیسرائیل دەکات پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکان بکات.
ھەشتەم: ئەگەر بێت و ئیسرائیل لەو دیدەوە پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکات، کە لە داھاتوودا  کوردستانی سەربەخۆ بخاتە خولگەی خۆیەوە دژ بە فراوانخوازیی ئێران و شیعەکان، ئەوا ئێران ھیچ دوودڵ نابێـت لە ھێرشی سەربازی و بەرەنگابوونەوەی توند، لە کاتێکدا ئەو لە ئێستادا وەک فشار ئاوی زێی بچوکی گرتۆتەوە، و ناوچە سنورییەکانی باڵەکایەتی بە چڕی بۆردوومانکرد، لە کاتێکدا ھەرێمی کودرستان ھیچ ھەنگاوێکی کرداری نەناوە دەربارەی سەربەخۆیی.
نۆیەم: لێرەوە ئەم خاڵانەی سەرەوە پێمان دەڵێت کە ئیسرائیل دەیەوێ لەم ڕوانگەیەوە لاوازی پشتگیری نێودەوڵەتی و نەبوونی ھاوسۆزی زلھێزەکان و دژایەتی نەتەوەکانی (عەرەب و فارس و تورک) بۆ کورد و پرسی بە دەوڵەتبوون بقۆزێتەوە،  کەلەمەشدا ھەوڵدەدا ھاوبەش و ھاوڕێیەکی تری دژە عەرەب - فارس و تورکەکان بۆ خۆی مەیسەربکات، کە ئەمەش دەبێتە ھاندانی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فروان دژ بە سەربەخۆیی کوردستان، چونکە ئەوان وای دەبینن پشتگیری سەربەخۆیی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، ھیچ نیە بێجگە لە دروستکردنی ئیسرائیلێکی تر لە ناوچەکەدا.
دەیەم: بڕواکردن سەختە کە ڕیفراندۆم سەربەخۆیی بەدوادا بێت، چونکە چەندین پێش مەرجی گرنگ ھەن یەکلانەکراونەتەوە وەک ( پێش مەرجی یاسایی، ھەلومەرجی ئابوری، تۆکمەیی سەربازیی، کێشەی سنور و خاک وناسنامە، لاوازی کارگێری، پەرتبوونی ھێزە کوردییەکان و یەکدەنگ نەبوونیان، ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و ھەرێمی و ناوخۆی، لاوازییەکان لە ڕووی دیبلۆماسی و پەیوەندی دەرەکیەوە و قەیرانی سەرکردەی خاوەن شەرعیەت و دیموکراسیانە) .
یانزەیەم: بە ڕوانین لە ڕوداوەکانی دوای ڕیفراندۆم وھاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوە بۆ ھێڵی تەماسی پێش جەنگی داعش، شکستی بڕیارلێدەرانی ڕیفراندۆمی دەرخست، بەجۆرێک ئەو خۆشباوەڕییەی بە ئیسرائیل ھەیانبوو بۆیان سەلمێنرا، ھەرچەندە باس لەوە دەکرا ئیسرائیل کەوتۆتە لۆبی بۆ پشتگیریکردنی کوردستان و دژی ھێزەکانی عەشدی شەعبی بەڵام بە ئێستاشەوە نەیتوانی کاریگەر بخاتە سەربۆچوونی نەگۆڕێ ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی کورد. 

پێشنیار و ڕاسپاردەکان
یەکەم: پێویستە کوردستان پێش ھەر دەوڵەتێک بە لیژنەی دانوستاندنی ھاوبەش لەگەڵ عێراق، ئێران و توکیا، دانوستاندن بکات و دڵنیایی بدات کە دەوڵەتی سەربەخۆ دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەم دەوڵەتانە نیە، و کوردستانی سەربەخۆ ناچێتە بەرەی ھیچ دەوڵەت و ھاوپەیمانیەکی ترەوە دژ بەم سێ دەوڵەتە. (سوریا لە ئێستادا بێ ڕۆڵە، بۆیە ئاماژەی پێنەدراوە).
دووەم: پێویستە کوردستان پێش سەربەخۆیی و دوایی سەربەخۆیش، ھەوڵی ئەوە بدات ببێت بـە دۆستی باشی ھەموو لایەک،  دابەشبوونی ھێزە کوردییان بە جۆرێک پارتێک دژ بە ئێرانە و لە خولگەی تورکیادایە و پارتێکی تر دۆستی تورکیا و دژی ئێرانە، ئەمە لابدرێت و ھەوڵی یەکخستنی خۆیی بدەن لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، چونکە بەردەوامی ئەم حاڵەی ئێستا، گەورەترین مەترسیە بۆ دروستکردنی درز و دەستوەدان لە داھاتووی دەوڵەتی کودرستاندا.
سێھەم: گرنگە وەک ئەزموونێکی مێژوویی و لێھاتوویی سیاسی سوود لە ئیسرائیل وەربگیردێت، نەک وەک تاقە دۆستێک، کە بە پشتگیری ئەو چەندین دەوڵەت بکەینە دوژمنی خۆمان، بەتایبەتی دەوڵەتانی دراوسێ کە زیاتر لە ھەر دەوڵەتێکی تر توانای گەمارۆ و سزادانی کوردستانیان ھەیە. بەدڵنیاییەوە دۆستایەتی دەوڵەتێک باشتر نیە لە دوژمنایەتی چوار دەوڵەتی تر .
چوارەم: ھیچ پێویست نیە ھەرێمی کوردستان لەبەر خاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ  ئیسڕائیلدا، زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبی لە خۆی بکات بە دوژمن، بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی عەرەبی پەیوەندی نھێنیان لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە، بەڵام ھەرگیز ئەم مافە بۆ کورد بە ڕەوا نابینن.
پێنجەم:  گومانەکانی پشتی  ریفراندۆمی ٢٥ ئەیلول پێمان دەڵێت، ڕیفراندۆم ئامانجێک نیە بۆ سەربەخۆیی ھێندەی ئامرازێکە بۆ باگەشەی ھەڵبژاردن و دەستکەوتی سیاسی نوخبەیەک، باشترە ئەم پرسە نەکرێتە گەمەی سیاسی و بەرژەوەندی کەسی، یاریکردن بە پرسێکی نەتەوەیی لەم شێوەیە،  درێژ مەودا باجەکانی لەسەر ئاستی ناخۆ و دەرەکی قورس دەبن.
شەشەم: بەرژەوەندی نیشتیمانی، عەقلانی بوون و ھەڵسەنگاندنی ستراتیژی لە بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ ھەر دەوڵەتێکدا گرنگە، ھەڵکەوتەی جوگرافی و بەرژەوەندییە جیاوازەکان، وادەخوازێت دەوڵەتانی عەرەبی بکرێن بە دۆست (ئەگەر خۆشمان حەزی پێنەکەین)، ئەگەر پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەو ناوچەیە نەبووایە ئەوا ھەرگیز ئەم ڕاسپاردەیە پێشنیار نەدەکرا.
حەوتەم: کوردستان خاوەن سامانێکی سروشتی زۆرە، پێویستە بەپلان سود لەم سامانەی وەربگرێت، نەوەک بە یەکجار بیخاتە قورگی یەک دەوڵەتەوە، چونکە لە ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەولەتە کارەساتی ئابوری دەخوڵقێت.
ھەشتەم: دەوڵەتی نوێی کوردستان پێویستە لەگەڵ دەوڵەتانی درواسێ و  ناوچەکە بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، بکەوێتـە بازرگانی و پەیوەندی ئابورییەوە، بۆیە خۆبەستنەوە بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بە تەنیا، بواری بازگانی و پرۆژەی ئابوری سنوردار دەکات، ئەگەر گەمارۆیی ئابوریی توندیشی بەدوادا نەیات.
نۆیەم: دەوڵەتی ئیسرائیل لە دۆخێکی تایبەتدایە و بەجۆێک لە ناوچەکە گۆشەگیرکراوە، بەڵام توانا سەربازیی و پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکانی و سیاسەتە سەرکەوتووەکانی توانای بەرەنگاربوونەوەی پێداوە، بۆیە پێناچێت بەمزوانە دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، ببێت بـە خاوەنی ئەو تایبەتمەدیانە، بۆیە بە گۆشەگیکردنی کوردستان لێکەوتەکانی خراپتر دەبن. ئەمە بێجگە لەوەی خەیاڵپڵاوییە  وا ھەست بکەین، ئیسرائیل جەنگی بەرگری و سەربەخۆییمان بۆ دەکات.
دەیەم: کوردەکان و ئێسرائیل ڕاستە مێژووی لەیەکچوویان ھەیە، ھەردوولا چەوساونەتەوە و جینۆسایدیان بەرامبەر کراوە، ھەردوولا لە ناوچەیەکی دەورەدراو بە دوژمندان، بەڵام ئەمانە پاساوی ئەوە نین کە کوردستانیش ھاوشێوەی ئیسرائیل مێژوویی سەربەخۆیی تۆماردەکات، ئەمە ڕادەستکردنی سیاسیەتە بۆ سۆز و عاتیفە، نەک عەقڵانی بوون و واقیعی بوون.




سەرچاوە و پەراوێزەکان
(١)پەیوەندییە سەبازییەکانی کورد و ئیسرائیل لە مێژوودا، پێگەی NRT، 
http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=٣٠٦٣٦
(٢) مۆرّخ إسرائیلی: دعم تل ڕبیب لڵاکراد بدڕ بگلب إیرانی
 https://www.alaraby.co.uk/politics/٢٠١٦/٣/١/%D٩%٨٥%D٨%A٤%D٨%B١%D٨%AE-%D٨%A٥%D٨%B٣%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%A٦%D٩%٨A%D٩%٨٤%D٩%٨A-%D٨%AF%D٨%B٩%D٩%٨٥-%D٨%AA%D٩%٨٤-%D٨%A٣%D٨%A٨%D٩%٨A%D٨%A٨-%D٩%٨٤%D٩%٨٤%D٨%A٣%D٩%٨٣%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%AF-%D٨%A٨%D٨%AF%D٨%A٣-%D٨%A٨%D٨%B٧%D٩%٨٤%D٨%A٨-%D٨%A٥%D٩%٨A%D٨%B١%D٨%A٧%D٩%٨٦%D٩%٨A
(٣)The Kurdish Rebellion،Harvard crimson،  
http://www.thecrimson.com/article/١٩٦٢/١٠/٣/the-kurdish-rebellion-pa-fierce-conflict/
 (٤) Strategic Sourcing: From Periphery to the Core، Harvard Business Review،  
https://hbr.org/٢٠٠٥/٠٢/strategic-sourcing-from-periphery-to-the-core
 (٥)Sergey Minasian، "The Israeli-Kurdish Relations،" Noravank Foundation، Yerevan،(pdf) p.٢٢-٢٤.
(٦) د.سەردار عەزیز و د.بورھان ڕ. یاسین، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان "لە ناوەوە بونیاتنان، لەدەرەوە دانپێدانان"، چاپخانەی کارۆخ، سلێمانی ٢٠١٧، لاپەڕە ١٩٦_١٩٧.
(٧)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، JERUSALEM POST, http://www.jpost.com/Opinion/JPost-Editorial-Support-the-Kurds-٤٦٢٨٩٣
(٨)Ofra Bengio، Israel support the Kurdish in Iraq ،  Summer ٢٠١٤، pdf، p. ٥.
(٩)Ofra Bengio،  op.cit.،p.٤(٩)
(١٠)Itamar Ban، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، quora، https://www.quora.com/Why-does-Israel-support-the-establishment-of-a-Kurdish-state/answer/Itamar-Ban?timeline=١
(١١)Ofra Bengio، op.cit.،p٥(١١)
(١٢) Sergey Minasian، "The Israeli-Kurdish Relations،" Noravank Foundation، Yerevan، p. ٢٢.
(١٣)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، Israel national news ، 
http://www.israelnationalnews.com/News/News.aspx/١٨٢٢٠٢
Ofra Bengio،  op.cit.،p.٢. (١٤)
(١٥)Kurdistan: The Next Flashpoint Between Turkey، Iraq، and the Syrian Revolt، Jerusalem center for public Affairs،
http://jcpa.org/article/the-future-of-kurdistan-between-turkey-the-iraq-war-and-the-syrian-revolt/
(١٦)Ofra Bengio،  op.cit.،p٣-٢
(١٧)Ofra Bengio،  op.cit.،p.٨(١٧)
(١٨)Iraqi leader shakes Barak's hand، BBC NEWS، 
http://news.bbc.co.uk/٢/hi/middle_east/٧٤٨٣٨٤٤.stm
(١٩)Ofra Bengio،  op.cit.،p.٨-٩(١٩)
(٢٠)Israeli NGO delivers aid to refugees in Iraq، timesofisrael،
 http://www.timesofisrael.com/israeli-ngo-delivers-aid-to-refugees-in-iraq/
(٢١) فایننشال تایمز: ٧٧بالمائە من النفگ الإسرائیلی مێدرە کردستان العراق، العربی الجدید.
https://www.alaraby.co.uk/politics/٢٠١٥/٨/٢٤/%D٩%٨١%D٨%A٧%D٩%٨A%D٩%٨٦%D٩%٨٦%D٨%B٤%D٨%A٧%D٩%٨٤-%D٨%AA%D٨%A٧%D٩%٨A%D٩%٨٥%D٨%B٢-٧٧%D٨%A٨%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٩%٨٥%D٨%A٧%D٨%A٦%D٨%A٩-%D٩%٨٥%D٩%٨٦-%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٩%٨٦%D٩%٨١%D٨%B٧-%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٨%A٥%D٨%B٣%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%A٦%D٩%٨A%D٩%٨٤%D٩%٨A-%D٩%٨٥%D٨%B٥%D٨%AF%D٨%B١%D٩%٨٧-%D٩%٨٣%D٨%B١%D٨%AF%D٨%B٣%D٨%AA%D٨%A٧%D٩%٨٦-%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٨%B٩%D٨%B١%D٨%A٧%D٩%٨٢
 (٢٢).حنان اخمیس، العلاقە الکردیە الإسرائیلیە، عمان، ٢٠٠٦،  PDF، ێ ١.
(٢٣)Amikam Nachmani، The Remarkable Turkish-Israeli Tie، June ١٩٩٨، 
 http://www.meforum.org/٣٩٤/the-remarkable-turkish-israeli-tie
 (٢٤)  د.حنان اخمیس، مێدر سایق، ێ٣.
(٢٥) JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(٢٦)Mahmud al-Durra، al-Qadiya al-Kurdiya (Beirut: Manshurat Dar-at-Tali'a، ١٩٦٦)، p. ٣٨٨.
(٢٧)Iraq's Shi'ite ruling coalition opposes Kurds' independence referendum، reuters،
http://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-politics-kurds-idUSKBN١٧M١CF
(٢٨)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence،unitycoalitionforisrael، 
https://unitycoalitionforisrael.org/?p=١٥٧٠١٩٤٤
 (٢٩)  OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
 (٣٠)إسرائیل تدعم قیام دولە اڵاکراد فی العراق، موقع العربیە، 
http://www.alarabiya.net/ar/arab-and-world/iraq/٢٠١٤/٠٦/٣٠/%D٨%A٥%D٨%B٣%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%A٦%D٩%٨A%D٩%٨٤-%D٨%AA%D٨%AF%D٨%B٩%D٩%٨٥-%D٩%٨٢%D٩%٨A%D٨%A٧%D٩%٨٥-%D٨%AF%D٩%٨٨%D٩%٨٤%D٨%A٩-%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٨%A٣%D٩%٨٣%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%AF-%D٩%٨١%D٩%٨A-%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٨%B٩%D٨%B١%D٨%A٧%D٩%٨٢.html
 (٣١)ماژا قال سفیر "اسرائیل" فی واشنگن عن الاکراد؟، قناە العالم،
http://www.alalam.ir/news/١٧٩٥٣٨٤
 (٣٢)مۆرّخ إسرائیلی: دعم تل ڕبیب لڵاکراد بدڕ بگلب إیرانی، مێدر سابق.
(٣٣)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(٣٤)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(٣٥)  ھل تتعاون تل ڕبیب مع ڕکراد العراق لتحقیق حلم "اسرائیل الکبری"؟ نبچ الوگن.
https://nnpress.com/post/٧٥٩٢٧/%D٩%٨٧%D٩%٨٤-%D٨%AA%D٨%AA%D٨%B٩%D٨%A٧%D٩%٨٨%D٩%٨٦-%D٨%AA%D٩%٨٤-%D٨%A٣%D٨%A٨%D٩%٨A%D٨%A٨-%D٩%٨٥%D٨%B٩-%D٨%A٣%D٩%٨٣%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%AF-%D٨%A٧%D٩%٨٤%D٨%B٩%D٨%B١%D٨%A٧%D٩%٨٢-%D٩%٨٤%D٨%AA%D٨%AD%D٩%٨٢%D٩%٨A/
(٣٦)Iraqi Kurds plan independence referendum on Sept. ٢٥
http://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-idUSKBN١٨Y٢٨٤
(٣٧)Ido Rabin، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state? https://www.quora.com/Why-does-Israel-support-the-establishment-of-a-Kurdish-state/answer/Ido-Rabin?timeline=١
(٣٨)Ravi Shankar Pandey، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، quora،  https://www.quora.com/Why-does-Israel-support-the-establishment-of-a-Kurdish-state/answer/Ravi-Shankar-Pandey-٨
(٣٩)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES
(٤٠)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence, OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES
(٤١)OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).  
(٤٢)Rachel Avraham، Israel should support the Kurdish Independence Referendum، israelnationalnews, OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).  
(٤٣) Rachel Avraham،The case for Kurdish independence، washingtontimes،
http://www.washingtontimes.com/news/٢٠١٧/jun/٢٠/kurdish-independence-has-a-future/
(٤٤)لەم لینکگەلەوە گەڵویستی زیاتری ببینن
https://search.yahoo.com/yhs/search;_ylt=A٠LEVjTgBVRZBj٤AASIPxQt.;_ylu=X٣oDMTEzajVvczlrBGNvbG٨DYmYxBHBvcwMxBHZ٠aWQDBHNlYwNwYWdpbmF٠aW٩u?p=rachel+avraham+should+usa+support+the+Kurdish+Independence&pz=٥&type=rmds_٥٨٨٠_CRW_IQ&fr=yhs-iba-١&fr٢=sb-top&bct=٠&hspart=iba&hsimp=yhs-١&b=١&pz=٥&bct=٠&xargs=٠
(٤٥) JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(٤٦)  ھل تتعاون تل ڕبیب مع ڕکراد العراق لتحقیق حلم "اسرائیل الکبری"؟ مێدر سابق.
(٤٧)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence
 (٤٨) ofra benigo, israel and the kurds: love by proxy, the American interest, (march ١٨,٢٠١٦). 
https://www.the-american-interest.com/٢٠١٦/٠٣/١٨/israel-and-the-kurds-love-by-proxy/
(٤٩)د.سەردار عەزیز و د.بورھان ڕ. یاسین سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٩٦. 
(٥٠) Ofra Bengio، Surprising Ties between Israel and the Kurds، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).  
 (٥١)ھل تتعاون تل ڕبیب مع ڕکراد العراق لتحقیق حلم "اسرائیل الکبری"؟ مێدر سابق
(٥٢) لماژا تدعم اسرائیل قیام دولە کردیە مستقلە عن العراق؟، کنوز میدیا، 
http://www.knoozmedia.com/٢٠٢٠٧٥/%D٩%٨٤%D٩%٨٥%D٨%A٧%D٨%B٠%D٨%A٧-%D٨%AA%D٨%AF%D٨%B٩%D٩%٨٥-%D٨%A٧%D٨%B٣%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%A٦%D٩%٨A%D٩%٨٤-%D٩%٨٢%D٩%٨A%D٨%A٧%D٩%٨٥-%D٨%AF%D٩%٨٨%D٩%٨٤%D٨%A٩-%D٩%٨٣%D٨%B١%D٨%AF%D٩%٨A%D٨%A٩-%D٩%٨٥%D٨%B٣%D٨%AA/
(٥٣)Ido Rabin، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES). 
(٥٤)Ofra Bengio، Ofra Bengio، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES)، P.٨-١٢.  
(٥٥) د.سەردار عەزیز و د.بورھان ڕ. یاسین سەرچاوەی پێشوو، ل ١٩٩_٢٠٠.
(٥٦)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
 (٥٧)Christopher Helman، Iraq's Kurds Sell Oil To Israel، Move Closer To Independence، https://www.forbes.com/sites/christopherhelman/٢٠١٤/٠٦/٢٣/iraqs-kurds-sell-oil-to-israel-move-closer-to-independence/#٥٤٣٨٠d٥b٤ec٩
(٥٨)Xelîlof، Does Israel support the Kurdish in Iraq and Syria?، quora، https://www.quora.com/Does-Israel-support-the-Kurdish-in-Iraq-and-Syria
(٥٩)Will Israel conquer Iraq and Syria in the future for a greater Israel project?
https://www.quora.com/Will-Israel-conquer-Iraq-and-Syria-in-the-future-for-a-greater-Israel-project
(٦٠)Israel's prime minister backs Kurdish independence، theguardian، 
https://www.theguardian.com/world/٢٠١٤/jun/٢٩/israel-prime-minister-kurdish-independence
(٦١) د.سەردار عەزیز و د.بورھان ڕ.یاسین، سەرچاوەی پێشوو،ل ١٩٨-٢٠٠.
(٦٢) بۆ نوسنی ئەم  چەند خاڵە سودم لە   زانیاریی وخوێندنەوەی پێشوەخەتەم بینیوە. 
تێبینی:
١: ئەم توێژینەوەیە، یەکەمجار (ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان)، مامەڵەی لەگەڵ کردووە و لە گۆڤاری جۆرناڵدا و  لە ژمارە ١٦-١٧ی ئابی ٢٠١٧دا، بڵاوکراوەتەوە.
٢: ناونیشانەکەی گۆڕدروە، پێشتر ئەم ناونیشانەی بۆ دانرابوو(پشتگیری ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لێکەوتەکانی). 



‌‌‌
1/18/2018 9:41:56 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ